سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ حکومه‌تى هه‌رێم: به‌غدا هه‌فته‌ى ئاینده‌ 400 ملیار دیناره‌که‌ ره‌وانه‌ ده‌کات

وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى : پاره‌که‌ ته‌نها بۆ موچه‌ خه‌رج ده‌کرێت

یەک مانگ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن. هاوڵاتى

راوێژکارێکى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت هه‌فته‌ى ئاینده‌ کازمى ئه‌و 400 ملیار دیناره‌ى بریارى له‌سه‌ردابوو ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژمارى وه‌زاره‌تى دارایى حکومه‌تى هه‌رێم، وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتیش ده‌ڵێت:"ته‌نها بۆ موچه‌ خه‌رج ده‌کرێت".

سه‌ره‌راى بڕیاره‌که‌ى مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق بۆ ناردنى 400 ملیار دینار بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، به‌ڵام هێشتا بانکى ناوه‌ندى عێراق لقى هه‌ولێر ئاگادار نه‌کراوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بخرێته‌ سه‌ر هه‌ژمارى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى حکومه‌تى هه‌رێم. 

راوێژکارێکى حکومه‌تى هه‌رێم که‌ نه‌یوست ناوى بهێندرێت له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت:" خۆتان ده‌زانن ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى ره‌مه‌زانه‌وه‌ پشوو بووه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستاندا، به‌ڵام به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى حکومه‌ت به‌غدا هه‌فته‌ى ئاینده‌ بڕیاره‌ بانکى ناوه‌ندى عێراق لقى هه‌ولێر ئاگادار بکاته‌وه‌ که‌ بڕى 400 ملیار دینار بخرێته‌ سه‌ر هه‌ژمارى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، به‌ گه‌یشتنى وه‌زاره‌تى دارایى وه‌ک خشته‌ى پێشتر ده‌ست ده‌کاته‌وه‌ به‌ دابه‌شکردنى موچه‌و یه‌که‌م وه‌زاره‌ت، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌بێت.

له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌، ‌وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى  رایگه‌یاند هه‌رکات 400ملیاره‌که‌ هات بۆ موچه‌ ته‌رخانده‌کرێت.

پێشه‌وا هه‌ورامى، وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" 400ملیار دیناره‌که‌ تائێستا نه‌گه‌یشتووه‌، نازانرێت که‌ى ده‌گاته‌ ده‌ست هه‌رێم".

هه‌روه‌ها هه‌ورامى وتیشى" تا ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌گات هیچ شتێک روننیه‌، به‌ڵام به‌ گه‌یشتنى ئه‌و 400ملیار دیناره‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم بۆ موچه‌ ته‌رخانده‌کرێت،  چونکه‌ دابه‌شکردنى موچه‌ ئه‌وله‌ویاته‌ ".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار