له‌ژێر فشاری سزاکاندا؛ رۆژهەڵاتییەکان به‌دوای کاری رۆژانەدا ده‌گه‌ڕێن لەباشوور

زۆرینەی کرێکارەکان کوردن‌و لەشارەکانی هەرێمدا بەدوای کاردا دەگەڕێن بۆ قەرەبووکردنەوەی دۆخی خراپی ئابوورییان

کرێکاری ئێرانی لە دەرەوەی سنووری خۆیان راوی کار دەکەن

5 ساڵ لەمەوپێش



فرانس پرێس

هەر کە ئۆتۆمبیلێک لە سوچێکی هەولێردا رایگرت، شهش حهوت کرێکاری ئێرانی وروژمیان بۆ برد. بەهۆی فشاری سزاکانی ئەمریکاوە لەسەر تاران، لە دەرەوەی سنووری خۆیان راوی کار دەکەن.

ئەوان کە زۆریان کوردن، ناچارن کاری رۆژانەی بیناسازی یان کرێکاری و کاری سەرەتایی بکەن لە هەرێمی کوردستانی باکوری عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی خراپبوونی دۆخی ئابوورییان لە وڵات.

کڵاو لهسهریاندا و تورهکهی خام بە کەمەریانەوە لە ناوچە پیشەسازییەکانی هەولێر دەوەستن تا خەڵکێک کە پێویستی پێیانە بۆ پاککردنەوە یان کاری بیناسازی و بۆ کرێکار دەگەڕێن، هەڵیانبگرن.

رۆستەم، 31 ساڵ، کە کرێکارێکی خەڵکی ورمێی ئێرانە وتی: «کرێی رۆژانەم لە ئێران تەنیا بەشی کڕینی مریشکێک دەکات -- بەڵام خێزانێک پێویستی بە زیاتر لە تەنیا مریشکێک هەیە.»

ئەو کە باوکی دوو منداڵە نەیویست ناوی راستەقینەی ئاشکرا بکرێت لە ترسی ئەوەی ئاکامی خراپی هەبێت بۆ خێزانەکەی لە وڵاتەکەی خۆی.

رەزا رۆستەمی، کرێکار، وتی کرێکاران دەتوانن «لەنێوان 25هەزار بۆ 30هەزار دیناری عێراقی (20 - 25 دۆلار)ی رۆژانە بەدەستبهێنن».

هەروەها وتی «پارەیەکی باشە» که نزیکەی سێ هێندەی ئەوەیە لە ئێران دەستتدەکەوێت.

رۆستەمی وتیشی «ئابووریی ئێران پێشبینی ناکرێت. دەکرێت بەیانییەک بەخەبەربێیتهوه و ببینیت نرخی خۆراک دووقات بووە بەراورد بە رۆژی پێشوو.»

ئابووریی ئێران «بهرهو خراپتر دهچێت»

کرێکارانی ئێرانی سنوور دەبڕن بۆ نێو هەرێمی کوردستانی عێراق وەک گەشتیار بە ڤیزەیهکی یەک مانگی.

بۆ ماوەی 28 رۆژ کاردەکەن و دواتر بۆ پشوویەک دەڕۆنەوە ماڵەوە و چا و دایبی و شمەکە بازرگانییەکانی دیکە لهگهڵ خۆیان دەبەنەوە کە لەئێستادا له ئێران زۆر گرانن. دوای هەفتەیەک، هەمان سووڕ دەستپێدەکاتەوە.

عادل باخەوان لە خوێندنگەی توێژینەوە پێشکەوتووەکان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان له پاریس وتی کرێکارەکان «هەم پێویستی پڕدەکەنەوە، هەم وەک سەرچاوەی سامان دەبینرێن».

باخەوان بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت «ئەوان نەک تەنیا ئەو کارانە دەکەن کە لە کۆمەڵگەی کوردیی عێراق بە کەم دەبینرێن، بەڵکو کرێکارەکان پارهش خەرج دەکەن.»

لەسەر شاڕێگەیهکی جەنجاڵی سەرەکی لە هەولێر، خاوەنکارێکی کوردی عێراق بینایەکی کۆنی نوێکردۆتەوە و کردوێتی بە میوانخانهیهکی هەرزان بۆ نیشتەجێکردنی شەپۆلی کرێکارانی رۆژانەی ئێرانی.

خورشید شەقڵاوەیی، 54 ساڵ، وتی  «پایزی رابردوو، تەنیا 58 کرێکاری ئێرانی لە میوانخانهکهم هەبوون. ئێستا 180 کهس هەن.»

ناوبراو دوو بینای لەو نزیکانە بەکرێگرتووە، بەڵام ئەوەش بەش ناکات.

وتیشی «ئێستا میوانی نوێ رەتدەکەمەوە، هەموویان ئێرانین، لەبەرئەوەی هەر سێ میوانخانهکه پڕن.»

ژوورەکانی نزیکەی نۆ مەتری چوارگۆشەن و تا چوار کرێکار لەخۆدەگرن، کە بۆ شەوێک مانەوە و کارەبا و ئاو و ئینتەرنێت هەریەکەی 3 دۆلار دەدەن.

زۆربەی کرێکارە ئێرانییەکان پەرۆشی قسەکردن بوون بۆ ئاژانسی فرانس پرێس بەڵام بەمەرجی ناونەهێنان، چونکە نیگەران بوون لە ئەگەری ئاکامە نەرێنییەکانی بۆ خێزانەکانیان لە ئێران.

لەنێویاندا دەرچووانی زانکۆ هەن که ناچارن کاری سەرەتایی کرێکاری بکەن چونکە کاریان دەستناکهوێت لە وڵاتی خۆیان و رەشبین بوون بهرامبهر به داهاتوو.

کرێکارێکی 24 ساڵە وتی  «پێموایە دۆخی ئابووری خراپتر دەبێت لە ئێران.»

کۆچکردن بۆ پەیداکردنی بژێویی رۆژانە

کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی عێراق وتیان ئاماری کرێکارانی ئێرانییان لا نیە و عێراقیەکانیش وتیان شەپۆلەکە نیگەرانی نەکردوون.

رێبین سیامەندی، وەستایهکی 27 ساڵەی عێراقی، وتی «هەمان کرێی کرێکارانی خۆمان وەردەگرن. جیالەوەش، بەپێچەوانەوەی کرێکارە ئێرانیەکانەوە، پەیوەندیی باشمان هەیە. بەردهوام لەگەڵ ئەندازیاران و خاوەن پرۆژەکاندا کاردەکەین.»

سیامەند وتی بەڵام گەر ئێرانییەکان بە ژمارەیەکی زیاترەوە بێن و کرێی کەمتر وەربگرن، ئەوە دەکرێت ببنە بار بەسەر عێراقیەکانەوە.

سلێمان تەها لەسەر رێگەیەکی تەپوتۆزاوی بوو که بەرەو ناوچە گوندنیشنەکان دهچوو، لە پشتی پیکابێکی نیسانی شیندا دانیشتبوو، کە لە ئێران بەرهەمهێنرابوو بە ژمارەیەکی ئێرانییەوە.

ناوبراو کە 28 ساڵە و دەرچووی بەشی بیرکاری و خەڵکی سنەی خۆرئاوای ئێرانە، لە شوباتەوە هاتووه بۆ عێراق بۆ فرۆشتنی پەیکەری گەچینی بەدەست دروستکراوی ئاژەڵان.

وتی ئێرانیەکان تەرکیزیان لەسەر پەیداکردنی بژێویی رۆژانەیە و ناتوانن پلان بۆ شتی تر دابنێن.

وتیشی: «پێش سزاکانی ئەمدواییانە، هەفتانە سێ جار گۆشتمان دەخوارد. لەئێستادا دەتوانین تەنیا هەفتەی جارێک گۆشت بخۆین.»

تەها بۆ پەیداکردنی شوێنێکی کرێ دەگەڕا لە هەولێر چونکە زۆرێک لە هاوڕێیان و خزمانی بیریان لە سنووربڕین دەکردەوە بۆ کارکردن.

وتیشی «بەمە دەڵێم کۆچکردن، کۆچکردن بۆ پەیداکردنی بژێویی خێزانەکانمان لە وڵات.»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار