کــورد بـۆنی دەرفـــەتێکی نـوێ دەکـات

واشنتن کار بۆ بەجێگەیاندنی پرۆژەکەی جۆو بایدن دەکات، سوننە لەهەوڵی دروستکردنی هەرێمێکدایە، کوردیش دەیەوێت هەلەکە بقۆزێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

لەسەروبەندی گۆشەگیرکردن و کەمبوونەوەی هەژمونی لەعێراقدا، ئەمریکا بیر لەوەدەکاتەوە پرۆژەکەی جۆو بایدن زیندووبکاتەوە کەدروستکردنی سێ هەرێمی کورد، سوننە، هەروها شیعەیە لەعێراقدا.

بەپێی راپۆرتێکی پێگەی «میدڵ ئیست ئای»، لێپرسراوانی عێراق و ئەمریکا پێیانوایە کەپرسی دروستکردنی هەرێمێکی سوننە بووەتە جێگەی بەرباس لەواشنتن، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە لایەنە شیعییەکان هەوڵی دەرکردنی هیزەکانی ئەمریکا دەدەن.

بیرۆکەی دروستکردنی هەرێمێکی سوننە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ کاتێک عێراق لەجەنگی ناوخۆییدا بوو لەنێوان سونییەکان-شیعەکان و دۆخی وڵاتەکە لەقەیراندا بوو.

ئەم پرۆژەیە لەلایەن جۆو بایدن، سیناتۆری ئەوکاتی ئەمریکاو کاندیدی سەرەکی ئێستای دیموکراتەکانی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ٢٠٢٠ ، پێشکەشکرا کەپێکهاتووە لەدروستکردنی سێ هەرێم بۆ کورد، سوننە، هەروەها شیعە.

بەپێی پرۆژەکە «هەرێمەکانی کورد، سوننە، شیعە هەریەکێکیان بەرپرس دەبن لەیاسا ناوخۆییەکان، ئیدارە، هەروەها ئاسایشی خۆیان. حکومەتی ناوەندی کۆنترۆڵی بەرگری سنوور، کاروبارەکانی دەرەوە، هەروەها داهاتەکانی نەوت دەکات».

مەبەست لەپلانەکە بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا بوو لەوڵاتەکەدا لەگەڵ پارێزگاریکردن لەسوننەکان لەکاتی جەنگەکەدا کە هەزارەها خەڵکی تێدا کوژرا لەهەردوولاو هەروەها یەکلاییکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان لەنێوان کوردو عەرەبدا.

بەپێی وتەی بەرپرسێکی شیعەکە بۆ  «میدڵ ئیست ئای» قسەی کردووە باس لەوەدەکات کە یەکپارچەیی خاکی عێراق «چیتر کاری لەپێشینەی ئەمریکا نییە».

ئەم هەوڵەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە لەلایەن لایەنە شیعییەکان پاڵەپەستۆی دەخرێتەسەر بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەعێراق دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ لەفرۆکەخانەی بەغداد.

لە ٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ پەرلەمانی عێراق دانیشتنیکی نائاسایی سازدا سەبارەت بەدەرکردنی هێزە بیانییەکان و تێیدا بەزۆرینەی دەنگی لایەنە شیعەکان، بەبێ بەشداری سوننەو کوردەکان، یاسایەکیان تێپەڕاند بۆ دەردکردنی هەموو هێزە بیانییەکان لەوڵاتەکەدا.

 «ئەگەر ئەمریکییەکان بگەنە بنبەست سەبارەت بەبوونی هێزکانیان لەعێراق، ئەوا بەتووندی کاردەکەن بۆ چەپساندنی پرۆژەکە»، بەرپرسە شیعەکە وای وت.

پرۆژەکەی بایدن لەلایەن کۆنگرێسەوە لەساڵی ٢٠٠٧ پەسەندکرا، بەڵام ئیدارەی جۆرج بوش، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، رەتیکردەوە چونکە زۆربەی بەرپرسانی ئەمریکا یەکپارچەیی خاکی عێراقیان دەویست.

ئێستا کە لایەنە شیعییەکان لەهەوڵی ئەوەدان هێزەکانی ئەمریکا دەربکەن، واشنتن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هەوڵە، کە بەدەستی ئێرانی دەزانێت، هەروەها دەیەوێت رێ لەئێران بگرێت تا رێگاکانی عێراق بەکارنەهێنێت بۆ سوریاو گەشتنی بەکەناراوەکانی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، کار بۆ ئەم پرۆژەیە دەکات.

بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا بۆ «میدڵ ئیست ئای» پشتراستی ئەوەی کردوەتەوە کەپرۆژەکە کاری لەسەردەکرێت و «دروستکردنی هەرێمێکی سوننی لەمێژە بژاردەیەک بووە بۆ ئەمریکا، ناکرێت ئێرانییەکان رێیان پێبدرێت بگەنە دەریای سپی ناوەڕاست یان سوود لەو خاکە وەربگرن کەپەیوەستیان بکات بەحزبوڵای لوبنانەوە».

پرۆژەکە ئەمریکییە نەک سوننی، بوونی هێزەکانی ئەمریکا گرەنتی بووە بۆ سوننەو کوردەکان، بۆیە ئەگەر ئەمریکا پێویست بکات لەعێراق دەربچێت ئەوا چەسپاندنی هەرێمێک لە رۆژئاوای عێراق پلانی ئەمریکا دەبێت بۆ بەربەست دانان بۆ ئێران و گروپە چەکدارەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست

بەرپرسە ئەمریکییەکە باس لەوەش دەکات کە بابەتەکە دروستکردنی «دەوڵەتە نەک هەرێمی ئیداری».

«پرۆژەکە ئەمریکییە نەک سوننی، بوونی هێزەکانی ئەمریکا گرەنتی بووە بۆ سوننەو کوردەکان، بۆیە ئەگەر ئەمریکا پێویست بکات لەعێراق دەربچێت ئەوا چەسپاندنی هەرێمێک لە رۆژئاوای عێراق پلانی ئەمریکا دەبێت بۆ بەربەست دانان بۆ ئێران و گروپە چەکدارەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست».

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی سعودی، ئەمریکا بەمەبەستی «رووبەڕووبوونەوەی ئێران» و جێبەجێکردنی خواستی ئەو بەرپرسە عێراقیانەی کەدەیانەوێت هیزەکانی ئەمریکا لەوڵاتەکەدا نەمێنێت، (10) خاڵی پێشنیار کردووە بۆ بەرپرسانی عێراقی.

یەکێک لەخاڵەکان تاووتوێکردنی زیادکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لەهەرێمی کوردستان. پێشنیارەکە دروستکردنی بنکەی سەربازی تێدایە لەنزیکی سلێمانی، باشوری هەولێر، هەروەها هەڵەبجەو زیادکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا لە (٥٠٠) سەربازەوە بۆ دوو هەزار سەرباز، ئەمە جگە لەپێنج هەزار سەربازەکەی ئەمریکا لەعێراق.

لۆرن ویلیامز، رۆژنامەنووس و شارەزا لەکاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپێگەی «ئینتەرپرێتەر»  ئاماژە بەوە دەکات کەحکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای قووڵبوونەوەی گرژییەکانی ئەمریکا-ئێران دوای مردنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، هەڵوێستێکی بێلایەنانەی گرتووەتەبەر، بەڵام دەگونجێت ئەم هەلە بقۆزێتەوەو گرەنتی دروستبوونی دەوڵەتێک بکات بۆ کورد بەلایەنگریکردنی ئەمریکاو پێشوازیکردن لەسەربازانی ئەمریکی.

«بوونی لەناوەڕاستی ئاگرەکەدا، رەنگە سەرکردەکانی کورد بۆنی هەلێک بکەن بۆ پێکدادانی هەردوولا بەیەکدا، بەمەرجدارکردنی چەسپاندنی بەردەوامی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەکوردستان لەسەر فراوانکردنی پێگەی ئەمریکا بۆ پارێزگاریکردن لەوڵاتێکی سەربەخۆ»، ویلیامز وای نووسیوە.

بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی تر بۆ (میدڵ ئیست ئای)، دوابەدوای دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق زۆربەی پەرلەمانتارە سوننەکان لەترسی تۆڵەکردنەوە لەلایەن شیعەکانەوە گەشتیان کردووە بۆ هەولێروعەممانی ئەردەن  کە لەهەردوو شار بەرپرسی ئەمریکییان بینیوە « بۆ تاووتوێکردنی چەند بژاردەیەک بۆ هەردوولا».

میدڵ ئیست ئای نەخشەی هەرێمی سوننەکانی خستووەتەڕوو کە لەپارێزگای ئەنبار رادەگەیەنرێت و دواتر پاریزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، هەروەها دیالەی دەخرێتە پاڵ.

سەرەتا ئەم هەرێمە یەکانگیر لەگەڵ دەستووری عێراقی دروستدەکرێت کە رێدەدات بەهەرێمی ئیداری بچێتە پاڵ هەرێمی کوردستان.

دواتر بەشێوەیەکی کاتی هەرێمەکە دەخرێتەسەر کوردستان لەچوارچێوەی فیدراڵی یان کۆنفیدڕاڵی «بۆ دوورکەوتنەوە لەدروستبوونی ململانێ لەنیوان سووننە و کوردەکان لەسەر کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان». دواین هەنگاویش هەوڵدانە بۆ دانپێدانانی ئەم هەرێمە لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە.

لورن ولیامز جەخت لەوە دەکاتەوە کەدروستبوونی هەر هەرێمێک یان خەونی دەوڵەتی کوردی ئاڵۆزی زۆری تێدایە، لەوانە دژایەتی سەرسەختی تورکیاو ئێران لەگەڵ ناڕەزایەتی حکومەتی عێراقی «بەڵام هیچ گومانێک نییە لەوەی ئەم پەرەسەندنانەی ئەمدواییەی نێوان ئەمریکاو ئێران پرسی کوردستانێکی سەربەخۆو یەکگرتوو دەخاتەوە بەرنامەی کار».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار