گۆڕانکاریی لەپێدانی کارەبای نیشتیمانیدا دەکرێت

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی، شاناز حەسەن

وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان لە دوو رۆژی داھاتوودا کۆدەبێتەوە، بەمەبەستی گۆڕانکاریکردن لە خشتەی کارەبای نیشتیمانی، لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا کە خواست لەسەر ئەو وزەیە بەرزدەبێتەوە.

ئومێد محەمەد، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای ھەرێم،  لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتی «بۆ دیاریکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لەوەرزی ھاویندا لە دوو رۆژی داھاتودا کۆدەبینەوە و کاری لەسەر دەکەین».

وتیشی «لەئێستادا ڕۆژانە ١٨ بۆ ٢٠ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێتە ھاوڵاتیان».

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا، تێکڕای بەرھەم ھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا ٣٥٠٠ مێگاواتە، بەڵام خواستی بەکارھێنانی کارەبا ٤٠٠٠ مێگاواتە.

لەمانگی ئازاری ئەمساڵدا و بەھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان، بۆ یەکەمجار ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا گەیشتە ٣٦٠٠ مێگاوات، بەو ھۆیەشەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە ھاوڵاتیان زیادیکرد و بەگشتی لە مانگی ٥ی ٢٠١٩ بە تێکڕا لە ھەموو پارێزگاکان ٢٠ کاتژمێر کارەبا درا بە ھاوڵاتیان.

ساڵانە لەگەڵ ھاتنی وەرزەکانی زستان و ھاویندا خواست لەسەر بەکارھێنانی  کارەبا بەرزدەبێتەوە، بەو ھۆیەشەوە پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە ھاوڵاتیان کەمدەبێتەوە.

پێشتر ئومێد محەمەد بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای ھەرێم بە هاوڵاتی راگەیاندبوو، ئومێد محەمەد وتیشی «بەبەرزبونەوەی پلەی گەرما لە ھەموو وڵات و لە ھەرێمی کوردستانیش خواست لەسەر کارەبا زیاد دەکات، چونکە ئامارەکانی فێنککەرەوە زیاتر بەکاردەھێنرێت، بۆیە بە ئەندازەی ئەو خواستەی ھەیە بەرھەمی کارەبا کەمناکات و وەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆیە ئومێد دەکەین بەپێی پلانەکانمان لە زیادبونی غاز و پارە ھەبێت بۆ سوتەمەنی و بۆ کەموکوڕییەکان ھۆکار دەبن بۆ کاتژمێرەکانی کارەبا».

وەزارەتی کارەبا تا ئێستا چەند رێگایەکی گرتووەتە بەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پێدانی کارەبای نیشتیمانی و زیادکردنی پێدانی کارەبا بە ھاوڵاتیان، ھەروەھا ماوەی چەند مانگێکە سەرقاڵی گۆڕینی سیستەمی کارپێکردنی سەرچاوەکانی وزەیە لەگازوایلەوە بۆ غازی سروشتی، تا بەرھەمهێنانی ئەو وزەیە زیاد بکات.

لە ١٩ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ دا یەکەم پرۆژە بۆ زیادکردنی بەرھەمی غاز لەکێڵگەی کۆرمۆر دەستیپێکردو لەمانگی یانزەی ھەمان ساڵدا تەواو بوو، بەھۆیەوە ٤٠٠ مێگاوات کارەبا زیادیکردووە. قۆناغی دووەم لە کێڵگەی خورمەڵەیە کە ئەویش بە بری (٥٠٠) مێگاوات کارەبا زیاد دەکات. بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کارەبا، پلانی زیادکردنی بەرھەمهێنانی ئەو وزەیە  بەرھەمهێنانی کارەبا بە رێژەی لە ٥٠% زیاد دەکات. ھەروەھا کارەبای بەفیڕۆچوو کە رێژەکەی لە نێوان ٢٥% - ٣٠%ی کارەبای بەرھەمھێنراوە دەگەڕێتەوە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی.

لە ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٥٠٧ ھەزار ھاوبەشی کارەبا ھەیە و لە ئێستادا وەزارەتی کارەبا لە ھەوڵدایە لە رێگەی پێوەری زیرەکەوە سەرجەمیان لە سیستەمێکی زیرەک‌و پێشکەوتوودا کۆبکاتەوە، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بەکارھێنانی وزەی کارەبا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار