لە بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە سێ کوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل ھەنییە کوژران

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کوژران.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی قاهیرە، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی نیسانی 2024 لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، بەناوەکانی (حازم، ئەمیر و محەمەد) و سێ لە نەوەکانی کوژران و کوڕێکی دیکەشی بریندارە.

لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکانی و نەوەکانی بە ئیسماعیل هەنییە درا کە لەئێستادا لە قەتەرە، لەدوای نیستنی هەواڵەکە هەنییە وتی "سوپاسی خوا دەکەم کە شەرەفی شەهیدبوونی کوڕەکانم و هەندێک لە نەوەکانمی پێم بەخشی، منداڵەکانم هاوشێوەی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەزە مانەوە و هەموو خەڵکی غەزە قوربانی زۆریان داوە".

وتیشی "ئیسرائیل بە کوشتنی منداڵی سەرکردەکان، ناتوانێت ورەی فەڵەستینییەکان بۆ بەگریکردن لە دۆزە رەواکەیان بشکێنێت و ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 60 کەس لە خانەوادە و کەسوکارەکەی کوژراون و ئەوانیش هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هاوڵاتییانی دیکەی فەڵەستینی نەبووە".

وەزارەتی تەندروستی غەزە رایگەیاندووە، لە ئەنجامی دەستدرێژی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 122 شەهید و 56 بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا ژمارەیەک قوربانی لەژێر داروپەردوو و لەسەر رێگەیان ماون و تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگریی شارستانی ناتوانن بگەنە دەستیان.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار