سەگ

5 ساڵ لەمەوپێش



کاوە ڕەش
سەگ سیمبوڵی وەفاو هاوڕێیەتی و خۆشەویستییە، یەکێکە لەو ئاژەڵە ماڵییانەی کەدەتوانێ، لەگەڵ مرۆڤ هەڵبکات و سودی زۆری لەبوارەکانی سەربازیی و مرۆیی و زانستی و لێ بیندرێ.  بەداخەوە لەو هەرێمەی خۆمان، خەریکە بەبیانوی ئەوەی سەگ پەلاماری چەند قوتابییەکی داوە، سەگ و مرۆڤ دەکەن بەدوژمنی یەکدی، بەتایبەت چەند ڕاگەیاندن و لایەنێکی حزبیی و کەسی، بۆ بەرژەوەندی خۆیان. سەگ هەرگیز پەلاماری هیچ کەسێک  نادات، سەگی بەناو بەڕەڵا تەنها لەبەر ئەوەی یەک دوو کچە قوتابی ترساندوە، مانای ئەوە نیە جاڕی قەتڵ و عامی  سەگ و ئاژەڵە ماڵییەکان بدەن. لەو ووڵاتانەی ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتنیان پێ گەیشتوە، سەگ و پشیلەو ئاژەڵەکانی دیکەی ماڵی، لەزۆر بواری هەمەچەشندا خزمەتی خەڵکی دەکەن و جێگای بایەخن.

لەدەرەوە سەگ و  ئاژەڵە ماڵییەکان،  وەها ڕاهێناون کەهاوشێوەی مرۆڤ بەسەر شەقام و جادە و شوێنی پەڕینەوەدا دەڕۆن، چ جای ئەوەی کاتێک پیسایی دەکەن زەرفیکی پلاستیکیان پێیەو ڕاستەوخۆ هەڵی دەگرنەوە، ئیدی مامۆستاو پەرلەمانتارو خەڵکی ئاسایی بێ جیاوازی نێرو مێ.
ئەوان
خەڵکانی تێگەیشتوو پێگەیشتوون، هێندە لەخەمی پاکوخاوێنی و خۆشەویستی ووڵاتەکەیانن.

تۆیەک لەو تەمەنەداو لەو ئاستەی زانکۆ، هەست بەبەرپرسیارێتی نەکەی و لەو شوێنەی کەلێی دەمێنیەوە پاک و خاوێن ڕابگریت، چ گلەییەک لە دەسەڵەتی بەرپرس دەکەی؟

بەشێک لەو قوتابی و خوێندکارانە گلەیی ئەوە دەکەن، کەشوێنی نوستن و خواردن و مانەوەیان لەلایەن، لایەنی بەرپرسەوە بۆ پاک ناکرێتەوە، لەوڵاتانی دەرەوە نەک شوێنی نیشتەجێ بوونت بۆ پاک ناکەنەوە، بەڵکو کۆی  خەرجی و شوێنی نیشتەجێ بون  و خۆێندنت، لەئەستۆی خۆتە. ئەوانەی ڕۆژێک لەدەرەوەی ووڵاتان خوێندبێتیان، ئەو ڕاستییە دەزانن.

ئەوانەشی قەرزی دەوڵەت و بانکەکان دەکەن بۆ خوێندن، دەبێ لەکاتی دەستکەوتنی کار، بەزیادەوە قەرزەکە بدەنەوە.

تێکەڵکردنی کەیسی خزمەتگوزاریی و پاکوخاوێنی شوێنی مانەوەی قوتابی و خوێندکاران، لەگەڵ نیشاندانی سەگ،  وەک ئاژەڵێکی دڕەندەو ترسناک، لەلایەن ڕاگەیاندنە حیزبی و سێبەرەکانەوە، جگە لە فریودان و بەرژەوەندی شەخسی و حزبیی، هیچی دیکە نیە. هیچ پاساوێکیش نیە بۆ نیشاندانی سەگ، وەک ئاژەڵێکی دڕەندەو گڵاو، لەکاتێکدا ئەوەبەشێک لە مرۆڤەکانن،  ترسناک و گڵاوو تەڵەکەبازن.

خۆ ووڵاتانی دەرەوە زۆر لەئێمە پێشکەوتوترو تێگەیشتوترن و پسپۆریان لەهەموو بوارەکاندا هەیە، ئەگەر سەگ و ئاژەڵە ماڵییەکان زیانی تەندروستی و کێشەیان بۆ خەڵک هەبوایە، هێندە بایەخیان پێ نەدەدان.
 ئێمە کۆمەڵگایەکمان هەیە نەک لەناوخۆدا مرۆڤەکان کراون بەدوژمنی یەکتر،  بەڵکو کراوینە دوژمنی ژینگەو ئاژەڵ و سروشتیشین.

پێویستە ڕاگەیاندنەکان بەهەستیاریی و بەرپرسیاریەتیەوە مامەڵە لەکەیسی لەو جۆرە بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار