26 کەس لە هێرشی حوسیەکان بۆسەر فرۆکەخانەیەکی سعودیە برینداربوون

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بزوتنەوەی حوسییەکانی یەمەن ئەمڕۆ چوارشەممە هێرشێکی ئەنجامداوە بۆ سەر فرۆکەخانەی ئەبحا لە سعودیە و تا ئێستا ٢٦ کەس بریندارن .

ئاژانسی هەواڵی سعودی ئەمڕۆ ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩ بڵاویکردەوە کە حوسییەکانی  یەمەن لە هێرشیکی موشەکیدا فرۆکەخانەی ئەبحایان کردووەتەوە ئامانج  و بووەتە هۆی برینداربوونی ٢٦ کەس.

تورکی ئەلمەلکی، وتەبێژی هاوپەیمانی  عەرەبی ڕایگەیاند کە کاتژمێر ٢ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ موشەکێك کەوتووەتە خوارەوە بۆ ناو هۆڵی پێشوازی فرۆکەخانەکە  و ٢٦ کەسی بریندار کردووە کە سیانیان ئافرەتن و بریندارەکانیش خەڵکی وڵاتی جیاوازن.

ئەلمەلکی وتیشی، "هێرشی سەر فرۆکەخانەکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە حوسییەکان چەکێکی تایبەت و ئاڵۆزیان بەکارهێناوە کە لەئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە بۆ دیاریکردنی جۆرەکەی، هەروەها ڕژێمی ئێرانیش بەردەووامە لە هاوکاریکردنی ئەم بزوتنەوەیە و پاڵپشتیکردنی تیرۆریزم."

هاوکات، کەناڵی مەسیرەی سەر بە حوسییەکان هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە  و ڕایگەیاند کە حوسییەکان هێرشەکەیان ئەنجامداوە بە موشەکی ئاراستەکراو.

ئەم هێرشە  دوای ئەوە دێت کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر حکومەتی سعودیە ڕیاگەیاند کە ٢ فرۆكەی بێ فڕۆکەوانی حوسییەکانیان کۆنترۆڵ کردوە کە ئامانجی هێرشکردنە سەر فرۆکەخانەی سەربازی شا خالید بووە

هێرشەکە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی سعودیەیە بۆ سەر پارێزگای حەججەی یەمەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسیەکاندایە .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار