دووەم رۆژی وتووێژەکانی قاهیرە و بێ هیوایی لایەنە نێوانگیرەکان

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە دووهەمین رۆژی گەڕی نوێی وتووێژەکانی قاهیرە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە جەنگی غەزە، قسەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس، هیواکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن کاڵ کردۆتەوە.

بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ  یەکشەممە ٥ی نیسان ڕایگەیاند، "هەرچەند ئیسرائیل دەیەوێت جەنگی غەزە بە مەبەستی ئازادی بارمتەکان رابگیردرێت، بەڵام حەماس، سوورە لە سەر هەڵوێستە توندڕەوانەکانی و دەیەوێت ئێمە هەموو هێزەکانی خۆمان لە کەرتی غەزە بکێشینەوەو جەنگ کۆتایی پێ بێت و بهێڵین جارێکیتر حەماس بە دەسەڵات بگاتەوە، ئیسرائیل بەم شتە رازی نییە."

وتیشی، ڕازی بوون بە خواستەکانی حەماس بە مانای " خۆبەدەستەوەدان"ی ئیسرائیلە و جارێکیتر جەختی کردەوە ئیسرائیل تا گەیشتن بە ئامانجەکانی درێژە بە جەنگ ئەدات.

"لەناوبردنی تەواوەتی حەماس" وەک ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل زۆرجار لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتەوە باسی لێوەکراوەو رایانگەیاندوە ئامانجیان لە هێرش بۆ سەر غەزە نەهێشتنی تەواوەتی حەماسە.

لە بەرامبەردا و وەک وەڵامدانەوەی وتەکانی نتانیاهۆ، ئیسماعیل هەنیە، سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس لە راگەیاندنێکدا  باسی لەوە کرد کە ، حەماس دەیەوێت ئاگربەستێکی گشتگیر بگەن کە کۆتایی بە "داگیرکاری" ئیسرائیل بهێنێت، گەرەنتی بێت بۆ چوونە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەزە و بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ زیندانییە فەلەستینییەکان بگۆڕدرێنەوە."

 هەنییە لەم راگەیاندنەدا باسی لەوە شکردووە کە ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت بەردەوام بێت لە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر فەلەستین و جەنگ بەربڵاوتر بێت و کێشە بۆ هەوڵەکانی نێوانگیرەکان و لایەنە جیاوازەکان دروست بکات.

هاوکات سەرچاوە فەلەستینییەکان بە رۆیتەرزیان راگەیاندوە، حەماس سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی کە هەر رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست ئەبێ بە مانای کۆتایی هاتن بە جەنگ بێت.

لەهەمانکاتدا سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕازی کردنی ئیسرائیل ،بەڵآم هێشتا نوێنەرەکانی خۆی نەناردووە بۆ قاهیرە و گفتووگۆکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس و لە ڕێگای نێوانگیرەکانەوە بەڕێوە ئەچێت.

سەبارەت بە هۆکاری ئەمەش بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی رۆژی شەممە ٤ی ئەیار بە میدیاکانی فەڕەنسای گوتووە ، ئیسرائیل کاتێک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئامادەی دانوستانەکان دەبێت کە بزانێت  ت پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتووگۆکاندا هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

رۆژی هەینیش ٣ی ئەیار، رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوەیەکی میسرییەوە رایگەیاندبوو، ئیسرائیل ١ هەفتە مۆڵەتی بە حەماس داوە بەوەی رازی بێت بە رەشنووسی رێککەوتنەکان کە ئامادە کراوە، بە پێچەوانەوە هێرشی سەربازی بۆ سەر رەفەح دەست پێدەکات.

قسەکردن سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح لەکاتێکدایە  کە ئەمریکا وەک گەورەترین پشتیوانی ئیسرائیل و یەکێک لە وڵاتە نێوانگیرەکان لە وتووێژەکان بۆ رێککەوتنی ئاگربەست، زۆرجار دژایەتی خۆی لە هێرش بۆ سەر رەفەح دەربڕیوە بەتایبەت گەر  پلانێکی گونجار نەخرێتە روو بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی  مەدەنی کە بۆ ئەو ناوچەیە ئاوارە بوون.

هه‌وڵه‌كانی نێوه‌ندگیری میسر، قه‌ته‌ر و ئه‌مریكا، بۆ گه‌یشتن به‌ ئاگربه‌ست له‌نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، چه‌ند مانگێكه‌ له‌ پشت په‌رده‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.

هێشتا نزیكه‌ی 129 بارمته‌ی ئیسرائیلیمان له‌ غه‌ززه‌ هه‌یه‌، له‌ كۆی نزیكه‌ی 250 بارمته‌ كه‌ له‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردوودا له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرابوون، له‌كاتێكدا به‌پێی وته‌ی به‌رپرسانی ئیسرائیل 35یان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

نوێترین هێرشی حەماس ؛ هێرش بۆ سەر ڕێگای پەڕینەوە کەرەم شالۆم:

لە کاتێکدا  وتووێژەکان لە قاهیرە بەڕێوە ئەچێت، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ ئەیار رایگەیاند حەماس هێرشی کردۆتە سەر "رێگای پەڕینەوە کەرەم شالۆم" لە نێوان ئیسرائیل و کەرتی غەزە و بەم هۆیەوە ڕێگاکە داخراوە.

بە وتەی سوپای ئیسرائیل، "حەماس بە هەڵدانی ١٠ مووشەک هێرشی کردۆتە سەرئەو ڕێگایە و ئەوەش بۆتە هۆی وەستاندن و  راگرتنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە هاوڵآتیانی ئاوارەی کەرتی غەززە."

دوا بە دوای هێرشەکەش لقی سەربازی حەماس چەند کاتژمیر دواتر بەرپرسایەتی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ و وتی بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە نزیک رێگای کەرەم شالووممان کردۆتە ئامانج.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش