متمانه‌ى هاوڵاتیان به‌ بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا لاوازبووه‌

هاوڵاتیان له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنى رێنماییه‌کانى ته‌ندروستى بۆچونى جیاواز ده‌خه‌نه‌روو

یەک مانگ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن
سه‌ره‌راى به‌رزى ئاماره‌کانى تووش بوونى هاوڵاتیان به‌ کۆرۆناو توندکردنه‌وه‌ى رێکاره‌کانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، به‌ڵام  به‌شێک له‌ خه‌ڵک متمانه‌یان به‌ بوونى ڤایرۆسه‌که‌ نییه‌و بۆچونى جیاواز باس ده‌که‌ن.
رۆژى شه‌ممه‌، 30ى ئایارى 2020، پیاوێکى ته‌مه‌ن 37 ساڵ که‌ باوکى دوو منداڵ، به‌هۆى تووشبوونى به‌ کۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کى سلێمانى گیانى له‌ده‌ستدا.

به‌پێى ئاماره‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم تا ئێستا حه‌وت که‌س له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ده‌یانى دیکه‌ش تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بوون و چه‌ند که‌سێکیش له‌ژێر چاودێرى وردى پزیشکیدان.

هه‌روه‌ها له‌ عێراق رۆژانه‌ سه‌دان که‌س تووشى ڤایرۆسه‌که‌ ده‌بن و له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى جیهان تا ئێستا زیاتر له‌ شه‌ش ملیۆن که‌س تووشى کۆرۆنا بوون و نزیکه‌ى 373 هه‌زار که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

به‌شێک له‌ هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان پێیانوایه‌ ئه‌و ڤایرۆسه‌ى له‌ کوردستان هه‌یه‌ جیاوازه‌ و خه‌ڵک ناکوژێت و وه‌کو وڵاتانى دیکه‌ نییه‌و به‌شێکیش به‌ مه‌ترسیدار ناوى ده‌به‌ن و خۆپارێزى ته‌ندروستى جێبه‌جێ ده‌که‌ن.

عه‌بدوڵا بابه‌کر، ته‌مه‌ن 51 ساڵ، کاسپکار له‌ناو بازاڕى سلێمانى به‌ هاوڵاتى وت" هیچ له‌کۆرۆنا ناترسم، چونکه‌ متمانه‌م به‌ هیچ بریارێک و قسه‌یه‌کى ئه‌م حکومه‌ته‌ نیه‌، بۆیه‌ کۆرۆناش به‌ ده‌ردى به‌ڵێن و بریاره‌کانى دیکه‌یانه‌".

ئه‌و کاسپکاره‌ى ناو بازارى سلێمانى وتیشى:"بوونى نه‌خۆشى کۆرۆنا راست نییه‌و ته‌نیا بۆ بێده‌نگکردنى خه‌ڵکه‌، ئه‌وانه‌ى گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ نه‌خۆشى دیکه‌یان هه‌بووه‌".

گۆران عومه‌ر، هاوڵاتیه‌کى ترى شارى سلێمانییه‌و کارى میوه‌فرۆشى ده‌کات  و ئه‌ویش متمانه‌ى به‌ حکومه‌ت و لێپرسراوانى دیکه‌ نییه‌ که‌ باس له‌ بوونى کۆرۆنا ده‌که‌ن له‌ هه‌رێم و به‌ هاوڵاتى وت" دۆخى ته‌ندروستى له‌م وڵاته‌دا زۆر باش نییه‌و ناتوانن شت بۆ خه‌ڵک بکه‌ن، بۆیه‌ ئه‌و ڤایرۆسه‌ هه‌ر بێته‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ هه‌موومان وێران ده‌بین، بۆیه‌ سیقه‌م نیه‌ هاتبێت".

گۆران پێشیوابوو باسکردنى کۆرۆنا له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ بۆ کپکردنى ناره‌زایه‌تییه‌کانى هاوڵاتیانه‌" ده‌ترسن خۆپیشاندان بکرێت بۆیه‌ باسى کۆرۆنا ده‌که‌ن".

ناجیه‌ قادر، ژنێکى ته‌مه‌ن 51 ساڵ ده‌مامک و ده‌ستکێشى به‌کارهێنابوو له‌کاتى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌سه‌ر کاره‌که‌ى بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد گرنگه‌ هه‌موو خه‌ڵک ئاگادارى رێنمایه‌کان بێت و خۆى بپارێزێت، چونکه‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌ هه‌یه‌و مه‌ترسیداره‌و گاڵته‌ى پێناکرێت.
ناجیه‌ وتیشى:" من له‌لاى خزم و که‌س و کار گاڵته‌م پێده‌که‌ن و به‌ ترسنۆک ناوم ده‌به‌ن، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک خه‌ڵک ئاوا بیر ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام خۆم ده‌پارێزم و رێنماییه‌کانى ته‌ندروستى جێبه‌جێ ده‌که‌م".
دوێنێ محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ هاوڵاتیان له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌کى گه‌وره‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنادان و ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ به‌رزبونه‌وه‌ى تۆمارکردنى تووشبوانى کۆرۆنا له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوو نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڤایرۆسه‌که‌ له‌ کۆڵان و گه‌ره‌ک و شه‌قامه‌کان و کۆمه‌ڵگادا بڵاوبووه‌ته‌وه‌.
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى پێشیوابوو نابێت هاوڵاتیان متمانه‌یان به‌ ڤایرۆسه‌که‌ نه‌بێت، وتى:" له‌ نه‌خۆشخانه‌کاندا ده‌یان که‌س له‌ژێر چاودێرى وردى پزیشکیدان و سه‌دان که‌س که‌ره‌نتینه‌ کراون... مه‌ترسییه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێستا ئه‌وانه‌ى ئێستا تووش ده‌بن به‌رکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى دیکه‌ هه‌یه‌".
شاره‌زایه‌کى ده‌روونى و په‌روه‌رده‌یى ده‌ڵێت به‌شێکى زۆر له‌ هاوڵاتیان تووشى شڵه‌ژانى و نائارامى بوونه‌ته‌وه‌ له‌ دۆخێکى ده‌رونى ناجێگیردان.
محه‌مه‌د نه‌جیب، رێنمایکارى په‌روه‌رده‌یى و ده‌روونى به‌ هاوڵاتى وت:"خه‌ڵک به‌جۆرێکه‌ زۆرێک خه‌وتن و خواردنیان لێ تێک چووه‌ ئه‌گه‌ر پزیشک پشکنینیان بۆ بکات ئه‌شێ توشى نه‌خۆشى دیکه‌ش هاتبن، هه‌ندێ له‌و خه‌ڵکه‌ى وا ترساون وه‌ک به‌رزى فشارى خوێن و شه‌کره‌ و گرفتى گه‌ده‌، ئه‌ویش به‌ هۆى ئه‌و دڵه‌ڕاوکێ تونده‌ى ژماره‌یه‌ک له‌ هاوڵاتى تووشى هاتووه‌".

ئه‌و رێنماییه‌ په‌روه‌رده‌کاره‌ باس له‌وه‌ش ده‌کات که‌، ناتوانرێت بوترێت دۆخه‌که‌ گه‌وره‌ کراوه‌ به‌وپێیه‌ى ئه‌م ڤایرۆسه‌ له‌ جیهاندا هه‌یه‌ و نکۆڵى لێ ناکرێ، به‌ڵام وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت، پێشتر ڕێکاره‌کان توندتربوون بۆیه‌ خه‌ڵکیش ناچار بوو پابه‌ند بیت، بۆیه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى قه‌ده‌غه‌ لابرا به‌هۆى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و هاتوچۆ زۆر بووه‌ ئه‌وه‌ش واى کرد نه‌خۆشییه‌که‌ زیاتر بڵاوببێته‌وه‌.
محه‌مه‌د نه‌جیب ئه‌وه‌ش روونده‌کاته‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان و ده‌ڵێت:" پابه‌ند نه‌بن به‌ڕاستى کاره‌سات ڕووده‌دات ڕێژه‌ى توشبوان زیاتر ده‌بێت، چونکه‌ خودى ده‌زگاکانى ته‌ندروستیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن به‌هۆى که‌مى و سنورداربوونى جێگا و نه‌بوونى ئامێرى پێویست مه‌ترسى گه‌وره‌ هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر وا بروات دۆخه‌که‌ له‌ کۆنترۆڵى ئه‌وانیشدا نامێنێت".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار