هەوکردنی ئاڵووەکان (لەوزەتێن)

5 ساڵ لەمەوپێش



دیاری ئەبوبەکر

ئاڵوەکان ئەکەونە بەشی پشتەوەی قوڕگ و کاری پاڵاوتن و ڕێگریکردن لەمیکرۆب و بەکتریاکان دەکەن لەوەی بچنە ناو بۆڕی هەواوە و ببن بههۆی توشبوون به نهخۆشی (infection)، هەروەها چەند دژەتەنێک دەردەدەن بۆ ڕێگری لە تووشبوون بهنهخۆشی لەکاتی ڕوودانیدا. بەڵام هەندێک جار خۆیان توشی نهخۆشی دەبن، چی بەهۆی ڤایرۆس یا میکرۆبەوە بێت، ئەمەش بە (هەوکردنی ئاڵوەکان) دەناسرێت.

هەوکردنی ئاڵوەکان باوە لەنێو منداڵان. لە تەمەنی پێش چوونە قوتابخانە و تا ناوەڕاستی هەرزەکاری. ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی فرمانە بەرگریەکانی ئاڵوەکان دوای پێگەیشتن، هەروەها بەرکەوتنی منداڵان لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان دەبێتە هۆی زیاتر توشبوون بەم هەوکردنە.

هۆکارەکانی توشبوون

 زۆرینەی هۆکارەکانی توشبوون بەهەوکردنی ئاڵوەکان ڤایرۆسیە لەبنەڕەتەوە. بەڵام هەندێک کات بەهۆی میکرۆبه بەکتریاکانەوەیە. هەروەها نیشانە سەرەکییەکانی تووشبوون بە هەوکردنەکە بریتین لە: گەورەبوون و هەوکردنی ئاڵوەکان لەگەڵ هەبوونی ئازار لە قوڕگدا tenderness))، هەروەها سووربونەوە و دەرکەوتنی چەند پەڵەیەکی سپی یا زەرد لەسەر ئاڵوەکان.

بوونی زیپکەی ئازار بەخش لەگەڵ سوتانەوەی قوڕگ blisters)). کزی دەنگ یاخود هەر نەمانی توانای قسەکردن. نهبوونی ویستی خواردن و ئازاری گوێ و قورسی لە قوتداندا یان هەناسەدان بەدەم. گەورەبوونی گرێ لیمفاوییەکان لەلای قوڕگ و شەویلگە لهگهڵ لەرزو تاو بۆنی ناخۆشی دەم، هەروەها منداڵان جگە لەوانە توشی هێڵنجدان و ڕشانەوە و ئازاری گەدە دەبن.

ناتوانرێت بەشێوەیەکی سەرجێی بزانرێت کە هۆکاری نەخۆشیەکە ڤایرۆسه یاخود میکرۆبیە، بەڵام کۆمەڵێک نیشانە هەیە بۆ زانینی ئەوە. زۆربەی کات کاتێک هۆکاری نەخۆشیەکی میکرۆبیە ئەوا پەڵەی سپی لەسەر ئاڵوەکان دەردەکەوێت لەگەڵ گەورەبوونی و سوربونەوەی. لەنیشانەکانی تری هەوکردنی بهکتریایی هەبوونی گرێی گەورەو ئازار بەخشه. هەروەها بەرزبونەوەی پلەی لەش بۆ سەروو 38.3.

بەڵام ئەگەری توشبوون بە ڤایرۆس زیاد دەکات کاتێک ههست به سووتانهوهی قوڕگ دهکهیت و ئاو به لووتدا دێته خوارهوه.

کەی دەبێت ڕاوێژ بەپزیشک بکرێت؟

شتێکی گرنگە کە دیاریکردنێکی ورد بۆ هۆکاری توشبوون بە حاڵەتەکە دابنرێت، هەروەها پەیوەندی بە پزیشک بکرێت لەحاڵەتێکدا 24 کاتژمێر بەسەر نەخۆشیەکە تێپەڕی بەبێ ئەوەی هیچ وەڵامدانەوەیەکی بۆ چارەسەرەکان هەبێت. یاخود کاتێک نەخۆشەکە گلەیی لە قورسی قوتداندنا ههیه یاخود هەبوونی ئازار لەکاتی قوتداندا و زۆر هیلاک و ماندوو دەرکەوت. پێویستە لەوکاتەدا داوای چاودێری خێرا بکرێت لەکاتی قورسی لە هەناسەدان یاخود قورسیەکی زۆر لەقوتدان و ڕژانی لیکی دەم.

 چارەسەر

چارەسەرەکان لەسەر دیاریکردنی هۆکاری هەوکردنەکە دەکرێت، پزیشکەکە ئەتوانێت ئەمە بکات لەڕێی تاقیکردنی گرێی خێرا rapid strep test)) یاخود لەڕێگای چاندنی (فەحسکردن) دەردراوی قوڕگەوە. ئەگەر تاقیکردنەوهکان دەریانخست کە هۆکاری هەوکردنەکە بهکتریایه ئەوا لەڕێی دژە زیندهییهکان antibiotics چارەسەر دەکرێن، بەڵام زۆر گرنگە کە پابەند بن بەچارەسەرهکەو بەو کاتەی پزیشکەکە دایناوە بۆ چارەسەرەکە، تەنانەت ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشیەکە لەدوای ڕۆژێک یاخود دووان بوونیان نەما.

هەروەها پابەند نەبوون بەچارەسەرەکەوە هەندێک جار دەبێتەهۆی زیادبوونی هەوکردنەکە و چەندین هەوکردنی دیکە وەکو هەوکردن گورچیلەکان و تا لێهاتنی تووند، لەوانەیە هەندێک نەخۆش پێویستیان بەبڕێکی تر لەچارەسەر هەبێت تا هەوکردنەکە نەمێنێت، بەڵام ئەگەر هۆکارەکە ڤایرۆسی بوو ئەوا بەجێدەهێڵرێت تا لاشە خۆی بەسەریدا زاڵدەبێت.

کۆمەڵێک ڕێگە هەیە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنەکە دەتوانرێت بگیردرێنه بەر

-پشوویهکی تەواو.

- خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە شلەمەنی تا یارمەتی مانەوەی قوڕگ بدات بەتەڕی و ڕێگر بێت لەوشکبونەوەی.

-خواردنەوەی شلەمەنی گەرم یا سارد بۆ کەمکردنەوەی ئازاری قوڕگ.

-خواردنی ژەمە نەرمەکان وەک شەربەتی سێوو دۆندرمە و ساردەمەنی.

-پارێزگاری کردن لەشێداری ژوورەکە لەڕێی ئامێری تایبەت بەشێداری.

-غەرغەرە کردن بە ئاوو خوێ.

-مژینی حەپی شیرین تایبەت کە جۆرێک لە ماددەی سڕکەر لهخۆدەگرێت وەکو بنزۆکاین benzocaine.

-دورکەوتنەوە لە هۆشیارکەرەوەکان وەکو جگەرەو ماددە پاککەرەوەکان.

-بەکارهێنانی ئازارشکێنە باوەکان وەکو پاراسیتامۆڵ و ئیبۆپرۆفین.

درەهێنانی ئاڵوەکان

ئاڵوەکان بەشێکی گرنگ لەسیستەمی بەرگری پێکدەهێنن، بۆیە باشترە لەدەرهێنانیان دوورکەویتەوە، بەڵام ئەگەر یەکێک زۆر ناڵاندنی بەدەس هەوکردنی ئاڵوەکانەوە (بۆ نمونە ٧ جار لەساڵێکدا یاخود ٥ جار لەساڵێکدا بۆ ماوەی دوو ساڵ یاخود ٣ جار لەساڵێکدا بۆ ماوەی سێ ساڵ) یاخود بە بەردەوامی هەوکردنی ئاڵوەکان گەورەبونیان لە بەشی سەرەوەی بۆری هەناسە بەشێوەیەک ببێتەهۆی ڕێگری کردن لەخواردن. دەبێت لەم حاڵەتاندا ئاڵوەکان لاببرێت.

نەشتەرگەری لابردنی ئاڵوەکان نەشتەرگەریەکە لەڕۆژێکدا دەکرێت و منداڵەکە پێویست ناکات لەنەخۆشخانە بمێنێتەوە دوای نەشتەرگەریەکەو نەشتەرگەریەکە لەژێر بەنجی گشتی دەکرێت، ماوەی 30 بۆ 45 خولەک دەخایەنێت و ماوەی چاکبوونەوە بەمامناوەندی 10 ڕۆژ دەخایەنێت.

منداڵان توشی ئازارێک دەبن لە دوای نەشتەرگەری، بەڵام ئەو ئازارە لەمنداڵێکەوە بۆ یەکێکی دیکە ئەگۆڕێت. هەروەها هەندێکیان دووچاری ئازار دەبنەوە لەگوێیان و شەویلگەو ملیان. دەتوانرێت ئازارشکێنەکان بەکاربهێنرێت لەدوای ڕاوێژ بەپزیشک. زۆر گرنگە منداڵ بەشی پێویست پشوو بدات و بڕی پێویست لەشلەمەنی وەربگرێت. بەڵام نابێت بەرهەمەکانی شیری پێبدرێت لە کاتژمێری24ی یەکەمی دوای نەشتەرگەریی، لەگەڵ ئەوەی لەوانەیە منداڵان دوای نەشتەرگەریی خواردن ڕەتکەنەوە بەڵام تا زووتر دەستکات بەخواردن زووتر چاکدەبێتەوە.

خۆپاراستن

 میکرۆب و ڤایرۆسەکانی تایبەت بە نەخۆشیەکە دەگوازرێنەوە، بۆیە باشترە پابەند بین بە یاساکانی تەندروستی وەک شۆردنی دەست پاش هاتنەدەرەوە لە wc و پێش نان خواردن، دورکەوتنەوە لە بەشداری پێکردنی خواردن و کوپی تایبەت بەخواردنەوە، باشترە منداڵ لەکاتی تووشبووندا

نەنێرێت بۆ قوتابخانە تا نەخۆشییەکە بۆ هاوڕێکانی نەگوازێتەوەو فێری ئەوە بکرێت کە لەکاتی پژمین و کۆخەدا بەکلێنس دەم و لووتی خۆی بگرێت و لەگەڵ شۆردنی دەستی دوای کۆخەو پژمین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار