ئەو 10 بەروارەی کە رێرەوی جەنگی ئۆکرانیای گۆڕی

3 مانگ لەمەوپێش



وەرگێڕانی: شوان عەباس بەدری

دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ریکەوتی 24 ی شوباتی 2024  دا، ڤلادمیر پۆتین، سەرۆکی روسیا دەستپێکی چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئۆکرانیا راگەیاند و بەو جۆرە جەنگێکی ماڵوێرانکەر هەڵگیرسا و بەپێی سەرچاوە ئۆکرانی و رۆژئاواییەکانیش تائێستا نزیکەی 10 هەزار کەسی سڤیل و 200 هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی لە جەنگەکەدا کوژراون و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییە ئۆکرانییەکان لەلایەک و لایەکی دیکەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داناوە.

بۆ تیشک خستنەسەر زیاتری جەنگەکەش گۆڤاری "لۆبس" لە راپۆرتێکیدا کە لەلایەن "رۆمان فیریر"ەوە نووسراوە ، 10 خاڵی یەکلاکەرەوەی ئەو جەنگ و ململانێیەی خستۆتە روو.

24 شوباتی 2022 .. دەستپیکی داگیرکارییەکە

ڤلادمیر پۆتین، لە وتاریکی تەلەفزیۆنی لەناکاودا دەستپێکی چالاکییە سەربازییە تایبەتەکانی راگەیاند و دوابەدوای ئەوەش داگیرکاری روسیا بۆ ناوچەکانی ئۆکرانیا دەستی پیکرد و سەرۆکی روسیا لە جیاتی ناوهینانی "جەنگ" یا "ململانێی سەربازی" رایگەیاند مەبەست لە چالاکییە سەربازییەکانی روسیا بریتییە لە "چەک داماڵین" و "لەناوبردنی نازییەتە" لەو وڵآتە و  لە بەرەبەیاندا بوردومانی کییفی پایەیەختی ئۆکرانیا لەلایەن هێزە سەربازییەکانی روسیاوە دەستیپێکرد.

18 ئایار 2022 .. سوید و فیلەندا داوای ئەندامێتی لەناو ناتۆ دەکەن

لەم بەروارەدا، هەردوو وڵاتە ئەسکەندنافییەکەی کیشوەری ئەوروپا بە بیانووی هێرشەکەی سەر ئۆکرانیا داوای ئەندامێتییان کرد لە ناتۆ و "یێنس ستولتنبرگ ی ئەمینداری گشتی ناتۆش وتی ،" ئەمە رۆژێکی زۆر گرنگە و داواکە لە ساتەوەختێکی زۆر هەستیاری سەر مەترسییەکانی  ئاسایشمان کراوە".

ئەم داوایەی ئەو دوو وڵاتەش بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ بە کۆتایی بێ لایەنی سوید و فیلەندا ئەژمار دەکرێت کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوەو هەر لە ساڵی 1945 ەوە بێلایەنی خۆیان پاراستبوو.

یەکی نیسانی 2022.. کۆمەڵکوژییەکەی بوتشا

دوای دەستپیکی یەکەمین هێرشی پێچەوانەی سوپای ئۆکرانیا لە 25ی ئازاری 2022دا، سوپای ئەو وڵاتە لە یەکی نیسانیدا توانیان بچەنە ناو شارۆچکەی بوتشا ی باکووری رۆژئاوای کێفی پایەتەختی ئۆکرانیاوە و دوای دەست بەسەرداگرتنی ئەو شارۆچکەیەش بۆیان دەرکەوت سوپای روسیا لەو شارۆچکەیەدا کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە، بە جۆرێ زیاتر لە 400 تەرمییان لەسەر جادە و ناو کۆڵان و ماڵەکان و چەند گۆرێکی بە کۆمەڵ  ئەو شارۆچکەیە کۆکردەوە ، ئەم روداوەش بە توندی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەرکۆنە کرا و "ئەمانویل ماکرۆن"ی سەرۆکی فەرەنسا و "ئۆرسۆلا فون"ی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا کۆمەڵکوژییەکەیان بە "تاوانی جەنگ" وەسف کرد.

30 ئەیلولی 2022.. روسیا چوار ویلایەتی ئۆکرانی دەبەستیتەوە بە خۆیەوە

لە میانەی ڤیستیڤاڵێکدا کە لەناو کرملین سازدرا، بە فەرمی سەرۆکی روسیا، ویلایەتەکانی "دۆنیستک و لوگانست و خیرسۆن و زابارۆجیا" ی بە بەشێک لە خاکی روسیا ناساند و رایگەیاند کە ئەم هەنگاوە لە دوای چەند راپرسییەک لەو ویلایەتانە هاتووە، بەڵام ئۆکرانیا ئەو راپرسیانەی بە نایاسایی وەسف کرد و کۆمەڵکەی نێودەوڵتیس دانی پیانەنا.

بە پێی راپۆرتەکەی رۆژنامەکەش ئەم هەنگاوە ، هەنگاویکی رێخوشکەر بوو تا روسیا لە دژی هەر پەلامارێک بۆ سەر ئەو ناوچانە کە بوون بە بەشێک لە خاکی روسیا هەرەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات.

11 ی نۆڤەمبەری 2022.. کۆنترۆڵکردنەوەی  خیرسۆن

لەدوای هێرشە پێچەوانەکەی سوپای ئۆکرانیا لە 29ی ئابی 2022، سوپای ئەو وڵاتە توانییان بچەنە ناو خیرسۆنەوە.

بەپێی راپۆرتی گۆڤارەکەی "لۆبس" ئەم ناوچەیە بە تاکە ناوچەیەی هێزەکانی روسیا ئەژمار دەکرا کە دەکەوتە پشت رووباری "دنیبر" و بەرگری کردن لێی کاریکی سەخت بوو، ئەم هەنگاوەش بە سەرکەوتنیکی مەزن بۆ سوپای ئۆکرانیا ئەژمار دەکرا.

20ی ئایاری 2023.. فاگنەر کۆنترۆڵکردنی باخموت رادەگەیەنێت

دوای چەندین مانگ لە پێشرەوییە خاوەکانی سوپای روسیا ، "یفگینی بریگوجین" ی فەرماندەی گروپی ڤاگنەری روسیا رایگەیاند کە هێزەکانیان بەتەواوی "باخموت"یان کۆنترۆڵ کردووە، بەم ئەم هەواڵە لەلایەن دەسەڵتدارانی ئۆکرانیاوە رەت کرایەوە و رایانگەیاند ، هێشتا ئەو شارە بەتەواوی لەلایەن روسیاوە کۆنترۆڵ نەکراوە و هیزەکانیان لە هەندێک ناوچە بەرگری دەکەن ، هەروەها ئەوەشیان راگەیاند ، کە بارودخەکە قەیراناوییە و جەنگێکی خویناوی لەو شارە دەگوزەرێت.

 هەشتی حوزەیرانی 2023.. دەستپێکی هێرشی پێچەوانە

لەم هێرشەدا "فولودیمیر زیلینسکی" سەرۆکی ئۆکرانیا ، بەمەبەستی گەیشتن بە دەریای "ئازوف" فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد  هێرش بکەنە سەر هێڵی بەرگری سوپای روسیا لە نێوان ناوچەکانی "زاباروجیا"و " دونیتسک" و بۆ ئەم مەبەستەش 35 هەزار سەبازی ئامادە کرد ، بەڵام هێرشەکە چ لەلایەن ڤلادمیر پۆتین ی سەرۆکی روسیا و چ لەلایەن خودی هەیئەی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیاوە بە هێرشێکی سەرنەکەوتوو وەسف کرا ، دوابە دوای ئەو هێرشەش "فالیری زالوجنی" فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا رایگەیاند،" توانای روسیا لە رووی چەک و جبەخانە و مووشەکەوە زۆر لە پێش توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیاوەیە و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو جیاوازییەش لە بەرژەوەندی خۆیدا بپارێزێت".

23و24 حوزەیران ی 2023.. یاخی بوونی ڤاگنەرەکان

دوابەدوای ئەوەی "یفگینی بریگۆجین"ی فەرماندەی گروپی ڤاگنەرەکانی روسیا ، دەسەڵاتدارانی روسیای بە کووشتنی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی بە فەرمانی راستەوخۆی مۆسکۆ تۆمەتبار کرد ، ئەو گروپە دەستییان بە یاخی بوونێکی سەربازی لە دژی سوپا و دەسەڵاتدارەکانی کرملین کرد و بەرەو مۆسکۆی پایەتەختی روسیا دەستییان بە پێشرەوی کرد ، بەڵام دوابەدوای رێکەوتنی نێوان "ئەلکساندەر لۆکاشینکۆ"ی سەرۆکی بیلاروسیا و فەرماندەی هێزەکانی ڤاگنەر و دواتریش رێکەوتنیان لەگەڵ ڤلادمیربۆتین لە دووری 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆی پایەتەختەوە گیرسانەوە .

لە 23 ئابی 2023شدا ، "یفیگینی بریگۆجین"ی فەرماندەی گروپی ڤاگنەر و " دیمیتری ئوتکین" ی شەریکی ،  لە روداوی تێکشکانی فرۆکەکەیدا کوژران و رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە 22ی سێپتەمبەری 2023دا بڵآویکردەوە کە رووداوەکە لە رێی بۆمبێک کە لە ژێر یەکێک لە باڵەکانی فرۆکەکە چێنرابوو روویداوە و ناوبراو تیرۆر کراوە.

یەکی شوباتی 2024.. یارمەتییەکانی ئەوروپا

وڵاتانی یەکێتی رێکەوتن کە بۆ ماوەی چوار ساڵ بە بڕی 50  ملیار یۆرۆ یارمەتی ئۆکرانیا بدەن ، "چارلز مایکل"ی بەرێوەبەری ئەنجومەنی ش رایگەیاند ، ئەم هەنگاوە زامنی یارمەتییەکانی یە بە شێوەیەکی بەردەوام و درێژخایەن بۆ ئۆکرانیا.

19ی شوباتی 2024..روسیا ئەفیدیفکا کۆنترۆل دەکات

لەم بەروارەدا هێزەکانی روسیا توانیان شارۆچکەی ئەفیدیفکیا لە ناوچەی دۆنیتسک کۆنترۆڵ بکەن ، کە بە گەورەترین سەرکەوتنی هێزەکانی روسیا لە دوای کۆنترۆل کردنی باخموت ئەژمار دەکرێت ، ئۆکرانیاش لەم سەرکەوتنەی روسیا ، ئەمریکای بە خەتابار ناساند و ئۆباڵی ئەو شکستەی خستە ئەستۆی واشنتۆنەوە و سەرۆکی ئۆکرانیا رەخنەی تووندی لە کەمتەرخەمییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئۆکرانیادا گرت و دانی بەوەدانا کە دۆخەکە لە زۆربەی شەرگەکاندا قەیراناوی و مەترسیدارە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار