ژیان بەبێ سۆشیال میدیا.. بۆچی فەیسبووک و ئینستاگرام کێشەیان تێکەوت؟

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری

سەر لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە هەر دوو پێگەی فەیسبووک و ئینستاگرام  بۆ نزیکەی دوو کاتژمێر دووچاری کێشەیەکی تەکنیکی بوون و سێرڤەرەکانیان لە کارکەوتن.

هەر لەمبارەیەوە "ئەنەس نەجداوی" راوێژکاری تەکنەلۆژی و پێگە کۆمەڵایەتییەکانی کەناڵی "ئەلعەربییە" رایگەیاند، "ئەمە یەکەمین جار نییە کە پێگەکانی کۆمپانیای "میتا" رووبەرووی ئەم جۆرە کێشانە دەبنەوە ، بۆ نمونە 2 ساڵ لەمەوبەر کۆمپانیاکە رووبەرووی هەمان کێشە بووەوە و پێگەکانی نزیکەی شەش کاتژمێر لە کارکەوتن".

هەروەها ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە کە رەنگە کێشەکەی ئەمجارە پەیوەندی بە هەڵە یان ئەو کێشانەوە هەبێت کە لە کاتی تازەکردنەوەی سێرڤەرەکان و بەرنامەکانەوە روویدابێت و بووە هۆکارێک تا زیاتر لە  500 هەزار کەس لە گەیشتن بە هەژمارەکانیان لەسەر فەیسبووک بۆ ماوەیەک بێبەش بن، هەر وەک چۆن لە هەمان کاتتدا 50 هەزار کەسی دیکەی لە پێگەی ئینستاگرام و 10 هەزار کەسی دیکەی لە بەردەست بوونی مەسنجەر بێبەش کرد.

ئەم راوێژکارە ئەوەشی روونکردەوە کە ئەم کێشانە زۆر ئاسایین و تەنانەت لەناو ئەو سیستمانەش کە زۆر ئاڵۆزن و پارێزبەندییەکی تۆکمەیان هەیە روودەدات.

دوابەدوای لە کار کەوتنی هەردوو پێگەی فەیس بووک و ئینستاگرام بۆ ماوەیەک، هەندێک کەس پێیان وایە  کە ژیان بەبێ سۆشیال میدیا و پێگە کۆمەڵایەتییەکان بێ مانایە و نازانن چۆن کاتەکانی خۆیان بەسەر بەرن ، ئەم کەسانە پێیان وایە کە پێگە کۆمەڵایەتییەکان یارمەتیدەرێکی باشن بۆ مانەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوڕێ و کەسوکاریان.

لە بەرامبەردا هەندێک کەسی دیکە پێیان وایە ، ژیان بە بێ پێگە کۆمەڵایەتییە ئەلەکترۆنییەکان ئارامتر و باشتر دەبێت و پەیوەندییەکانی مرۆڤ لە جیاتی ئەوەی لە پشت شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانەوە ببەسترێن  ، راستەخۆ دەبێت ، بە رای ئەم کۆمەڵە پێگە کۆمەڵایەتییە ئەلەکترۆنییەکان زۆر شتیان لەناوبرد و لایەنە نەرێنییەکەی و زیانەکانی بۆ سەر کۆمەڵگە زیاتر بوو وەک لە سوودەکانی.

جێی ئاماژەیە دوێنێ سێشەممە 5/3/2024 هەردوو پێگەی فەیسبووک و ئینستاگرام بۆ ماوەیەک لەکارکەوتن و "هەژماری بەدواداچوونی ئینتەرنێتی" تایبەت بە چاودێریکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بڵاویکردەوە کە سەدان هەزار لە بەکارهینەرانی فەیسبووک و ئینستاگرام و مەسنجەر لە هەندێک ناوچەی جیهاندا دووچاری کێشەبوون و کێشەکە هیچ پەیوەندییەکی بە بڕانی ئینتەرنێتەوە نییە.

دوابەدوای نەمانی پێگەکانی کۆمپانیای "میتا"ش، ئیلۆن ماسک-ی خاوەنی پێگەی ئەلیکترۆنی "ئێکس" وەک توانجێک لەو کۆمپانیایە لەسەر هەژمارەکەی خۆی لە پێگەی "ئێکس" نووسی "گەر ئەم نووسینە دەخوێنیتەوە ئەوا نیشانەی ئەوەیە کە سێرڤەرەکانمان بێکێشەن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار