شیروان میرزا بۆ هاوڵاتى: به‌غدا بۆ موچه‌ى هه‌ر مانگێگ 4 ترلیۆن دينار کورتهێنانى هه‌یه‌

"400ملیار دیناره‌که‌ ده‌بێته‌ ده‌ستپێکى کۆبونه‌وه‌ و دانوسانه‌کانى دواى جه‌ژن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا"

2020-05-23 14:34:20



شاناز حه‌سه‌ن

ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند کێشه‌ گه‌وره‌که‌ى به‌غدا بۆ دابینکردنى موچه‌ له‌ مانگى شه‌ش و حه‌وت دا ده‌ستپێده‌کات چونکه‌ قه‌یرانى ئابورى وڵاتان به‌هۆى ڤایرۆسى کۆرۆنا و دابه‌زینى نرخى نه‌وت له‌و مانگانه‌دا کاریگه‌ریه‌که‌ى ده‌رده‌که‌وێت و ده‌ڵێت" بۆ هه‌ر مانگێک 4 ترلیۆن دینار کورتهێنانى هه‌یه‌".

شیروان میرزا، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ئه‌وه‌ى رونکرده‌وه‌ که‌ به‌غدا بۆ دابینکردنى موچه‌ى هه‌ر مانگێک پێویستى به‌ 6ترلیۆن  دینار زیاتر هه‌یه‌و وتى" تائێستا به‌داهاتى ناوخۆشه‌وه‌ داهاتى عێراق ناگاته‌ دوو ترلیۆن دینار بۆیه‌ مانگانه‌ 4 ترلیۆن دینار کورتهێنانى ده‌بێت".  

هاوڵاتى: باس له‌وه‌ ده‌کرێت عێراق کێشه‌ گه‌وره‌که‌ى بۆ دابین کردنى موچه‌ له‌مانگى شه‌ش و حه‌وت دا ده‌ست پێده‌کات؟

 شیروان میرزا: کێشه‌که‌ له‌ موچه‌ى مانگى شه‌ش و حه‌وت دا به‌جدى دروست ده‌بێت، چونکه‌ فرۆشتنى نه‌وتى ئه‌م دوو مانگه‌ و تا گه‌راندنه‌وه‌ى پاره‌که‌ى بۆ عێراق نزیکه‌ى 40 بۆ 45 رۆژى پێده‌چێت، چونکه‌ ئه‌و مانگانه‌ کاریگه‌ریه‌کى ئه‌وکاته‌ ده‌رده‌که‌وێت که‌ کۆرۆنا له‌ئاستێکى به‌رزدابوو و نرخى نه‌وتیش زۆر دابه‌زیبوو نه‌وتى عێراق نه‌ده‌فرۆشرا و ئابورى وڵاتان راوه‌ستابوو بۆیه‌  عێراقیش ده‌مێکه‌ هه‌وڵده‌دات  بتوانێت موچه‌ى مانگى شه‌ش و حه‌وت چاره‌سه‌ر بکات.

هاوڵاتى: بۆ دابینکردنی مووچه‌و خه‌رجییه‌کانی تری ده‌وڵه‌تی عێراق پێویستیان به‌ 5 ترلێۆن دینار هه‌یه‌،  له‌کاتێکد مانگی ئایار 2 ترلێۆن دینار داهاتیان هه‌بووه‌؟ که‌واته‌ ئه‌و کورتهێنانه‌ چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێت؟

 شیروان میرزا: له‌و کاته‌ى فرۆشتى نه‌وت گه‌یشته‌ خوار 20دۆلار، فرۆشى نه‌وتى عێراق هه‌مووى نه‌ده‌گه‌یشته‌ ترلیۆنێک و500 ملیار دینار، به‌ داهاتى ناوخۆشه‌وه‌ واته‌ داهاته‌که‌ى ناگاته‌ دوو ترلیۆن دینار، بۆیه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ عێراق بۆ دابین کردنى موچه‌ و دابینکردنى  بودجه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى و هه‌موو پێویستیه‌کان زیاتر‌ له‌ شه‌ش ترلیۆن دینارى پێویسته‌، که‌واته‌ له‌م دوو مانگه‌ى داهاتوودا له‌وانه‌یه‌ بۆ هه‌ر مانگێک چوار ترلیۆن کورتهێنانى هه‌بێت ئه‌مه‌ کێشه‌ گه‌وره‌که‌یه‌ که‌ عێراق ده‌بێت به‌ رێگایه‌ک ئه‌م پاره‌یه‌ دابین بکات.

هاوڵاتى: ئه‌م گرفته‌ ته‌نیا بۆ ئه‌و دوو مانگه‌یه‌ یاخود بۆ مانگه‌کانى تریش به‌رده‌وام ده‌بێت؟
 شیروان میرزا: ئێستا که‌ سه‌یر ده‌کرێت هه‌م نرخى نه‌وت به‌رزبۆته‌وه‌ و وه‌ له‌ووانه‌یه‌ فرۆشى نه‌وتى عێرقیش ورده‌ ورده‌ بچێته‌وه‌  ئاستى خۆى،  ئه‌مه‌ واده‌کات بۆ مانگه‌کانى تر بارودۆخه‌که‌ باشتر ببێت، به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر له‌مه‌ودوا بازاره‌کانى دنیا له‌ کڕینى نه‌وت وه‌ک جارانى لێبێته‌وه‌، و بچێته‌وه‌ ئاستى پێش بڵاوبونه‌وه‌ى کۆرۆنا ئه‌وکات به‌ دڵنیاییه‌وه‌  نه‌وتى عێراق ده‌فرۆشرێت و که‌واته‌ بۆ مانگى 8 و 9 بارودۆخه‌که‌ باشتر ده‌بێت  ئه‌و قورساییه‌ى نامێنێت که‌ له‌ دو مانگى شه‌ش و حه‌وت دا ده‌یبێت.

هاوڵاتى: حکومه‌تى عێراقى بۆ دابین کردنى موچه‌ى مانگى نیسان و ئایار قه‌رزى ده‌ره‌کى یاخود ناوه‌کى کردووه‌؟
 شیروان میرزا: له‌راستیدا به‌ دیاریکراوى نازانرێت عێراق چه‌ندى قه‌رز کردووه‌، به‌ڵام به‌پێى هه‌واڵى رۆژنامه‌وانى  له‌ یه‌ک بۆ دوو بانکى ناوخۆیى قه‌رزى کردووه‌ و  چونکه‌ ناتوانێت قه‌رزى ده‌ره‌کى بکات چنوکه‌ ئه‌وه‌ پێویستى به‌یاسا هه‌یه‌، به‌پێى یاساى ئیداره‌ى دارایى حکوه‌مت ناتوانێت له‌خۆیه‌وه‌ قه‌رزى ده‌ره‌کى بکات، پێویستى به‌ رێگه‌پێدان هه‌یه‌، هه‌ر بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ش حکوه‌مت پرۆژه‌ یاسایه‌کى  ئاماده‌کردووه‌  که‌ دواى جه‌ژن ده‌ینێرێته‌ په‌رله‌مان داواى رێگه‌پێدان ده‌کات بۆ قه‌رزکردنى  ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى، بۆیه‌ له‌م قۆناغه‌ى ئێستادا ته‌نیا ده‌توانێت قه‌رزى ناوخۆیى بکات، 

هاوڵاتى: راوێژکارێکى کازمى باس له‌ پێکهێنانى لیژنه‌یه‌ک ده‌کات بۆ رێکخستنه‌وه‌ى موچه‌ و که‌مکردنه‌وه‌ى موچه‌ى پله‌باڵاکان، ئه‌م لیژنه‌یه‌ په‌رله‌مانییه‌ ؟ ورده‌کاریه‌که‌ى چۆنه‌؟
شیروان میرزا: لیژنه‌که‌ په‌رله‌مانى نییه‌، به‌ڵکو ته‌نیا راوێژکاره‌کانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى داراین وه‌ پێم وابێت له‌ وه‌زاره‌تى نه‌وتیش نوێنه‌رایه‌تى تێدابێت، ئه‌مانه‌ ماوه‌یه‌که‌  گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تى روبه‌روبونه‌وه‌ى ئه‌م گرفتانه‌ ده‌که‌ن و ئه‌و قه‌یرانه‌ى که‌ عێراقى تێکه‌وتووه‌ و  به‌ڵام تائێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ بریارى کۆتایى، ئایا بریارى کۆتایى ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستکارى موچه‌ بکه‌ن یان قه‌رز بکه‌ن یان سه‌نه‌د و حه‌واڵه‌ بفرۆشن واته‌ رێگه‌چاره‌یه‌ک بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ى ئه‌م قه‌یرانه‌،  که‌ یه‌کێک له‌ پێشنیاره‌کان ده‌ستکاریکردنى موچه‌یه‌ به‌تایبه‌ت موچه‌ى پله‌باڵاکان، وه‌ ه‌دستکاریکردنى ده‌رماڵه‌کان به‌ڵام ئه‌مانه‌ پێشنیارن و هیچیان نه‌بونه‌ته‌ بریارى کۆتایى  بۆیه‌ له‌وه‌ ده‌چێت له‌کۆتایدا به‌پێى ئه‌و داهاتانه‌ى حکومه‌ت ده‌ستى ده‌که‌وێت یان ئه‌و پێشنیاره‌ى ده‌بێته‌ بریار به‌ نمونه‌  بریار بدات قه‌رز بکات به‌ڵام بروام وانییه‌ عێراق ده‌ستکارى موچه‌ بکات، به‌ڵام ده‌ستکاریکردنى موچه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌، ئه‌گه‌ر نا له‌ 2019وه‌ ئێمه‌ وه‌ک لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان داوامان له‌ حکوه‌مت کردووه‌  خشته‌ى نوێى موچه‌مان بۆ بنێرێت،  به‌و پێیه‌ى که‌ یه‌کسانى زیاترى تێدابێت، که‌ هه‌موومان ده‌زانیین موچه‌یه‌ک له‌ وه‌زاره‌تى دارایى  له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تێکى تر زۆر جیاوازى تێدایه‌، جیاوازیه‌کى زۆر له‌نێوان فه‌رمانبه‌راندا هه‌یه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌دواى ده‌نگدان له‌سه‌ر یاساى ئیداره‌ى مالى داوامان کردووه‌ ریزبه‌ندى و خشته‌ى موچه‌ به‌ریزبه‌ندى تازه‌ بۆمان بنێردرێت به‌ڵام خۆپیشاندانه‌کان  به‌سه‌رداهات و گۆرانکاریه‌کان هاتن و به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ له‌داهاتوودا به‌جۆرێکى تر ده‌ستکاریکردنى موچه‌  به‌شێوه‌یه‌ک دادگه‌رى زیاترى تێدابێت بێته‌وه‌ به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌.    

چوار شه‌ممه‌20ى ئایارى 2020 حکومه‌تى عێراق بریاریدا بڕى 400 ملیار دینارى بۆ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ره‌وانه‌ بکات که‌ پێشتر 453 ملیار دینار بووه‌و بڕى 53 ملیاره‌که‌ى لێ که‌مکراوه‌ته‌وه‌.

هاوڵاتى: دواى ئه‌وه‌ى کازمى ره‌زامه‌ندى پیشاندا له‌سه‌ر ناردنى 400ملیار دینار بۆ هه‌رێم، وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم دواى رۆژێک رایگه‌یاند 400 ملیاره‌که‌ نه‌گه‌یشتووه‌?
شیروان میرزا: حکومه‌ته‌که‌ى مسته‌فا کازمى به‌ زاژۆى  وه‌زیران بریارى  ناردنى ته‌مویلى وه‌زاره‌ته‌کان دراوه‌ بۆ پارێزگگاکان و له‌ناویشیدا ئه‌و 400ملیاره‌ى بۆ هه‌رێم ره‌زامه‌ند داوه‌،  به‌ڵام هاتنه‌که‌ى که‌مێک رۆتناتى هه‌یه‌، چونکه‌ دواى ره‌زامه‌ندى سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران نوسراو ده‌کات بۆ بانکى مه‌رکه‌زى و بانکى مه‌رکه‌زى لقى کوردستان که‌ ئاگاداریان ده‌کاته‌وه‌ بۆ ناردنى بۆ سه‌ر حسابى هه‌رێمى کوردستان، بۆیه‌ گرنگ بریاره‌که‌یه‌ له‌وه‌ده‌چێت له‌ یه‌ک دوو رۆژى داهاتوودا که‌به‌هۆى جه‌ژنه‌وه‌ نه‌بێت چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

هه‌رچه‌نده‌ حکومه‌تى هه‌رێم چه‌ند جارێک ئه‌وه‌ى باسکردووه‌ که‌ ئاماده‌ن رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکه‌ن تا شایسته‌ داراییه‌کان بنێردرێت بۆ هه‌رێم، به‌ڵام به‌هۆى ئاڵوگۆرى کابینه‌ى حکومه‌تى عێراق تا ئێستا هیچ رێککه‌وتنێک نه‌کراوه‌و ته‌نها پرۆژه‌ پێشنیار له‌نێوان وه‌فدى هه‌ولێرو به‌غدا ئاڵوگۆرکراوه‌.

هاوڵاتى: پێتان وایه‌  ئه‌مه‌ دواین بره‌ پاره‌ده‌بێت له‌لایه‌ن کازمیه‌وه‌ بۆ هه‌رێم ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر بدرێت؟
شیروان میرزا: پاره‌که‌ کۆتا مانگ ده‌بێت یان نا نازانرێت، چونکه‌ ئه‌م 400ملیاره‌ ده‌بێته‌ ده‌ستپێکى کۆبونه‌وه‌ و دانوسانه‌کانى دواى جه‌ژن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێستاش لێک دور نین، به‌تایبه‌ت که‌ هه‌رێم ره‌زامه‌ندى ده‌ربریوه‌ نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات و وه‌ ره‌زامه‌ندى ده‌ربریوه‌ له‌سه‌ر داهاتى ناوخۆش گفتوگۆ بکات و خاڵه‌سنوره‌یه‌کان و که‌ ئه‌مه‌ پێشهاتێکى ئه‌رێنى باشه‌ بۆ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى دانوستانه‌کان دواى جه‌ژن، رێککه‌وتنیشیان دور نییه‌، به‌ڵام که‌ هه‌رێم نه‌وت راده‌ست نه‌کات به‌ دڵنیایه‌ه‌و ره‌زامه‌ند نابێت له‌سه‌ر ناردنى هیچ بره‌ پاره‌یه‌کى تر.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار