ئەندامبوونی ئێران و پێنج وڵاتی دیکە لە برێکس پەسەند کرا

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پێریل رامافۆسا، سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوور، لە دوایین رۆژی ١٥ هەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی برێکس لە ژۆهانسبۆرگی پێتەختی ئەفریقای باشوور، رایگەیاند کە داواکاری ٦ وڵات بۆ ئەندامبوون لەم رێکخراوەیە پەسەند کراوە.

بە پێی وتەکانی سەرۆککۆماری ئەفریقای باشوور داواکاری هەریەک لە وڵاتانی ئێران، سعوودیە، ئەرژەنتین، ئیمارات، ئەسیۆپیا، میسر لە لایەن پێنج ئەندامی فەرمی ئەو رێکخراوە پەسەند کراوەو بڕیار وایە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە  بەفەرمی بەئەندامبوونیان دەست پێ بکات.

یەکێکیتر لە بڕیارە گرینگەکانی بەرپرسانی برێکس، دانانی پلاتفۆڕمێکە بۆ بازرگانی هاوبەش و سود وەرگرتن لەدراوە نێودەوڵەتییەکان بەم پێیە وەزیری ئابووری و بانکی ناوەندی وڵاتانی ئەندام راسپێردراو رێکاری گونجاو بۆ دانانی ئەم پلاتفۆرمە بدۆزنەوە.

بەکار هێنانی دراوی نەتەوەیی وەستانەوەیە بەرامبەر بە ئەمریکا و ئابووری رۆژئاوا. ئەمریکا بە وردی چاودێری رووداوەکان ئەکات، لەبەر ئەوەی ئەزانێت رووسیا دەیەوێت کۆتایی بە باڵادەست بوونی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییەکان نێودەوڵەتییەکان بهێنێت و سەرەتای ئەم خەونەشی لە برێکسەوە دەست پێکردووە.

بەڕازیل، رووسیا، هندستان، چین و ئەفریقای باشوور پێنج وڵاتی دامەزرێنەری رێکخراوی برێکسن کە لە ئێستادا ئەفریقای باشوور سەرۆکایەتی ئەم خولەی کۆبوونەوەکان ئەکات.

جگە لە رووسیا، هیچکام لە وڵاتانی ئەندام نایانەوێت دژایەتی دۆلار بکەن. وڵاتانیتر زیاتر بە شوێن ئەوەوەن کە رێگای جیاواز بدۆزنەوە بۆ سیستەمی پاکتاوی بازرگانی و مامەڵەی بازرگانی و سەربەخۆ لە  پێوەرە رۆژئاواییەکان.

لە سەدا ٤٠ی دانیشتوای گۆی زەوی لە پێنج وڵاتی ئەندامی برێکسن ( بەڕازیل، رووسیا، هێندستان و چین و ئەفریقای باشوور) و ئەم ٥ وڵاتە ٢٥٪ ئابووری دونیایان بە دەستە. چین بە تەنها خۆی ٧٠ لەسەدی ئابووری ئەم جەمسەرە نوێیە ئابوورییە پێک دەهێنێت. هەر ئەمە بووە بە هۆی جێگەی نیگەرانی هێندستان چونکە پێی وایە گەورەکردنەوەی برێکس دەبێت بە هۆی بەهێزتربوونی چین لە باری ئابوورییەوە، بە تایبەت دوای پەیوەستبوونی ئەم ٦ وڵاتە نوێیە کە ئەندامییەتیان پەسەندکراوە.

وڵاتانی ئەندامی برێکیس هاوئامانج نین لە پەرەپێدانی ئەم رێکخراوەو هەر وڵاتەی بۆ بەرژەوەندی خۆی دەیەوێت ئەم رێکخراوە گەورەتر بێت.

لەکاتێکدا چین بە شوێن ئامانجی بازرگانی و ئابووری تایبەتی خۆیەوەیە لە پەرەپێدان و گەورەکردنەوەی برێکس، ڕووسیا دەیەوێت ئەم رێکخراوە ببێتە جێگرەوەیەک بۆ (جی ٧). گرووپێک کە پێشتر رووسیا ئەندامی بوو و بە (جی ٨) دەناسرا و دوای ئەو  رێفراندۆمەی لە  ( کریمیا) ئەنجامدارا بە مەبەستی بوون بە بەشێک لە ڕوسیا لە ٢٠١٤، ئەندامیەتی رووسیا هەڵپەسێردرا.

 

لە لایەکیترەوە بەڕازیل و هندستان دەیانەوێت هاوسەنگییەک دروست بێت و سەرۆک کۆماری بەڕازیل لە رۆژی یەکەمی کۆبوونەوەی ژۆهانسبۆرگدا بە ئاشکرا باسی لەوە کرد نایانەوێت دژ بە وڵاتانی پیشەیی بوەستنەوە کە مەبەستی (جی ٧ ) بوو. هێندستانیش خوازیاری دروستبوونی ئەم هاوسەنگیەیە نەک رقەبەرایەتی و ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی رووسیایە.

لۆلا داسیلڤا  سەرۆک کۆماری بەڕازیل لە قسەکانیدا وتی :" وڵاتەکەی لەم رێکخراوەیەدا مەبەستی نییە دژی (جی ٧) یان ( جی ٢٠) یان ئەمریکا بوەستێتەوە. ئێمە تەنها دەمانەوێ دۆخی ئابووری خۆمان باشتر بکەین. "

پانزەهەمین کۆبوونەوەی برێکس رۆژانی ٢٢ و ٢٣و ٢٤ی ئاب، لە ئەفریقای باشوور بەڕێوەچوو و ٦٧ وڵاتی (باشوور) و ئەفریقا بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بانگهێشت کرابوون.

 

برێکس و ئابووری ئێران

ئاخۆ ئەندامبوون لە رێکخراوی برێکس ئەتوانێت یارمەتی ئابووری رووخاوی ئێران بدات؟ ئاخۆ ئەندامبوونی ئێران لەم رێکخراوە یارمەتیدەرە بۆ چالاکییەکانی ئەم رێکخراوە ئابوورییە؟

دەربارەی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی باس لە هاوکاری لەگەڵ گرووپی برێکس ئەکات، ژمارەیەک لە ئابووریناسەکان و شارەزایانی پرسی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو بیروباوەڕەن هاوکاریکردنی گرووپی برێکس، بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە یارمەتی ئێران نادات و لەهەمانکاتدا بوونی ئێران لەو گرووپە جگەلەوە خزمەت بەو گرووپە ئابووری- سیاسیە ناکات، رێگرە لەبەردەمیان.

شاهین مودەڕس پسپۆڕ و کارناسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لەم بارەوە بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکای وتووە :" برێکس هەوڵیداوە هاوتەریب لەگەڵ گرووپی ٧ بە دامەزراندنی بانکی گەشەی نوێ، مۆدێلێکی گەشەی خۆی پەیڕەو بکات. گەمارۆکان رێگرن لەوەی کە ئێران بتوانێت پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە "برێکس" پەرە پێ بدات، کەوایە لە ئەگەری ئەندامبوونی ئێران لەم گرووپە، جگە لەوەی نابێت بە هۆی باشتربوونی دۆخی ئەم گرووپە، بەڵکوو رێگرە لەوە بتوانێت کارەکانی بە باشی بباتە پێش ".

هەر لەم پەیوەندەدا " مەجید گولپوور" کارناسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەربارەی ئەگەری ئەندامبوونی ئێران لە برێکس بە دەنگی ئەمریکای وتووە:" پرسی سووود وەرگرتن لە بازاڕەکانی نزیک بە برێکس، وەهمێکە لە ناو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا دروستبووە. کۆماری ئیسلامی بە هۆی کێشە یاسایی و بانکییەکانەوە، لە برێکسیشدا هیچ دەستکەوت و پێگەیەکی نابێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش