یەبەشە: بەغدا داوای نەکردووە شنگال جێبهێڵین

فەرماندەی هێزەکانی یەبەشە بۆ ‌هاوڵاتی: پەیوەندیمان لەگەڵ سوپا زۆرباشە بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ پێشمەرگە زۆر لاوازە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فەرماندەی هێزەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوپا و هێزە عێراقییەکان زۆرباشە و هەماهەنگی تەواو لەنێوانیاندایە، بەڵام پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پێشمەرگە زۆر لاوازە و هیچ داوایەکیشیان لێنەکراوە بۆ بەجێهێشتنی شنگال.

لەدوای هێرشەکانی داعش لەساڵی ٢٠١٤ بۆ سەر موسڵ و شنگال، یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال کە بە نزیک لە پەکەکە دادەنرێن لە شنگال دامەزرا، بە مەبەستی پاراستنی ئێزیدییەکان کە ژمارەیان هەزاران شەڕڤان دەبن و بەشی زۆریان ئێزیدین. لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگال و دەرهێنانی لەدەست داعش، لەلایەن پێشمەرگەوە بە پاڵیشتی هاوپەیمانان لە ١٣ی مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٥دا، چەندین هێز لە شنگال جێگیربوون، لەناویاندا پێشمەرگە و یەبەشەە کە لەسنوری ئەو ناوچەیە جێگیربوون.

لە ئازاری ٢٠١٧دا شەڕ و پێکدادان لە بازگەیەکی ناوچەی خانەسۆری نزیک سنونێ سەر بە شنگال، لەنێوان یەبەشە و پێشمەرگە روویدا و بەهۆیەوە چەند کەسێک لەهەردوو گیانیان لەدەستدا و برینداربوون. دوای کشانەوەی پێشمەرگە، بەهۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، یەبەشە پارێزگاری لە مانەوەی خۆی کرد لە سنوری شنگال، لەکاتێکدا هێزە عێراقییەکانی وەکو سوپا و حەشدی شەعبیش لەو سنورە جێگیربوون.

سەعید حەسەن فەرماندەی هێزەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال، لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی باس لەوەدەکات، رەوشی شنگال ئێستا بەشە شارەکە ئارامە، ئەو هێزانەی کە لەشارەکەدان وەکو یەبەشە و هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی هاریکاری باش لەنێوانیاندا هەیە، هیچ کێشەیەک لەرووی ئەمنییەوە، بوونی نییە و بەگشتی رەوشەکە باشە.

مانگی ئازاری ئەمساڵ چەند جارێک پێکدادان لەنێوان هێزەکانی یەبەشە و سوپای عێراق روویدا و زیانی گیانی لەهەردوولا لێکەوتەوە، ئەوەش رەوشی ئەو ناوچەیەی رووبەرووی گرژی و نائارامی کردەوە، لەکاتێکدا هێشتا ئاسەواری داعش لەو سنورە بەتەواوی نەسڕدراوەتەوەو بەشێکی دانیشتوانە ئاوارەکەی هێشتا نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانیان.

 سەعید حەسەن وتی «پێشتر چەند پێکدادانێک لەنێوان یەبەشە و هێزە عێراقییەکان، هەروەها لەنێوان هێزە عێراقییەکان و پۆلیسدا روویداوە، کە بەهۆی لێکتێنەگەیشتنەوە بووە، هەرچەندە شەهید و برینداریان لێکەوتەوە، بەڵام پێکدادانەکان بە ئیعاز نەبووە».

دوای پێکدادانەکان سوپای عێراق هێزێکی زۆری رەوانەی شنگال کرد، هەروەها عوسمان غانمی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی، گەیشتە شنگال و لەگەڵ فەرماندەکانی یەبەشە کۆبووەوە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرژییەکان. غانمی لەسەردانەکەدا جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت و هەڕەشەی ئەوەشیکرد کە بەدەستێکی ئاسنین لە هەر کەسێک دەدەن کە هێرش بکاتە سەر هێزە عێراقییەکان.

سەعید حەسەن باسی لەوەکرد «دوای سەردانی عوسمان غانمی، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی نەینەوا کە من خۆم چاوم پێیان کەوت و رەوشەکەم بۆ رونکردنەوە، کێشەکان چارەسەر بوون، پێموتون کە یەبەشە هێزێکی بەرگری ئێزیدییەکانە، ئەوانیش وتیان ئەوە دەزانن کە سوپا و پێشمەرگە بەرگرییان لە شنگال نەکرد لەکاتی هێرشەکانی داعشدا و یەبەشە بەرگری کرد و شەهید و برینداریدا کە ئێستا بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق».

وتیشی «ئەوان داوایانکرد، جارێکی تر ئەو کێشانە دووبارە نەبێتەوە، هاوکاریی لە نێوانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ئەو کێشانە دووبارە نەبنەوە، هەردوولا بەڵێنمانداوە کە ئەو کێشانە دووبارە نەبنەوە، بەرپرسانی سوپای عێراق وتیان کە یەبەشە هێزێکی بەرگری عێراقییە و نابێت ئەو کێشانە رووبدەنەوە».

سەعید حەسەن دەڵێت یەبەشە بەشێکە سەر بە هەیئەتی حەشدی شەعبی و ئاسایشی نیشتیمانی و هاریکارییەکان لە رێگەی ئاسایشی نیشتیمانییەوەیە کە فالح فەیاز سەرۆکایەتی دەکات.

دوای پێکدادانەکان، چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی باسیان لەوەکرد، کە بەغدا داوای لەیەبەشە کردووە شنگال جێبهێڵێت، بەڵام فەرماندەی هێزەکانی یەبەشە جەختیکردەوە، هیچ داوایەکیان لێنەکراوە بۆ کشانەوەی یەبەشە لە شنگال و هیچ شتێکی لەو شێوەیە نەبووە، «هاریکاریی لەسەدا سەدمان هەیە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان، دوای کشانەوەی پێشمەگە و هاتنی هێزە عێراقییەکان ئەو هێزانە لە نزیک ئێمە جێگیربوون کە بە بڕیارێکی دەوڵەتی عێراق هاتوون».

ئەوەشی خستەڕوو، کاتی هاتنی هێزە عێراقییەکان ٦٥ کیلۆمەتر لە نێوان سنوری سوریا و عێراق لەژێر دەستی یەبەشەدا بوو، دواتر عێراق بڕیاریدا هێزی پاسەوانی سنوری تێدا بێت و ئەوانیش رادەستی سوپایان کرد، ئەوکات کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران بوو سوپاسی یەبەشەی کرد، بۆ پاراستنی سنوری عێراق.

سەرباری ئەو پەیوەندییە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان، هێزەکانى یەبەشە پەیوەندییان لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە نییە و هیچ لایەکیان هێزەکەى دیکە قبوڵناکات.

فەرماندکەى یەبەشە دەڵێت «پەیوەندییمان لەگەڵ هێزەکانی پێشەرگە زۆر لاوازە، ئەوان بەتایبەتی پارتی پێشمەرگەی یەبەشە قبوڵ ناکەن، تەنانەت هەندێک شەڕڤان کە کەسوکاریان لەکەمپەکانی هەرێمن لەلایەن ئاسایشەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، کاتێک سەردانی کەسوکاریان دەکەن».

 باسى لەوەشکرد، پێشتر پەیوەندییان هەبوو لەگەڵ پێشمەرگە لەسەر ئاستی فەرماندەکان، بەڵام بەداخەوە رووداوەکانی خانەسور روویاندا، ئەوان یەبەشە قبوڵ ناکەن وەک هێزێک. نایانەوێت دانوستان لەگەڵ یەبەشە بکەن بۆ ئەوەی باسی پەیوەندی و هاریکاریی نێوانیان بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار