کۆمەڵ: لابردنی پاشگری ئیسلامی بۆ دەنگدەرەکانمان نامۆیە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی:  سەروەر محەمەد

ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، لابردنی پاشگری ئیسلامی لەناوی حزبەکەیان بە «شتێکی نامۆ» دادەنێت بۆ دەنگدەرەکانیان و بە پێویستی دەزانێت زەمینەسازی بۆ بکرێت.

کۆتایی مانگی رابردوو لەساڵیادی راگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامیدا، عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵ لە پەیامێکدا رایگەیاند، لە کۆنگرەی حزبەکەیاندا گۆڕانکاری دەکەن و ئەگەر پاشگری ئیسلامی رێگربێت لەبەردەم ئەوان و ھاوڵاتیاندا لای دەبەن.

ئەو وتانەی عەلی باپیر لەکاتێکدایە، بڕیارە لەمساڵدا کۆمەڵی ئیسلامی کۆنگرە ببەستێت، بەڵام ھێشتا بە دیاریکراوی کاتی بەستنی دەستنیشان نەکراوە.

فاروق عەلی ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتی «ئەوەی مامۆستا عەلی باپیر باسی کردوە سەبارەت بە لادانی پاشگری ئیسلامی لەناوی کۆمەڵی ئیسلامی، وەک نمونەیەک باسی کردوە لەوەی کە ئێمە ئامادەین گۆڕانکاری بکەین لە  ھەرشتێک یاخوود ھەر بەربەستێک کە ببێتە رێگری لە بەردەم گەشەکردنماندا و بۆ ئەوەی ئامانجەکانی کۆمەڵی ئیسلامی بە نەگۆڕی بمێنێتەوە، ئامادەین لای بدەین. ھەروەھا دەمانەوێت دۆخی کۆمەڵ لە باشەوە بگوازینەوە بۆ باشتر».

دوای چەند رۆژێک لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی عەلی باپیر لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند،  گۆڕانکاریی بەسەر فۆڕم‌و مەبەستی لەو قسانە زیاترو چاکتر گەشەپێدان‌و فراوانکردنی ڕۆڵ‌و کاریگەریی ئیسلامییانەی کۆمەڵی ئیسلامییە، نەک دەستەبەرداربوونی بەرنامەو بنەمایەکانی، وەک ھەندێک گومانیان بردوە، مەسەلەی ناو و نیشان‌و ھەبوون ‌و نەبوونی پاشگری (ئیسلامیی) ھیچ کەس «مادام لەئیسلام شارەزابێ» نایبەستێتەوە بەشەرعیی و ناشەرعییەوە.

سەبارەت بە ئەگەری ناڕەزایی ئەندامانی کۆمەڵ لە گۆڕینی پاشگری ئیسلامی، فاروق عەلی باسی لەوەکرد، لەبەرئەوەی  لەرابردوودا بە شێک لەدەنگدەرەکانیان لە سەر ئەو ناوە پەروەردە بوون و ئاشناییەتیان بەو ناوە ھەیە، شتێکی نامۆ ئەبێت بۆیان، «لەبەرئەوە ئەبێت  زەمینە سازی بۆبکرێت و خەڵکی لە سەر رابهێندرێت. ھەر ئیشێکیش کە خەڵک دەقی پێوەگرتبێت، ئیش لە سەر لادانی بکرێت  کاریگەری نەرێنی دروستەکات، دەبێت ھەوڵی راھێنان بکرێت لەسەری».

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمەڵ، دەبوو ئەو حزبە لە ٣١ی ئایاری ئەمساڵدا کۆنگرەی ببەستایە، بەڵام بە وتەی فاروق عەلی بە ھۆی ئەوەی کۆنگرە دەکەوتە نێو مانگی رەمەزانەوە، بڕیاری دواخستنی درا و نەکرا، چونکە کۆنگرە ئامادەکاری دەوێت و ئامادەکارییەکانیش نەکراوە، بەڵام ئەوەی ھەیە کە لە ساڵی ٢١٠٩ دەدا کۆنگرە ئەنجامدەدرێت، بەڵام بەدیاریکراوی کاتەکەی دیارنەکراوە.

دوای جیابوونەوەی لە بزوتنەوەی یەکبوون، کۆمەڵی ئیسلامی لەساڵی ٢٠٠١ دامەزرێنرا و لەو کاتەوە عەلی باپیر ئەمیری ئەو حزبەیە کە خاوەنی حەوت کورسی پەرلەمانی  کوردستان و دوو کورسی پەرلەمانی عێراق.

تا ئێستا کۆمەڵ سێ کۆنگرەی بەستووەو بڕیارە لەمساڵدا کۆنگرەی پێنجەم ببەستێت.

پێش بەستنی کۆنگرەی کۆمەڵ، ئەو حزبە روبەڕووی قەیرانێکی ناوخۆیی بووەتەوە و لەمانگی رابردوودا بەدەیان سەرکردە و ئەندامی کۆمەڵ دەستیان لەکار کێشایەوە و ھۆکارەکەیان بۆ کێشە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە گەڕاندەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار