‌ئایپاد ده‌ستیگرتووه‌ به‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ى منداڵاندا

2019-08-19 07:18:00




 ماردین نوره‌دین

"له‌ ئێواره‌خوانێکدا ئاماده‌کارى ده‌کرا بۆ ئاهه‌نگى خه‌نه‌به‌ندانى ئامۆزاکه‌ى، سه‌رجه‌م خزم و دۆستان کۆببونه‌وه‌، له‌پڕ گوێیان له‌ گفتوگۆى نێوان عه‌لى و ماریا بوو، ئه‌م دوو منداڵه‌،ته‌مه‌نیان له‌ نێوان (۹ـ۱٠)ساڵان بوو، هه‌ر یه‌که‌یان ئایپادێکیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو عه‌لى به‌ ماریا ده‌وت، له‌ یوتیوب بینیومه‌ گه‌وره‌کان سمێڵیان ده‌تاشن، منیش چوم سمێڵم تاشى، ماریا تۆش بچۆ بیتاشه‌" ئه‌مه‌ وته‌ى ئه‌حلان عه‌زیز ته‌مه‌ن 44 دایکى على.

هه‌روه‌ها ئه‌حلان عه‌زیز ئه‌وه‌شى خسته‌رو ئه‌مه‌ هه‌موو خێزانه‌که‌ى توشى شۆک کرد، بینیان پێدانى ئایپاد به‌ منداڵه‌کانیان چۆن به‌ لاڕێیاندا ده‌بات.
به‌کارهێنانى ئایپاد له‌لایه‌ن مناڵانه‌وه‌ له‌هه‌رێمى کوردستان زیادى کردووه‌و چه‌ندین چیرۆکى ناخۆشى لاى دایک و باوکانیان دروست کردووه‌.

وه‌فا دایکێکى ته‌مه‌ن ۲۹ساڵه‌ بۆ هاوڵاتى ده‌ڵێت:" دوعاى کچم له‌گه‌ڵ هێلینى پورزاى که‌ ته‌مه‌نیان پێن ساڵه‌ دو کوپى پڕ له‌ ئاویان هێنا له‌دراماکه‌دا گه‌وره‌کان خواردنه‌وه‌ى کهولیان ده‌خوارده‌وه‌ کوپه‌کانیان به‌یه‌کدا داکێشاو ئاهانگیان ده‌گێرا، بینیم ئه‌م دوو منداڵه‌ش هه‌مان کاریان دوباره‌ کرده‌وه‌ کوپه‌کانیان به‌یه‌کدا ئه‌کێشاو ده‌یان وت به‌خۆشیت".

شاره‌زایانى ده‌روناسى ده‌ڵێن منداڵان به‌گشتى بونه‌وه‌رێکى لاسایکه‌ره‌وه‌یه‌، به‌تایبه‌تى لاسایى کردنه‌وه‌ى که‌سانى دیارو به‌ناوبانگ.
پاڤێ جه‌میل، دکتۆرا له‌ده‌رونناسى ڕاگه‌یاندن به‌ هاوڵاتى وت:"سۆشیاڵ میدیا له‌ڕێى ئایپاد، مۆبایلى زیره‌ک شێوازى به‌ده‌ست هێنانى زۆر ئاسان بووه‌، هه‌موکه‌س ده‌توانێت به‌ده‌ستى بێنێت به‌تایبه‌تى مناڵان".

هه‌روه‌ها پێشیوابوو له‌ئێستادا مناڵه‌کان له‌ دایک وباوکیان بابه‌ته‌کان وه‌رناگرن، به‌ڵکو له‌ڕێگه‌ى مامۆستا یان هاوڕێ یان مۆبایلی زیره‌ک و ئایپاده‌وه‌ زانیاریه‌کان وه‌رده‌گرن.
پاڤێ جه‌میل جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ مرۆڤ به‌گشتى و به‌تایبه‌ت منداڵان" بونه‌وه‌رێکى لاسایکه‌ره‌وه‌یه‌ به‌تایبه‌تى لاسایى کردنه‌وه‌ى که‌سانى دیارو به‌ناوبانگ، له‌به‌رئه‌وه‌ى منداڵان بیره‌وه‌ریه‌کى وێنه‌ى هه‌یه‌، خۆى ناتوانێ شرۆڤه‌ى بابه‌ته‌کان بکات ئه‌وه‌ى ئه‌یبینێ دوباره‌ى ده‌کاته‌وه‌ و وه‌ک وێنه‌ له‌ مێشکیدا ده‌مێنێته‌وه‌".

هه‌روه‌ها وتیشى"کاریگه‌رى خراپ و باش یان هه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ دایک و باوک ئاگادارى منداڵه‌کانیان بن و باش و خراپه‌کانیان بۆ ڕونکه‌نه‌وه‌ و تا به‌ لایه‌نه‌ باشه‌که‌یدا ئاڕاسته‌ بکرێن، وه‌ ناشبێت ڕاى تایبه‌تى خۆى به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، چونکه‌ شتى قه‌ده‌غه‌کراو خواستى که‌سه‌که‌ى له‌سه‌ر زیاد ده‌بێت".
پزیشکێکى چاره‌سه‌رکردنى ده‌رونى منداڵان، ده‌ڵێت:" کۆمه‌ڵه‌ى پزیشکانى ده‌رونى ئه‌مریکا خشته‌یه‌کیان دیارى کردووه‌ که‌ منداڵانى خوار ته‌مه‌ن پێنج ساڵان بۆیان نییه‌ هیچ کام له‌ ئامێره‌ زیره‌که‌کان به‌کاربهێنن". 

زامدار حمه‌ ڕه‌سوڵ، پزیشکى پسپۆڕى ده‌رونى و چاره‌سه‌رکارى ده‌رونى منداڵان و مێردمنداڵان وتى"مۆبایل، ئایپاد کاریگه‌رى له‌سه‌ر مناڵان هه‌یه‌، له‌ کۆتا ڕێنمایى کۆمه‌ڵه‌ى پزیشکانى ده‌رونى ئه‌مریکا(خشتیه‌ک)ى داناوه‌، تا ته‌مه‌نى پێنج ساڵى بۆیان نیه‌ هیچکامیان له‌و ئامێرانه‌ به‌کار بهێنن".
هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد بۆ مناڵانى (5_ 12) ساڵ بۆیان هه‌یه‌ ته‌نیا بینه‌رى چه‌ند پڕۆگرامێکى ته‌له‌ڤزیۆنى بێت، له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ یاریه‌کان بۆ به‌سه‌ربردنى کاتێکى خۆش ئه‌وه‌ش کاته‌که‌یانى بۆ دیارى کردووه‌ له‌ دوو کاتژمێر تێنه‌په‌ڕ نه‌کات.

دکتۆر زمدار ئاماژه‌شى به‌وه‌کرد، مناڵ که‌سایه‌تى دانه‌مه‌زراوه‌ ناتوانێت ماماڵه‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆکى سۆشیاڵ میدیادا بکات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م به‌کارهێنانه‌ ته‌نها به‌سه‌ربردنى کات نیه‌ به‌ڵکو ئاشنابونه‌ به‌ جیهانێکى ساواتر که‌ ڕووبه‌ڕووى کۆمه‌ڵێ وێنه‌، ڤیدیۆ، چیرۆک ده‌بێته‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ جیهانى مناڵاندا یه‌ک ناگرێته‌وه‌.

 له‌باره‌ى زیانه‌ ته‌ندروستیه‌کانى زۆر به‌کارهێنانیشى، ئه‌و پزیشکه‌ وتى" وشکبون و کزبونى چاوى منداڵان کاتێک زۆر ئایپادو مۆبایل به‌کار ده‌هێنێت، دروست بونى ئازار له‌مل و به‌شێک له‌ فه‌قه‌راته‌کانى مل، دروست بونى گۆڕانکارى له‌ کێشیاندا، کاتێک بۆ ماوه‌یه‌کى زۆر ئایپاد به‌کار ده‌هێنن بۆ مه‌به‌ستى یارى کردن، خراپ بوونى یاده‌وه‌ریه‌کان، دروست بونى سه‌رئێشه‌". 

ئه‌گه‌ر به‌راوردێک بکه‌ین له‌گه‌ڵ منداڵانى سه‌رده‌مى پێشودا ده‌بینین جیاوازیه‌کى زۆر ده‌رده‌که‌وێ له‌ نێوان مناڵاندا بۆ به‌سه‌ر بردنى کاتێکى خۆش بۆ یارى کردن.

گه‌لاوێژ عه‌بدوڵڵا، ته‌مه‌ن ٥٥ساڵ، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت"سه‌رده‌مى ئێمه‌ مۆبایل و ئایپاد نه‌بوو، ئێمه‌ بۆ خۆمان له‌ماڵه‌وه‌ بوک مان دروست ده‌کرد له‌ دارو یاریمان پێده‌کرد، یاخود موورو مورێن یا خه‌تخه‌تێن و چاوشارکێ و کۆمه‌ڵى یارى ترمان کردووه‌و چێژى خۆشى تێدا بووه‌".

"کاتێک منداڵبووم له‌گه‌ڵ منداڵانی گه‌ڕه‌ک یاری هه‌ڵماتێن و دوگۆڵى و هه‌لوکێنمان ده‌کرد کاتێک پشوی هاوین ده‌هات یاریمان به‌باسکیل ده‌کرد و پێشکه‌وتنمان پێده‌کرد، ته‌واوی سه‌رده‌می مناڵیم به‌م یاریانه‌ به‌سه‌ربردووه‌"، وه‌لیدعه‌لى، ته‌مه‌ن34ساڵ واى وت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار