عومەر سێ ساڵ لەموسڵ بەشاراوەیی گەمەی مەرگی لەگەڵ داعش دەکرد

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

ئەو ڕۆژەی داعش هاتە ناو موسڵ عومەر لەسەر کارەکەی بوو لەناو زانکۆی موسڵدا. ئەو لەوێ وەک مامۆستای مێژوو کاری دەکرد، بەڵام لەگەڵ دەسەڵات گرتنەدەستی دەوڵەتی ئیسلامی لە موسڵ دوو بژاردە درا بە عومەر: یان ئەوەتا لەسەر مەنهەجێکی تەواو جیاواز وانە بە خوێندکارانی زانکۆی موسڵ دەڵێتەوە و پابەند دەبێت بە شەریعەتی ئیسلام یان ئەوەتا دەچێتە ماڵەوە و واز لە کارەکەی دەهێنێت. ئەو بژاردەی دوەمی هەڵبژارد و وازی لە کاری وانەبێژی هێنا، لەماڵەوە بلۆگێکی دانا بە ناوی «چاوی موسڵ – Mosul Eye» و بۆ ماوەی سێ ساڵ دواین هەواڵی ناو موسڵی بۆ خوێنەرانی دەرەوە و ناوەوەی موسڵ دەگواستەوە.

«من ئێستاش دەناڵێنم، گەر بگەڕێمەوە ئەو ساتانە، هەرگیز نامەوێت ئەوەی بینیومە بیبینمەوە. ئەوەی ڕوویدا وێنا ناکرێت، بەڕاستی کارەساتبوو.» ئەمە وتەی عومەرە بۆ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی. عومەر لەساڵی ١٩٨٦داو لەگەرمەی جەنگی ئێران و عێراقدا لەدایکبووە، ئەو وەک زۆرێک لە هاوڵاتیانی تری ئەم وڵاتە هەڵقوڵاوی جەنگە و بە درێژایی ژیانی تا ئێستا و لە تەمەنی ٣٢ ساڵی سێ وەجبە جەنگی بینیوە. بە ڕۆژنامە بەریتانیەکە دەڵێت کە لە منداڵیەوە حەزی لە پرسیارکردن بوە و مامۆستاکانی هەردەم پێیان وتوە: «عومەر با گەورەبیت ئینجا ئەو هەموو پرسیارە بکە.» ئەویش بە شەوقەوە چاوەڕوانی گەورەبوونی کردوە تا بتوانێت بە ئازادی پرسیار بکات بەڵام دەڵێت: «نەمدەزانی کە کردنی هەندێک پرسیار لەوانەیە سەرتی لەسەر دابنێیت

دەروونی پڕ پرسیاری عومەر وایکرد کە «Mosul Eye» دابنێت. سەرەتا تەنها بلۆگێکبوو کە لەسەر مەڵپەڕی وۆرد پرێس داینابوو و لە ڕێگایەوە هەواڵی ڕۆژانەی ناو موسڵ و پێشهاتەکانی دەگەیاندە خەڵکانی دەرەوەی موسڵ و بەرچاوڕوونیبوو بۆ هاوڵاتیانی ناو موسڵ، بەڵام دواتر فەیسبوک و تویتەری «Mosul Eye» داناو خوێنەرەکانی بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کرد.

ئەو دەڵێت: «من دەبوو بە شاراوەیی کاربکەم، بەڵام بەکارهێنانی چەند پلاتفۆرمێکی جیاواز بۆ ئەوەی بگەم بەزیاترین خوێنەر مەترسی ئاشکرابوونمی زیاد دەکرد.» ئەو تاڕۆیشتنی داعش لەشارەکەی ناسنامەکەی ئاشکرا نەکردو کەس نەیدەزانی کێ لەپشت «Mosul Eye»وەیە، بەڵام پێگەی دەزگا هەواڵیەکەی وای لێهاتبوو لەلایەن میدیا جیهانیەکان و خەڵکانی بیانیەوە وەک سەرچاوەی هەواڵی ناو موسڵ سەیر دەکرا.

هەرچەندە کارەکەی عومەر پڕ مەترسیبوو بەڵام ئەو ئامادەبوو خۆی بداتە بەر ئەو مەترسیە تا هەواڵی دروست لەناو موسڵەوە بگاتە خوێنەرانی دەرەوەو بۆ خوێنەرانی هاوڵاتیی شارەکەشی دژی پروپاگاندای داعش کاربکات.

ئەو دەڵێت کەهەموو جارێک دایکی دەیویست بچێت بۆ بازاڕ، ئەم لەگەڵی دەڕۆیشت بەپاساوی ئەوەی بیپارێزێت و ماوەیەک وەک شۆفێری تەکسی کاری دەکرد، هەموو ئەمانە تا زانیاری ورد لەسەر نوێترین هەواڵ و پێشهاتی شار کۆبکاتەوە و بڵاوی بکاتەوە.

عومەر بەڕۆژنامە بەریتانیەکە دەڵێت: «من زیاتر پاراستنی هاوڵاتیانی شارەکەم بەلاوە گرنگبوو، دەمتوانی لەڕێگای چەندین سەرچاوەوە کەهەواڵیان بۆ دەناردم زانیاری ورد بەدەستبخەم. شوێنی زیاتر لە ١٥ منداڵم توانی دەستنیشانبکەم لەموسڵ و پێگەکەیانم نارد بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان تا بۆردمانی ئەو پێگانە نەکەن، خۆشبەختانە هەندێکیان بە پێی ئەو زانیاریانە ڕزگارکران.» ئەو دەڵێت: «یەکێک لەو منداڵانەی کە بە هۆی زانیاری «Mosul Eye»وە ڕزگاری بوو لەم ماوەیەدا ڕەسمێکیم بینی لەیەکێک لەهەتیوخانەکانی موسڵ بوو و بڵاومکردەوە، باوکی لەو ڕێگەیەوە منداڵەکەی دۆزیەوە

ئەو دەڵێت چەندین جار لەڕێگای فەیسبوک و تویتەرو ئیمەیڵەوە هەڕەشەی کوشتنی بۆ نێردراوە بەڵام گوێی نەداوەتێ، بەڵام جارێکیان پێی ڕادەگەیەندرێت کە ئامانجێکی باڵای داعش دۆزینەوەو کوشتنی ئەو کەسەی پشت «Mosul Eye»ەو بەشێوازێکی زۆر ناشیرین باسی وردەکاری کوشتنەکەی کرابوو گەر دەستیان بکەوێت.

دوای بەدەستگەیشتنی ئەم هەڕەشەیە عومەر باری دەروونی تێکدەچێت و دەڵێت: «سەرم پاک تاشی و جگەرەیەکم گرت بەدەستەوە و چومە ناوشار تا بمگرن و بمکوژن، تاقەتی ژیانم نەمابوو، بەڵام نازانم چۆن کەس سەرنجی نەداو هاتمەوە ماڵەوە

ئیدی دوای نزیک دوو ساڵ و نیو لەگەیاندنی هەواڵ لەناو موسڵەوە عومەر بڕیار دەدات ئەو شارە جێبێڵێت و بەبێ ئاگاداری ماڵەوە ڕۆژێک بڕیار دەدات بەقاچاغ بچێتە سوریا و لەوێوە بۆ تورکیاو لەوێشەوە ڕوو دەکاتە ئەوروپاو مافی پەنابەری وەردەگرێت.

دوای جێهێشتنی عێراقیش لەترسی ئازاردانی خێزانەکەی هەر ناسنامەی خۆی تاڕوخاندنی تەواوی داعش ئاشکرا ناکات. ئەو لەدەرەوەی وڵاتیش «Mosul Eye» بەردەوامی پێدەدات و لەچەندین سەرچاوەوە هەواڵی موسڵی پێدەگات و بڵاوی دەکاتەوە تادەرکردنی داعش لەشارەکەی.

جگە لەدابینکردنی هەواڵ و زانیاری لەسەر دۆخی ناوخۆیی موسڵ، عومەر دەڵێت کە ئامانجێکی سەرەکیی لەدانانی «Mosul Eye» بەرچاوڕوونی خەڵکی شارەکەی بوە تاڕاستیەکان لەڕوانگەیەکی دژی داعشەوە ببینن.

لەوەڵامی پرسیاری هۆکاری ئاشکراکردنی ناسنامەی خۆی لەئێستادا دوای ئەوەی چەندین ساڵ توانیویەتی بەشاراوەیی بیهێڵێتەوە، عومەر بە ڕۆژنامەی گاردیان دەڵێت: «دەبوو ناسنامەی خۆم ئاشکرابکەم. هەر کەسەی قسەیەکی دەکرد، یەکێک دەیوت «Mosul Eye» سەر بەدەزگای هەواڵگری ئەمریکایە، یەکێکی تر دەیوت هەواڵەکان ڕاست نین و هی کەسێکی ناو موسڵ نیە، تەنها هەواڵی درۆ بڵاودەکاتەوە. ناسنامەی خۆم ئاشکراکرد تا بڵێم نەخێر، «Mosul Eye» درۆ نیەو کەسێکی ناو موسڵ بەڕێوەی بردووە

ئەو لەکۆتایی قسەکانیدا دەڵێت کە لە ئێستاشدا بەردەوامە لەگەڵ «Mosul Eye»دا و ئامانجی کارەکانیان لەئێستادا بەرەو یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ژیان و هونەر و جوانیە بۆ شارە دێرینەکەی.

لەڕێگەی ئەم لینکەوە دەتوانن سەردانی مەڵپەڕی «Mosul Eye» بکەن و هەواڵەکانی ئێستا و تەواوی ئەرشیفی کارەکانی عومەر ببینن کە بە هەردووزمانی ئینگلیزی و عەرەبی لە کاتی فەرمانداری داعشدا بڵاوی کردوەتەوە:

https://mosul-eye.org

صورة ذات صلة

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار