بەناو بازرگانیی ئەلیکترۆنی لەکوردستان

5 ساڵ لەمەوپێش



سوهەیب عبدلله رشید

بازرگانی بە واتای ئاڵوگۆری شتومەک بەرامبەر دراو و یا شتومەک بە شتومەک... هتد، ئەوە گوزارشتێکی زۆر سادە و ساکارە.  هەرچی پەیوەندی بە ئەلیکترۆنیاتەوە هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ جیهانی مەجازی و نابەرجەستە کە ڕاستەوخۆ بەرکەوتەی ماددی نابێ، وەک مامەڵەی دەستاودەستی جاران.
ئەمڕۆ ئەو بوارە زۆر فراوان بووە وڕۆڵی کاریگەر و بەرچاوی هەیە لە دنیای بازرگانیدا، بە هەردو ئاقاری ئەرێنی و نەرێنی. بواری ئەرێنییەکەی زۆرن، بەڵام ئەوەی کە لێرەدا بە گرنگتری ئەزانم شیکاری بۆ بکەم لایەنی نەرێنییەکەیەتی.
لە ووڵاتێکی شپرز و بێسەروبەری وەک عێراق، کە یاسا و دەستور تەنها بەسەر لاوازەکاندا جێبەجێ ئەکرێ، ئەویش سزادانیان نەک پاداشت؛ چۆن ئەتوانرێت «نێتۆرک مارکێتینگ» بە شێوازێکی قازانجبەخش بەکار بهێنرێت بۆ بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگەی عێراقی؟ بە تایبەت چینو توێژی هەژار و بێکار.
لەوەی که ناو دەبرێ بازرگانی ئەلیکترۆنی، بۆ نمونە باسی بێ زیانترینیان ئەکەم کە وێب سایتێکە و بازاڕێکی خزمەتگوزاری و بازاڕێکی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکەی تێدایە؛ سەرباری ئەوە بۆ بەشداری کردن پێویستە بڕێکی زۆر پارە بدەیت، کە لە خوار نرخی 1200$ ـەوە دەست پێئەکات تا 2600$ و گرێبەستی یاسایی کۆمپانیاکە، کە بە هیچ جۆرێک پاشگەز بونەوەی نیە و پارەی ناگەڕێتەوە. لێرەدا مەبەستم نیە کە لە بەرژەوەندی هیچ کۆمپانیایەک بدەم و ڕیکلامیشیان بۆ ناکەم، تەنها دەمەوێ ببرسم و ڕونیشی بکەمەوە، کە ئایا ئەم کۆمپانیایانە ئەگەر پەرە بسەنێت چی ئاقارێکی نەرێنی هەیە؟ 
سەرەتا کۆمپانیا تێچونی خۆی هەیە و نکوڵی ناکرێت. ئەوەی جێی سەرنجە هەرکەس بەو بڕە پارەیە کە بەشداری دەکات، دەبێتە بازاڕگەری -مندوب- کۆمپانیاکە، ئیتر هەتا  بازاڕگەری-کڕیار- تر نەدۆزێتەوە ناتوانێت بە هیچ شیوازێک بڕی پارەکەی و پاشان قازانج بەدەست بێنێتەوە؛ کە ئەویش بێگومان، کات، بڕی تێچون، هەوڵ، هەروەها خولی دەوێ.
  یەکەم/لە کاتەوە دەستپێکەم، کە بڕی چەند مانگێکی دەوێ هەتا کەسە نزیک تا دورترەکان بە پلەبەندی قایل بکەیت کە بەشدار بێت.
دووەم/ خولی دەوێ هەم بۆ خۆت کە پلەکان ببڕیت و هاوکات ئەو تازە بەشداربوانەیش ڕاهێنانیان پێبکرێت.
سێهەم/ ئەو کات و خولانەی کە بەشدار دەبیت بڕێکیان پارەی دەوێ، سەرباری خەرجی ڕۆژانە.
چوارەم/ هەوڵێکی وردی دەوێ تا کەسی بیسەر بە تەکنیکی کۆمپانیاکە بهێنیتە سەر هێڵی بەشداری کردن تا قایل بن.
   بەدەر لە هەمو ئەوانەی باسم کرد، لە هەندێ کۆمپانیادا تەنها دەبیتە خاوەن ئیلکترۆنیاتێک کە زۆر بەکەمی بەکاری ڕۆژانەت دێت. واتە:بەشداربو لە تاو پارەکەی خۆی، دەیەوێ کەسی تر بهێنێتە ناو کۆمپانیاکە، وە کۆمپانیا متمانەی نێوان کەسە نزیکەکان بەهۆی خزمایەتی و خێزان و ...هتد، دەکاتە وەبەرهێنان، کە لە کۆتایدا قازانجی بێشومار بۆ دامەزرێنەران و شەرمەزاری و بێ متمانەیی بۆ بازاڕگەرەکانی کۆمپانیا دەمێنێتەوە. ئەمە ئەگەر ڕێگری نەکرێت کێشەی کۆمەڵایەتی و دور دوژمنایەتیش دروست نەکات لە نێو کۆمەڵگادا.
  خاڵێکی نەرێنی سەرەکی تر، ئەو بانگەشەیەی کە کۆمپانیا دەیکات، وەک: بەکاربەر و بەرهەمهێنەریش بە. پێچەوانە دەبێتەوە، گەنجی بێکار و پڕ ئومێد، سەرقاڵی سەرفکردنی وزەیەک دەبێ کە بەرهەمی نیە و فێری مشەخۆریشی دەکات، چونکە بەرهەمەکان هەموی دروستکراوی بیانین و گەنجەکەش لەسەر فرۆشنی پەڕەی یاسایی کۆمپانیاکە قازانجی خۆبژێوی ئەبات نەک بە فرۆشتنی کاڵاکانی کۆمپانیاکە؛ چونکە نرخی کاڵاکان ڕکابەری بازاڕ ناکات و کاڵاکانی بازاڕ هەرزانترن.
لە کۆتایدا:
ئەگەر حکومەت ڕێگری لەم جۆرە بازرگانییە نەکات، ڕەنج و دارایی گەنجانی ووڵات بەهەدەر ئەچێت و بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان ئەکەوێتە گێژداوێکی تری ئەو جۆرە کۆمپانیانەوە، کە زۆر بە لێزانانە لە سزای یاسایی قوتاریان دەبێت. وە پێویسته پەرلەمان و حکومەتی هەرێم تا درەنگ نەبووە بە جددی چاو بەو کۆمپانیا مەجازییانە بخشێنێتەوە، وەک یاسا دەڵێ: هێنانی بەرژەوەندی گشتی و نەهێشتنی مەفسەدە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار