بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هاوکات لەگەڵ داواکاری ئۆکرانیا لە هاوپەیمانەکانی بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند "بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بۆ خارکیڤ، دووەمین شاری گەورەی ئۆکراین لانیکەم ٧ کەس کوژراون".

ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، رۆژی شەممە ٦ی نیسان لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئۆکرانیا رایگەیاند "ئەگەر هێزەکانی رووسیا هاوشێوەی مانگی رابردوو هەموو رۆژێک هێرش بکەنە سەر ئۆکراین، رەنگە مووشەکەکانمان تەواو بێت و هاوبەشەکانی کیێڤ ئاگاداری ئەم بابەتەن".

ئولێ سینیهۆبۆڤ، پارێزگاری خارکیڤ وتی "بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممەی رووسیا بۆ سەر ئەو شارە لانیکەم ١ کەس کوژراوەو ٣ کەس برینداربوون".

پارێزگاری خارکیڤ ئاماژەی بەوەشداە، بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە لە درەنگانی شەوی شەممە ٦ کەس کوژراون و ١١ کەس برینداربوون.

خارکیڤ نزیکە بە سنوورەکانی رووسیا و لەم مانگانەی دواییدا زۆرجار لەلایەن رووسیاوە هێرش کراوەتە سەر ئەو شارە.

ئەندرێ یێرماک، بەرێوەبەری نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا بە گۆڤاری پلیتیکۆ-ی رایگەیاند "وادیارە خارکیڤ بووە بە ئامانجی رووسیا لەم بەهارەدا"، هەروەها وتی، سەرۆک کۆمار زێلێنسکی، جەختی کردووەتەوە کە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ناوچەکە زۆر گرینگە و هاوبەشەکانی ئۆکراین ئەتوانن لەم ڕووەوە یارمەتیمان بدەن.

ئیڤان ڤێدۆرۆڤ، سەرۆکی شارەوانی ملیتۆپۆل، لە ناوچەی زاپۆریژیا لە کەناڵی فەرمی خۆی لە تێلگرام رایگەیاند "بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بۆ بەندەری "ئۆدسا" لە دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە ٦ ی نیسان، لانیکەم ١ کەس کوژراوەو چەند کەس بریندار بوون و رووسیا بە مووشەکی بالستیک هێرشی کردۆتە سەر ئەم بەندەرە".

سەرۆکی شارەوانی ملیتۆپۆل هەروەها رایگەیاند "رووسیا رۆژی شەممە هێرشی کردۆتە سەر دامەزراوە پیشەسازییەکانی ئۆکراین لەشاری زاپۆریژیا لە باشووری ئۆکراین ، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە".

ئیڤان ڤێدۆرۆڤ دەڵێت "بەهۆی هێرشەکانی شەوی هەینی رووسیا بۆ سەر ئەو شارە ٤ کەس کوژران و ٣١ کەس بریندار بوون".

هەروەها بەپێی زانیارییەکان، رۆژی هەینی ئۆکراین بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی ئاسمانی رووسیا لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە و رووسیا لەو بنکەیەدا فڕۆکەی جەنگی سۆخۆی جێگیرکردووە کە بەهێزترین فڕۆکەی جەنگی رووسیایە.

لە لایەکیترەوە و بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی "دەیلی تێلگراف"ی بەریتانی کە رۆژی شەممە ٦ی نیسان بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی رووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر چەند شوێن لە ئۆکراین چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، ئەمە لە حاڵێکدایە بەکارهێنانی هەرجۆرە چەکێکی کیمیایی بە پێی کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکان لەجەنگدا قەدەغەیە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار