ناره‌زایه‌تییه‌کانى هاوڵاتیان گه‌یشتۆته‌ لوتکه‌

پارێزگارى سلێمانى له‌ رێگه‌ى کارئاسانى بۆ کاسپکاران له‌هه‌وڵدایه‌ گرژییه‌کان که‌مبکرێته‌وه‌

یەک مانگ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن
کاسپکاران و به‌شێک له‌ هاوڵاتیان له‌به‌رده‌م قایمقامییه‌تى سلێمانى خۆپیشاندانی ناره‌زایه‌تیان ده‌ربڕیووه‌و تا ئێستا به‌رده‌وامه‌و داوا ده‌کرێت کارئاسانى بۆ دابینکردنى بژێوى ژیانیان بکرێت، پارێزگاری سلێمانیش بریاره‌ گرژییه‌کان که‌مبکاته‌وه‌ و رێگاکان بکرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى حوزه‌یرانى 2020 به‌شێک له‌ کاسپکارو هاوڵاتیان چوونه‌ به‌رده‌م قایمقامییه‌تى سلێمانى و داوایان کرد رێگاى کارکردنیان لێ نه‌گیرێت و دوکان و بازاره‌کان بکه‌نه‌وه‌ و تا ئێستاش خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تییه‌کان به‌رده‌وامه‌و به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى پارێزگارو قایمقامى سلێمانى و چه‌ند به‌رپرسێکى دیکه‌ له‌ کۆبونه‌وه‌دان بۆ بریاردان له‌سه‌ر شکاندنى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ. ‌بڕوا جه‌بار، ته‌مه‌ن 37ساڵ، ماوه‌ى 5ساڵه‌ له‌ناوبازاڕى سلێمانى دوکانى هه‌یه‌ و وتى" ئه‌وه‌ چه‌ند مانگێکه‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا بڵاوبۆته‌وه‌، به‌ هه‌مووى به‌شى مانگێک کاسپیم نه‌کردووه‌، بۆیه‌ له‌وه‌ زیاتر له‌تواناماندا نیه‌ و پێویسته‌ کار ئاسانیمان بۆبکرێت".

بروا دوو منداڵى هه‌یه‌ و رۆژانه‌ 30هه‌زارى ده‌ست ده‌که‌وێت له‌کاتى ئاسایدا، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ زیانى  دارایى پێگه‌یاندووه‌و نه‌یتوانیوه‌ بژێوى رۆژانه‌ى په‌یدا بکات.
وتیشى:"به‌هه‌مان شێوه‌ى پێشتر کرێ دوکان و کرێى خانوو ده‌ده‌م و پاره‌ى ئاو و کاره‌باش له‌ولاوه‌ بۆستێت، بۆیه‌ ته‌واو له‌ به‌یانیوه‌ دوکان ده‌که‌مه‌وه‌ و گوێ به‌ هیچ بریارێک ناده‌م".

هه‌روه‌ها کاسپکارێکى دیکه‌ى ناو بازارى سلێمانى به‌ناوى لوقمان مه‌حمود، ته‌مه‌ن 40ساڵ ک کارى ده‌ستگێرى ده‌کات له‌ لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" من ئه‌مرۆ کارنه‌که‌م به‌شى نانى سبه‌ینێم پێنیه‌، چیم داوه‌ له‌ ڤایرۆس و نه‌خۆشى، چونکه‌ ناکرێت له‌به‌ر ڤایرۆسێک بچمه‌ ژوره‌وه‌ و له‌ برسا بمرم".

لوقمان به‌ وته‌ى خۆى کرێچییه‌ و 5منداڵى هه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌کات رۆژانه‌ له‌ 7ى به‌یانیه‌وه‌ کار ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ کوره‌که‌ى تا بتوانن خه‌رجى ماڵ و منداڵ دابین بکه‌ن " پێویسته‌ پارێزگار و وه‌زیرى ناوخۆش چاوێک به‌ بارودۆخى هه‌ژاراندا بگێڕن ئه‌نجا قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ ده‌ربکه‌ن"، لوقمان واى وت.

بێجگه‌ له‌ ناره‌زاییه‌تییه‌کانى کاسپکارانى ناو بازارى سلێمانى، ئه‌نجومه‌نى مامۆستایانى نارازى به‌هۆى دواکه‌وتنى موچه‌وه‌ له‌ به‌رنامه‌یاندایه‌ خۆپیشاندان ئه‌نجام بده‌ن. ‌دلسۆز عه‌لى ،مامۆستاى نارازى، بۆ هاوڵاتى باسى له‌وه‌کرد کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مرۆمان بۆ رێکخستنه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌کانى خۆمان و ریکخستنه‌وه‌ى شه‌قام بوو که‌ تاراده‌یه‌ک په‌رته‌وازیه‌کى پێوه‌دیاره‌ و وتى" ئێمه‌ وه‌ک مامۆستایانى نارازى زیاتر کارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌کردووه‌، موچه‌خۆر و فه‌رمانبه‌ر و کاسبکاران هه‌مووى رێکخه‌ینه‌وه‌ و ده‌نگى هه‌مویان کۆبکه‌ینه‌وه‌".

وتیشى"به‌داخه‌وه‌ حکومه‌ت کارێکى کردووه‌ به‌ خه‌ڵک، که‌س برواى به‌ ئه‌وه‌ نیه‌ کۆرۆنا هه‌یه‌ یاخود نیه‌ باوه‌رى نه‌ماوه‌ که‌ له‌وانه‌شه‌ قسه‌راست بێت هه‌بێت و مه‌ترسى بێت".
ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد" ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت خۆپیشاندان له‌کاتێکدا بکرێت ئامانجێکى دیاریکراوى هه‌بێت، تائێستا کاته‌که‌یمان دیارینه‌کردووه‌".

هاوکات، عادل حه‌سه‌ن، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى مامۆستایانى نارازى، له‌ لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کر وه‌ک ئه‌نجومه‌نى مامۆستایان پشتیوانى خۆپیشاندانى خۆرسکانه‌ ده‌که‌ن، وتیشى:" ئه‌م بارودۆخه‌ تاسه‌ر ئاوا نابێت، خه‌ڵک ئاوا بێده‌نگ نابێت، له‌ئاینده‌یه‌کى نزیکدا ئاماده‌سازى بۆده‌که‌ین و کۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى لایه‌نه‌نارازه‌ییه‌کانى ترى کۆمه‌ڵگه‌ ده‌که‌ین و ئنجا بریارى خۆپیشاندان ده‌ده‌ین".
عادل حه‌سه‌ن داواى له‌ حکومه‌تى هه‌رێم کرد له‌ بێده‌نگى تێبگات:"که‌ دۆخه‌که‌ ته‌قییه‌وه‌  خه‌ڵک بێده‌نگى نامێنێت، حکومه‌ت به‌رده‌وام بێت له‌ برسیکردنى خه‌ڵک، خه‌ڵکیش قبوڵى دۆخه‌که‌ ناکات".
به‌پێى ئه‌و به‌دواداچونانه‌ى هاوڵاتى کردوویه‌تى دواى ئه‌وه‌ى رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیرى ناوخۆ له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا ده‌سه‌ڵاتى داوه‌ته‌ پارێزگاره‌کان که‌ کارئاسانى بۆ هه‌ندێ سێکته‌ر بکرێت، بریاره‌ که‌مێکى دیکه‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگارى سلێمانى له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا کارئاسانییه‌کان و کردنه‌وه‌ى رێگاکان رابگه‌یه‌نێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار