به‌کارهێنانى که‌ره‌سته‌ پاککه‌ره‌وه‌کان  زیان به‌ ته‌ندروستى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نن

" ئه‌گه‌ر ماده‌پاککه‌ره‌وه‌کان تێکه‌ڵبکرێن ماده‌یه‌کى ژه‌هراوى دروست ده‌که‌ن و ده‌بێته‌ هۆى ڕه‌بۆ"

2019-08-19 09:35:52



 


ئاماده‌کردنى: لاڤین مه‌حمود

تا دێت  به‌کارهێنانى که‌ره‌سته‌ پاککه‌ره‌وه‌کان  له‌نێو ماڵاندا  زیاتر ده‌بێت و  به‌ وته‌ى پسپۆڕانى بوارى ته‌ندروستى که‌ره‌سته‌ پاککه‌ره‌وه‌کان زیان ته‌ندروستى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نن.

هاوکات به‌رپرسانى کوالێتى کۆنترۆڵ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن، پشکنین بۆ سه‌رجه‌م   که‌ره‌سته‌ پاککه‌ره‌وه‌کان ده‌کرێت.
به‌مه‌به‌ستى پاککردنه‌وه‌ى  ماڵان و شوێنه‌ گشتییه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کى سه‌ره‌کى 15 جۆر  که‌ره‌سته‌و مه‌وادى پاکه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ رۆژانه‌ به‌کارده‌هێنرێن. هاوکات سه‌رجه‌مى  که‌ره‌سته‌ پاککه‌ره‌وه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ده‌هێنرێن، به‌ وته‌ى به‌رپرسانى کوالێتى کۆنترۆڵ، ده‌زگاکه‌یان پشکنین بۆ مه‌واده‌ پاککه‌ره‌وه‌کان ده‌کات.

جاسم قادر، جێگرى به‌ڕێوبه‌رى کۆنتڕۆڵى هه‌رێم، له‌ لێدوانێکیدا به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند" سه‌رجه‌م تاقیگه‌کان و هه‌موو مواده‌ پاکه‌ره‌وه‌کان ڕاده‌ستى سنوره‌کان کراوه‌ له‌ هه‌ر سێ پارێزگا، تاقیگه‌ى گه‌وره‌ له‌سه‌ر سنوره‌کان هه‌یه‌ نمونه‌یه‌کى لێوه‌رده‌گرن و پاشان ده‌یبه‌نه‌ بۆ پشکنین".

له‌لایه‌کى تره‌وه‌  له‌ ناوخۆدا لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان چاودێری کاڵا پاککه‌ره‌وه‌کان ده‌که‌ن و له‌ کاتى نه‌شیاوێتى به‌کارهێنانیاندا ڕێوشوێنى یاسایی ده‌گیرێته‌به‌ر.

له‌و باره‌یه‌وه‌  گۆران قادر، ئه‌ندامى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قایمقامیه‌تى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى،  به‌  هاوڵا تى راگه‌یاند" له‌ڕێگه‌ى له‌لایه‌ن تاقیگه‌کانى خاڵه‌ سنورییه‌کانه‌وه‌  پشکنین ده‌کرێت بۆ ئه‌و شتانه‌ى هاورده‌ گده‌کرێن، هه‌ریه‌که‌ به‌ پێى جۆر و به‌پێى پسپۆڕییه‌که‌ى خۆى، دوواتر ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ناوشار و عه‌مبار ده‌کرێت تا ده‌فرۆشرێت به‌ خاوه‌ن مارکێته‌کان و دوکانه‌کانى ناوبازاڕ".

"مه‌واده‌ پاکه‌ره‌وه‌کان ڕه‌وانه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پێوانه‌سازى و کوالێتى کۆنتڕۆل ده‌کرێت له‌ ڕێگه‌ى تاقیگه‌وه‌ پشکنینى بۆ ئه‌نجامده‌ده‌ن"

مه‌واده‌ پاکه‌ره‌وه‌کان ڕه‌وانه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پێوانه‌سازى و کوالێتى کۆنتڕۆل ده‌کرێت له‌ ڕێگه‌ى تاقیگه‌وه‌ پشکنینى بۆ ئه‌نجامده‌ده‌ن

هه‌روه‌ک ئه‌وه‌شى وت" ئێمه‌ له‌ کاتى سه‌ردانه‌کانمان له‌ هه‌ندێک ڕێگاوه‌ توشى ئه‌مه‌ ده‌بین یان ڕاسته‌وخۆ له‌ مارکێت و بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌کان یاخود له‌ ڕێگه‌ى لیژنه‌ى کۆگاکانمان کاتێک سه‌ردانى کۆگاکان ده‌که‌ین، بابه‌تى پاکه‌ره‌وه‌ یان هه‌ربابه‌تێکى تر له‌شوێنه‌ گشتیه‌کان گومانمان بۆ دروست ببێت له‌سه‌ر نه‌شیاوێتى ئه‌و ماده‌یه‌ ئێمه‌ نمونه‌ى لێوه‌رده‌گرین ڕه‌وانه‌ى تاقیگه‌ى په‌یوه‌ندیدارى ده‌که‌ین،  مه‌واده‌ پاکه‌ره‌وه‌کان ڕه‌وانه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پێوانه‌سازى و کوالێتى کۆنتڕۆل ده‌کرێت له‌ ڕێگه‌ى تاقیگه‌وه‌ پشکنینى بۆ ئه‌نجامده‌ده‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ ئیجرائاتکردنیان  گۆران قادر ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد"  ئه‌گه‌ر پشکنینه‌که‌ ئه‌رێنى بوو ڕێگه‌ى پێده‌درێت بیفرۆشێت، ئه‌گه‌ریش نه‌رێنى بوو ئێمه‌ ڕێگرى له‌ فرۆشتنى ده‌که‌ین و ئه‌و بڕه‌ی ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌ڕێگه‌ى لیژنه‌یه‌که‌وه‌ له‌ناوده‌برێت".
هه‌رێمى کوردستان به‌ مه‌به‌ستى پڕکردنه‌وه‌ى پێداویستییه‌کانى رۆژانه‌ى زیاتر به‌ پشت به‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌به‌ستێت و زۆربه‌ى کاڵاکان له‌ وڵاتانى تورکیاو ئێران و وڵاتانى تره‌وه‌  ده‌هێنرێنه‌ نێو هه‌رێمه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ خراپى و نزمیى کوالێتى که‌ره‌سته‌کان کێشه‌ى بۆ هاوڵاتییان دروستکردووه‌.  

کۆساڵان موسته‌فا، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى فرۆشتن و ژمێریاریى یه‌کێک له‌ کۆمپانیاکانى سلێمانى ، له‌ لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى"سه‌رجه‌م  ئه‌و موادانه‌ى ده‌یهێنین تورکیه‌، هه‌ندێک کۆمپانیا لێره‌ موادى تێکه‌ڵ ده‌که‌ن به‌شێوه‌یه‌کى سه‌ره‌کى ١٥ جۆر موادى پاکه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌رجۆرێک لقى لێئه‌بێته‌وه‌، هه‌موو مواده‌کان به‌ ڕه‌سمى دێنه‌ ئێره‌ حوکمه‌ت ئاگاداره‌ و کوالێتى کۆنتڕۆل بینیویه‌تى".  

هه‌روه‌ک کارزان محه‌مه‌د، خاوه‌ن مارکێت، که‌ موادى پاککه‌ره‌وه‌ ده‌فرۆشێت،  له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند" هه‌موو مواده‌ پاککه‌ره‌وه‌کان باشى هه‌یه‌و خراپى هه‌یه‌، هیچ شتێکى ئه‌وروپى به‌ هه‌مان کوالێتى نایه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان،  زیاتر خه‌ڵکى شتى باشیان ده‌وێت.
که‌ره‌سته‌و مه‌وادى پاککه‌ره‌وه‌ له‌ ئێستادا وه‌کو  پێداویستییه‌کى رۆژانه‌ به‌تایبه‌تى له‌ نێو ماڵاندا به‌کارده‌هێنرێت، له‌ کاتێکدا  به‌کارهێنانى که‌ره‌سته‌ى پاککه‌ره‌وه‌ زیان به‌ ته‌ندروستیى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت.

به‌شێوه‌یه‌کى گشتى زیانه‌کانى که‌ره‌سته‌ى پاککه‌ره‌وه‌ کاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌ و پێست

‌دکتۆر نزار محێدین، پسپۆڕى نه‌خۆشیه‌کانى سنگ و دڵ و هه‌ناو، له‌ لێدوانێکیدا به‌ هاوڵاتى وت "به‌شێوه‌یه‌کى گشتى زیانه‌کانى که‌ره‌سته‌ى پاککه‌ره‌وه‌ کاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌ و پێست، ئه‌م ماده‌ پاککه‌ره‌وانه‌ ماده‌ى ئامۆنیایان تێدایه‌ وه‌ ئه‌گه‌ر دووان له‌ و مادانه‌ تێکه‌ڵبکرێن کارلێکى کیمیایى ده‌که‌ن، دواتر ماده‌یه‌کى ژه‌هراوى دروست ده‌که‌ن، که‌ ئه‌وه‌ش زیانى زیاتر به‌کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌ ده‌گه‌یه‌نن ئه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌ڵیمژێت توشى ته‌نگه‌نه‌فه‌سى و حه‌ساسیه‌ت و کۆکه‌ ده‌بن و له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ هۆى ڕه‌بۆ".

ئه‌و پسپۆڕه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد" جگه‌ له‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى سوربونه‌وه‌و هه‌ندێ جاریش دروستبونى برین له‌ سه‌ر پێسته‌که‌". 
له‌باره‌ى زیانه‌کانیشیه‌وه‌ به‌ تایبه‌تى بۆ منداڵ ‌دکتۆر نزار رایگه‌یاند" ئه‌گه‌ریش هاتوو که‌سێک نه‌زانێت بیخواته‌وه‌ به‌تایبه‌ت منداڵ، ده‌بێته‌ هۆى سوتاندنه‌وه‌ى کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌ و سورێنچک له‌کۆتایدا ده‌بێته‌ هۆی دروستبونى قورحه‌ى مه‌عیده‌".  

هاوکات  یاد نه‌قشبه‌ندى وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى بۆ هاوڵاتى وتى "زۆرجار هه‌بووه‌ که‌سه‌که‌ نه‌خۆشى درێژخایه‌نى هه‌بووه‌، یاخود ڕه‌بۆى هه‌بوه‌ به‌ هۆى به‌کارهێنانى ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ بارودۆخى خراپتر بوه‌"

باسی له‌وه‌ش کرد"زیاتر ئافره‌تان تووشى ئه‌م بارودۆخه‌ ده‌بن،چونکه‌ ئافره‌تان له‌ ئیشوکارى ناوماڵدا به‌کارى ده‌هێنن، وه‌ زۆرجاریش منداڵان تووش ده‌بن به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌وکه‌ره‌ستانه‌ له‌ شوێنى سه‌لامه‌ت دانانرێت منداڵه‌کان ده‌یخۆنه‌وه‌"
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار