پارتەکەی ئەردۆغان هەدەپەو جەهەپە دەخاتە ژێر کۆڵێ قەرزی کەمەرشکێنەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە) قەرزێکی زۆری شارەوانیەکانی جێهێشتووە بۆ هەریەکە لە جەهەپەو پارتی گەلانی دیموکراتی (هەدەپە) کە براوەی شارە کوردیەکانەو لە هەڵبژاردنی بەهاری ئەمساڵدا، ئەو دوو حزبە ئۆپۆزسیۆنەش ئەو قەرزە زۆرانە بە «پیلان» لەدژیان ناودەبەن.

ئەگەرچی لەهەڵبژاردنی پێشووتردا هەدەپە زۆرینەی ئەو شارەوانیانەی بردەوە بەڵام حکومەتی تورکیا بە تۆمەتی پەیوەندی سەرۆک شارەوانیەکان بە پەکەکەوە زۆرێکیانی دەستگیرکردو لەسەر کار لایبردن و لە شوێنەکانیان کەسانی سەر بە پارەی دادو گەشەپێدانی لەجیگەیان دانا کە پێیان دەوتریت قەیوم.

لەماوەی نزیکەی سێ ساڵی دەستبەکاربوونیان قەیومەکان قەرزی کەمەرشکێنیان بەجێهێشتووە بۆ سەرۆک شارەوانییە نوێکان، هەدەپە پێیوایە ئەمە «موئامەرەیەکە» لێیان دەکرێت لەکاتێکدا جەهەپە بەهەدەردانی سامانی گشتی ناوی دەبات.

هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ٣١ی مارسی تورکیا بەڵگەی ئەستۆپاکی هەدەپە بوو کاتێک زۆربەی ئەو شارەوانیانەی بردەوە کە پیشتر لەلایەن حکومەتەوە سەرۆکەکانی لابراو لەجیاتی راسپێردراوی حکومی خرایە جێگەیان.

شارەوانییە نوێکانی هەدەپە دوای دەستبەکاربوونیان ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە قەرزێکی ئەوەندە زۆر لەسەر شارەوانییەکانە کە وای بۆدەچن ئەمە موئامەرەیەک بێت تا نەتوانن ئەو شارەوانییانە بەڕێوە ببەن. هەدەپە سێ شاری گەورەی بردەوە و زۆرینەی لە هەشت پاڕێزگا بەدەستهێنا لەگەڵ دووبارە بردنەوەی کۆمەڵێکی زۆری ئەو شارۆچکانەی کە لەلایەن ڕاسپێردراوە حکومیەکانەوە وەرگیرابوو کە لایەنگرە دڵسۆزەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغانن.

لەساڵی ٢٠١٦دا حکومەت دەستیگرت بەسەر  ٩٥ شارەوانی هەدەپە لەو ١٠٥ شارەوانییەی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ بردبویەوە، بەبیانوی ئەوەی سەرۆک شارەوانییەکان پەیوەندیان هەبووە بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە.

پاڕێزگای وان لەڕۆژهەڵاتی تورکیا یەکێک بوو لەو پارێزگایانەی هەدەپە کە لەلایەن ڕاسپێردراوانی ئەردۆغانەوە دەستی بەسەرداگیرا لە ٢٠١٦دا. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەدەپە بێت، لەماوەی تەنها سێ ساڵ لەبەڕێوەبردنی پارێزگای وان لەلایەن ڕاسپێردراوانی ئەردۆغانەوە، قەرزی پارێزگاکە لە پەنجا ملیۆن دۆلارەوە گەیشتوەتە ٢٠٨ ملیۆن دۆلار.

هاوسەرۆکی شارەوانی نوێی  وان لەسەر لیستی هەدەپە، بەیدا ئۆزگۆکچە ئەرتان، ئەوەی راگەیاند کە ئیدارەی نوێ ناچارە دانەوەی قەرز بکاتە کارە لەیەکەمینەکانی و دەبێت بەوردی هەڵسەنگاندن بۆ بودجەکەی بکات تا وای لێبێت کەمترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکات.

بەهەمان شێوە، بەرپرسانی هەدەپە ئەوەیان ئاشکراکردووە کە شارۆچکەی دێریکا لە باشوری ڕۆژهەڵاتی پاریزگای ماردین، بە دوو ملیۆنو 500 هەزار دۆلار قەرزەوە بەجێهێڵراوە ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئیدارەی نوێ نەیتوانیوە ئەو 32 هەزار دۆلارەی لە سندوقدایە بەکاری بهێنێت. مولکییە ئەزمەز هاوسەرۆکی شارەوانی دێریکا ڕایگەیاند «ئێمە تەنانەت پارەی چاپکردنی بەڵگەنامەیەکمان نییە بۆ بە فەرمی کردنی بۆنەیەک.»

قەرزی خودی شارەوانی ماردینیش ئەوەندە زۆرە کە هاوسەرۆکی نوێی شارەکە، ئەحمەد تورک، پێیوایە بە ئەنقەست ئەم قەرزانە کراوە بۆ ئەوەی ببێتە بەربەستێک بۆ ئیدارەی نوێی هەدەپە. وتیشی، «شارەوانییەکەیان لە دۆخێکی وادا بەجێهێشتوە وەک ئەوەی بیانەوێت کە ئێمە نەتوانین هیچ کارێک بکەین و ڕای گشتی بوروژێنن لێمان.»

ئەحمەد تورک پێشتریش ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە کاتێک شارەوانی ماردینیان رادەستی ڕاسپێردراوەکەی ئەردۆغان کرد، 15 ملیۆن و 593 هەزار دۆلاری کاش لەخەزێنەدا هەبوو لەگەڵ ملیۆنێک و 240 هەزار دۆلاری قەرز، بەڵام دوای ٣٠ مانگ لە دەستبەکاربوونی ڕاسپێردراوەکەو وەرگرتنەوەی شارەوانییەکە لەلایەن هەدەپەوە، قەرزەکان بونەتە 20 ملیۆن و 681 هەزار دۆلار.

هەمان بارودۆخ رووبەڕووی هەدەپە بوەتەوە لەو پارێزگاو شارۆچکانەی تریش کە  دووبارە لە ٣١ی مارسدا بردینیەوەو زۆربەی بەڕێوبەرە نوێکان دەڵێن بڕێکی زۆری پارە بەهەدەردراون.

دیاربەکر کە گەورەترین شاری کوردییە بە ١٣ ملیۆنو 900 هەزار دۆلار قەرزەوە ڕادەستی  ئیدارەی نوێی هەدەپە کراوە لەگەڵ ٤ ملیۆن 500 هەزار دۆلار بۆ پرۆژەی گشتی تەندەرو زیاتر لە ٤ ملیۆن دۆلاری تر بەناوی سەرۆک شارەوانییە ڕاسپێردراوەکەی حکومەتەوە براوە.

لەو قەرزەی لەسەر شاری دیاربەکر هەیە، یەک ملیۆن 170 هەزار دۆلار بۆ پلانەکانی وەزارەتی خانەوادەو کۆمەڵایەتی و ٤٩٢ هەزار دۆلار لەکردنەوەی باڵەخانەیەکی گەورەی ئایینیدا خەرج کراون. هاوسەرۆکی نوێش، بەلگین دێکەن، ئەوەی ئاشکراکرد کە نزیکەی ١٣1 هەزار دۆلار لەخەزێنەی شارەوانی بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردنی پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە) خەرج کراوە.

لەشارۆچکەی سوری سەر بەپارێزگای دیاربەکر، ڕاسپێردراوە حکومییەکە بە بەهای ٧ هەزارو 469 دۆلار مۆبیلیاتی بەخشیوەتە بنکەیەکی سەربازی و هەروەها لە پارێزگای جەزیرە کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە، پارەی شارەوانی بۆ پەڕاوگەو مۆبیلیات و خەرجی پاککردنەوەی سەرۆکی شارەوانی سەرفکراوە و تەنانەت بۆ خەرجییەکانی سەرتاشی پۆلیسی ناوخۆش لەپارەی شارەوانی براوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بێت، هاوسەرۆکانی نوێی شارەوانی لجێ (لیجە)ی سەر بە پارێزگای دیاربەکر ئەوەیان ئاشکراکردووە، ڕاسپێردراوە حکومییەکەی پێشوو بە نزیکەی ٥٨٦ هەزار دۆلار قەرزەوە شارەوانییەکەی رادەستی ئەوان کردووە. لەمانگی شوباتی ٢٠١٧دا ڕاسپێردراوەکەی ئەردۆغان وەک سەرۆکی شارەوانی لجێ دەستبەکاربوو بەبێ بوونی هیچ قەرزێک و تەنانەت لەو کاتەدا شارەوانییەکە ملیۆنێک و 236 هەزار دۆلاری لەخەزێنەدا هەبووە. تاریق مەرجان و روکەن یەڵماز کە لە ١٥ی نیسانی ٢٠١٩  وەک سەرۆکی شارەوانی دەستبەکارن لەشارۆچکەی لجێ ئەوەیان راگەیاند کە شارەوانیەکەیان ٥٨٦ هەزار دۆلار قەرزاری  بانکی ئیل و زیرەت و دامەزراوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتین.

سەرۆکە نوێکەی شاری هەکاریش، عیرفان ساری، ئاشکرایکرد کە ١١١ ملیۆن دۆلار قەرز لەسەر شارەوانیەکە هەیە کە لەوادەی دەستبەکاربوونی ڕاسپێردراوەکەی حکومەت کەڵەکە بووە. 

ڕاپۆرتێکی سایتی ئەحواڵ ئەوە دەردەخات کە سەرۆک شارەوانییە براوەکانی پارتی ئۆپۆزسیۆن، جەهەپە، لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە ڕەنگە پەیشیمان بن لەبردنەوەی هەڵبژاردنەکان لەو شارانەدا بەهۆی ئەو قەرزە کەڵەکەبووە زۆرەی لەسەر ئەو شارانە هەیە. ڕاپۆرتەکە سەرەکیترین هۆکار دەخاتەڕوو بۆ ئەم قەرزە کەمەرشکێنانە، ئەویش بەهەدەردان و زیاد خەرجکردنە. بنیادنانی پڕۆژەی زەبەلاح  بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەم پرۆژانە سوودو قازانجیان هەبێ بۆ خەڵک. هەروەها لەگەڵ ئەوەی ئەم شارانە لەژێر قەرزێکی زۆردابوون بەڵام ڕاسپێردراوەکانی ئەردۆغان هەر بەردەوام بوون لەبەهەدەردانی سامانی گشتی.

ئەکرەم ئیمامۆغڵۆ لەسەر لیستی جەهەپە لەهەڵبژاردنەکانی ٣١ی مارسدا شاری ئەستەنبوڵی بردەوە و ماوەی سێ هەفتە وەک سەرۆک شارەوانی بەردەوام بوو پێش ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەستنەبوڵ پوچەڵ بکرێتەوە و ئیمامۆغڵۆ لەسەر کارەکەی لاببرێت.

ئیمامۆغڵۆ لەماوەی ئەو سێ هەفتەیەی وەک سەرۆک شارەوانی کاری کردووە هەستی بەهەدەردانێکی لەڕادەبەدەر کردووە. لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد کە ١٣ هەزارو 131 دۆلار خەرجکراوە بۆ سایتی فەرمی شارەوانی ئیستەنبوڵ لەماوەی سێ ساڵدا کە بە بۆچوونی ئەو، بەم بڕە پارەیە دەتوانرێت سایت بۆ هەموو شارەوانییەکانی تورکیا دروستبکرێت.

هەروەها ڕۆژنامەی سۆزجوی نزیک لەپارتی جەهەپە لە راپۆرتێکدا لیستی قەرزی شارە گەورەکانی بڵاوکردووەتەوە کە بەم شێوەیەیە:

ئیستەنبوڵ سێ ملیار دۆلار، ئەنقەرە یەک ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەنتاڵیا ٦٥٦ ملیۆن دۆلار، مێرسین ٥٧٤ ملیۆن دۆلار، ئەدەنە ١٦٤ ملیۆن دۆلار کە کۆی گشتی دەکات ٦ ملیارو ٥٦٥ ملیۆن دۆلار.

ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی خەزێنەو دارایی تورکیا لەئەیلولی ساڵی ٢٠١٨ ئاماری قەرزی هەموو شارەوانییەکانی تورکیای بڵاوکردەوە کەزیاتربوو لە ٣ ملیارو 500 ملیۆن دۆلار.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار