مانگانە؛ ترلیۆنێک و٥٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم ڕەوانە دەکرێت

«هیچ كێشەیەكی مووچەو پرۆژە نەماوەو دۆخەكە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2014 لەهەرێمدا»

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە 18 ترلیۆن و 310 ملیار دیناری بۆ رەوانە دەكرێت لەبەرامبەر ناردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو 50% داهاتە فیدڕاڵییەكان كە مانگانە ترلیۆنێك و 525 ملیار دینار دەكات.

بودجەی عێراق دوای گفتوگۆیەكی چڕ لەلیژنەی دارایی و پێنج رۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پەسەندكراو رەوانەی سەرۆك كۆمار دەكرێت و كەبڕیارە دوای گەڕانەوەی دكتۆر لەتیف رەشید لەئیتاڵیا لەگەڵ راوێژكارە ئابورییەكانی كۆببێتەوەو لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پەسەندی بكات،  دواتر لە رۆژنامەی فەرمی وەقایعی عێراق بڵاودەكرێتەوەو دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت.

لەماددەی 12ی یاساكەدا پشكی هەرێمی كوردستان بە 12.67 جێگیركراوەو هەرێم لەساڵێكدا 18 ترلیۆن دینارو 310 ملیار دیناری بۆ رەوانە دەكرێت و مانگانە ترلیۆنێك و 525 ملیار دینار دەكات وەك دكتۆر ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم باسی كردووە.

هەرێمی كوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدادو 50% داهاتە فیدراڵییەكان و قەرزی بانكی بازرگانی بداتەوە.

هەرێم پابەند كراوە پارەی بانكی بازرگانی عێراقی بداتەوە كە سێ ترلیۆن و 900 ملیار دینارە، كە لەماوەی حەوت ساڵدا بیداتەوە كە بە 84 مانگ دەدرێتەوەو مانگانە دەكاتە 46 ملیارو 428 ملیۆن دینار. لەماددەی 13ی یاسای بودجەی عێراق، هەرێم پابەندكراوە كە 50%ی داهاتە فیدراڵییەكان بدات كە بە 780 ملیار دینار بۆ ساڵێك خەمڵێندراوە كە مانگانە 65 ملیار دینار دەكات بیداتە بەغداد. واتا هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2023دا دەبێت بڕی ترلیۆنێك و 337 ملیار دینار پارەی 50%ی داهاتە فیدراڵییەكان و قەرزی بانكی بازرگانی عێراقی بداتەوە.

واتا هاوكێشەكە دوای دەركردنی قەرزی بانی بازرگانی عێراق و داهاتە فیدراڵییەكان لەساڵێكدا دەكات  هەرێم لە ساڵێكدا 16 ترلیۆن و 973 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە كەمانگانە ترلیۆنێك و 414 ملیار دینار دەكات.

هەرێمی كوردستان مانگانە 912 ملیار دینار دەداتە مووچەو 75 ملیار دینار بۆ وەزارەتەكانی خەرج دەكات كە 987 ملیار دەكات، واتا مانگانە دوای دەركردنی مووچە 427 ملیار دیناری بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییەكان بۆ دەمێنێتەوە.

هەرێمی كوردستان مانگانە لەنێوان 200 بۆ 250 داهاتی نانەوتی هەیە، ئەگەر تەنها 150 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ ئاماژە پێبكەین، ئەوا هەرێمی كوردستان مانگانە بەزیادەی پارەكەی بەغداد دوای دەركردنی مووچە، مانگانە بەكۆی گشتی هەرێمی كوردستان مانگانە 577 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە.

بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی كە لەحكومەتی هەرێم دەستیكەوتووە، رێكخستنەوەی دارایی هەرێم كە لەنێوان سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەیدا رێككەوتن كراوە ئاماژە بەوە كراوە كە 50%ی ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە بدرێتەوە بە قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم كە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار قەرزارن.

هەروەها 50%كەی دیكەی كەمانگانە دەكاتە 268 ملیارو 500 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەشێوەیەكی دادپەروەر بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بكرێت بەڕەچاوكردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان كەنزیكەی 226 ملیار دینارە لەپشكی بودجەی هەرێم.

لەماددەی 13ی یاسای بودجە ئەوە جێگیركراوە كە حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە رادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ بە مەرجێك رۆژانە 400 هەزار بەرمیل كەمتر نەبێت و  ئەگەر نەتوانرا نەوتی هەرێم هەناردە بكرێت بەهەر هۆكارێك ئەوا وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ناوخۆ بەمەبەستی پاڵاوتن بۆ سوتەمەنی ( بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی) بەكاریدەهێنێت.

هاوكات وەزارەتی دارایی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم قەرەبوو دەكاتەوە بەشێوەیەك تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەكسان بێت لەگەڵ تێكڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەعێراق كە بەغدا بۆ هەر بەرمیلێك چوار تا شەش دۆلار دەدات، بەڵام هەرێمی كوردستان لەسەدا 51ی داهاتی نەوتی بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان رۆشتووە، بۆیە بەشێك لەو پارەیە بۆ خەرجی دەرهێنانی نەوت دەڕوات.

یاسای بودجەی عێراق كە 198 ترلیۆن و 900 ملیار دینارەو 64 ترلیۆن و 357 ملیار دینار كورتهێنانی هەیەو پشكی هەرێم دوای خەرجی سیادی و حاكیمە بە 12.67% پەسەند كراوە.

لەبودجەی عێراق نرخی نەوت بە 70 دۆلار دانراوەو عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل و هەرێمی كوردستان 400 هەزار بەرمیل بەرهەمیان دەبێت، هەروەها یەك دۆلار بە هەزارو 300 دینار دانراوە.

لە پاکتاوی حساباتی شەش مانگی ئەمساڵدا پێویستە بەغداد ترلیۆنێک و ٦٠٠ ملیار دیناری دیکە بداتە هەرێمی کوردستان

دكتۆرە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: »پارەی كاش كە بگاتە دەست حكومەتی هەرێم مانگانە ترلیۆنێك و 500 ملیار دینار دەبێت».

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، بودجەی حاكیمە بەشێوەی كاش نییەو لەرێگەی بایەعی و دەرمان و شتی دیكەوە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، وتیشی:» هەردوولا پابەندی یاسای بودجەی عێراق بن، هەرێمی كوردستان دۆخی دارایی زۆر باش دەبێت».

ئەندامێكی دیکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەپشكی هەرێمی كورردستان ساڵانە 12 ملیارو 615 ملیۆن دۆلاری پێدەگات كەمانگانە یەك ملیارو 51 ملیۆن دۆلارە.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو بەشە بودجەیەی بۆ ساڵێك دەنێردرێتە هەرێم 16 ترلیۆن و زیاترلە 400 ملیار دینارەو مانگانە نزیكەی یەك ترلیۆن و 367 ملیار دینار دەكات».

هەروەها وتیشی:»ئەگەر رێككەوتنی هەرێم و بەغدا وەك خۆی جێبەجێ بكرێت هەم بەشی مووچەی فەرمانبەران و هەم پرۆژەكانیش دەكات، دەتوانین بڵێین ئەوكات دۆخەكە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2014و هیچ كێشەیەكی مووچەو پرۆژە لەهەرێمی كوردستان نامێنێت».

جەمال کۆچەر: لانی کەم ئەو بەشە بودجەیەی بۆ ساڵێک دەنێردرێتە هەرێم زیاتر لە ١٦ ترلیۆن دینارە

دوای ئەوەی یاسای بودجە لەڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاودەكرێتەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەست بەجێبەجێكردنی دەكات كە چاوەڕواندەكرێت لەسەرەتای مانگی تەمموز بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە 25ی ئازاری ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیرا بەبڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس كە بەغداد زیاتر لە ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلاری شایستەی قەرەبووكردنەوەیە كەتوركیا بیدات.

بە پێی یاسای بودجە پێویستە عێراق و هەرێمی كوردستان لە 1/1/2023 تا یەكی تەمموز پاكتاوی حسابات بكەن كەهەرێم تا 25ی ئازار نەوتی هەناردە كردووە، دوای ئەو بەروارە  هەناردەكردنی راگیراوە.

هەرێمی كوردستان لەشەش مانگی رابردوودا بەبەهای پێنج ترلیۆن دینار داهاتی نەوت و نانەوتی هەبووەو بڕی ترلیۆنێك و 600 ملیار دیناریشی بەقەرز بۆ هاتووە.

لەبەرامبەردا پشكی هەرێم بەلایەنی كەمەوە كە جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی بۆ هاوڵاتی خستووەتەڕوو، كە پشكی هەرێم مانگانە ترلیۆنێك و 367 ملیار دینارە، كەواتە بۆ شەش مانگ هەشت ترلیۆن و200 ملیار دەكات، واتا دەبێت بەغداد زیاتر لەترلیۆنێك و 600 ملیار دیناری دیكە  بداتە هەرێمی كوردستان.

 

 

ماددەكانی یاسای بودجەی عێراق تایبەت بەشایستەو پابەنـــــدییەكانی هەرێمی كوردستان

ماددەی 12

-پشكی هەرێم 12.67%

 

مادەی 13

-ساڵانە 18 ترلیۆن و 310 ملیار دینار بۆ هەرێم دیاریكراوە

-نۆ ترلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانكراوە

-ساڵانە دوو ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەهەرێم تەرخانكراوە

-بڕی 276 ملیارو 550 ملیۆن دیناریش وەك پشكی هەرێم لەخەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاكان جێگیركراوە

-داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم بۆ ساڵێك بە ترلیۆنێك و 560 ملیار دینار خەمڵێندراوە

-لەو بڕە 780 ملیار دینار لەداهاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ هەرێم دەمێنێتەوە

-بڕی  228 ملیارو 304 ملیۆن دینار لەبودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ موچەی پێشمەرگە تەرخانكراوە

 

مادەی 14

-شایستە داراییەكانی نێوان عێراق و هەرێم لە 2004 تا 2022 یەكلایی دەكرێنەوە

-وردبینیكردن لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی حكومەتی عێراق و هەرێم

- حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە رادەستكردنی نەوت بەكۆمپانیای سۆمۆ  بەمەرجێك رۆژانە 400 هەزار بەرمیل كەمتر نەبێت

- ئەگەر نەتوانرا نەوتی هەرێم هەناردە بكرێت بەهەر هۆكارێك وەزارەتی نەوتی عێراق لەناوخۆ بەكاریدەهێنێت

- عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم قەرەبوو دەكاتەوە بەشێوەیەك تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەكسان بێت لەگەڵ تێكڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەعێراق

-حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی كە بەمەستی 50%ی داهاتە فیدراڵییەكانە

- قەرزەكانی بانكی عێراقی بازرگانی و بانكە ئەهلییەكان مانگانە بەقیست لەپشكی هەرێم دەبڕدرێت

- پێدانەوەی ئەو قەرزانە لە 2023ەوە دەستپێدەكات و لەماوەی حەوت ساڵدا دەدرێنەوە.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش