هەرێمی کوردستان لەنێوان دەنکە تەسبیحی شیعەکان‌و بەرنامەی هێزە ئیقلیمییەکاندا

4 مانگ لەمەوپێش



شوان عەباس بەدری

ماوەیەکە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بەئێران بۆ سەر هەولێر و دەوروبەری، پەیوەندییەکانی بەغدادو هەولێر ئاڵۆزییەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

لەم رووەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش پێی وایە کەهێرشەکان لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانەوە بەپارەی دەوڵەت ئەنجامدەدرێن.

لەلایەکی ترەوە لەدوای هێرشەکانی سەری ساڵ بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لەپارێزگای هەولێر، سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق داوای کرد بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە لیژنەیەکی ڵێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت.

جێی ئاماژەیە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا بەبیانووی بوونی نووسینگەی ئیسرائیلی زیاتر لە 20 هێرشی جۆراوجۆر بەزیاتر لە 40 درۆن کراوەتەسەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لەپارێزگای هەولێر و بەبڕوای چاودێران بیانووی ئەو هێرشانە دوورن لەڕاستییەوەو مەبەستی سەرەکی هێرشەکان بریتییە لە لەباربردنی ئەزموونی فیدراڵی لەعێراقدا.

لەبەدواداچوونێکی هاوڵاتیدا زانراوە کەگرووپە چەکدارە شیعەکان لەمانگی ئۆکتۆبەری 2023دا، 24 جار هێرشیان کردووەتەسەر فرۆکەخانەی هەولێرو بنکەی سەربازی حەریرو لەو 24 هێرشەش گرووپی چەکداری بەرگری ئیسلامی عیراقی، سیانزەجار بەرپرسیارێتی خۆی لەهێرشەکان راگەیاندووە.

هەر بەپێی بەیاننامەکانی گروپی چەکداری بەرگری ئیسلامی لەعیراق، نزیکەی 45 درۆنیان لەهێرشەکانی سەر پارێزگای هەولێر بەکارهێناوە.

هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان کەوتۆتە بەر هێرشی درۆنەکان و ئێران بەڕاستەوخۆ  یان لەڕێی گروپەکانی وابەستە بەخۆیەوە هێرشەکانی چڕکردووەتەوە ، بەتایبەتیش لەسنووری سڵێمانی چەند جارێک پارتە کوردییەکانی ئێرانی  بەر هێرشی مووشەکی داوەو تورکیاش بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان،

بەڵام هەتا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک پێویست نەیتوانیوە رێگری لەو جۆرە هێرشانە بکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەتی عێراقیش نەیتوانیوە وەک حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتوو خۆی پیشانبدات و بتوانێت سەروەری خاکەکەی لەبەرامبەر ئەو جۆرە دەستدرێژییانەدا بپارێزێت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی هاوڵاتی لەساڵەکانی 2021و 2022، 138 جار هێرشی ئاسمانی و 214 جار تۆپبارانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کراوەو لەماوەی چوار مانگی سەرەتای ساڵی 2023شدا هەرێمی کوردستان، 150 هێرشی ئاسمانی و 300 جار تۆپباران کراوە، کە ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوو مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر هەرێم.

هەر بەهۆی ئەو هێرش و پەلامارانەش دەیان گووند چۆڵکراون و چەندین دارستان سووتێنراون کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا مەترسییەکی راستەقینەی دیکەیە بۆ سەر ژینگەو ژیان و باری ئابووری هەرێمی کوردستان.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێمیش پێیانوایە ئەم گروپ و میلیشیا شیعانە، کۆمەڵێک گرووپی لەیاسادەرچوون کە  چەک و پارەی دەوڵەتیان بەمەبەستی هێرشکردنەسەر هەرێمی کوردستان قۆستۆتەوەو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە پشتگیری دەکرێن و بەم جۆرە هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایش و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان دەدەن و پێیان وایە ئەم جۆرە هێرشانە، هێرشن بۆ سەر گشت عیراق و نەک بەتەنها هەرێمی کوردستان.

بەڵام هەتا ئێستا حکومەتی هەرێم جگە لەئیدانەو سەرزەنشت  هیچ جۆرە هەڵوێستێکی دیکەی نەبووەو هەردوو پارتی دەسەڵاتدار (یەکێتی و پارتی) هاوشێوەی حکومەت لەڕێی وتەبێژو بەیاننامەکانی مەکتەبی سیاسییەوە  تەنها ئیدانەیان کردووە.

هەروەک چۆن لەدوای هێرش و بۆردومانە ئاسمانییەکەی تورکیا بۆ سەر سنووری چەمچەماڵ لەساڵی 2021دا کەبووەهۆی شەهیدبوونی کەسێک و برینداربوونی دوو کەسی دیکە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەیاننامەیکدا ئیدانەی هێرشەکەی کردو داوای لەحکومەتی فیدراڵی کرد بەئەرکە دیبلۆماسییەکانی  خۆی بەرامبەر ئەو جۆرە پەلامارە مەترسیدارانە هەستێت کەدەکرێتە سەر قووڵایی خاکی عێراقەوە.

هەروەها هەر لەدوا هەفتەی ساڵی 2023دا تورکیا لەڕێی فرۆکە جەنگییەکانیەوە زیاد لە 20 جار بۆردومانی ناوچەکانی شنگال و مەخموریان کرد، کە بەگەورەترین هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە ئەژماردەکرێت کە لەئەنجامدا دوو کەس شەهید و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و سەرەڕای بێدەنگی حکومەتی هەرێم و عێراق بەڵام بەبڕوای  شارەزایانی یاسا نێودەوڵتییەکان، ئەم هێرشانەی تورکیاو ئێران بەتاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێن.

تورکیا بەپێی رێکەوتنێکی دەیەی هەشتای سەدەی رابردوو کە لەگەڵ حکومەتی بەعسدا بەستبووی بەمافی خۆی دەزانێت کە سنووری عێراق ببڕێت و بێتە ناو خاکەکەیەوەو ئەمەش لەدوای رێکەوتنێکی دوولایەنەی تاریق عەزیزی وەزیری دەرەوەی پێشووی عێراق و هاوتا تورکییەکەی هات کە بۆ ماوەی یەک ساڵ مافی ئەوە بەتورکیا دەدات کە بەقووڵایی پێنج کیلۆمەتر خاکی عێراق ببەزێنێت و بەپێی لێدوانێکی جەمال حەلبووسی شارەزای ستراتیژی و ئەمنی، لەکۆتاییەکانی دەسەڵاتی بەعسیشدا لە لێکتێگەیشتنێکی نهێنیدا رێگەدرا  تورکیا بەقووڵایی 50 کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عیراقەوە، بەڵام بەهۆی رووداوەکانی عێراقەوە، دەوڵەتی تورکیا ئەو هەلەی قۆستووەتەوەو  بەپێی وتەیەکی فوئاد حسێن لەساڵی 2018ەوە تاساڵی 2022، 22هەزارو 700 جار تورکیا سەروەری خاکی عیراقی پێشێل کردووەو حکومەتی عێراقیش 296 جار بایاننامەی ناڕەزایی دەرکردووەو لەنەتەوەیەکگرتووەکانیش شکاتی لەبەرامبەر ئەو پێشێلکاریانە تۆمارکردووە .

بەپێی چاودێرە سیاسییەکان و شارەزایانی یاسا جگە لەوەی کەئەو رێککەوتنەی نێوان عێراق و تورکیا بۆ ماوەی یەک ساڵ بووە، واتە لەساڵی 1984 بۆ 1985، ئەو رێکەوتنەو لێکتێگەیشتنەی کەدواتر یش بەستراوە، لەگەڵ رووخاندنی حکومەتی بەعس رێکەوتنەکە بەتەواوی لەکارکەوتووە .

هەر بەپێی چاودێران تورکیا بوونی پەکەکەی لەهەرێمی کوردستانی بەمەبەستی فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی قۆستۆتەوەو هەرچی ئێرانیشە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەخۆی بەمەبەستی گوشاری زیاترو مەرامە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی خۆی لەهەرێمی کوردستاندا بەکاردەهێنێت .

هەر لەبارەی ئەم تەوەرە  جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم، هۆشداری دەدات لەزیادبونی هێرشە درۆنیەكانی سەر هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ئەو هێرشە درۆنیانەی ماوەیەكە دەكرێتە سەر پارێزگای هەولێرو  بەهاوڵاتی وت «هێرشە دۆرنیەكان دەبێتە مایەی تێكچوونی دۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق، چونكە رۆژانە هێرشەكان دەكرێت، كاریگەری دەروونیشی بۆ سەر دانیشتوانی هەولێر دەبێت، بەتایبەت دەنگی تەقینەوەی درۆنەكان لەناوچە نیشتەجێبوونەكان و دڵەڕاوكێ لەناو هاووڵاتیاندا دروستدەكات».

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی»هێرشە درۆنیەكان كاریگەری لەسەر ئابوری هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە زۆر كۆمپانیا كە لەهەرێم وەبەرهێنان دەكەن بەهۆی سەقامگیری دۆخی هەرێمەوە هاتوون و لێرە وەبەرهێنان دەكەن، بۆیە ئەگەر هێرشە درۆنیەكان بەردەوامبێت رەنگە ئەو كۆمپانیایانە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئاسایش بكەن و كارەكانیان رابگرن و كاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕو ئابوری هەرێم دەبێت».

جەبار یاوەر ئەوەشی خستەڕوو»بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێم توند بووە، وەڵامەكەی حكومەتی عێراقیش توندتر بووە، دیارە ئەوەش پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای ئاڵۆزكردووە».

لەبارەی وەڵامدانەوەی سەربازیی هەرێمیش بۆ ئەو گروپانەی كە هێرشی درۆنی دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان، جەبار یاوەر دەڵێت «مافی هەرێمە بەرگری لەخۆی بكات و وەڵامی دەستدرێژیی هەر گروپێكی چەكداری بداتەوە، بەڵام بەو مەرجەی لێوەی دیاربێت كەئەو چەكدارانە لەكوێوە دەستدرێژی دەكەن».

هەروەها غازی فەیسەڵ بەڕێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ ڵێکۆڵینەوەی ستراتیژی پێیوایە کە ئەم جۆرە هێرشانە هەوڵێکە بۆ لەباردنی ئەزموونی فیدراڵی و لێدانە لەمافی کەمینەکان و فرە ئایینی و کلتووری لەعێراقدا.

لەلایەکی دیکەوە ئەم هێرش و پەلامارانە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای هاووڵاتیانی هەرێم درووستکردووە و پێیان وایە کەحکومەتی هەرێم لەپاراستنی سنوور و هاووڵاتییەکانی لاوازە و بەشێک لەهاووڵاتیانیش پێیان وایە ئێستا رۆژانە بەژەم  دروون دەنێرن بۆ سەر ئاسمانی هەرێم و هۆکاری سەرەکی ئەمەش خۆی لەناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا دەبینێتەوە .

هاووڵاتیان دەپرسن: بۆ چی کاتێک هەولێر درۆن باران دەکرێت، زۆرجار یەکێتی نیشتمانی بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و کاتێکیش سنووری سلێمانی بەر هێرش و پەلامارەکانی تورکیا دەکەوێت، پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ جۆرە هەڵوێست و کاردانەوەیەکی نابێت و بگرە هەندێک جار بەڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بیانوو بۆ ئەو بۆردوومانانە دەهێنێتەوەو پشتگیرییان دەکات؟

لەکۆتاییدا ئاخۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان لەنێوان دەنکە تەسبیحەکەی دەستی گرووپە چەکدارە شیعەکان و بەرنامەی هێزە ئیقلیمییەکاندا بەکوێ دەگات و یەکێتی و پارتی پێکەوە دەتوانن ئەم کەشتییە نیوە نووقم بووە بگەیەننە کەناری ئارامی؟


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش