تائێستا تروسكاییەكەی بەغدا باشترە..!؟

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارام حسێن

 زۆركەس بەتایبەتی دابەستەكانی حزب و ئەو گێلانەی تائێستاش سۆزی حزبەكان لە خشتەی بردوون و وەك بووكە سەماكەرە یارییان پێدەكرێ، باس لەوە دەكەن با لیستی موچەی موچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان نەخرێتەسەر بەغدا، بەجۆرێك دەیشوبھێنن كە جۆرێك لە خیانەتەو كورد چەندین ساڵە بەئاواتی ئەوەوە بووە كە خۆی، خۆی بەڕێوە ببات..! گرنگە لەوە تێبگەین كام لەو دوو دەسەڵاتە، ھەولێر و بەغدا، راستدەكەن و خەمخۆری خەڵكن..!؟

١- ھیچیان خەمخۆری خەڵك نین، بەغدا دەیەوێت لەو رێیەوە سۆزی دانیشتوانی ھەرێم بەلای خۆیدا راكێشێ و دەسەڵاتی ھەولێرش وەكو ئەوەی بەخیانەت دەیداتە قەڵەم، دەیەوێت لەو رێگەیەوە درێژە بەگەندەڵییەكانی خۆی بدات.

٢- ئەو گەندەڵییە سیاسی و ئابوورییەی لێرە ھەیە لەوێش گەیشتۆتە ئەوجی خۆی.

٣- لە بەغدا حزب حكومەتی كردووەتە كۆیلە، لە ھەرێمیش بەھەمانشێوە.

٤- لەھەردوولا كەمی خزمەتگوزاریی لە ترۆپكدایە بەكەمێك جیاوازییەوە.

٥- ھەردوولایان بەحزبەكانی ناوییەوە، ئەجندەی یەكێك لەوڵاتان جێبەجێدەكەن.

٦- لای ھەردوو دەسەڵاتەكە، شتێك نەماوە بەناوی نەتەوەو بەرگریكردن لە بەھاكانی.

٧- درۆكردن تا ئاستی بوختانكردن بۆ یەكتر، واریدەو دەیانەوێت لەو رێگەیەوە ئارایشتی رووە ناشرینەكەی خۆیان بكەن.

٨- راكێشانی وڵاتانی زلھێز و داگیركەر، لای ھەردوو دەسەڵاتەكە بووەتە جۆرێك لە نەریت.

٩- پەیڕەوكردنی ھاووڵاتی پلەیەك و پلەدوو پلە سێ، بەڕوونی دەبینرێت.

ئەو خاڵانەی دەسەڵاتی بەغدا لە دەسەڵاتی ھەولێر جیادەكاتەوە..

١- تا ئاستێكی زۆر بەدادگاییكردنی تۆمەتباران، ئەو تۆمەتبارانەی لە دزیكردنی گەورە تێوەگلاون، چالاكترە بە بەراورد بە ھەولێر.

٢- ھیچ كاتێك بەغدا، دەستی نەخستۆتە گەروی موچەخۆرانەوەو ھەموو مانگێك و لەكاتی خۆیدا موچەی خۆیان وەرگرتووە.

٣- پەرلەمانی عێراق چالاكتر و بێلایەنترە بە بەراورد بە پەرلەمانی ھەولێر.

ستەمكار و دەسەڵاتی ستەمكار بە ھەر زمانێ بئاخڤێ ھەر ستەمكارە، ھیچ جیاوازییەك بەلای مرۆڤدۆستیدا كۆیان ناكاتەوە. بەلای منەوەو تا ئەم چركەساتە ھیچ تروسكاییەك لەگەڵ ھەولێردا كۆمان ناكاتەوە، ئەوەی تائێستا لێمانەوە دیار بێت بەلاوازیش بێت، تروسكاییەكەی دەسەڵاتی بەغدایە! ھەر بۆیە ناومان لەلیستی موچەی بەغدادا بێت نەخیانەتەو نە شەرمەزاریی، خیانەت و شەرمەزاری ئەوەیە دەسەڵاتدارانی ھەرێم، چل ساڵە ئەم ھەرێمە دادەدۆشن و رۆژ بەڕۆژ بردویانینەتەوە بۆ دواوە. دواجار ناومان لەلیستی موچەی ھەولێردا بێت یان بەغدا، ئەو داھاتەی ھەردو دەسەڵات پێیەوە دەنازن داھاتی خەڵكە. دەبێت دانیشتووانی ھەرێمیش لەوە تێبگەن نە بەغدا فریادڕەسەو نە دەسەڵاتەكەی ھەولێریش بەخۆیدا دەچێتەوە. ھەر بۆیە باش ھەیە و باشتر، خراپ ھەیەو خراپتر، لەھەر دۆخێكدابین دەبێت باشترەكە ھەڵبژێرین كە بەغدایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار