کێشەی جوتیارە کوردەکانی ناحیەی سەرگەڕان بێ چارەسەر ماوەتەوە

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

ماوەی دوو هەفتەیە لە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری پارێزگای کەرکوک سوپای عێراق رێگری دەکات لەوەی جوتیارانی سنوورەکە بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی ئایاری 2024، محەمەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان بە هاوڵاتی راگەیاند، "دوێنێ چوارشەممە عەرەبە هاوردەکانی ئەو سنوورە بڕیاریاندا خێمەیەکی مانگرتن هەڵبدەن لە دژی ئێمە بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانمان، ئێمەش بەرەنگارییان بووینەوە هەندێک گرژی دروستبوو".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای دروستبوونی گرژییەکە سوپای عێراق هاتە نێوانمان، ئێستا عەرەبە هاوردەکان لە گوندی پەلکانە خێمەیان هەڵداوە، بڕیارە ئەمڕۆش لیژنەیەکی وزاری بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، تائێستا نازانین لیژنەکە لە کێ و کێ پێکهاتووە".

نوێنەری جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان وتی، "ئەو بەڵێنانەی پێمان دراوە چاوەڕوانین جێبەجێ بکرێت، بەهۆی ئەوەی لەو ناوچانە سوپای عێراق بڕیاردەرە چاوەڕوانی بڕیاری سوپا دەکەین و بزانین بڕیارییان چییە".

ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری پارێزگای کەرکوک لە ژمارەیەک گوند پێکهاتووە، لەوانە، گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ، خەرابە و گابەرەکە چەند گوندێکی دیکەش، لە دوای ساڵی 2017وە هەموو ساڵێک لە کاتی دروێنە و تۆوکردن ئەو کێشانەیان رووبەڕوو دەبێتەوە، زەوی ئەم گوندانە بەشێکن لە زەوی کەرکوک و کێشەیان لەسەرە لەنێوان کورد و عەرەبی هاوردەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار