بریارده‌رى لیژنه‌ى یاسایى بۆ هاوڵاتى: حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ستى کردووه‌ به‌ فرۆشتنى موڵکى به‌ڵێنده‌ران

"55به‌لێنده‌ر قه‌رزه‌که‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌ و که‌برى پاره‌که‌ 820ملیار دیناره‌"

یەک مانگ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن

بریارده‌رى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند له‌ئێستادا ماوه‌ى 10رۆژه‌که‌ ته‌واو بووه‌ و ده‌ستکراوه‌ به‌ فرۆشتنى ئه‌و موڵکانه‌ى که‌ به‌لێنده‌ر و وه‌به‌رهێنه‌کان له‌برى قه‌رزه‌که‌ دایان نابوو و ده‌ڵێت" له‌حاڵه‌تێکدا که‌ موڵکه‌که‌ نرخى که‌متر بوو له‌ قه‌رزه‌که‌ ده‌ست ده‌گیرێت به‌سه‌ر موڵک و ماڵه‌که‌ى تریدا".

یه‌کێک له‌ مادده‌کانى یاساى چاکسازى وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌رزه‌کانى حکومه‌ته‌ لاى بازرگان و وه‌به‌رھێن و کۆمپانیاکان، ئه‌م مادده‌یه‌ خراوه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌، حکومه‌ت له‌ رێگه‌ى بانکه‌ بازرگانیه‌کانه‌وه‌ به‌ نووسراو داواى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى قه‌رزه‌کانى ده‌کات، ماوه‌ى 10 رۆژیش بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى دیارى کراوه‌.

جه‌لال محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆران بریارده‌رى‌ لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت" له‌ئێستادا ماوه‌ى 10رۆژه‌که‌ ته‌واو بووه‌ و ده‌ستکراوه‌ به‌ فرۆشتنى ئه‌و موڵکانه‌ى که‌ به‌لێنده‌ر و وه‌به‌رهێنه‌کان له‌برى قه‌رزه‌که‌ دایان نابوو".

پێش جه‌ژن له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ به‌ نوسراو نێردراوه‌ بۆ به‌رێوبه‌رایه‌تى بانکه‌کان و بۆ ئه‌وه‌ى بۆ به‌رێوه‌به‌رایه‌تى خانوبه‌ره‌ ئه‌و قه‌زا و ناوچانه‌ بنێردرێت که‌ ئه‌و به‌لێنده‌ره‌ موڵکه‌که‌ى هه‌یه‌ و له‌برى قه‌رزه‌که‌ی له‌ ره‌هن دا دایناوه‌. 

بریارده‌رى‌ لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد" دواى کردنه‌وه‌ى ده‌وامى فه‌رمانگه‌کان ده‌ستده‌کرێت ‌ به‌ فرۆشتنى ئه‌و موڵکانه‌ى وه‌ک ره‌هن دانراون و وه‌ له‌و کاته‌دا که‌ ره‌هنه‌که‌ له‌ برى قه‌رزه‌که‌ که‌متربێت ده‌ست ده‌کرێت به‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى ئه‌و ماڵ و مڵکه‌ى که‌ خاوه‌ن قه‌رزه‌که‌ هه‌یه‌تى له‌ حاڵه‌تى ته‌واونه‌کردنى ئه‌و موڵکه‌ى که‌دانراوه"‌.

له‌دواى کردنه‌وه‌ى فه‌رمانگه‌کان نوسراوه‌که‌ ده‌گاته‌ به‌رێوبه‌رایه‌تى تۆمارکردنى خانوبه‌ره‌ و  ده‌ست ده‌کرێت به‌ کردارى فرۆشتنه‌کان، وتیشى" ئه‌وه‌ش که‌وتۆته‌ سه‌ر جۆرى موڵکه‌کان له‌ قه‌زایه‌ک یان ناوچه‌یه‌ک زوو بفرۆشرێت یان دره‌نگتر بفرۆشرێت".

له‌باره‌ى ژماره‌ى به‌لێنده‌ره‌کان و برى پاره‌که‌شه‌وه‌ وتى‌" ده‌ست به‌ ئیجرائاته‌کان کراوه‌ که‌ 55 به‌لێنده‌ر ماون  ‌  قه‌رزى حکومه‌تیان لایه‌ و نه‌یانداوه‌ته‌وه‌ که‌ برى پاره‌که‌ ده‌کاته‌ 820ملیار دیناره‌".

پێشتریش له‌ لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى  زیاد جه‌بار سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان جه‌ختى له‌وه‌کردۆته‌وه‌ که‌ حکومه‌ت مافى خۆیه‌تى ئه‌و قه‌رزانه‌ى لاى بازرگان و وه‌به‌رھێن و کۆمپانیاکان هه‌یه‌تى لێیان وه‌ربگرێته‌وه‌ چونکه‌ کاته‌که‌یان ته‌واو بووه‌ و پێشتریش ئاگادارى کردونه‌وه‌ و ماوه‌ى سێ مانگ کاتى پێداون".

هاوکات، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌رزه‌کانی، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دواى گه‌یشتنى ئاگادارکردنه‌وه‌ به‌ کۆمپانیاکان، ده‌بێت له‌ ماوه‌ى 10 رۆژ پاره‌که‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌، "ئه‌گه‌ر نا ده‌ست به‌سه‌ر موڵک و ماڵیان ده‌گیرێت و حکومه‌ت ده‌یانفرۆشێت و پاره‌که‌ى خۆى هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌".

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار