بەرپرسێکی ئەمنی پاکستان: بە توندترین شێوە وەڵامی هەر هێرشێکی ئێران ئەدەینەوە

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٨-١-٢٠٢٤ لەگەڵ ئەوەی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران پشتڕاست کردەوە رایگەیاند، هێرشمان کردۆتە سەر حاشارگەی تیرۆریستەکان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران.

دوای ئەوەی ئێران شەوی سێ شەممە هێرشی کردە سەر پاکستان بە بیانووی لێدانی بنکەکانی جەیش العدل، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند مافی وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی ئێران بۆ خۆیان بە ڕەوا ئەزانن، لە هەمانکاتدا رێز لە سەروەری خاکی ئێران ئەگرن.

هاوکات رۆژی پێنج شەممە روەیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی پاکستانییەوە نووسی، ئەو وڵاتە بە هێزەوە وڵامی هەرچەشنە هێرشێکی ئێران ئەداتەوە. ئەم بەرپرسە ئەمنیەی پاکستان رایگەیاندووە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بەرە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممەش رایگەیاند هێرشەکان زۆر ورد و بە پێی زانیاری لە چالاکی تیرۆریستەکان ئەنجام دراون.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیاندنەکەی خۆیدا باسی لەوە کرد ژمارەیەک کەس کە ئەو وڵاتە بە تیرۆریست ناویان دەبا کوژراون.

لەم راگەیاندنەدا ئاماژە بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی جەیش العدل نەدراوە، تەنها نووسراوە " مەبەست لەم هێرشەی ئەمڕۆ دابینکردنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی پاکستانە کە لە گرینگترین پرسە بۆ ئەو وڵاتە و ناکرێت بخرێتە مەترسییەوە".

لە کاتێکدا پاکستان باس لە کوژرانی چەند تیرۆریست ئەکات لە خاکی ئێران، بە پێی زانیاری سەرچاوە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی لەم هێرشەدا ٢ پیاو و ٣ ژن و ٤ مناڵ کوژراون و کوژراوەکان ئێرانی نین.

ماڵپەڕی (حال وەش٩ کە زانیارییەکانی سیستان و بەلووچستانی ئێران بڵاو ئەکاتەوە نووسیویەتی :" زۆربەی کوژراوەکان ئەندامانی بنەماڵەی لایەنە سەربەخۆیخوازەکانی بەلووچ و دانیشتوانی گوندە سنوورییەکانن لە شاری سەراوان لانیکەم ٥ منداڵ و ٤ ژن و پیاوێک کوژراون و ژن و پیاوێکیش بریندارن.

وتەبێژی گرووپی سەربەخۆییخوازی بەلووچ کە بە ( BLF) دەناسرێن،  کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی خۆی بە هۆی هێرشەکانی پاکستانەوە پشتڕاست کردۆتەوەو هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی کردووە.

مێجەر گەهرام بەلووچ لەم راگەیاندنەدا وتوویەتی :" ئێستە بەرەی رزگاریخوازی بەلووچ(BLF)  بێدەنگ نابێت و تۆڵەی ئەم هێرشە ئەکاتەوە، لە ئێستاوە جەنگ دژی پاکستان رادەگەیەنین.

هاوکات ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران نووسیویەتی: ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکانی بەرەبەیانی ٥ شەممەی پاکستان بۆ چەند گوندێکی سەر سنووری ئیدانە کردووەو داوایان لە بەرپرسانی پاکستان کردووە بە زووترین کات وەڵامدەرەوە بن لە هۆکارەکانی ئەم هێرشانە.

عەلیڕەزا مەرحەمەتی، جێگری پارێزگاری سیستان و بەلووچستان رایگەیاند، کاتژمێر ٤:٣٠ بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە دەنگی چەند تەقینەوەی گەورە نزیک شاری سەراوان بیستراوەو دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت پاکستان بە مووشەک هێرشی کردۆتە سەر گوندە سنوورییەکانی ئێران.

پێشتر بەرپرسێکی باڵای پاکستان بە روەیتەرزی راگەیاندبوو هێرشێ ئاسمانیان کردۆتە سەر چەند شوێنێک لە ئێران.

شەوی سێ شەممە کۆماری ئسیلامی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک هێرشی کردە سەر چەند شوێنێک لە پاکستان و رایگەیاند چەند بنکەیەکی جەیش العدلیان لە خاکی پاکستان لە ناو بردووە.

لە راگەیاندنێکدا گرووپی جەیش العدل رایانگەیاند بە هۆی هێرشەکانی سوپای پاسدارانەوە ٢ مناڵ کوژراون.

ئەم کارە بوو بە هۆی ئەوەی پاکستان باڵیۆزی خۆی لەتاران بکێشێتەوەو بە باڵیۆزی ئێران رابگەیەنێت بۆی نییە بگەڕێتەوە بۆ پاکستان لە ئێستادا.

جەلیل عەباس جەیلانی ، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی کاتی پاکستان رۆژی چوارشەممە ١٧-١-٢٠٢٤ لە وتووێژی تەلەفۆنی لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پاکستان بە مافی خۆی ئەزانێت وەڵامی هێرشەکانی ئێران بداتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش