گــروپی ڤــاگــنەر، چــەکــدارە نــهێنییەکانی پــۆتـین

گــروپی ڤــاگــنەر، چــەکــدارە نــهێنییەکانی پــۆتـین

5 ساڵ لەمەوپێش



راپۆرت:

ناوەندی توێژینەوەی کارنەیجی

وەرگێڕان: کاکەلاو عەبدوڵا

لەکاتێکدا گروپی ڤاگنەر بە ئامانجە جییۆپۆلەتیکەکانی کریملین جۆش دەدرێت، بەڵام شوێنکەوتنی قازانج و دەسەڵاتی تایبەتی (شەخسی) چالاکییەکانی ئاراستە دەکات.

 

گەڕانەوەی رووسیا بۆ سەکۆی جیهانی وەک هێزێکی سەرەکی پشتی بەستووە بە چەند زنجیرە ئامرازێکی  دیپلۆماتی، زانیاری، ئەمنی، ئابوری کە یارمەتی کریملن دەدەن لە سنوری خۆی زیاتر پەلبهاوێت. یەکێک لە ئامرازە نوێیەکانی گروپی ڤاگنەرە، کە گروپێکی نهێنی چەکداری بەکرێگیراوی دڵسۆزی کریملنە و لەلایەن یەڤگینی پریگۆژینەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، ئەو کەسایەتییەی یەکێکە لە دەستەی ڤلادمیر پۆتین. میدیاکانی ڕۆژئاوا و رووسیا ماوەیەکی زۆرە بەدواداچوون بۆ شوینپێی ئەم گروپە دەکەن لە ئۆکرانیا و سوریاوە بۆ سودان و کۆماری ئەفریقای ناوەراست و تەنانەت بۆ لیبیا و فەنزوێلا. بەڵام بەپێچەوانەی ئەو هەموو سەرنجانەی پێی دەدرێت، تێگەشتنی ڕۆژئاوا بۆ رۆڵ و توانستی ڤاگنەر هێشتا کەموکورتی هەیە، ئەمەش بەشێکی بۆ کەمپین و هەوڵەکانی مۆسکۆ دەگەڕێتەوە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە بۆ نکۆڵیکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی گروپەکە. زیاتر لێڵکردنی بابەتەکە ئەوەیە لێکدانەوەی هەڵە هەیە سەبارەت بە ڤاگنەر کە کۆمپانیایەکی ئەهلی سەربازی بێت وەک گروپی ئەکادیمی ئەمریکی و «داین کۆر»ی نێودەوڵەتی.

ڕەنگە گروپی ڤاگنەر شێوازی نوێ دەستەبەر نەکات بۆ کریملین بۆ هەڵگیرسانی شەڕ یان بنیادنانی کاریگەری، بەڵام هەبوونی سیمبولە بۆ ئەوەی کە چۆن ڕووسیایەکی زیاتر خۆسەپێن هەوڵدەدات خۆی بدزێتەوە لە بەرپرسیاریەتی بۆ ئەو چالاکیانەی لە دەرەوەی سنوری ئەنجامی دەدات. گروپی ڤاگنەر دەلاقەیەکیشە بۆ جموجوڵە فراوانەکانی رژێمەکەی پۆتین، لەوانە چۆن مەرام و بەرژەوەندی کەسانی تایبەتی وەک پریگۆژین کۆنترۆڵ و ئاراستە بکات بۆ دروستکردنی ئامرازی ئاسان دەسخەر و نکۆڵی لێکراو.

ڤاگنەر ئامرازێکە بەدەست کریملنەوە بەکاریدەهێنێت بۆ دامەزراندن و ڕاهێنان پێکردن و جوڵەپێکردنی سەربازی بەکرێگیراو کە یان لە جەنگدا بەکاریان دەهێنێت یان بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنیەت و ڕاهێنانی سەربازی بۆ ڕژێمە هاوپەیمانەکانی. سەرچاوە رۆژئاوایی و ڕووسیەکان زۆرکات پێی دەڵین کۆمپانیای سەربازی ئەهلی بەڵام دەکەوێتە دەرەوەی ئەو قاڵبەوە هەرچەندە وەک ئەو جۆرە کۆمپانیایانە کارەکانی ئەنجام دەدات. ڤاگنەر قەوارەیەکی راستەقینەی بازرگانی نییە کە لە بازاڕی جیهانیدا مامەڵە بکات، هیچ کەس لەوانەی بەڕێوەی دەبەن دانی پێدا نانێن و تەنانەت کۆمپانیایەکی یاسایی تۆمارکراو نییە لە ڕووسیادا.

پێگەی ڤاگنەر لە دەرەوەی بازاڕە جیهانییەکان و ئەو نهێنییەی دەوری داوە لە بنچینەوە وەک پێکهاتەیەکی شاراوەی سوپای رووسیا هەڵقوڵاوە  بۆ خزمەتکردنی ڕژێمەکەی پۆتین. تەنانەت لە ماستەر پلانی ڕووسیاشدا نەبووە. مەیلی مۆسکۆ بۆ کرداری تایبەت بە بابەتێک پێکهاتەی گروپەکەی هێناوەتە بوون و دواتر پەلەکانی فراوان بوون و دەستبەکاربوو لەکاتێکدا کریملین بەدوای شێوازی بەسوود و سیاسیدا دەگەڕا بۆ بەرەنگاربوونەوە لە جەنگەکانی ئۆکرانیا و سوریا لە ٢٠١٤-٢٠١٥.

شاراوەیی و نهێنی گروپی ڤاگنەر وایکردووە دیاریکردنی ئەندامەکانی، تێکڕای ژمارەیان، تواناکانیان سەخت بێت. ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن زۆربەی سێ هەزار  و  600 بۆ  پێنج هەزار جەنگاوەرەکەی هاوڵاتی ڕووسین بەڵام هاولاتی ئۆکرانی و وڵاتانی تریشی تێدایە. تۆڕە ئۆنلاین و نافەرمییەکانی سەربازە خانەنشینکراوەکان و گروپی تر یارمەتی دەدەن لە دامەزراندنی کاندیدی نوێ. جەنگاوەرە هەڵبژێردراوەکان دەچنە بنکەی ڤاگنەر لە باشوری ڕووسیا بۆ هەڵسەنگاندن، ئەگەر قبوڵکران بەڵێن دەدەن نهێنیەکەی بپارێزن و ئیمزا لەسەر گرێبەستی سێ مانگی بۆ شەش مانگی دەکەن کە مەرجی نوێکردنەوەی تێدایە. جەنگاوەرەکان تەمەنیان جیاوازە، لە ٢٠ ساڵییەوە دەست پێدەکات بۆ ناوەراستی ٥٠ ساڵی. هەندێکیان پێشینەی نایابی سەربازیان هەیە لەکاتێکدا هەندێکی تریان ئەزمونیان کەمە بەڵام ڕاهێنانەکانیان وادەردەکەوێت سنورداربێت. هیچ هاندەرێکی تاک نییە بۆ چوونە نێو ئەم گروپەوە، بەڵام موچەی مانگانەی بەرز هاندەرێکی گەورەیە چونکە موچەی ئەمان سێ هێندە بۆ چوار هێندە بەرزترە لە موچەی ئاسایی کەسێکی  ڕووسی. موچەی هەر شەڕکەڕێکی گروپی ڤاگنەر لە جەنگی سوریادا بۆ ساڵی ٢٠١٧ مانگانە سێ هەزار و ٦٢٩ دۆلار بووە لەکاتێکدا موچەی ئاسایی مانگانەی رووسیا ٥٩٢ دۆلارە. لەپاڵ ئەمەشدا هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن هەندێک شەڕکەر نیشتمانپەروەری و خزمەتکردنی وڵات هانیان دەدات بچنە نێو گروپەکەوە.

یەکێک لە شەڕکەرانی گروپەکە بەناوی سۆڤرشینۆ سێکرێتنۆ دەڵێت، «لەسەدا ٩٠ی چەکدارە نوێیەکان نازانن بۆ کوێ دەنێردرێن، هەر کە دەکەونە گێژاوێکی ترسناکەوە دەڵین ئێمە نەهاتووین بمرین بەڵکو بۆ پەیداکردنی پارە هاتووین». 

مۆسکۆ یەکەمجار گروپی ڤاگنەری لە ئۆکرانیا بەکارهێنا لەکاتێکدا کریملن پێویستی بەشەڕکردنی جەنگێکی نهێنی و شاردنەوەی قوربانی لە رای گشتی بوو لەگەڵ هێورکردنەوەی کاردانەوەی نێودەولەتی سەبارەت بە سەرپێچیکردن لە سەروەری وڵاتە درواسێکانی. بەکارهێنانی چەکداری بەکرێگیراو مێژوویەکی دێرینی هەیە لە رووسیا کە بەزۆری لە جەنگی سارددا بەدیدەکرا. بە بەکارهێنانی ئەم چەکدارانە، مۆسکۆ ژمارەی ئەندامە فەرمییەکانی کەمکردەوە. وەرگرتنی ئەم چەکدارانە بەخێرایی لە ٢٠١٤ گەشەی سەند و کریملن ڕووی خۆی وەرگێرا بۆ ئەکتەرە حکومی و ئەهلییەکان بۆ تەرخانکردن و بەڕێوبردنی ئەو گروپانە.

یەکێک لەو گروپە نەشازانەی مۆسکۆ کۆیکردنەوە ئەو پیاوانەی تێدا بوو کە دواتر ڤاگنەریان دروستکرد. لەگەڵ پاڵپشتی هەواڵگری سەربازی ڕووسی، توانیان پلەی گروپی «پیاوانی بچوکی سەوز»تێپەڕێنن، ئەو گروپەی کە هیچ هێمایەکی فەرمی بە جلەکانیانەوە نییە و ساڵی ٢٠١٤ نیمچە دورگەی کریمیای ئۆکرانیایان گرت. ئەم یەکەیەی ڤاگنەر لەژێر دەسەلاتی دمیتری ئوتکین چالاکیان ئەنجام دەدا کە سەربازێکی خانەنشینە لە بەشی تایبەتی ئۆپەراسیۆنەکانی هەواڵگری ڕووسی. گروپەکەی ئوتکین کە لە بەهاری ٢٠١٤دا ناوی خۆیاننا ڤاگنەر بنکەیان لە شاری لوهانسک بو و لە چەندین شەڕی دژ بە هێزەکانی ئۆکرانیا بەشداریان کرد.

دەستێوەردانی ڕووسیا لە سوریا لەساڵی ٢٠١٥دا، ژیانێکی نوێی بەخشی بە گروپی ڤاگنەر. کریملن ترسی هەبوو لە قوربانییە مرۆییەکان و دەیویست ئامادەگی فەرمی دووربخاتەوە لەخۆی. ستافی گشتی هێزە چەکدارەکانی رووسیا، یاخود بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری رووسی ئەمەی وەک دەرفەتێک بینی بۆ بەرەوپێشبردنی پلانە درێژخایەنەکانی تا بتوانێت هێزێکی  چەکداری بەکرێگیراوی هەمیشەیی دروست بکات. بە گۆڕینی گروپی ڤاگنەر بۆ کۆمپانیانیەکی سەربازی ئەهلی، هەواڵگری رووسی دەیتوانی یارمەتی هێزەکانی حکومەتی سوریا بدات لە وشکاییدا و قوربانی بدات بەبێ دانپێدانانی قوربانییەکان بۆ رای گشتی.

ئوتکین بە فەرماندەی گروپەکە مایەوە و ڤاگنەریش بەپێی کات فراوان بوو لە ئەرک و چالاکییەکانی سوریادا. فراوان بوونەکە پیاوی زیاتری بەخشییە ڤاگنەر و ڕێگەی بە مۆسکۆدا  بەر بە تێکەڵبوونەوەی کەسانی شەڕخواز و سەربەکێشە بگرێت بۆ ناو ژیانی مەدەنی لە رووسیا. سۆڤرشینۆ سێکرێتنۆ دەڵێت، «شەڕکەرەکانی ڤاگنەر کە لە سوریادا بوون زۆربەیان لەژیانیاندا بێ بەخت بوون، پۆلیسی خانەنشین یا پێشوو، تاوانبار، سەرباز بوون. نزیکەی سەدا ٤٠%یان پێشتر لە زینداندا بوون بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی گەورەی وەک کوشتن و تاڵانی و هتد»...

هەواڵگری رووسی یەڤگین پریگۆژینی کردە تەرخانکەری بودجەی گروپەکە لەبەرامبەر وەرگرتنی گرێبەستی زەبەلاحی بەرگری لەلایەن پریگۆژینەوە کە بەهاکەی بەسەدەها ملیۆن دۆلار دەخەمڵیندرێت بۆ دەستەبەرکردنی پاککردنەوە و خۆراک و دروستکردنی باڵەخانە و خزمەتگوزاری تر بۆ دامەزراوە سەربازییەکان، ڕاپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن هەندێک لەو پارەیە بەکارهێنراوە بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ فراوانکردنی ڤاگنەر. تا پایزی ٢٠١٥، هێزی نوێی چەکداری بەکرێگیراوی رژێمەکەی پۆتین ئامادە بوون بۆ ئۆپەراسیۆن و مۆسکۆ بەنهێنی سەدەها چەکداری ڤاگنەری نارد بۆ سوریا لە سەرەتای دەستێوەردانی لە وڵاتەکەدا. ئاماری ساڵی ٢٠١٧ بۆ ژمارەی کوژراوانی چەکدارانی ڤاگنەر لە سوریا دەگاتە ٢٠٠ کوژراو لەکاتێکدا تەنها ١٩ کوژراوی فەرمی سوپای رووسیا هەیە لە هەمان ساڵدا.

تێگەشتن لە ڤاگنەر پێویستی بە سەیرکردنێکی وردی پریگۆژین و پێگەکەی لەناو ڕژێمەکەی پۆتین هەیە لەگەڵ  ئەوەی چۆن شوێنکەوتنی قازانج و دەسەڵات بریکارێتی ئامرازەکانی کریملن ئاراستە دەکات. پریگۆژین تەرخانکەری سەرەکی دارایی و بەڕێوبەری ڤاگنەرە، هەرچەندە نکۆڵی دەکات لە هەر پەیوەندییەک لەگەڵ گروپەکەدا هەیبێت. دوای بەسەربردنی ماوەیەک لە زینداندا بەتۆمەتی دزیکردن لە کۆتا ساڵەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا، پریگۆژین بووە بەڕێوبەرێکی سەرکەوتووی بواری خواردەمەنی کە چەندین ڕێستۆرانتی لە سانتپترسبۆرگ بەڕێوە دەبرد. لەناوەڕاستی ساڵانی ٢٠٠٠ ، دوای ئەوەی میوانداری لە پۆتین کرد لە ڕیستۆرانتەکانیدا، پریگۆژین خۆی خزاندە نێو بازنەکەی سەرۆکەوە و لەکۆتایشدا خواردنی بۆ بۆنەکانی کریملن ئامادە دەکرد و نازناوی «شێفی پۆتین»ی بەسەردابڕا.

لەم چەند ساڵانەی دواییدا، پریگۆژین بەشێوازی تایبەتتر سوودی بە پۆتین گەیاند. سەرکردایەتیکردنی  ئاژانسی توێژینەوەی ئینتەرنێت یان ناوە بازاڕییەکەی «کارگەی گاڵتەپێکردن»لەسەرەتای ٢٠١٣ەوە دەستی پێکرد کە میکانیزمێکی گرنگی بەخشییە کریملن بۆ قۆستنەوەی دیبەیتە سیاسییەکان و زراندنی ناو و پێگەی ڕەخنەگرەکانی ناوخۆ. «کارگەی گاڵتەپێکردن»پێشەنگی بەکارهێنانی کەسایەتی ساختەی ئینتەرنێتی گرت بۆ پەرەپێدانی ئەجێندای کریملن لەناوخۆی ڕووسیا و بەپێی کاتیش چالاکییەکانی فراوان کرد بۆ دروستکردنی گرژی سیاسی و دووبەرەکی لە دەرەوەی وڵات، تەنانەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش.وەزارەتی دادی ئەمریکا ساڵی ٢٠١٨ پریگۆژین و ئاژانسی توێژینەوەی ئینتەرنێتی تاوانبارکرد بە دەستتێوەردانی لە کەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠١٦.

نیاز و هاندەرەکانی پریگۆژین بەزۆری بەستراوەتەوە بە ئەندامێتی لەنێو دەست و پێوەندی پۆتیندا. بە بەکارهێنانی ڤاگنەر و «کارگەی گاڵتەپێکردن»بۆ پاڵپشتیکردنی مەرامەکانی ناوخۆ و جیۆپۆڵەتیکەکانی پۆتین، پریگۆژین دەتوانێت داخوازییەکانی خۆی بەهێز بکات بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و سەرچاوە بەنرخەکان. هەتا زیاتر پریگۆژین پۆتین قایل و دڵخۆش بکات، زیاتری دەدرێتێ. ڤاگنەر ناتوانێت بوونی هەبێت بەبێ ڕەزامەندی پۆتین و پریگۆژینیش ڕەنگە پێویستی بە ڕەزامەندی کریملین بێت بۆ بڕیاری ستراتیجی، بۆ نمونە کەی و لەکوێ ڤاگنەر بجوڵێنێت.

هێشتنەوەی ڤاگنەر لەژێر دەستی پریگۆژین سوودی دیار دەبەخشێت بە کریملن. یەکەم، کریملن هێزێکی چەکداری بەکرێگیراوی هەیە بەبێ ئەوەی پارەی بداتێ. دووەم، دەتوانێت نکۆڵی لە هەموو بەرپرسیاریەتییەکی ڤاگنەر بکات بە هێشتنەوەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت.ساڵی ٢٠١٨ پۆتین خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ڕووسیا هیچ لێپرسراویەتێکی لەسەرشان نییە سەبارەت بەوەی پریگۆژین دەیکات چونکە پریگۆژین هیچ پێگەیەکی فەرمی نییە. ئەمە باوەڕپێکراو نییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێگە نافەرمییە بە دۆکیۆمێنتکراوەی لە ڕژێمەکەی پۆتیندا هەیەتی.

پریگۆژین پەیوەندییەکانی کریملن بەکاردەهێنێت بۆ دەستکەوتنی قازانج لەو سەرچاوە سروشتییانەی ئەو ناوچانەی ڤاگنەر چالاکە تێیدا. ئەمە لە ٢٠١٦-٢٠١٧ دەستی پێکرد لە سوریا کاتێک ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕازیبوو پارەی خزمەتگوزرای سەربازیی بداتە کۆمپانیایەکی بەرەی ڤاگنەر کە لەلایەن پریگۆژینەوە کۆنترۆل دەکرێت. هەروەها گرێبەستەکە یەک لەسەر چواری قازانجی ئەو کێڵگە نەوت و غازانەی لە سنوری چالاکی ڤاگنەردان دەبەخشێتە پریگۆژینکە بەناوی ڕژێمی ئەسەدەوە دەستی بەسەردا دەگرێت.

کاتێک ڤاگنەر دواتر جوڵێندران بەرەو سودان و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، حکومەتی ڕووسیا گەشتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا بۆ مافی وەدەستخستنی ئەڵماس لە داهاتوودا و  عەمبارکردنی ئاڵتوون بۆ  کۆمپانیاکانی سەر بە پریگۆژین. ئەم ڕێککەوتنانە زۆر بچوکن لەنێو ئابورییە فراوانەکەی ڕووسیادا. باشترە وەک مووچە و بەرتیل تەماشا بکرێن بۆ پریگۆژین کە یارمەتی دەدەن بودجە بۆ ڤاگنەر پەیدا بکات و قازانجیشی لێ بکات لەبەرامبەر پشتیوانیکردن و سەرخستنی سیاسەتەکانی دەرەوەی کریملن.

ساڵی ٢٠١٧ ڤاگنەر پەرەسەندێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی کاتێک بەرەو ئەفریقا جوڵەیان پێکرا. ڕۆڵی ڤاگنەر لە سودان و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست وەک ئەو ڕۆڵە نییە کە لە سوریا و ئۆکرانیادا هەیەتی. لەجیاتی ئەوە ڤاگنەر وەک تەرخانکەری ئەمنیەت و یارمەتیدانی ڕژێمەکان بە ڕاهێنان و بەرگریکردن و پارێزگاریکردنی بەرپرسە باڵاکانە. ئەم گۆڕانەش لە کار و چالاکی وای لە ڤاگنەر کردووە ببێتە ئامرازێکی بەسوود بۆ کریملن و پریگۆژین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار