شەش مانگە مووچەی ٢٠٠ کرێکاری دوو نەخۆشخانەی سلێمانی نەدراوە

کۆمپانیایەک کەخراوەتە لیستی ڕەشەوە لەکارکردن بەردەوامە بەبێ ئەوەی مووچەی پاککەرەوەکانی بدات

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی، شاناز حەسەن

کۆمپانیایەک کە ماوەی ساڵێکە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە خراوەتە لیستی ڕەشەوەو تائێستاش لەکارکردن بەردەوامە و موچەی شەش مانگی نزیکەی ٢٠٠ کارمەندی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکانی شار و منداڵبوونی سلێمانی نەداوە.

کۆمپانیاکە ناوی (وەرزی خەزانە) و تایبەتە بە کاری پاککەرەوە و گواستنەوەی کەلوپەل و کاری ئوتێلەوانی و دابینکردنی خۆراک/سنوردار) لەمانگی نیسانی ساڵی رابردوودا لەلایەن لیژنەی تۆمار و پۆلێنکردنی بەڵێندەران بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک خراوەتە لیستی رەشەوە، بەهۆی پێشکەشنەکردنی بارمتەی یاسایی و واژۆنەکردنی گرێبەست لەماوەی دیاریکراودا.

شیلان کارمەندێکی پاککەرەوەیە لە یەکێک لەو نەخۆشخانانەی کە سەر بە کۆمپانیای وەرزی خەزانە، ماوەی شەش مانگە موچەی وەرنەگرتووە و لەکارکردن بەردەوامە، بەڵام ناتوانن ناڕەزایی دەربڕن و وتی «هەڕەشەی ئەوەمان لێدەکەن کە لەکار دەرمان دەکەن».

شیلان ناوی خوازراوی ژنێکی تەمەن ٤٨ ساڵە، داوای کرد ناوی تەواوی نەهێنرێت چونکە بەپێی وتەی خۆی، هەڕەشەی لێکراوە قسە لەسەر ئەو بابەتە نەکەن.

ئەو ژنە کرێچییە و منداڵێکی نەخۆشی درێژخایەنی هەیە، وتی «هاوسەرەکەم رۆژ تا ئێوارە بە عەرەبانەیەک شتی وردە دەفرۆشێت، منیش بۆ هاوکاریکردنی دووساڵە بەو زروفە ناخۆشەوە ئەم کارە دەکەم، منداڵی نەخۆش جێدەهێڵم، ئاواش موچەکەم پێنادەن».

ئەم ژنە باسلەوە دەکات، کە چەندین جار داوای هەقی خۆیان کردووە، هەر جارەی بە هۆکارێک بەڕێیان کردون و بێدەنگیان کردوون. «رۆژێک تا کاتژمێر یەک مانمان گرت، وتیان کاربکەنەوە پێنج شەممە موچەتان پێدەدرێت، بەڵام ئەوە سێ پێنج شەممە هات و ڕۆیشت هەر دەنگیان نەبوو».

ئەوەی کە زۆرتر خەمی ئەم ژنەیە ئەوەیە کە پێیان وتوون ئەم کومپانیایە دەڕوات و کۆمپانیایەکی تر دێت و کارمەندی تایبەتی خۆی هەیە، لەکاتێکدا کارمەندی وایان هەیە دەساڵە لەگەڵ ئەم کۆمپانیایە کاری پاککردنەوە دەکات».

شیلان وتی «ئێستا سەرباری ئەوەی موچەم نییە، مێردەکەم رۆژانە دەبێت وەک منداڵ کرێ پاسەکەشم پێبدات بۆ هاتووچۆم».

کرێکارەکانی کۆمپانیاکە لە هەردوو نەخۆشخانەی شار و منداڵبوونی سلێمانی کاری پاککەرەوە دەکەن.

کاوە مستەفا خاوەنی کۆمپانیای وەرزی خەزان، لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی هۆکاری پێنەدانی موچەی کرێکارەکانی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی «رەزامەندی» و  وتی «لەئێستادا موافەقەتەکە تازە دەکرێتەوە، لەماوەی ١٠ڕۆژی تردا موچەکەیان بۆ سەرفدەکرێت».

باسی لەوەشکرد، هەموو کارێک بە شێوەی گرێبەست دەکرێت، گرێبەستی ساڵێک بۆ کرێکارەکان دەکرێت و دواتر بۆیان درێژدەکرێتەوە «کۆتا درێژکردنەوە پێویستی بە ئەنجومەنی وەزیران دەکرد کە لەوێش چەند مانگێی پێدەچێت بۆیە دوا کەوتووە».

کاوە مستەفا جەختی لەوەش کردەوە کە لەئێستادا موافەقەت کراوە و لە ماوەیەکی کەمدا موچەکەیان پێدەدرێت، وتیشی «تەندروستی موافەقەت بکات هەموو موچەکانیان پێکەوە پێدەدرێت، ئەوە لە دەست تەندروستیدایە، پشگیریمان بۆ بکات هەمووی پێکەوە دەدەین».

باسی لەوەش کرد کە کارکردنی کۆمپانیای خەزان تەواو بووە و لەئێستادا دراوەتە کۆمپانیای نۆکان و لەمەو دوا ئەو کۆمپانیایە کارەکان دەکات.

تەنها لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی ٧٠ کارمەندی سەر بەو کۆمپانیایە رۆژانە کاری پاککەرەوە دەکەن و لە چاوەڕوانی پێدانی موچەکانیان رۆژ دەژمێرن.

شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتی «چەندینجار لەپێناو هەقی ئەم کارمەندانە شەڕمان کردووە و تاگەیشتووەتە ئەو کاتەی کە ناهێڵین بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بێتە نەخۆشخانەکە».

جەختی لەوەش کردەوە بەشی یاسایی تەندروستی سلێمانی تەئکیدی لەوە کردووەتەوە کۆمپانیای وەرزی خەزان «خیتاب زەمان»ی هەیە و وتی «یەک دیناری هیچ کارمەندێک نافەوتێت».

جگە لە نەخۆشخانەی منداڵبوون، ١٢٠ کارمەندی ئەو کۆمپانیایە لە نەخۆشخانەی شار کاری پاککەرەوە دەکەن و بەهەمان شێوەی کارمەندانی نەخۆشخانەی منداڵبوون موچەکانیان پێنەدراوە.

ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار،بە هاوڵاتی وت «پێویستە ئەو کۆمپانیایە پەیوەست بێت بە گرێبەستەکەیەوە بە هەندێک مەرجەوە وەک هێنانی مەوادی پاککەرەوە و کارمەندی پێویست بۆ پاککردنەوە کە رۆژانە ئامادەبن، تائێستا رۆژ نەبووە کە ٥٠ کارمەند ئامادە بووبێت بۆیە بەردەوام کێشەیان هەبووە لەگەڵیدا»

لەبارەی موچەی کارمەندەکانیشەوە وتی «زۆر هەوڵمان داوە و وتویانە ئەم کومپانیایە ئیفلاسی کردووە، لە حکومەتدا سەرفی پارە هەر دوادەکەوێت بۆیە ئەرکی کۆمپانیاکەیە کە تا شەش مانگ موچەی کارمەندەکان بدات.

ئومێد عەلی وتیشی» ئەم کۆمپانیایە خێل و خواری زۆری هەیە، بۆیە حکومەتیش پارەکەی دواخست بێت هەقیەتی».

بەپێی نوسراوێکی نەورۆز مەولود وەزیری پلاندانان بە وەکالەت کە لە 3/6/2018 دەریکردوە، کۆمپانیاکەی خستۆتە لیستی ڕەشەوە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک ئەوەش بەهۆکاری پێشکەش نەکردنی بارمتەی یاسایی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاکە بەردەوامە لەکارکردن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار