مەترسییەکی دیکە لە دەریای سوور دروستبوو

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا، ئەمرۆ یەکشەممە 3/2/2024، لە سەر پەرەی فەرمی خۆی لە پێگەی ئێکس رایگەیاند ، کەشتی "روبیمار"ی  بەریتانی کە لە 18 شوباتی 2024 دا لە دەریای سوور لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بە مووشەکێکی بالیستی بە ئامانج گیرا بوو، ژێرئاو کەوتووە.

هەر لە راگەیاندنەکەدا هاتووە کە، کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکە هەڵگری نزیکەی 21 هەزار تۆن مەتری لە پەینی ئامۆنیۆم سۆلفات بووە کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی لە دەریای سووردا دروست دەکات.

هەروەها ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا هۆشداری لە بەرکەوتنی کەشتییەکانی ناو دەریای سوور لەگەڵ کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکە داوە.

لەلایەن خۆیەوە حکومەتی یەمەن رایگەیاند، دوابەدوای بە ئامنج گرتنی کەشتییەکە لەلەیەن حوسییەکانەوە ،حکومەت  شانەیەکی قەیرانی بۆ مەترسییەکانی ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکە پیکهێنا ، بەڵام کە گوێی لە داواکاری و بەدواداچوونەکانی شانەکە نەگرت و  بۆ ماوەی زیاتر لە 12 رۆژ کەس نەچوو بە لای کەشتییەکەدا و دواجار ژێرئاوکەوتنی ئەو کەشتییە ، مەترسییەکی راستەقینەی لە دەریای سوور درووست کرد.

لەلایەن خۆیشیانەوە حوسییەکانی یەمەن بە تووندی ئەو تۆمەتانەیان رەت کردەوە کە باسیان لە دووبارە بە ئامانج گرتنی کەشتییە پێکراوە بەریتانییەکەی دەکرد لەلایەن گروپەکەیانەوە و هەر لەم بارەیەوە "تۆفیق حەمیری" راوێژکاری وەزارەتی راگەیاندن ی سەر بە حوسییەکان وتی: "رەنگە لایەنێکی سێیەم هەستا بێت بەو کارە و بە دیاریکراویس رەنگە ئەمریکا ئەم کارەی کردبێت".

هەروەها "حەمیری " ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە پێشنیازێکی حوسییەکان رازی نەبووە کە لەبەرامبەر گەیاندنی یارمەتی بە کەرتی غەزە ، ئەوا ئەمانیش رێگەدەدەن کە پاشماوەی کەشتیەکە لە دەریای سوور دوور بخەنەوە.

جێی ئاماژەیە دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە، هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی کە بە دەریای سووردا تێدەپەرن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەو گروپە رایانگەیاندووە ، تا وستانی جەنگ لە کەرتی غەزە لە هێرش و پەلامارەکانیان بەردەوام دەبن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار