لەدیوێک خۆپیشاندانە بۆ مووچە، لەدیوەکەی دیکەش دژی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان

4 مانگ لەمەوپێش



  ڤانە حەمە

سەرەڕای ئەوەی  پریشکی ئاگری غەززە و ئیسرائیل تا دێت  فراوانتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا  مەترسی و فشارەکان لەسەر هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەموو بەرەکاندا لە  زیادبووندایە کە دیارترینیان  بڕینی موچەی فەرمانبەران، شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بەهۆی هەموارنەکردنەوەی یاسای بودجە، هاوکات بۆردەومانەکانی تورکیایە لەسەر هەرێم، کەچی «پەرتەوازەبوون و ناتەبایی ناوماڵی کورد لە زیادبووندایە و بەردەوامە».
پەرتەوازەیی ناو ماڵی کورد لەم دۆخەدا بەجۆرێکە لە هەر سنورێک دژی ڕوداویک، کەموکورتیەک خۆپیشاندانە و هیج یەکگرتوییەک بەدی ناکرێت لە هەڵویستەکانی شەقامی کوردی و یەک دەنگیەکی سەرۆکایەتی هەرێم دا. چەندین مانگە مامۆستایان لە سنوری پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان دەکەن دژی پێنەدانی موچەکانیان و بەهۆیەوە وەرزێکی خوێندن لە سەرجەم خوێدنگەکانی قەزا و ناحیە و پارێزگاکان ڕاگیراوە، بەڵام لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بووە و هیچ ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر پێنەدانی موچە بەڕێوە نەچووە؛ لەبەرامبەردا لە دوای هێرشی موشەک و درۆنی سوپای پاسداران بۆ سەر پارێزگای هەولێر خۆپیشاندانی بەکۆمەڵ دژی ئەو هێرشانە چەندین رۆژە بەردەوامە لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و قەزای زاخۆ.
گردبوونەوە و ناڕەزاییە فراوانەکانی هەریەک لە  دهۆک، هەولێر، زاخۆ لەدوای ئەوە دێن رۆژی ١٨ ی ئەم مانگە سوپای پاسدارانی ئێران چەندین هێرشی درۆنی و موشەکی کردە سەر پارێزگای هەولێر کە تێیدا ئامانجی سەرەکی کە بۆردوومانکرا ماڵی سەرمایەداری کورد پێشرەو دزەیی بوو کە تێیدا ٤ کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام بەوهۆیەوە هیج گردبوونەوە و ناڕەزایەتیەک لە سنوری سەرجەم پارێزگا و ناحیە و قەزا، شار و شارۆچکەکانی سلێمانی و دەوروبەری یان سست بووە یان بەڕێوەنەچووە.
ئەمەش لەکاتیکدایە لە دوو رۆژی رابردوودا  یونامی هۆشداریدا لەوەی ئێڕاق زیاتر پەلکێشبکرێتە ناو جەنگی ئیسترائیل و غەززە، لە بەشێکی بڵاوکراوەکەی یونامیدا هاتووە « “سەرەڕای هەوڵەکانی عێراق بۆ رێگریکردن لە هەڵچوونی گرژییەکان، بەردەوامبوونی هێرشەکان کە لەناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی عێراق سەرچاوەیان گرتووە، ئەگەری هەیە ئەو سەقامگیرییەی کە بە زەحمەت بەدەست هاتووە، لەگەڵ ئەو دەسکەوتانەی بەمدواییانە بەدەست هاتوون، هەڵیانوەشێنێتەوە».
دکتۆر کاروان حەمە ساڵح، پسپۆری کارگێری و دارایی، هاوکات چاودێری سیاسیشە لەبارەی ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە بە هاوڵاتی وت» ئێمە پێش دەستپیکردنی ئەم جەنگە و سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئۆکرانیاش هۆشداریمان دا، پریشکی ئەم جەنگانە بەر ئێمەش دەکەوێت، بەڵام بەهەند وەرنەگیرا و بینیشمان  چۆن کاریگەری هەبوو، بەڵام ئێستاش کە جەنگێکی گەورە ڕۆژهەلاتی ناوەراستی گرتۆتەوە و ئامانج لێی گەورەبوونی چەند دەسەڵاتی بەشێک لە وڵاتانە،  جەخت لەوە دەکەینەوە پێویستە کورد یەکگرتوو بێت. چونکە  لەم دۆخەدا ڕێگا خراپەکە پەرتەوازەییە، ئەو پەرتەوازەییەی لەم دژ بەیەکیەی ئەم رۆژانەی خۆپیشاندانەکان بینیمان لە سودمان نییە».
ئەو چاودێرە سیاسیە باسیش لەوە دەکات نابێت ئەو دژیەکی و لایەنگیریەی حزبەکان شۆربێتەوە بۆ ناو خەڵک، پێویستە هاوڵاتیان بەیەک چاو تەماشای هەر هێرشێک بکەن بۆسەر هەرێم.
هاوکات لەبارەی هێرشەکانی ١٨ی ئەم مانگەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی چوار کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٧ کەس. دکتۆر کاروان کاردانەوە وهەلویستەکانی سەرکردایەتی کوردی لە هەرێمی کوردستان بە پێویست بینی، بەڵام وتیشی ئەم هەڵویستانە زیاتر بۆ کەمکردنەوەی ئازاری دەروونی بوون تا ستراتیژی، ئێمە پێویستمان بە هەڵوێستی جدی و ستراتیژیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

3 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش