هاوڵاتی دواین زانیاری لەبارەی دابەشكردنی مووچە ئاشكرادەكات

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی
تا ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ وادەیەكی بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەران دیارینەكردووە و چاوەڕێی گەیشتنی 700 ملیارەكەی بەغدایە كە دواین گوژمەی ئەمساڵە، ئەوەش لەكاتێكدایە سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە واژۆی لەسەر ناردنی پارەكە كردووە.

ساڵی 2023 تەنها 20 ڕۆژی ماوە و تا ئێستاش مووچەی چوار مانگی (9 و 10 و 11 و 12)ی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش نەكراوە و ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بەرپرسانی هەرێم دەڵێن پارەكەی بەغدا دەگات و مووچە دابەش دەكرێت  بەڵام تا ئێستا 700 ملیار دینارەكە نەگەیشتووە و مووچەخۆران چاوەڕێی مووچەی مانگی نۆ دەكەن.

مانگی ڕابردوو لە پێنجی مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆران كرا، بەڵام ئەم مانگە ئەو وادەیە تێپەڕی و هێشتا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە نییە، بەوەش 35 ڕۆژ بەسەر یەكەم ڕۆژی دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشت تێپەڕیوە.

فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم هەموو مانگێك بۆ پێدانی مووچە دەبێت چەندین ڕۆژ چاوەڕێ‌ بن و حكومەتی هەرێمیش تەنها كاتێك مووچە دابەش دەكات، كە پارەكەی بەغدا بگات، لەكاتێكدا داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێم بە وتەی بەرپرسانی هەرێم  340 ملیار دینارە و 120 ملیار دیناری بۆ خەرجی حكومەت و وەزارەت و دامودەزگاكان بەكاردەهێنرێتەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ هاوڵاتی "تائێستا هەرچەندە سودانی بڕیاری ناردنی 700 ملیارەكەی بۆ هەرێم داوە كاتی گەیشتنی ئەو پارەیە دیار نییە و بەهۆی پشووی یەكشەممەوە ڕەنگە دووشەممەی ئەم هەفتەیە ڕێكارەكانی ناردنی 700 ملیارەكە دەستپێبكات".

وەك ئەو سەرچاوەیە بەهاوڵاتی وت:"هەركات بەشی یەكەمی 700 ملیارەكە بگاتە هەرێمی كوردستان وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی نۆی ئەمساڵ ڕادەگەیەنێت".
وتەی ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ شەممە 09-12-2023، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەمیدیای پارتی وت: "دوێنێ واژۆم لەسەر ناردنی 700 ملیار دیناری قەرز بۆ مووچەی هەرێمی كوردستان كرد." 

رۆژی 14ـی ئەیلوولی ئەمساڵ وەفدێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای كرد و جگە لە كۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیكەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەكان كۆبووەوە.

دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی كوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. تاوەكو ئەمڕۆ دوو جار پارەكە نێردراوە و بەگوێرەی رێككەوتنەكە یەك گوژمەی دیكەی 700 ملیاری ماوە.

هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەكاربردن و دامودەزگاكان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا، بڕیارە ئەو كورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبكرێتەوە.  
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش