پشکێکی بچووک لەیادگارییه‌کانی ئه‌نفالی چوار

5 ساڵ لەمەوپێش



 

 

 

 

عەلی مەحمود

کیمیابارانکردنی گوندی گۆپته‌په له به‌رواری 3-5-1988، سه‌ره‌تا و ده‌ستپێکی ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالی چوار بوو له پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال. ئه‌و ئه‌نفاله‌ی ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی کوردی له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ مه‌رگ برد و ڕاپێچی مه‌رگه‌سات کرد. مه‌رگه‌ساتێکی وا زیندووه‌کانیش ئاه بۆ ژێر بیابانه‌کان ده‌خوازن. ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی ته‌نها یه‌کێک بوو له کۆی 8 ئۆپه‌راسیۆنی دی، سه‌دان گوندی له دوای خۆیه‌وه به ڕوخاوی له پێده‌شته نه‌بڕاوه‌کانی که‌رکووک و هه‌ولێر و هه‌ڵه‌ته‌کانی کۆیه‌و قه‌ڵاسێوکه‌و کێوو و دۆڵه‌کانی چه‌می ڕێزان و بناره سه‌خته‌کانی دوکان و خه‌له‌کان و نزمانی و پێ ده‌شتاییه‌کانی شوان و بناری قه‌ره‌چوغ به‌جێهێشت، چه‌په‌کترین گوندی ئه‌م کوردستانه لێی ڕزگاری نه‌بوو. جێده‌ستی سوپای ئه‌نفال، بست به بستی ناوچه‌که‌وه دیاربوو. ئه‌نفال ئه‌وه‌نده دڕندانه بوو مه‌رگی ناشرین کرد، فاشیه‌تی شه‌رمه‌زارکرد. لمۆزی شۆفهڵهکانی گه‌یشتووه به هه‌ر کوێیه‌ک، له دوای خۆیه‌وه وێرانی کردووه و مه‌رگستان و که‌لاوه‌ی به‌جێهێشتووه. سوپای ئه‌نفال له جیاتی شارستانییه‌ت و ئاوه‌دانی کاولکارییان هێنا، ئه‌و گوندانه‌ی شارستانیه‌ت لێیانه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا، کۆنترین گوندی جیهان بوون، به درێژایی ماوه‌ی هه‌زاران ساڵ ئاوه‌دان بوون، هۆلاکۆ وێرانیانی نه‌کرد، که‌چی ئه‌نفال هه‌موویانی خاپوور کرد (چه‌رموو - چه‌م ڕێزان، دوو ناوی ناسراوی جیهانین بۆ ئاوه‌دانی و شارستانییه‌ت و قۆناغی کشتوکاڵ، که‌وتوونه‌ته ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌وه.)

 سنووری ئه‌نفالی چوار له بناری دوکانه‌وه ده‌ستیپێکرد، تاکو لێوار و که‌ناره‌کانی که‌رکووک و هه‌ولێر به درێژایی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری زێی بچووک شۆڕبوه‌وه بۆ ڕۆخی پردێ، له‌وێوه بۆ کلکه‌ی قه‌ره‌چووغ، له به‌شی باکووری چه‌مچه‌ماڵه‌وه بۆ ده‌م زێی بچووک، ئه‌و زێیه‌ی به درێژایی مێژوو، ئه‌مبه‌رو ئه‌وبه‌ری ئاوه‌دان بووه، له‌گه‌ڵ خۆیدا سنووری نێوان هه‌ردوو پارێزگای که‌رکووک و هه‌ولێری به‌ش ده‌کرد.

 ئه‌نفالی چوار سنووری چه‌ندین شاروشارۆچکه‌ی گرته‌وه (چه‌مچه‌ماڵ، ته‌کیه، قه‌ره‌هه‌نجیر، ئاغجه‌له‌ر، کۆته‌ڵ، ته‌قته‌ق، قوشته‌په، کۆیه، دێگه‌ڵه، پردێ، شوان، دوکان، خه‌له‌کان، مه‌خموو...). له‌و سنووره پان و به‌رینه له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکدا، شوێنه‌واری شارستانییه‌ت و ژیانی هه‌زاران ساڵه‌ی مرۆڤایه‌تی به ته‌واوی سڕایه‌وه. هه‌ر له‌و گوندانه‌وه شارستانییه‌ت سه‌ری هه‌ڵدا، مرۆڤایه‌تی گه‌شه‌یکرد، دوای هه‌زاران ساڵ ئاوه‌دانی و خزمه‌تکردن به مرۆڤایه‌تی، داهێنان و پێشکه‌وتن، کران به وێرانه و که‌لاوه. کۆنترین گونده‌کانی جیهان هه‌مو ته‌خت کران، له ناو لادێ ڕوخاوه‌کان شوێنه‌واری مه‌رگ ده‌بینرا، هێشتا بۆنی گهوهڕو مه‌ڕو ماڵات و جیقنه‌ی مریشکه‌کان ده‌هات، جار جاره‌ش په‌له‌وه‌ر و گیاندارێکی ته‌ریک که‌وتوو، جگه له دار ته‌لی شۆڕه‌وه بووی کاره‌با، چه‌م و ڕه‌زی چۆڵ، داری سوتاو و لادێی ڕوخاو، خۆڵومێشی سوتان و بۆگه‌نی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ری مرداره‌وه بوو هیچی دیکه به جێ نه‌ما. مرۆڤ و ئاژه‌ڵ، مێروله و باڵنده، دار و دره‌خت هه‌موو به‌پێی بڕیاری 4008 به‌عس، جاڕنامه‌ی مه‌رگیان بۆ درا، ئه‌و رۆژانه‌ی له‌ناو ئه‌و تارمایانه ژیانمان به‌ڕێکرد له بۆنی مه‌رگدا گێژ ببوین، بۆیه کارکردن بۆ ئه‌نفال کارکردن له‌سه‌ر ئێسک و پروسک نییه، کارکردنه بۆ ئه‌وه‌ی تارماییه‌کانی مه‌رگ جارێکی دیکه نه‌بینینه‌وه.

ڕۆژی سێشه‌ممه به‌رواری 3-5ی ساڵی 1988، ئه‌و ڕۆژه‌ی خه‌ڵکی گۆپته‌په و ده‌ڤه‌ره‌که، سه‌رباری هاتنی هه‌واڵه‌کانی هێرش بۆ سه‌ر ناوچه‌که‌یان، سه‌رباری لێبوردنێکی ڕانه‌گه‌یه‌نراو بۆ خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ی شاڵاوی ئه‌نفال پێیان نه‌گه‌یشتبوو « به‌ڵگه‌نامه‌که له خواره‌وه‌یه «، جگه له ژیان و ئاسایش، بیریان له هیچی دیکه ناکرده‌وه. ئه‌وان له زووه‌که‌وه قاڵبووی په‌نجه نه‌رمکردن بوون له‌گه‌ڵ کاره‌ساته‌کان، ڕاهاتبوون له‌گه‌ڵ مه‌رگه به کۆمه‌ڵه‌کان، قاڵبووی ناو ئازاره‌کانی ژیان و به‌ره‌نگاربونه‌وه بوون. سه‌رباری هه‌واڵه ناخۆشه‌کان، وه‌لێ ئاسۆی ژیان هێشتا لای دانیشتوانی گۆپته‌په و ده‌ڤه‌ره‌که مابوو به قه‌تماغه‌ی مه‌رگه‌وه. بەهارهکهی ته‌ڕ و پڕ و خۆش بوو وه‌ک ئه‌مساڵ، ده‌غڵ و دانی ناوچه‌که تا چاو بڕ بکات سه‌وز ده‌چوه‌وه. گۆپته‌په خاوه‌ند خاکێکی کشتوکاڵی به‌راو و زه‌وی دێمی به پیت و به‌ره‌که‌ته. کێڵگه‌ی به‌رینی گه‌نم و جۆ، مه‌ره‌زه‌ی سه‌وز، گۆلی ته‌ماته و سه‌وزه، کێڵگه‌ی لۆکه‌و گوڵه به‌ڕۆژه، بامیه و شوتی، ڕه‌زی هه‌نجیر و قه‌یسی و هه‌نار، سه‌وزایی گۆله توتنه‌کان ... ئه‌و ناوه‌ی نه‌خشاندبوو، گوڵه گه‌نم و جۆ و گوڵه به‌ڕۆژه‌کان سه‌ریان نابوو به سه‌ری یه‌که‌وه، له سوجده‌دا بوون بۆ تیشکی زێڕینی خۆره‌تاو. هه‌موو پێکڕا به داماوییه‌وه سه‌یری گۆپته‌په‌یان ده‌کرد، وه‌شتێکی نه‌رم، کزه بایه‌کی غه‌مگین مژده‌ی هاوینی پێ بوو، به‌هێمنی هه‌ڵیکردبوو. گولیلکه نیسان له ناو ئه‌و ده‌ریای سه‌وزاییه‌دا که‌روێشکه‌یان ده‌کرد، ده‌غڵ و دانی ئه‌و ده‌شتاییه بۆ ژیان سه‌مایان ده‌کرد، که چاوت به شی‌و و دۆڵ و داره‌کان ده‌که‌وت، هه‌ستت به سوکنایه‌تی له ڕۆحه‌وه ده‌کرد. ڕۆژێکی ساماڵ و خۆش، له قوڵایی ئاسمانیش په‌ڵه هه‌ورێک بچوک نابینرا، شینایی ئاسمان ئاوی له‌چاو داده‌هێنا. نوزه‌ی کزه بای وه‌شته هێواشه‌که، نه‌رمه جۆلانێی به ده‌غڵ و دانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره ده‌کرد. له دوره‌وه که‌روێشکه‌ی ده‌غڵ و دانه‌که شادی دهزانده قوڵایی دڵه‌وه، لێ دڵێک په‌یتا په‌یتا هه‌واڵی ناخۆشی بۆ ده‌هات و له دوره‌وه گوێ بیستی لێدانه‌کانی ده‌بووی، دڵه‌کانی ئه‌و رۆژانه ئارامییان له ده‌ست دابوو، گڤه‌ی ئه‌و شنه بایهیهی بۆنی ڕوبار و باخه‌کانی له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ هه‌ناو ده‌هێنا.

خۆره‌تاوی ئه‌و ئێوارانه، تیشکی زێڕینی به‌سه‌ر دۆڵ و شی‌و و هه‌ڵه‌ت و ته‌ختاییه‌کانی قه‌ڵاسێوکه‌و شێخ بزێنیدا به یه‌کسانی ده‌به‌خشییه‌وه. روباریش به‌گه‌وره‌یی خۆی بهردرابوهوه، تریسکه‌ی تیشک دانه‌وه‌ی ته‌نه‌که‌ی سه‌ر شان کچان، له‌گه‌ڵ بریقه‌و باقی جله ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانیان له دوره‌وه ده‌بینراو تریسکه‌ی زێڕینی ده‌دایه‌وه. جوانییان له گولیلکه نیسانی بنار ته‌پۆلکه‌کان ده‌سه‌نده‌وه .

 خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که چه‌ندین ڕۆژ بوو له دڵه ڕاوکێیه‌کی داچهڵهکێنهردا ده‌ژیان، هه‌واڵ له دوای هه‌واڵیان پێده‌گه‌یشت، په‌یام له دوای په‌یام له شاره‌کانه‌وه ده‌هات و بروسکه ئاسا خۆی ده‌کرد به ناوچه‌که‌دا، به خێرایی به شاخ و ههڵهتهکاندا گوزه‌ری ده‌کرد و خۆی ده‌کرد به ماڵان‌دا، هه‌مووی باسیان له نزیکبوونه‌وه‌ی هێرش ده‌کرد بۆ سه‌ر ناوچه‌که‌یان. هه‌مووو هه‌واڵی مه‌رگ و ماڵوێرانی بوون، خه‌ڵکه‌که نیگه‌ران بوون له چاره‌نووسی نادیاری خۆیان، په‌یتا په‌یتا له شاره‌کانه‌وه له که‌س و کاریانه‌وه نامه‌و ڕاسپارده‌یان پێدهگهییشت، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان ڕزگار بکه‌ن، وه‌لێ ڕێگاکانی ده‌ربازبوون هه‌موو گیرابوون، ده‌روازه‌کانی ژیان پێوه درابوون. هیچ ڕێگایه‌کی ڕزگاربوون بۆ خه‌ڵکه‌که نه‌مابووه‌وه، کۆمه‌ڵێک به‌رپرس که زۆریان خه‌ڵکی ناوچه‌که نه‌بوون، یاخود ماڵ و که‌س و کاریان له ده‌ڤه‌ره‌که نه‌مابوون و رزگار ببون، تاکو له هێرش بۆ سه‌ر ناوچه‌که له ده‌ستی بده‌ن، ڕێگه‌یان له خۆ ڕزگار کردنی خه‌ڵکه‌که ده‌گرت. هیچ ده‌روازه‌یه‌کی ده‌رچونیان نههێشتبوهوه بۆ جه‌ماوه‌ر، که‌چی له کاتی هێرشیشدا زه‌وی قوتیانی دا، هه‌ره سومبله‌کانی قهرهمانیهتییان له به‌رده‌م شاڵاوی هێرشه‌کان به چۆکدا هاتن، نه‌یان توانی یه‌ک چرکه داکۆکی له‌و شوێنانه بکه‌ن که پرسگه‌ی ڕێگه گرتن له ده‌رچونیان بۆ جه‌ماوه‌ر تیایدا دانابوو. به‌مه‌ش هه‌زاران نیچیریان خسته به‌رده‌ست تاوانباران، نایانزانی ئه‌وه‌ی ده‌یکه‌ن تاوانێکی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌و به تاوانی جه‌نگ به ناوبانگه، به بارمته‌کردنی خه‌ڵک بۆ رزگارکردنی خۆ. ئه‌وان وایان ده‌زانی وا راهێنرابوون هه‌ر کارێک بکه‌ن ئازادن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ن یاسا نایانگرێته‌وه.

سه‌یرکه‌ن و جوان سه‌رنج بده‌ن و بنواڕن، بزانن چۆن به‌ڕێز مه‌لاشاخی ئازایانه باسی ئه‌م ڕاستییه‌مان بۆ ده‌کات : (سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 3-5-1988 له‌سه‌ر داوای (مامۆستا باپیر)له بینایه‌ی قوتابخانه‌که‌ی گوندی (په‌ڵکانه) له ماڵی (وه‌ستا سابیر) کۆبونه‌وه‌یه‌کمان ئه‌نجامدا، به مه‌به‌ستی شیکردنه‌وه‌ی بارودۆخ و مه‌سه‌له‌ی خۆسازدان و به‌رنامه داڕشتن بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێکی چاوه‌ڕوانکراو بۆ سه‌ر سنووره‌کان.

له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا... ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه له به‌نده گیرا.... چۆن سه‌ربه‌خۆ مۆڵه‌تی هه‌ندێ خێزانم داوه کۆچ بکه‌ن بۆ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژێم!؟)* *ئه‌نفالی خاڵخاڵان مه‌لا شاخی چاپی یه‌که‌م 2001 .

دیاره ئه‌وه ته‌نها نموونه‌یه‌که له ناو ده‌یان نموونه‌ی دی، له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری زێ. به‌رپرسان ڕێگرییان له خۆ ده‌ربازکردنی خه‌ڵک گرت، سنووره‌کانی ده‌ربازبونیان له‌به‌رده‌م ڕزگاربوونی خه‌ڵک داخست .

له‌و لاوه لایه‌نێکی دیکه، به‌پێچه‌وانه‌ی لایه‌نه‌که‌ی مه‌لا شاخییه‌وه که (ینک)ه، پارتییه‌کان هه‌موو وره‌یه‌کیان له‌ده‌ست دابوو، بانگه‌وازی خۆ قوتارکردن و بێ ئومێدی به‌رگریی کردن و کۆتایی خه‌باتی چه‌کدارییان ده‌دا به‌گوێی خه‌ڵکه‌که‌یا. ئێستاش خاوه‌نی سه‌روه‌رییه‌کانی خه‌باتی چه‌کدارین !!، وه‌ک چۆن ئه‌وانه‌ی رێگرییان کرد له ده‌رباز بوونی خه‌ڵک، بونه‌ته خاوه‌ند که‌سوکاری قوربانیان.

« له ڕۆژانی پێش ئه‌نفالی چواره‌مدا، ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له خوار شکابوون، هاتبوونه گۆمه‌شین و خۆیان کۆده‌کرده‌وه، کوڕێکی هه‌رزه‌کاری خه‌ڵکی گۆمه‌شین، که له‌و ده‌مه‌دا ته‌مه‌نی سیانزه ساڵ بوو، مه‌زه‌نده‌ی (200-300) پێشمه‌رگه‌ی ده‌کرد که له سه‌ره‌تای مایسدا له‌و ناوه‌دا بوون، ڕۆژێک دوای هێرشه کیمیاوییه‌که‌ی گۆپته‌په، بڕیاریان دابوو بڕۆن بۆ ئێران و تراکتۆری گوندنشینه‌کانیان گرتبوو بۆ گواستنه‌وه. خه‌ڵکی گۆمه‌شین ده‌سته‌و دامێنیان بوون زۆریان لێ پاڕانه‌وه واز له خه‌ڵکه‌که بێنن و تاقه هۆکاری ده‌ربازبوونیان له ده‌ست نه‌که‌نه‌وه، به‌ڵام پێشمه‌رگه گوێیان پێنه‌دان، به هه‌رحاڵ ده‌مه‌وبه‌یان تراکتۆره‌کان به به‌تاڵی له‌گه‌ڵ شۆفێره‌کانیان گه‌ڕانه‌وه و خه‌ڵکی که‌وتنه ڕاکردن به‌ره‌و لای کۆیه _ جینۆساید له عێراقدا، په‌لاماری ئه‌نفال بۆ سه‌ر کورد، وه‌رگێڕانی سیامه‌ند موفتی زاده، سلێمانی ل323 ساڵی 1999) .

له‌هه‌موو ساڵه نه‌هامه‌تییه‌کانی کورد له سه‌ر زه‌وی، به پێچه‌وانه‌وه ئاسمان به‌زه‌یی بارانی خۆی به‌سه‌ر خاک‌دا ده‌بارێنێت. ئه‌و ساڵه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ی ساڵه سه‌ره خۆره‌کانی دیکه، خاک تێره‌و قوڵپی ڕشانه‌وه‌ی ئاوی باران ده‌دات. به‌ڵام خۆشی ساڵی هات به‌و خه‌ڵکه چی !، ئه‌وان چاره‌نووسی خۆیان، له ئاوێنه‌ی چاره‌نووسی خه‌ڵکی ناوچه‌کانی گه‌رمیان و قه‌ره‌داغ ده‌بینییه‌وه، ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی به ڕه‌نجی چه‌ندین نه‌وه کۆیان کردبوه‌وه، ئه‌و چرکه ساته باری گران بوو بۆیان، نایانزانی چی لێبکه‌ن. هیچ ئومێدێک به ژیان لای خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه نه‌مابوو، ژیان زۆر ناشرین ببوو، مه‌رگ خه‌ریک بوو ورده ورده له دڵی خه‌ڵکه‌که‌دا شیرین ده‌بوو.

چومه ماڵێک پیرێژن تاقه به‌رانه‌که‌ی بۆمان سه‌ربڕی بوو، وتم نه‌نه بۆ ؟؟، له وه‌ڵامدا وتی : ڕسقی منی تێدا نه‌ماوه، کوڕم ده‌زانی که سه‌ریی ده‌بڕم وه‌ک ئه‌وه وایه چه‌قۆ له ملی خۆم بنێم ؟؟؟، به‌ڵام ئێوه نه‌یخۆن جاشه خوێڕییه‌کان تاڵانی ده‌که‌ن، گۆشت قابیل به هه‌ڵۆیه، عافیه‌تتان بێت کوڕم، نۆشی گیانی بکه‌ن «بۆ سبه‌ی خوێڕییه‌کان « جاشه‌کان « گرتیان و کردیان به دیاری «، مام ئه‌حمه‌دیش له سه‌ر ته‌پکی هه‌ورازێک ڕاکشابوو. ئاخی ژیان له هه‌ناویان کڵپی ده‌دا، به دیار گه‌نمه‌که‌یه‌وه به کوڵ ده‌گریا، فرمێسکی خۆی ده‌خواته‌وه و نه‌رمه گریانه‌که ده‌کات به هه‌نسک. ههنسکهکهشی به قوڕگ قوت ده‌داته‌وه و ده‌یکرد به وره و ده‌یشارده‌وه، له گه‌ڵ هه‌نسکی گریاندا به نه‌رمی گه‌مه‌ی به سه‌مای ئه‌و گه‌نمه ده‌کرد، که له به‌رده‌ستی که‌روێشکه سه‌مای ده‌کرد، هیچ ئومێدێکی پێ نه‌مابوو، ده‌تگووت گیسکێکی ماڵییه، له‌به‌ر خۆشه‌ویستی خاوه‌نه‌که‌ی هارو هاجییهکهی قووت داوه. گه‌نمه‌که به پێچه‌وانه‌ی خاوه‌نده‌که‌ی ڕۆژ به ڕۆژ باڵای ده‌کردو ده‌چوو به ئاسمانا و قه‌ڵه‌و ده‌بوو، نایزانی وەیشومهی ئه‌نفال چه‌نده ترسناکه، به‌ڵام خاوه‌نه‌که‌ی چرکه به چرکه له لاوازی ده‌دا، ڕووی کرده ئاسمان و هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵی بۆ هه‌ڵکێشاو به نه‌رمییه‌کی پڕ له ئازاره‌وه گووتی : (ده‌بێت کێ بتخوات؟؟؟)، که‌مێک ئاوی خوارده‌وه، تنۆک تنۆک به لێویا هاته خواره‌وه، له لچی سه‌ره‌وه نه‌رم نه‌رم ده‌ڕژایه سه‌ر لچی خواره‌وه‌ی. پاشان گۆچانه‌که‌ی تاو دایه‌وه به‌ره‌و ناو ئاوایی کرده‌وه، به دڵساردییه‌وه ئه‌و جێگه‌یه‌ی به‌جێهێشت. له دڵی خۆیدا بیری له ژیانی خۆ شاردنه‌وه‌و ئاواره‌یی و گه‌ڕیده‌یی پاش کاره‌ساته‌که‌و له ده‌ستدانی ئازیزانی ده‌کرده‌وه. گه‌وره‌ترین کاره‌ساتی ژیان ئه‌وه‌یه، له چرکه ساتێک، جڵه‌وی ژیان له ده‌ستی خۆتدا نه‌مێنێت. ده‌یزانی پاره‌ش به که‌ڵکی ئه‌م ڕۆژه ڕه‌شه نایات، بیری له‌وه ده‌کرده‌وه، چۆن که‌ڵه‌کێک بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی ماڵ و مناڵه‌که‌ی له زێکه دابین بکات، هێشتا هه‌واڵی به‌ردانه‌وه‌ی زێکهی پێنه‌گه‌یشتبوو، لێ له ترسی به‌رپرسه‌کانی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری ناوچه‌که بیرۆکه‌که‌ی خۆی قوت ده‌دایه‌وه، ئیره‌یی به با، به پاساری، به‌هه‌موو شتێک ده‌برد که ئازاد بوون، وێنه‌ی منداڵه‌کانی به‌رده‌وام به‌ربینیان پێی ده‌گرت .

رۆژه‌کانی پێش ئه‌نفالی گۆپته‌په (چوار)هو، پاشماوه‌ی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه رزگاربووه‌کان ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و گه‌رمیان، ئه‌وانه‌ی ڕزگاریان بووه له مه‌رگ، وا له ناوچه‌کانی شوان و شێخ بزێنی و قه‌ڵاسێوکه‌و رۆژهه‌ڵاتی کۆیه. له‌م گوند بۆ ئه‌و گوند ده‌خولێنه‌وه، له ناوه‌ڕاستی مانگی چواره‌وه، وورده وورده له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و قه‌راغه‌وه په‌ڕینه‌وه بۆ ناوچه‌که. ئه‌وه‌ی خۆی ده‌رچووه و سه‌ری ساغه، که‌س و کاری بزره و ئه‌نفالکراوه، وه‌لێ به‌لایانه‌وه ئاسایی بوو هه‌موو له چاوه‌ڕوانی بهردانیاندا بوون، له‌و ڕۆژگاره ئه‌وه‌ی بیری لێناکرایهوه، ئه‌و که‌سانه‌ی که گرترابوون ئیتر نه‌یانبینینه‌وه، هیچ که‌س له‌و سه‌روبه‌نده هه‌ستی به گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی تاوانه‌که ناکرد. نه وشه‌ی ئه‌نفال به هه‌ند وه‌ر دهگیرترا، نه قه‌باره‌ی زیانه‌کانیش ژماره‌یه‌کیان هه‌بوو. کێ بیری له‌وه ده‌کرده‌وه، ئه‌و هه‌موو منداڵه شیره خۆره‌یه له پێش گه‌وره‌کانه‌وه له ناو حه‌وزی تێزابدا بتاوێنرێنه‌وه، یان ببه‌خشرێن. پیره‌کان سه‌گ بیان خوات و پاکیزه‌کانیش له بازاڕه‌کانی کۆیله‌داریدا بفرۆشرێن، که‌س له ئێمه له‌و ڕۆژگاره‌دا، ئامان زانی و په‌یمان پێی نابرد، بارستایی ئه‌و تاوانه‌ی که ناوی ئه‌نفالی لێنرابوو ئه‌وه‌نده گه‌وره بێت، ده‌نا وێنه‌یه‌کمان لێی ده‌گرت و ده‌نگێکمان زه‌بت ده‌کرد. له‌و ڕۆژگاره‌دا، ئه‌نفال هه‌مووی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک بوو ئاشنایه‌تیمان له‌گه‌ڵ ناوه کورده‌وارییه‌که‌ی په‌یدا کردبوو، تازه کامل ساجت به به‌ری کورددا بڕی بووی .

ئه‌و پاش نیوه‌ڕۆیه له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کمدا به‌ناوی (( ماجیدی که‌ریم خه‌یات حه‌ساری) ))، که سه‌ربازی ههڵاتو بوو له ماڵی خوشکه‌که‌ی له گوندی جه‌له‌مۆرد ده‌ژیا، پێکه‌وه پیاسه‌مان ده‌کرد، یادگاری ڕۆژه خۆشه‌کانی قوتابخانه‌و منداڵی و حهسیرهکهو ئیمام قاسممان بۆ یه‌کتر ده‌گێڕایه‌وه. باسی ته‌زبێحه‌که‌ی واجیده فه‌نی و تێکۆشانی باوکه تێکۆشه‌ره شیوعییه قیاده مهرکهزییهکهیمان ده‌کرد. پاش عه‌سرانێکی خۆش، ئاسمان په‌ڵه هه‌ور به ده‌م و چاویه‌وه دیار نه‌بوو، خه‌ڵکه‌که چاوه‌ڕوانی بانگی ئێواره‌یان ده‌کرد، تاکو له‌و ڕه‌مه‌زانه ڕۆژووه‌که فریایان بکه‌وێت و له ده‌ردو مه‌رگه‌ساته ڕزگاریان بکات. له ڕۆژی سه‌ختیدا ئاساییه سرووتی ئاینی زیاتر زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر بیر و هۆشی مرۆڤه‌کاندا، له ناکاو چه‌ند کۆپته‌رێک هاتنه سه‌ر ئاسمانی ناوچه‌که، خولێکیان به‌سه‌ر گۆپتهیا دا‌و به‌خێرایی گه‌ڕانه‌وه، پاش چه‌ند ده‌قه‌یه‌ک نزیک به کاتژمێر 5،30 ئێواره ستونێک دوکه‌ڵی سپی له ئاسمانی به‌ری عه‌سکه‌ره‌وه چوو به ئاسماندا، گوندی عه‌سکه‌ر بۆ خۆی لێمانه‌وه دیار نه‌بوو، که‌وتبووه په‌ناگه‌وه، دوای زانیمان 9 که‌س له گوندی عه‌سکه‌ر ببون به قوربانی.

پاش که‌مێک، 6 فڕۆکه ( ئه‌وه‌ی من له دوره‌وه بینیم) هاتنه سه‌ر ئاسمانی گۆپته‌په، دوکه‌ڵی قینی په‌نگ خواردویان باراند به سه‌ریدا. نه‌ڕه‌ی فڕۆکه‌کان زۆر گه‌وره‌تر بوو له ده‌نگی بۆمبه‌کان. دوکه‌ڵێکی سپی ئاسمانی گۆپته‌په‌ی لێڵ کردبوو، پاشان دوکه‌ڵه‌که وورده وورده به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵکشا سواری سه‌ری شینایی ئاسمانه ساماڵه‌که بوو، نه بریقه‌و باقی ته‌نه‌که‌ی ئاوی سه‌ر شانی کیژانی هێشت، نه تیشکی زێڕینی خۆره‌تاوی پاش ئێوارانی به‌هار ما، گه‌رده‌لولی کیمیا بارانه‌که له به‌ر چاومه. له دوره‌وه چێگاکه‌ی بانگه‌وازی مه‌رگی به کۆمه‌ڵی ده‌دا، ئه‌وه‌نده چڕ بوو، له قورساییدا ئاوس ببوو، سکی له زه‌وی نابوو، به گرانیی سه‌رده‌که‌وت بۆ بان و ده‌چوو به ئاسماندا، باڵنده‌کان له ناو دوکه‌ڵی کیمیاییه‌که مه‌له‌یان ده‌کرد و به‌رده‌بوونه‌وه. دوکه‌ڵه‌که به هه‌ر چوارلادا په‌لی ده‌هاویشت و به دوای مه‌رگدا ده‌گه‌ڕا تاکو به یه‌کسانی به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌دا دابه‌شی بکات، سه‌ری ده‌کرد به هه‌موو کون و که‌له‌به‌رێکی ده‌ڤه‌ره‌که‌دا، هیچ جۆره زینده‌وه‌رێکی له مه‌رگی خۆی ڕزگار ناکرد ((مرۆڤ – ئاژه‌ڵ- ڕووه‌ک – ته‌نانه‌ت زه‌وی))، به یه‌کسانی دوکه‌ڵی مه‌رگه‌که‌ی دابه‌شده‌کرد به‌سه‌ر هه‌موواندا. نایهویست که‌س و هیچ شتێک بێ به‌ری بکات له مه‌رگه‌ساته‌که‌ی، شێخ و مسکێن، هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ندی پێکه‌وه به‌رده‌دایه‌وه سه‌ر زه‌وی، ناو کێڵگه، ڕوباره‌که، وێشومه‌ی مه‌رگه‌که به ناو کۆڵانه‌کان گۆپتهدا غلۆر بوه‌وه بۆ ده‌م زێیه‌که. ته‌نه‌که‌ی ئاو و کچۆڵه‌ی تازه هه‌ڵچوو، دایک و منداڵ، که مه‌مکی دایکی به ده‌مییه‌وه بوو پێکه‌وه ده‌یانی دا به زه‌ویدا. پشیله‌و سه‌گ و که‌ر و کۆتر و مه‌ڕ بزن..... هتد، هیچیانی بێ به‌ری نه‌کرد له کاره‌ساته‌کان خۆی، هه‌موویانی له‌گه‌ڵ زه‌ویدا جووتکرد.

خه‌ڵکێکی زۆر له‌سه‌ر کێڵگه‌و مه‌زراکانیان به ده‌ور یه‌کدا مردن،  له کاتێکدا  هه‌ندێکیان خه‌ریکی کشتوکاڵی بوون. هه‌ندێک که‌سی دیکه  که‌وتنه زێیه‌که‌وه، زێیه‌که  زیادیکردبوو، چ ئاوه‌که له دوکانه‌وه به نه‌خشه بهردرابوهوه، ڕژێم هه‌رده‌م له‌کاتی هێرشه‌کانی بۆسه‌ر ناوچه‌که، پێشتر ئاوه‌که‌ی به‌رده‌دایه‌وه، تاکو پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که نه‌توانن ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر بکه‌ن به که‌ڵه‌که دارینه‌کان، دواتر چه‌ندین لاشه له ڕوباره‌که دۆزرانه‌وه، (( هه‌ندێکیان ده‌م و چاویان ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕابوو به دووکه‌ڵ داپۆشرابوو، ئه‌وانی تر ئاسایی بوون، به‌ڵام ڕه‌ق بووبوون، من دایکێکم بینی مه‌مکی له ده‌می کۆرپه‌که‌یدا بوو  و له‌و دۆخه‌دا ڕه‌ق بووبوو  - جینۆساید له عێراقدا، په‌لاماری ئه‌نفال بۆ سه‌ر کورد، وه‌رگێڕانی سیامه‌ند موفتی زاده، سلێمانی  ل313 ساڵی 1999)). لیستێکی « 109 قوربانی کیمیاوی، 264 ئه‌نفالکراو» ناوی وه‌ک قوربانیانی گوندی گۆپته‌په پێشکه‌شکرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار