شوێنپێی نوێی داعش لەعێراق

دوای ڤیدیۆکەی بەغدادی، داعش لەچەند ناوچەیەکی نوێ ھێرشی کردە سەر ھێزە عێراقییەکان کە پێشتر دەستی پێنەگەیشتبوو

5 ساڵ لەمەوپێش



سەروەر خەلیل

چەند رۆژێکی کەم دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەی ئەبوبەکر بەغدادی، دەستی داعش گەیشتە چەند ناوچەیەک لە عێراق، کە یەکێکیان سنوری پردێیە لەسەر رێگای ھەولێر – کەرکوک، لەکاتێکدا ئەو رێکخراوە کاتێک لەوپەڕی بەھێزیدا بووو دەستی نەگەیشتبووە ئەو ناوچەیە.

دوایین ھێرشی داعش لەشەوی دووشەممەی رابردوودا بوو، کاتێک ژمارەیەک چەکداری ئەو رێکخراوە ھێرشیانکردە سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیسی فیدڕاڵی لەشارۆچکەی پردێ و بەھۆیەوە سێ پۆلیس کوژران و دوانی تریش برینداربوون.

کۆتایی مانگی رابردووش، چەکدارانی داعش دیمەنی کوشتنی کارمەندێکی ئاسایشی یەکێتییان لەسنووری مەخمور بڵاوکردەوە کە چوار رۆژ پێشتر لەچیای قەرەچووغ دەستگیریان کردبوو.

رەشاد گەڵاڵی لێپرسراوی کۆمیتەی یەکێتی لەمەخمور، پێیوایە داعش بۆ دروستکردنەوەی ریزەکانی خۆی لەسنووری چیای قەرەچووغ جێگیربوون کە تێیدا پارێزراون و سوپای عێراقیش ناتوانێت ھێرشیان بکاتە سەر».

ھەروەھا بۆ ‌هاوڵاتى رونکردەوە «ئەو چەکدارانە لێرەوە دەتوانن تەشکیلات و مەفرەزەی پارتیزانی دروستبکەنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و جارێکی چەکدارەکانیان لێرە کۆبکەنەوەو خۆ ڕێکخستنەوەیەکی تەواو دەکەن لەڕووی سیاسی و فیکرییەوە».

بە وتەی رەشاد گەڵاڵی، دەرکەوتنەوەی ئەبوبەکر بەغدادی سەر لەنوێ جوڵە خستنەوەیە بەبەر چەکدارەکانی داعش و ئومێدی ئەوەیان لا دروست دەبێتەوە، کە بەغدادی ماوە، «ئەگەر سەر مابوو، ئەویتر دروست دەبێتەوە، بۆیە من پێموایە کە داعش جارێکیتر دروست دەبێتەوە بەڵام بەو قەبارەیەی جاران نا کە دەست بەسەر ناوچەکاندا بگرێت».

ھەفتەی رابردوو دامەزراوەی فورقانی سەر بە داعش، گرتەیەکی ڤیدیۆیی ١٨ خولەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەبوبەکر بەغدادی بە ریشێکی سپی و خەنەکراوەوە دەردەکەوێت کە قسە بۆ سێ کەس دەکات و باسی رووداوەکانی ئەم دواییە دەکات ، بەتایبەتی شەڕی باغۆز و رووداوەکانی سودان و جەزائیر و سریلانکا دەکات.

ئەوە دووەم دەرکەوتنی ئەبوبەکر بەغدادیی بوو لەدوای راگەیاندنی خەلافەتەکەی لە موسڵ، لەحوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤، ھەروەھا یەکەم دەرکەوتنیەتی لەدوای لەدەستدانی دوایین پێگەی رێکخراوەکە لە ناوچەی باغۆزی سوریا.

عەلی حوسێنی وتەبێژی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی لەلێدوانێکیدا بۆ ‌هاوڵاتى، دڵنیایی دەداتە ھاوڵاتییان بەوەی داعش بووەتە بەشێک لەڕابردوو «داعش ھەناسەی کۆتایی دەدات و لەعێراق، چالاکی و بوونی نەماوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ کۆتایی ھاتنی رێکخراوەکە».

لەبارەی دەرکەوتنەوەی بەغدادی دەڵێت «بەپێی راپۆرتە ھەواڵگرییەکان ئەو گرتە ڤیدیۆییە لەژێر زەوی تۆمارکراوە، ئەو لەوتەکانیدا دان بەشکستی خۆیدا دەنێت و جگە لەکەسانێکی دەمامکدار ھیچ کەسی تر لەدەوری نییە و  کەسیش نازانێت ئەو کەسانە کێن».

ئەو بەدووریشی دەزانێت کە دەرکەوتنەوەی بەغدادی ببێتە ھۆی چالاکبوونەوەی چەکدارانی داعش «چەکدارانی داعش پەرتبوونەتەوەو بوونەتە چەند گروپێکی تیرۆریستی و رێگر، ئەو رووداوانەش کە ڕوودەدەن پەیوەست نین بەدەرکەوتنەوەی بەغدادی».

داعش جیا لەو ناوچانەی پێشتر کۆنتڕۆڵی کردبوون، شوێنپێی لەچەند ناوچەیەکی جوگرافی نوێ کردووەتەوە کە پێشتر دەستی پێنەگەیشتوون، ھێرشەکەی ئەمدواییەی ئەو گروپەش بۆ سەر پۆلیسی فیدڕاڵی لەنزیک گوندی کەڵوڕی سنووری شارۆچکەی پردێ لەکاتێکدایە کە پێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر نە داعش و نە ھیچ گروپێکی چەکداری تر چالاکی لەو ناوچەیە نەبووە.

جەودەت جیهاد، شارەزای سەربازی و بەرپرسی سەنتەری کەرکوک بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە داعش لەڕووی فیکرییەوە کۆتایی نەھاتووە، وتی «ئێستا شانەکانی داعش بەشێوەیەکی نائاسایی جموجۆڵ دەکەن، ئەو چالاکییانەی لەماوەی رابردوودا داعش ئەنجامیدان، چالاکی بچووکن و ئامانجیان تێکدانی دۆخی ئەمنییە، ئێستا داعش بەھەمان شێوەی ساڵی ٢٠١٤ کار ناکات و شێوازی کاری گۆڕیوە بۆ کرداری کوشتن و تێکدانی سەقامگیری».

ئەو نایشارێتەوە کە داعش کۆمەڵێک ناوچەی سەختی گرتووە لەزنجیرە چیاکاندا «ئەو ناوچانە ھاوکارن لەوەی ببن بەخاڵی دەستپێکی گرنگ بۆ داعش بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان».

ئەمە لەکاتێکدایە داعش لەڕێی شانە چەکدارەکانییەوە لەشارو ناوچە جیاوازەکاندا ھەوڵی ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکی پارتیزانی دەدەات و چالاکییەکانیشی لەو ھەوڵانەدا چڕکردووەتەوە.

جەودەت جەخت لەوەش دەکاتەوە کە «دەرکەوتنی بەغدادی مانای ئەنجامدانی چالاکییەکە کەچەکدارەکان لەناو خۆیان رێککەوتنیان لەسەری کردووەو پلانیان بۆ داناوە، ئەم دەرکەوتنەو دەرکەوتنەکانی داھاتووی بەغدادی دووبارە پێکھێنانەوەی ھەیکەلییەتی رێکخراوەکەیە».

ئەوەش ناشارێتەوە کە «کردەوەو چالاکییەکانی داعش لەڕۆژانی ئایندەدا بەڕێژەیەکی زیاتر دووبارە دەبنەوەو بەردەوام دەبن، بەڵام ھێزە عیراقییەکان دەتوانن لەڕێی ھەوڵە ھەواڵگرییەکانەوە رووبەڕووی ببنەوە، بەڵام پێویستە وریا بین و رووبەڕووی ببینەوە».

گرتە ڤیدیۆییەکەی ئەبوبەکر بەغدادی دوای جموجۆڵی شانە نوستووەکانی داعش ھات لەچەندین ناوچە، لەوانە ھەندێ ناوچەی عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە و لەئەستۆگرتنی تەقینەوەکانی سریلانکا کە لەرۆژی جەژنی مەسیحییەکاندا روویداو بەھۆیەوە سەدان کەس کوژران و برینداربوون.

لیوا قارەمان کەمال جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە دەکاتەوە «دەرکەوتنی بەغدادی جارێکی تر مەعنەویات دەداتە شەڕکەرەکانی داعش و جارێکیتر بەغدادی دەیسەلمێنێت کە بوونی ھەیە و ماوە، بتەوێ و نەتەوێ ئەوە کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر داعش».

وتیشی «داعش بەبەردەوامی ھەر دەرفەتێک ھەبێت دەیقۆزنەوە ھەڵدەکوتنە سەر ھێزە ئەمنییەکان چونکە داعش لەناوچەکە بوونی ھەیە، بەردەوامیش ھەر ھەلێک ھەڵبکەوێت پلان دادەنێن  بۆ ئەوەی ھەڵبکوتنە سەر دێهات و ھێزە ئەمنییەکان و چالاکی خۆیان ئەنجامبدەن و خەڵک ئەڕفێنن و خەڵک ئەکوژن، داعش لەو ناوچانە بەردەوام و چالاکی خۆی ئەنجامدەدات و چالاکییەکانیش بەپێی مانگ دەگۆڕێت».

باسی لەوەشکرد، «ژمارەی چەکدارەکانی داعش لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بەژمارەیەکی گەورە بوونیان ھەیە و بەربڵاون لەشوێنەکان، داعش دەمێنێت تا ئەو کاتەی ھێزە عێراقییەکان نەتوانن کۆنتڕۆڵی تەواوی ناوچەکان بکەن و ھێزی بەردەوامیان لێی ھەبێت.

لیوا قارەمان پێیوایە داعش بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک کۆتایی نایەت، بەڵکو پێویستە ھێزە عێراقییەکان ژمارەی ھێزەکانیان لەو ناوچانە زیاد بکەن و ئۆپەراسیۆنی بەردەوام ھەبێت «بوونی داعش لەکۆمەڵێک ناوچەی نوێ کەپێش 16ی ئۆکتۆبەر دەستی پێنەگەیشتبوو دەلالەتی ئەوەیە کە ھێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە ئەو ناوچانە بپارێزن».

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە جەختیکردەوە، پێیوانییە داعش بتوانێت جارێکی تر شارو شارۆچکە داگیر بکات «بەڵام بەشێوەیەکی گشتی داعش ھەر ئەمێنێت و جارێکی تر دەستی کردووەتەوە بەتەنزیماتی خۆی ئەو شوێنانەشی کە ھێزە ئەمنیەکانی لێ دوورە و نەتوانراوە پارێزگاری لەو شوێنە مەدەنییانە بکرێت داعش لەو شوێنانە زیاتر گەشە ئەکات».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار