شازادەی سعودیە کودەتا بەسەر سەلەفییەکاندا دەکات

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

لەژێر دەسەڵاتی محەمەد  بن سەلمان، سعودیە سەردەمێکی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت و کرانەوەیەکی بەرچاو لە سعودیە ڕوودەدات، بەتایبەتی لەڕووی کۆمەڵایەتی و هونەرییەوە.

محەمەد  بن سەلمان، شازادەی جێنیشینی سعودیە لە سەرەتای دەستبەکاربونیەوە لەهەوڵدایە ڕێرەوی وڵاتەکەی لە ڕەوتی تەواو پارێزکارییەوە بگۆرێت بە ڕەوتی ئازادیخواز بە ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئایینی، کە ئەنجامەکەی گۆڕینێکی تەواو بەرچاوە لە مێژویی وڵاتەکەدا.

میراتگری شانشینی سعودییە سوورە لەسەر گۆڕینی وێنە توندوتیژەکەی سعودیە بە ئەنجامدانی چەندین کار و چالاکی بەپێچەوانەی توندڕەوە ئاینییەکانەوە. لەم کارەیدا پلانی گشتگیری «روئیای ٢٠٣٠» یارمەتی تەواوەتی دەدات تا بتوانێت گۆرانکاری گەورە بەرجەستە بکات لە هەموو ڕوویەکەوە.

«روئیای ٢٠٣٠ سعودیە» پلانێکی هەمەلایەنەیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی سعودیە تەنها بە کەرتی وزە وەک داهاتی وڵات. پلانەکە تا ٢٠٣٠ چەندین پڕۆژەی ئابووری لەخۆ دەگرێت کە پشتبەستنی وڵاتەکە بە کەرتی وزە کەمدەکاتەوە لەگەڵ گەشەپێدانی کەرتە گشتییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە و ژێرخان و گەشتوگوزاری و چالاکییە هەمەجۆرەکانی کات بەسەربردن.

تا ئێستا چەندین گۆڕانکاری جدی کراوە، بەتایبەتی لەبواری کۆمەڵایەتیدا کە پێشتر بە ئارەزوومەندانە ڕەتدەکرانەوە بەهۆی گوشاری چەندین زانای سەلەفی و توندڕەوە ئایینیەکانەوە.

لە سەرەتای دەستبەکاربونیەوە وەک شازادەی جێنشین لەساڵی ٢٠١٧دا، محەمەد  بن سەلمان جەنگی دژی سەلەفیەکانی وڵاتەکەی بەرپاکرد و وتی، «ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی خۆمان، وڵاتێکی ئیسلامی میانڕەو کە کراوە بێت بەڕووی هەموو ئایینەکان و جیهاندا. لەمەودوا ٣٠ ساڵی ژایانمان تەرخان دەکەین بۆ لەناوبردنی بیری توندڕەو و لەمڕۆوە دەستبەکار دەبین.»

لێخوڕینی ئۆتۆمبیل لەلایەن ئافرەتانەوە

لە یەکەم هەنگاویدا وەک شازادەی جێنیشین دەرکردنی بڕیارێک بوو سەبارەت بە لێخوڕینی ئۆتۆمبیل لەلایەن ئافرەتانەوە. بڕیاری قەدەغەکردنی لێخورینی ئۆتۆمبیلی  لەسەر ئافرەتان هەڵپەسارد و ڕێگەیپێدان کە مۆڵەتی شۆفیریان هەبێت. بڕیارەکە بووە جێی خۆشی و گەشبینی ئافرەتانی وڵاتەکە کە تەنها لە هەموو جیهاندا ئەوان بێ بەشبوون لە لێخورینی ئۆتومبیل. ئەو بڕیارەی بەشێکە لە پلانی «روئیای ٢٠٣٠» کە ئامانجی ئەوەیە بەشداری ئافرەتان زیاد بکات لە هێزی کاردا لە 22% بۆ 30% هەتا ٢٠٣٠.

هەڵگرتنی یاسای قەدەغەکردنی سینەما

دوای ٣٥ ساڵ لە قەدەغەکردنی سینەما، جارێکی تر ئاشقانی فیلمەکان بە هۆڵەکانی سینەما شاد بونەوە. یەکەم سینەما لە ١٨ی نیسانی ٢٠١٨ کرایەوە و بڕیارە لە ٥ ساڵی داهاتوودا ٣٠ بۆ ٤٠ سینەما لە ١٥ شاری سعودیە بکرێنەوە و تا ساڵی ٢٠٣٠یش ڕێژەکە بگاتە ١٠٠ سینەما لە ٢٥ شاردا. ئەم هۆڵانە جیاکاری ڕەگەزی تێدا ناکرێ و ئافرەت و پیاو دەتوانن بەشداربن تێیدا.

شاری کات بەسەربردنی قیدیە

شارێکی وەرزشی و کلتوری و چالاکییە کات بەسربردنەکانە کە ١٠ هێندەی سێنترال پارکی شاری نیویۆرک گەورەترە و نزیکەی ٣٣٤ کم٢یە لەدوری ٤٠ کم لە شاری ریازەوە. یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکانی پلانی «ڕوئیای ٢٠٣٠» و پێشبینی دەکرێت تا ٢٠٣٠ حەڤدە ملیۆن گەشتیار رابکێشێت.

یەکەمین پێشانگای فاشیۆن

ساڵی ٢٠١٨ یەکەمین هەفتەی پێشانگای فاشیۆن کرایەوە لە وڵاتەکەدا بەبەشداری دیزاینەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووسیا و ئەمریکا و بەرازیل. هەرچەندە بەهۆی هەندێک نەریتی کلتورییەوە پێشانگاکە تەنها تایبەتکرا بە ئافرەتان بەڵام گۆرانکارییەکی باشە بۆ وڵاتێک کە بۆ چەندەها ساڵە جێ پەنجەی سەلەفیزمی پێوە دیارە. ئەمساڵیش پێشانگەکە لە شاری ڕیاز دەکرێتەوە لە ٢١ بۆ ٢٥ تشرینی یەکەم بەبەشداری چەندین کۆمپانیا و دیزاینەری جیهانی.

گرنگیدان بە میوزیک و کۆنسێرت

وەک بەشێک لە نوێخوازییەکانی بن سەلمان، ڕێگە دەدرێت بە  سازدانی کۆنسێرت بۆ گۆرانیبیژە عەرەبیەکان و بیانییەکان کە هەندێک لەو کۆنسێرتانە بەبەشداری ئافرەتان و پیاوانە بەبێ جیاکاری. نزیکەی ٥ هەزار کۆنسێرت تەنها لە ٢٠١٨ ئەنجامدراوە و بەپێی پلانی حکومەت ٦٢ ملیار تەرخان دەکرێت بۆ ئەم کەرتە لە ١٠ ساڵی داهاتوودا.  ساڵی پار یەکەم کۆنسێرت بۆ هیبە توجی،  گۆرانیبێژی عەرەب سازدرا دوابەدوای ئەمەش لە ڤیستیڤاڵی میوزیکدا لە کانونی یەکەمی ٢٠١٨ چەندین گۆرانیبێژی بیانی کۆنسێرتی خۆیان سازدا لەوانە ، ماریا کاری، دەیڤد گیتا، ئێنریکە ئیگلیسیاس، جەیسن دێرولۆ، وەن ڕیپەبڵیک. ساڵی ٢٠١٩ش تامر حوسنی کۆنسێرتێکی سازدا لە شاری جەددە و بڕیارە لە ١٨ی ئەم مانگەشدا ڕاپەری ئەمریکی، نیکی میناج کۆنسێرتێک لەهەمان شار ئەنجام بدات کە ئەمیان قسەی زۆری لەسەرە بەهۆی ستایلە نامۆکەیەوە کە راپەکانی چەندین وشەی نەشیاو تایبەت بە سێکس و جنێوی تێدایە. هەروەها حکومەتی سعودی لەپلانیدایە ئۆرکێسترا و ئۆپرای خۆی دابمەزرێنێت بە هاوکاری شارەزایانی فەرەنسی بۆ بەرهەمهێنانی میوزیکی کلاسیکی.

بەشداری ئافرەتان لە چالاکییە وەرزشیەکاندا

لەئێستادا ئافرەتانی سعودی مافی ئەوەیان هەیە چالاکی وەرزشی ئەنجام بدەن لە شوێنە گشتییەکاندا و دوای ئەم بڕیارە حکومەت لە مارسی ٢٠١٨ یەکەم چالاکی راکردنی بۆ ژنان ڕێکخست بەبەشداری ١٥٠٠ ئافرەت. بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، کۆمەڵیک ئافرەت لە ڕۆژی جیهانی ژناندا چالاکی راکردنیان ئەنجامدا. بڕیارە لەمساڵیشدا بۆ یەکەمجار ئافرەت بەشداری پێ بکرێت لە ماراسۆنی نێودەوڵەتی ریازدا کە پێشتر بەهەموو جۆڕێک قەدەغەبوو ژنان بەشداری لە هەر ماراسۆنیک و چالاکییەکی ڕاکردندا بکەن. تەنانەت لەئیستادا ئافرەتان مۆڵەتیان پێ دەدرێت بەشداری بکەن لە هۆڵەکانی لەشجوانیدا.

عادەتەن پیاوان و ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا جیا دەکرێنەوە یاخود هەر ڕەگەزێک شوێنی تایبەتی بۆ دادەنرێت بەڵام لەئیستادا ژنان دەتوانن وەک هاندەر بەشداری لە یاری و پاڵەوانەتییەکاندا بکەن بەبێ ئەوەی جیابکرێنەوە. هەروەها دەتوانن پاسکیل لێبوخڕن لەسەر شەقامەکان و یەکێک لە ژنە پاسکیل سوارەکان دەڵێت، «جەددەی ئەمڕۆ جەددەی ٥ بۆ ٦ ساڵ لەمەوبەر نییە. چاودێری کردنی جلەکانمان ئێستا کەمتر بوەتەوە، شوێنی زیاتر هەیە بۆی بڕۆین و هەلی کاریشمان بۆ ڕەخساوە وەک پیاوان.»

کردنەوەی بزنس بەبێ ڕوخسەت وەرگرتن لە پیاو

بەهۆی گۆرانکارییەکانی شازادەی جێنشینەوە، ژنان دەتوانن بزنسی خۆیان بکەنەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ وەلی ئەمریان. بەپێی یاسای وەلی ئەمر لە سعودیە ئافرەتان دەبێت بەڵگەی نوسراویان پێبێت کە گوزارشت لە رازیبونی مێرد یان باوک یان برا بکات بۆ هەر کارێکی حکومی یان گەشت کردن یاخود ناونوسین بۆ کۆرس و خوێندن. بەهۆی یاسا نوێیەکەوە ئۆفیسی داواکاری گشتی بۆ یەکەمجار لێکۆڵەری ژنانی وەرگرت بۆ دامەزراندن. هەروەها زیاتر لە ٢٠٠ هەلی کار لە فرۆکەخانەکاندا بەردەستکران بۆ ژنان کە ١٠٧ هەزار ئافرەت داواکاریان پێشکەشکردبوو.

بەهۆی ئەم گۆرانکارییە ڕیشەییانەوە، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سعودیە بەتوندی دژی بیری توندڕەوی و زانا سەلەفیەکان وەستاوەتە کە ماوەیەکی زۆر دەستیان بەسەر وڵاتدا گرتبو و هەموو جۆرە چاکسازی و نوێخوازییەکیان ڕەتدەکردەوە و بە حەرامیان دەزانی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار