‌به‌ناوى فێربونى پیشه‌وه‌ کار به‌ منداڵانى خوار ته‌مه‌نى یاسایى ده‌کرێت

2019-05-31 18:53:31



 دیمه‌ن ئیسماعیل
ئارام ته‌مه‌نى ده‌ساڵه‌ و ڕۆژانه‌ ڕوده‌کاته‌ بازاڕ بۆ په‌یداکردنى نانى ئێواره‌ى خۆى و خیزانه‌که‌ى له‌ ڕێگه‌ى فرۆشتنى ئاوى خواردنه‌وه‌وه‌.
به‌تایبه‌تى له‌ پشوى هاویندا کارکردن به‌ منداڵان ده‌ست پێده‌کات و ژماره‌ى ئه‌و مندالانه‌ى له‌ بازاره‌کانى گه‌رمیان دا کارده‌که‌ن زۆرترده‌بن.

 به‌شێک له‌و منداڵانه‌ى ئیش ده‌که‌ن به‌ بیانوى فێربونى کار، له‌لایه‌ن خێزانه‌کانیانه‌وه‌ ئیشیان پێده‌کرێت ئه‌مه‌ش له‌کاتێک دایه‌ که‌جارنامه‌کانى مافى مرۆڤ و یاساش رێگه‌ به‌م کاره‌ ناده‌ن.

ئارام به‌و ته‌مه‌نه‌ منداڵیه‌وه‌ و به‌ده‌م ماندوبون و هیلاکیه‌کى زۆره‌وه‌، هاوارى ده‌کرد "ئاو ئاوى سارد..." وتى"ماوه‌ى دوو ساڵه‌ کارده‌که‌م رۆژانه‌ له‌ بازاردا ئاو ده‌فرۆشم".

 وتیشى"ماڵه‌وه‌ش هانم ده‌ده‌ن بۆکارکردن چونکه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌رله‌منداڵیه‌وه‌ فێرى ئه‌وه‌ ببم بژێوى ژیانى خۆم دابین بکه‌م".
به‌شێک له‌و مندالانه‌ى کارده‌که‌ن قوتابین و له‌گه‌ل کارکردنیش دا ئه‌رکى قوتابخانه‌یان جێبه‌جێ ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ش به‌هۆى ده‌تکورتى هه‌ندێک له‌ خێزانه‌کان که‌ ناچارن بۆ بژێوى پونا بۆ منداڵه‌کانیان ببه‌ن، به‌ڵام کارکردن به‌ منداڵان به‌پێچه‌وانه‌ى یاساوه‌یه‌.

رۆژى جیهانى مناڵان له‌ 1ى حوزه‌یرانى هه‌موو ساڵێکدا ده‌کرێته‌وه‌و له‌و یاده‌دا چه‌ندین دروشمى و وته‌ى بریقه‌دار بۆ مناڵان ده‌خرێته‌روو، به‌ڵام هێشتا به‌هۆى خراپى دۆخى ئابوورى و گوزه‌رانى خێزانه‌کانه‌وه‌ به‌شێک له‌ مناڵانى خوار ته‌مه‌نى یاسایى کار ده‌که‌ن.

شاهۆ قادر، ته‌مه‌ن 14 ساڵ، کارى فرۆشتنى کلینسک ده‌کاتو وتى"هه‌ندێک کار ده‌که‌م و هه‌میش ده‌خوێنم، زۆریش حه‌زم له‌ خوێندنه‌، به‌ڵام له‌به‌ر که‌مى ده‌رامه‌تى خێزانه‌که‌م ناچارم کاربکه‌م ".

 به‌پێى جارنامه‌کانى تایبه‌ت به‌ مافه‌کانى منداڵان، منال تاوه‌ک و ده‌گاته‌ ته‌مه‌نى 18 ساڵ، ده‌بێت دایک و باوک وه‌ک و به‌رپرسى خێزانه‌که‌ بژێوى دابینبکه‌ن.

به‌ڵام به‌شێک له‌و مندالانه‌ى کارده‌که‌ن به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌لایه‌ن باوکان و خێزانه‌کانیانه‌وه‌ ره‌وانه‌ى بازارو ئیش کردن کراون.
 سه‌یوان ئه‌حمه‌د، ته‌مه‌ن 13 ساڵ، که‌ له‌سه‌ر جاده‌کان کارى ئاوفرۆشتنى ده‌کرد وتى "باوکم نه‌ماوه‌، له‌لاى مامم ژیان ده‌که‌م به‌زۆر ده‌منێرێ بۆئیش کردن منداله‌کانى خۆى له‌ ماله‌وه‌ داناوه‌ ئیشیان پێناکات".

 هونه‌ر سۆران، ته‌مه‌ن 11 سال له‌ گه‌ل باوکیدا ئیشى کرێکارى ده‌کرد خه‌ریک بو ته‌خته‌ى به‌ده‌ستى باوکى ده‌دا، وتى "ئه‌گه‌ر من ئیش نه‌که‌م کێ ماله‌وه‌ خزمه‌ت بکات". 

باوکى هونه‌ر که‌ له‌گه‌لى بو پێکه‌وه‌ ئیشیان ده‌کرد وتى "بارى دارایمان باش نیه‌ ، دو کورو دو کچم هه‌یه‌ سه‌رچاوه‌یه‌کى داهاتى ژیانمان نیه‌، گه‌ر بێت و کوره‌که‌م ئیشم له‌گه‌ل نه‌کات ناچارى به‌رده‌ستى خه‌لک ده‌بم".

هاوار که‌ریم، توێژه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى هۆکارى ئیشکردنى ئه‌ومنداڵانه‌ بۆناچارى و زۆرلێکردن ده‌گێرێته‌وه‌. ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ منداڵانى خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ به‌هۆى خراپى بارى ئابوورى و نه‌بوونى سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ بژێوى ژیانیان، زۆرلێکردن له‌لایه‌ن ماڵه‌وه‌و خێزانه‌کانیان کارده‌که‌ن.

 ئه‌و توێژه‌ره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا که‌ده‌بێت له‌لایه‌ن حکومه‌ت و رێکخراوه‌کانه‌وه‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت.

به‌پێى جارنامه‌ى جیهانى مافى مرۆڤ که‌ له‌ ساڵى 1948 ده‌رچووه‌، ئیش کردن به‌ منداڵان قه‌ده‌غه‌کراوه‌، ئه‌گه‌ر خێزان نه‌یانگرێته‌ خۆ ئه‌و کات خێزانى دوه‌میان که‌ حکومه‌ته‌ ئه‌رکى خزمه‌تکردن و دابینکردنى ژیانیان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

 خه‌بات ره‌شید، به‌رێوه‌به‌رى نوسینگه‌ى مافى مرۆڤ له‌ گه‌رمیان وتى "کارکردن به‌ مندالانى خوار ته‌مه‌ن 18 سال له‌ روى یاساوه‌ پێشێلکاریه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤ، هه‌روه‌ها ئه‌چێته‌ قالبى بازرگانیه‌وه‌ که‌به‌زۆر ئیش به‌ مندالان ده‌کرێت، جۆرێکه‌ له‌ سوالکردن به‌ زۆر ده‌نێردرێنه‌ سه‌رشه‌قامه‌کان خه‌لک لایان لێبکاته‌وه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که‌ کارکردن به‌ مندالان له‌ ئێستادا به‌ به‌راورد به‌ ساڵانى تر زیادیکردوه‌. 

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ریه‌کانیش وتى "نوسینگه‌ى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ ده‌کرێته‌وه‌، به‌دواداچون بۆ حاله‌تى مندالانى ئیشکه‌ر ده‌که‌ین به‌زۆر ئیشیان پێده‌کرێت، یان به‌ ویستى خۆیان".

 وتیشى "چه‌ندین سکاڵامان له‌رێگه‌ى داواکارى گشتى داوه‌ته‌ دادگا به‌زۆر له‌لایان خێزانه‌کانیان مام یاخود باپیریانه‌وه‌ ئیشیان پێکراوه‌".

 گوڵستان سه‌عید، جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى کۆمه‌لایه‌تى مافى مرۆڤ و ژن له‌ په‌رله‌مانى کوردستان وتى "به‌هۆى ئه‌و کێشانه‌ى روى له‌حکومه‌ت کردوه‌ نه‌مانتوانیوه‌ به‌پێى پێویست کاره‌کانمان ئه‌نجامبده‌ین، به‌ڵام له‌ ئێستادا پلانمان هه‌یه‌و له‌ خولى داهاتو ده‌یخه‌ینه‌ په‌رله‌مان".

گوڵستان سه‌عید به‌ هاوڵاتى وت "ئه‌و کارانه‌ى به‌نیازین بیکه‌ین کردنه‌وه‌ى نوسینگه‌یه‌که‌ بۆبه‌دواداچون بۆ ئه‌و مندالانه‌ى له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان کار ده‌که‌ن ،به‌دواداچون بکه‌ین ئایا بۆچى کاریان پێده‌کرێت؟ هه‌روه‌ها دروستکردنى په‌ناگه‌یه‌ک بۆئه‌و مندالانه‌ى که‌دواى ته‌مه‌نى 18 سالى بێ په‌ناگه‌ن و ئاواره‌ى جاده‌کان ده‌بن".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار