ئیسرائیل دەروازەی ئێرێز بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەزە دەکاتەوە

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای کوشتنی حەوت کارمەندی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە غەززە  بە فشاری ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیل بڕیاریدا دەروازەی ئیرزی لە باکووری کەرتی غەززە بکاتەوە  کە هەمان ئەو دەروازەیە بوو چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لێیەوە هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل.

ئاژانسی هەواڵی ئەلمۆنیتەر بڵاویکردەوە، شەوی پێنجشەممە، لەدوای پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، کابینەی ئەمنی ئیسرائیل کۆبووەوە و بڕیاریاندا دەروازەی ئیرز لە باشووری ئیسرائیل و باکووری غەززە بکەنەوە، تاوەکو هاوکاری مرۆیی بگاتە دەست غەززەییەکان. 

ئەو بڕیارەی ئیسرائیل لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بایدن بۆ نەتەنیاهوو دێت، کە هۆشداری پێدابوو گەر بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت ،ئەمریکا ناچاردەبێت  سیاسەتی پاڵپشتیکردنی خۆی بۆ ئیسرائیل بگۆڕێت. 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کۆشکی سپی بڵاویانکردۆتەوە لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا بایدن هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر کارمەندانی ڕێکخراوەو مرۆییەکان لە غەزە بە " قبوڵنەکراو" ناودێر کرد و داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێی کرد بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی.

هاوکات وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئەدرێن واتسن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند  ئەمەریکا ئامادەیە لەگەڵ حکومەتەکانی ئیسرائیل و ئوردن و میسر و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە مرۆییەکاندا کاربکات بۆ دڵنیابوون لەوەی هاوکارییەکان لە سەرانسەری غەزەدا دەگاتە هاوڵاتیانی مەدەنی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.

فشارەکانی سەر ئیسرائیل تا دێت زیاد دەکات  بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەزە کە زیاتر لە 33 هەزار کەسی تا ئێستا کوشتووە هاوکات کوژرانی حەوت کارمەندی فریاگوزاری ڕێکخراوە خێرخوازییەکان  لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر دێر ئەلبەلا لە ناوەڕاستی غەزە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بووە هۆی زیادکردنی  توڕەیی ڕێکخراوە  نێودەوڵەتییەکان و وڵآتانی ڕۆژئاوا.

دەروازەی ئیرز،  یەکێک بوو لەو خاڵە سنووریانەی چەکدارانی حەماس لە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی پار، هێرشیانکردە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی باشووری ئیسرائیل و لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوشت و لانیکەم 250 کەسی دیکەشیان بە بارمتەگرت.

جێگەیباسە تائێستا دیار نییە ئیسرائیل بڕیارەکە جێبەجێ دەکات و دەروازەکە دەکاتەوە، بەڵام لەدوای بڕیارەکەی ئیسرائیل، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازی لە بڕیارەکە کرد.

هەر لەم بارەیەوەو سەبارەت بە گرنگی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە دانیشتوانی غەززە ،لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و بانکی جیهانی هۆشداری دەدەن کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەزە کە ژمارەیان دەگاتە 2.3 ملیۆن کەس " لە لێواری برسێتیدان و تەواوی دانیشتوانی غەززە ڕووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک و بەدخۆراکییەکی توند دەبنەوە."

هەروەها نزیکەی 1.7 ملیۆن کەس لە ماڵەکانی خۆیان لە غەزە ئاوارە بوون، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار