کوردێک لەناو کەمپەوە بەکورتەنامە ڕۆمانێک لەسەر پەنابەریی دەنوسێت

«هیچ دۆستێک نیە جگە لەچیاکان.. نوسین لەزیندانی مانیسەوە»

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

کوردێکی ڕۆژهەڵات کەپێنج ساڵە لەئوستراڵیا داوای پەنابەری کردوە هێشتا ژیان لەکەمپێکی بەدناو لەدورگەیەک لەدەرەوەی سنورەکانی ئەو وڵاتە بەسەردەبات. ئەو کەهاوکات پەنابەرو ڕۆژنامەنوسە بڕیاریدا چیرۆکی خۆی بکاتە ڕۆمانێک و ئەو ڕۆمانەش هەموو بەکورتەنامە دەنوسێت.

بەهرۆز بوچانی ساڵانێکە لەکەمپێکی ئوستراڵیا کە لەدەرەوەی سنورەکانی ئەو وڵاتەیەو لەدورگەی مانیسی سەر بەوڵاتی نیو گینیایە دانراوە، ئەو لەمیانەی مانەوەی لەو کەمپە لەئوستراڵیاو جیهاندا وەک ڕۆژنامەنوسێک و دەنگی پەنابەرانی جیهان ناوبانگی دەرکرد، لەمیانەی مانەوەیدا وەک پەنابەرێک چەند وتارێکی بۆ ڕۆژنامەی گاردیان نوسیوەو لەدەرهێنانی فیلمێکی دۆکیومێنتاریدا لەسەر پەنابەری بەشداربووە.

بەهرۆز یەکێکە لە هەزاران پەنابەر کە لەلایەن ئوستراڵیاوە ڕەوانەی کەمپەکانی دورگەی مانیس کراون کەبەناوبانگن بەخراپی و ناهەمواری گوزەرانی پەنابەران لەوێ، ئەمەش وەک سزایەک لەلایەن ئەو وڵاتەوە بەرانبەر زیادبونی پەنابەران تەماشادەکرێت.

دوای بەسەربردنی ساڵانێک لەو دورگەیە بەهرۆز بڕیاریدا ڕۆمانێک لەسەر ژیانی بنوسێت، چونکە بەپێی وتەکانی بۆ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی پێی وایە بابەت و هەواڵە ڕۆژنامەوانیەکان ناتوانن هێندە سەرنجی خەڵکی ڕابکێشن و حەقبدەن بەو بارودۆخە سەختەی ژیانی پەنابەران، هەر بۆیە بەهرۆز بڕیاردەدات بەکورتەنامەی مۆبایلەکەی و لەڕێی بەکارهێنانی ئاپڵیکەیشنی وەتسئاپەوە دەستبکات بەگێڕانەوەی چیرۆکی پەنابەری لەڕێگای ڕۆمانێکەوە.

ئەو بۆ ماوەی نزیکەی پێنج ساڵ کورتەنامەکانی بۆ مونیس مەنسوبی دەنێرێت کە وەرگێڕێکە و لەسیدنی پایتەختی ئوستراڵیا نیشتەجێیە، مونیس دەقەکانی وەردەگێڕێت و دەینوسێتەوە. بەهرۆز هۆکاری بەکارهێنانی ئەم شێوازە لەنوسین بۆ متمانەنەبونی بە هێزە ئەمنیەکانی کەمپەکە دەگەڕێنێتەوەو بەڕۆژنامەی گاردیان دەڵێت «ئەوان هەر کاتێک بیانەوێت دەدەن بەسەر ژورەکەتداو دەست بەسەر پێداویستیەکانتدا دەگرن. لە ٢٠١٤ جارێک هەموو شتەکانیان بردم،  دووبارە حەوت مانگ لەمەوپێش، گەر لەسەر وەرەقە بمنوسیبایە، بەدڵنیاییەوە لەدەستمدەدا.»

ئەو توڕەیی و بێزاری خۆی بەرانبەر ناحەقیەکانی بەرانبەر پەنابەران دەکرێت بۆ ڕۆژنامەی گاردیان دەخاتەڕوو و دەڵێت «من ئامادەنیم واز لە کەسایەتی و مرۆڤایەتی خۆم بێنم. ئەم سیستەمەی ئێرە هەوڵ بۆ نەهێشتنی کەسایەتیمان دەدات و دەیانەوێت لەژمارەیەک زیاتر هیچ نەبین. من لەڕێگای هونەرو کارە ڕۆژنامەوانیەکانمەوە ماوم».

ئەو پێشی وایە کەدەرکەوتنی و دژایەتیکردنی سیستەمی ئوستراڵیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران لەوانەیە وایکردبێت وادەی چاوپێکەوتنی و مافی پەنابەرێتی دوابکەوێت، دەڵێت «تائێستا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ساز نەکردوم، سەیرە. بەڵام لەهەمانکاتدا خەڵکی تریش زۆرە کەهەمان دۆخی منیان هەیە لەبەرئەوە نازانم.»

کتێبەکەی بەهرۆز بە ناوی «هیچ دۆستێک نیە جگە لەچیاکان، نوسین لەزیندانی مانیسەوە» ٣١/٧ لەئوستراڵیا چاپکراو ٢/٨ لەزانکۆی نیو ساوت وەیڵز لەسیدنی مەراسیمی بڵاوکردنەوەی بوو، بەڵام بەهرۆز نەیتوانی و ڕێگای پێنەدرا ئامادەی مەراسیمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی خۆی بێت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار