دوای هەڵبژاردنیش فشارەکانی سەر هەدەپە بەردەوامن

هەڵمەتی دەستگیرکردن بەردەوامەو رێگەش نادرێت بەشێک لەکاندیدە سەرکەوتووەکان دەستبەکاربن

5 ساڵ لەمەوپێش



‌هاوڵاتى

دەسەڵاتدارانی تورکیا، بەشێوازی جۆراوجۆر بەردەوامی بە فشارەکانیان دەدەن بۆ سەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە شارەوانییەکەی ئەو وڵاتە کە هەدەپە «خۆی بەسەرکەوتوو» دەبینێت تێیدا.

یەکێک لە فشارەکانی پێنەدانی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونە بە بەشێک لەکاندیدە دەچووەکانی هەدەپە، بە پاساوی ئەوەی ئەو کەسانە پێشتر لەچوارچێوەی بڕیارەکانی باری نائاسایدا دورخراونەتەوە، بەوەش ژمارەی ئەو شارەوانیانەی هەدەپە بەدەستی هێنابوون کەمبووەتەوە.

فشارێکی دیکە، بەردەوامی دەستگیرکردن و بەرپرسانی هەدەپەیە لە ناوچە جیاجیاکانی باکوری کوردستان و درێژەدان بەو پڕۆسەیە کە لەدوای هەرەسی پڕۆسەی ئاشتی ساڵی ٢٠١٥ لەنێوان تورکیا و پەکەکە بەردەوامە.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری تورکیادا، هەدەپە ٥٨ شارەوانی لە ناوچە جیاجیاکانی باکوری کوردستان بەدەستهێنا و بەراورد بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ژمارەی شارەوانییەکانی کەمبووەتەوە.

هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا، بەشێک لەو کەسانەی کاندیدکردەوە کە بە پاساوی جۆراوجۆر، پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە لەکارەکانیان دورخرابوونەوە، لە هەڵبژاردنەکەشدا بەشێک لەو کەسانە سەرکەوتنیان بەدەستهێنایەوە، بەڵام حکومەتی تورکیا فەرمانی دەستبەکاربوونی بەو کەسانە نەدا.

حەسەن ئۆزگەنوش پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە ‌هاوڵاتى راگەیاند، حکومەتی تورکیا رەتیکردووەتەوە فەرمانی دەستبەکاربوون بداتە ژمارەیەک کاندیدی هەدەپە کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنابوو.

وتیشی «پاساوی تورکیا، بوونی دۆسیەی ئەو کەسانەیە لە داواکاری گشتی کە پێشتر بۆیان کراوەتەوە، لەکاتێکدا ئەوان توانیویانە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەستبهێنن».

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکوری کوردستان کە رۆژی ٣١ی ئازار بەڕێوەچوو، لەکۆی نزیکەی ١٠٠ سەرۆک شارەوانی کە لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٤دا هەدەپە بەدەستی هێنا و دواتر قەیوم لەجێگەیان دانرا، هەدەپە زیاتر لە نیوەی  ئەو شارەوانییانەی بەدەستهێناوەتەوە.

بەپێی ئەنجامەکان، هەدەپە ٥٨ سەرۆک شارەوانی بەدەستهێناوە، کە لە هەشت پارێزگا و ٥٠ قەزا پێکهاتوون، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤دا ٩٩ سەرۆک شارەوانی بەدەستهێنابوو.

هەدەپە لە هەشت پارێزگا، سەرۆکایەتی شارەوانی ناوەندی پارێزگاکانی بردووەتەوە کە پێکهاتوون لە (ئامەد، وان، مێردین، ئێلە، سرت، جولەمێرگ،  قەرس، ئیدر).

جگە لەو چەند کاندیدەی هەدەپە کە بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونیان پێنادرێت، بەشێک لە کاندیدەکانی ئەو پارتە دەستبەکاربوون و بەشێکی دیکەشیان هێشتا چاوەڕوانی وەرگرتنی رەزامەندین، بۆ دەستبەکاربوونیان.

دوان لەو کاندیدانەی کە دەستبەکاربوون، عەدنان سەلجوق مزراکلی و هولیا ئالۆکمەن هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی ئامەدن کە دوای ١٦ رۆژ بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونیان وەرگرت. 

مزراکلی لە بەردەم دادگای ئامەد بە کوردی وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی «هەر چەند درەنگیش بێت، بەڵام بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونمان وەرگرت. پێش رژێمی قەیوم، گەل لە رۆژی هەڵبژاردندا بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونی بە ئێمە بەخشی».

وتیشی «ئێمە بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون وەک تۆمارێکی فەرمی و ئیداری کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە بەدەستهاتووە، سەیر دەکەین. ئێمە سپاسی گەلی ئامەد دەکەین، کە بە رێژەیەکی بەرز دەنگیان پێداین و ئەو دەرفەتیان پێبەخشین.»

لای خۆشیەوە، ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەی ماردین، دوای وەرگرتنی فەرمانی دەستبەکاربوونی رایگەیاند «شارەوانی شوێنی خزمەتکردنە. ئێمە بە هەموو هێزی خۆمانەوە بۆ خزمەتکردن کار دەکەین. بە ورە و حەماسەتێکی گەورەوە خزمەتی گەلەکەمان دەکەین».

جەختیشیکردەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن. 

دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان، پارتی دادو گەشەپێدان تانەی لەئەنجامی دەنگەکانی چەند ناوچەیەکی باکوری کوردستاندا، کە هەدەپە تێیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام تانەکان ئەنجامەکانی نەگۆڕی و دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان جارێکی تر هەدەپە سەرکەوتەوە.

یەکێک لەوانە ناوچەی ئەردیش-ی سەر بە پارێزگەی وانە، کە  لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئازار هەدەپە بە جیاوازی ٣ هەزار دەنگ بەسەر ئاکەپەدا سەرکەوتبوو، بەڵام ئاکەپە لە دەستەی هەڵبژاردن، تانەی لە ئەنجامەکە دابوو و داوای سەرلەنوێ ژماردنەوەی دەنگەکانی کردبوو. پاش ٧ ڕۆژ لە ژماردنەوەی دەنگەکان، دیسان هەدەپە سەرکەوتنی بەدەستهێنایەوە. 

جگە لەوە هەدەپە تانەی لەئەنجامی هەڵبژاردن لە چەند ناوچەیەک گرت کە ئەکەپە سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنابوو، بەڵام بەشێک لە سکاڵاکانی لەلایەن دامەزراوەی هەڵبژاردنی تورکیاوە رەتکرانەوە.

حەسەن ئۆزگەنوش باسی لەوەکرد، تانەکانی ئەکەپە لەسەر ١٠ ناوچە بووە، بەڵام ئەنجامەکان نەگۆڕان و هەدەپە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

هەدەپە لە هەڵبژاردنە شارەوانییەکەی  کۆتایی  مانگی رابردوودا، خۆی بەسەرکەوتوو دادەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتی بەخۆداچوونەوەی دەستپێکردووە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی ئەو ناوچانە دەکات کە لەدەستی داون.

محەمەد ئۆجەلان پەرلەمانتاری هەدەپە بە ‌هاوڵاتى راگەیاند، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن و ئەنجامی تانەکان، هەدەپە سەرکەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەدەستهێنا، سەرەڕای ئەو فشارە زۆرەی لەسەریان بوو لەلایەن دەوڵەتەوە.

وتیشی «سەرەڕای ئەوە ئێمە کۆبوونەوەمان کردووە و هەڵسەنگاندنمان کردووە بۆ ئەنجامەکان، تا وانەیان لێوەربگرین، بەڵام ئێمە سەرکەوتین».

جگە لە پێنەدانی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون بە بەشێک لە کاندیدەکانی هەدەپە، تورکیا بەردەوامە لە دەستگیرکردنی ئەندام و بەرپرسانی هەدەپە و لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەوە، چەندین کەسی دیکە دەستگیرکراون.

رۆژی حەوتی ئەم مانگە، فاتما گوندوز هاوسەرۆکی ناوچەیی هەدەپە-ی سڵۆپی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکرا. سێ رۆژ دواتر جەلیل چەلەبی و رەزمەزان دیریل ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی وێرانشاری هەدەپە و ٦ کەسی تر دەستگیرکران.

هەروەها رۆژی ١١ی ئەم مانگە، هولیا ئەرتاش ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە فڕۆکەخانەی ئامەد بە پاساوی ئەوەی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە، دەستگیرکرا.

لەساڵی ٢٠١٦ەوە تورکیا هەڵمەتێکی گەورەی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی بەرپرس و هاوسەرۆک و پەرلەمانتار و ئەندامانی هەدەپەی دەستپێکردووە و تا ئیستاش پرۆسەکە بەردەوامە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دۆسیەیان بۆ کراونەتەوە و خراونەتە زیندانەوە.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ هەدەپە لەکاتێکدابوو، ئەو حزبە لەژێر فشارێکی توندی دەوڵەتدا بوو، بەشی زۆری سەرکردەکانی خرابوونە زیندانەوە.

لەم هەڵبژاردنەدا، هەدەپە بۆ یەکەمجار لەگەڵ حەوت پارتی دیکەی کوردیدا، بەهاوپەیمانێتییەک بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، هەروەها ئەکەپە و مەهەپە بە هاوپەیمانێتی کۆمار بەشدار بوون و جەهەپە و ئی پارتیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی میللەتدا بەشداربوون.

هەرچەندە هەدەپە هیچ هاوپەیمانێتییەکی فەرمی لەگەڵ جەهەپەدا نەبوو، بەڵام هەماهەنگییان هەبوو بۆ ئەوەی پشتیوانی لە کاندیدەکانی یەکتر بکەن، تا شکست بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدار بهێنن لە زۆترین ناوچەدا، بەتایبەت لە شارە گەورەکانی وەک ئەنقەرە و ئەستەنبوڵدا.

ئەکەپە بە ئەنجامەکانی ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ رازی نییە و داوای دووبارەکردنەوەی دەنگەکان دەکات.

عومەر ئۆجەلان وتی «ئەگەرێکی کەم هەیە هەڵبژاردن لە ئەستەمبوڵ دوبارە بکرێتەوە، ئەگەر ئەوەش رووبدات ئابوری تورکیا زیاتر دادەڕوخێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار