ئیدارەى خۆسەر دادگاییکردنى چەکدارە بیانییەکانى داعش لەدەرەوەى سوریا رەتدەکاتەوە

ئیدارەکە دەیەوێت لە رێگەى درووستکردنى دادگایەکى نێودەوڵەتییەوە دانپێدانانى نێودەوڵەتى مسۆگەر بکات

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان سورە لەسەر دادگاییکردنى چەکدارە بیانییە دەستگیرکراوەکانى داعش لەناوخۆى سوریا و لەناوچەکانى ژێر دەستیدا بەشێوەیەک کە لەژێر سەرپەرشتى لایەنى نێودەوڵەتى و نەتەوەیەکگرتووەکاندا پرۆسەکە بەرێوەبچێت، ئەوەش بۆ ئەوەى لەو رێگەیەوە دانپێدانانى نێودەوڵەتى بە بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر بەدەستبهێنن.

دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى دوایین پێگەى داعش لە باغۆزى سوریا لە ٢٣ى ئازارى رابردوودا، بەهەزاران چەکدارى بیانى داعش خۆیان رادەستى هێزەکانى سوریاى دیموکرات کرد و لەو کاتەوە لە زیندانەکانى ئەو هێزانەدان.

بەپیێی ئامارەکان، لهشهڕى کۆنتڕۆڵکردنهوهى باغۆزدا، نزیکهى 70 ههزار چهکدارى داعش و خێزانهکانیان، خۆیان رادهستى شهڕڤانانى ههسهده کردووه و زیندانى کراون، تائێستاش دیار نییه ئهو پرسه چۆن چارهسهر دهکرێت.

ئەو چەکدارانە خەڵکى ٤٤ وڵاتى جیاجیان وەکو ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و چەندین وڵاتى دیکە و لەسەرەتاى دەرکەوتنى داعش لەساڵى ٢٠١٤ەوە پەیوەندییان بەو رێکخراوەوە کردوە و چونەتە سوریا و عێراق و بەشدارییان لەشەڕ و روبەڕوونەوەکانى ئەو رێکخراوەدا کردووە.

ئیدارەى باکور و رۆژئاواى سوریا چەندین جار داواى لەو وڵاتانە کردووە کە هاوڵاتییەکانیان بگەڕێننەوە، بەڵام بەشى زۆریان ئەوەیان رەتکردووەتەوە. هەروەها ئیدارەکە داواى دروستکردنى دادگایەکى نێودەوڵەتى کردوە لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیدا بۆ دادگاییکردنى ئەو کەسانە، بەڵام هێشتا رەزامەندى لەسەر ئەو داوایە دەرنەبڕدراوە.

مانەوەى ئەو هەزاران چەکدارە لەناو زیندانەکانى رۆژئاواى کوردستاندا بارێکى قورسى لەسەر شانى ئیدارەکە دروستکردووە، بەتایبەت کە ئەو چەکدارانە ژمارەیەکى زۆر ژن و منداڵیان لەگەڵدایە.

بەپێی ئامارەکان، لەچەند کەمپێکى ژێر دەستى ئیدارەى باکور و رۆژئاواى کوردستاندا، کە دیارترینیان کەمپى هولە، ١٢ هەزار بیانى تێدایە، کە  لە چوار هەزار ژن و هەشت هەزار منداڵ پێکهاتوون و لەژێر رێوشوێنى ئەمنى توندا هیڵراونەتەوە، جگە لەو عێراقیانەى لەو شوێنانە هێڵراونەتەوە

هۆشەنگ دەروێش ئەندامى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات (مەسەدە) باڵى سیاسی هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) کە پێکهێنەرى سەرەکى ئیدارەى خۆبەرێوەبەرى رۆژئاواى کوردستانە لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی جەختیکردەوە کە ئیدارەى خۆسەر سورە لەسەر دادگاییکردنى چەکدارە بیانییەکانى داعش لەدادگایەکى نێودەوڵەتیدا بەسەرپەرشتى نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنى نێودەوڵەتى کە لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیاندا دابمەزرێنرێت.

ئیدارەى باکور و رۆژئاواى سوریا بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسە وەفدى رەوانەى چەند وڵاتێکى ئەوروپى کردووە تا رەزامەندى لەو بارەیەوە وەربگرێت و هاوکاربن بۆ دروستکردنى ئەو دادگایە، بەڵام تائێستا هیچ وڵاتێکى رەزامەندى لەو بارەیەوە نیشان نەداوە.

هۆشەنگ دەروێش باسى لەوەکرد، شاندەکان لەکارەکانیان بەردەوامن و دانوستان لەو بارەیەوە دەکەن، یەکێک لە شانەکانیش لەگەڵ فەڕەسنا تاوتویی ئەو پرسەیان کردووە، بەڵام دروستکردنى ئەو دادگایە پێویستى بە رەزامەندى هەموو وڵاتان هەیە، بۆ ئەوەى شەرعیەتى نێودەوڵەتى هەبێت.

تائیستا زۆربەى وڵاتان هەڵوێستى خۆیان لەو بارەیەوە نیشان نەداوە، بەڵام هەفتەى رابردوو وهزیری دادی فهڕهنسا رایگەیاند، رەنگە دادگاى نێودەوڵەتى تایبەت بە دادگاییکردنى بیانییەکانى داعش لە عێراق دروستبکرێت نەک لە سوریا.

نیکۆل بێلوبێت بە میدیاکانى وڵاتەکەى راگەیاندووە، لەگەڵ هەریەکە لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا گفتوگۆ دەکەن لەبارەى دروستکردنى ئەو دادگایە، بەڵام بەربەستى زۆر هەیە لەو رووەوە.

وتیشى پێویستە لەسەرەتادا رێوشوێنەکانى تایبەت بە قەدەغەکردنى سزاى لە سێدرەدان لە عێراق جێبەجێ بکرێت و پێویستە عێراق لەو بارەیەوە هەنگاو بنێت و دروستکردنی دادگایهکی لەو شێوەیە ماوەیەکی زۆرى پێویستە.

بهمهبهستى دروستکردنى دادگایهکى نێودهوڵهتى، ئیدارهى باکورى سوریا لیژنهیهکى پێکهێناوه و داواکهیان خستووهته بهردهم نهتهوه یهکگرتووهکان، بهڵام تا ئێستا بهفهرمى وهڵام نهدراونهتهوه.

ئیدارەى باکور و رۆژئاواى سوریا دژى دروستکردنى ئەو دادگایەیە لەعێراق و هەر وڵاتێکى دیکە و جەختدەکاتەوە کە دەبێت لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى ئەو دروستبکرێت، بە پاساوى ئەوەى ئەو چەکدارانە لەو وڵاتە تاوانیان ئەنجامداوە و هەر لەوێ دەستگیرکراون یان خۆیان رادەست کردووە.

هۆشەنگ دەروێش باسى لەوەکرد، بەپێی یاسا، ئەوانەى تاوانیان کردوە دەبێت لەو شوێنە دادگایی بکرێن کە تاوانیان لێکردوە، چەکدارە بیانییەکانى داعشیش لە سوریا تاوانیان کردوە، بۆیە دەبێت لەوێ دادگایی بکرێن و بە سزاى خۆیان بگەیەنرێن، نەک لە عێراق و هەر وڵاتێکى دیکە.

لەپاڵ خواستى ئیدارەى خۆسەر بۆ دادگاییکردنى ئەو چەکدارە بیانییانە، ئیدارەکە دەیەوێت لەو رێگەیەوە جۆرێک لە شەرعیەتى نێودەوڵەتى بۆ ئیدارەکەى دەستبەر بکات کە لەدواى سەرهەڵدانى قەیرانى سوریاوە دامەزراوە و کۆنتڕۆڵى سێ یەکى خاکى سوریاى بەدەستەوەیە.

بەرپرسەکەى مەسەدە وتى «دروستکردنى دادگاى نێودەوڵەتى بە رەزامەندى وڵاتان و سەرپەرشتى لایەنى نێودەوڵەتى و نەتەوەیەکگرتووەکان، جۆرێک لە دانپێدانان بە ئیدارەى خۆبەڕێوەبەریدا، ئەوەش بۆ ئێمە پرسێکى گرنگە».

بەدریژایی شەڕى دژى داعش تا کۆنتڕۆڵکردنى دوایین پێگەى ئەو رێکخراوە لە باغۆز، هێزەکانى سوریاى دیموکرات بەپاڵپشتى راستەوخۆى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش و ئەمریکا لەشەڕدا بوون دژى ئەو رێکخراوە و تا ئیستاش پەیوەندییەکانیان بەردەوامن، بەڵام دیار نییە بە دروستکردنى دادگایەکى نێودەوڵەتى لەژیر دەسەڵاتى ئەواندا رازى دەبن یان نا، تا ئیدارەکەیان جۆرێک لە شەرعیەت وەربگرێت.

هۆشەنگ دەروێش نەیشاردەوە کە هەندێک وڵات رۆڵیان هەیە لەرێگریکردن لە دروستکردنى ئەو دادگایە، بەتایبەتى تورکیا کە دژى هەر هەوڵێک دەوەستێتەوە کە ببێتە هۆى شەرعییەتى نێودەوڵەتى بە ئیدارەى باکور و رۆژئاواى سوریادا.

بهرپرسانى ئیدارهى رۆژئاواى کوردستان، تائێستا چهند جارێک داوایان لهو وڵاتانه کردووه ئهو چهکداره بیانیانه وهربگرنهوه که خهڵکى ئهو وڵاتانهن و چونهته ریزهکانى داعشهوه و له ئێستادا لهلاى ئهوان زیندانى کراون، بهڵام جگه له عێراق، هیچ وڵاتێک ئامادهیی بۆ وهرگرتنهوهى چهکداره بیانییهکان دهرنهبڕیوه.

پێشتر نورى مهحمود وتهبێژى یهکینهکانى پاراستنى گهل (یهپهگه) که پێکهێنهرى سهرهکى هێزهکانى سوریاى دیموکراته لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هاوڵاتی رایگەیاندبوو «ئهو چەکدارانە ژمارهیان بهههزاران دهبێت و بهشێکى زۆریان چهکدارى بیانى داعشن و تیرۆریستى نێودهوڵهتین، بۆیه پێویسته له دادگایهکى نێودهوڵهتیدا، دادگایی بکرێن و سزایان بهسهردا بسهپێنرێت»

وتیشى «دادگاى ناوچهیی باکورو رۆژههڵاتى سوریا، لهو رووهوه کارى خۆی دهکات، بهڵام لهبهرئهوهى ئهو چهکدارانهى داعش لهچهندین وڵات تاوانیان کردووه، پێویسته لهدادگایهکى نێودهوڵهتی دا سزا وهربگرن».

لەپاڵ رەتکردنەوەى وەرگرتنەوەى چەو چەکدارانەدا، بەشێک لە وڵاتان ئامادەییان نیشانداوە بۆ وەرگرتنەوەى منداڵانى داعش کە ژمارەیان هەزاران منداڵ دەبێت و لە کەمپیەکاندا دەمێننەوە.

لەو چوارچێوەیەدا و رۆژى ١٠ى ئەم مانگە، ١٢ منداڵى فەرەنسى و دوو منداڵى هۆڵەتدى داعش لە ناوچەکانى ژیر دەستى هەسەدەوە گەڕێنرانەوە فەرەنسا.

کۆتایی مانگى رابردوو وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا رایگەیاندبوو، نزیکەى ٤٥٠ فەرەنسى لەناوچەکانى ژێر دەستى هەدەسە زیندانى کراون.

رۆژى سێی ئەم مانگەش ٨٠٠ ژن و منداڵى داعش کەمپى هولیان بەرەو ناوچەکانى رەقە و تەبقە بەجێهێشت، دواى ئەوەى لەلایەن کەسایەتى هۆزەکانەوە گرەنتى کراون، لەچوارچێوەى هەوڵێکى ئیدارەى خۆبەڕێوەریدا بۆ چۆڵکردنى کەمپەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار