میلیشیاکانی سەر بەئێران ناڕه‌زاییه‌کان له‌عێراق سەرکوت دەکەن

لەچەند مانگی رابردوودا سێ چالاکوانی عێراقی لەلایەن تیرۆرکارانی نەناسراوەوە تیرۆرکراون کەدەوترێت پەیوەندییان هەبووە بەئێرانەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

هەندێک عێراقی ترسیان هەیە لەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران پەنا ببەنە بەر بەکارهێنانی هێزی زیاد لەڕادهبهدهر بۆ سەرکوتکردنی شەپۆلە نوێکانی ناڕهزایی دهربڕین کە لە حوزەیران سهریانههڵدا دژی خراپیی خزمەتگوزاریی گشتی لە چەندین پارێزگای باشوری عێراق.

میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەشدارییانکرد لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی لەوشێوەیە کە ساڵی پار سهریانههڵدا لە پارێزگای بەسرەی باشوری عێراق.

لە ساڵی رابردووەوە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران وەک رێکخراوی بەدر، عەسائیب ئەهل حەق، کەتائیب حیزبوڵا، سەرایا خوراسانی و حەرەکهت نوجەبا خۆپیشاندەران و چالاکوانانی مافە مەدەنییەکانیان کردۆتە ئامانج لە پارێزگای بەسرە.

چالاکوانان دەلێن ئەمە بە پاڵپشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) ئەنجامدراوە و ئاماژەیانکرد بە دەستبەسەرکردن و دیارنەمانی چەندین خۆپیشاندەر لەگەڵ چەند هەڕەشەیەک دژی پشتیوانانیان و سەرکردە خێڵەکییەکان.

رۆژنامەوانی عێراقی، عومەر جەنابی وتی میلیشیاکان پێدەچێت ئامادەکاری بکەن بۆ سەرکوتکاریی دیکە بۆ سەر خۆپیشاندەران لەکاتێکدا عێراقیەکان «پەیڕەوی مافی خۆیان دەکەن بۆ خۆپیشاندان دژی خراپبوونی خزمەتگوزارییەکان و دزەکردنی ئێران».

وتیشی «ئەو میتۆدە بەربەرییانە کە میلیشیاکان لە خۆپیشاندانەکانی رابردوودا بەکاریانهێناوە داڕێژراون بۆ تۆقاندنی خەڵکە مەدەنیەکە و دژی بەردەوامیدان به خۆپیشاندانەکانیان.»

هەروەها وتی «ئەم گروپانە بەنیازن کاری زیاتر ئەنجامبدەن لە رابردوودا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و کۆنترۆڵ و نفوزیان بەسەر دەوڵەت و ئابوورییدا.»

لانیکەم سێ چالاکوانی عێراقی لەلایەن تیرۆرکارانی نەناسراوەوە تیرۆرکراون کە دەوترێت پەیوەندییان هەبووە بە رژێمی ئێرانەوە لە چەند مانگی رابردوودا، لەنێویاندا سوعاد عەلی، بەڕێوبەری رێکخراوی ئەلوید بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە، کە لە ئەیلولدا کوژرا.

شێخ ویسام غەڕاوی، کە پیاوێکی ئایینی و چالاکوانێک بوو لەکاتی خۆپیشاندانەکانی بەسرەدا کوژرا لە تشرینی دووەم، لەکاتێکدانووسەری عێراقی و رۆماننوس عەلا مەشزوب لە شوباتدا کوژرا.

چەندین پیاوی گەنجیش کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد کوژران و چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانی بانگەشەی ئەوەیان کرد کە چەند تیمێکی سەر بەم میلیشیایانە لیستێک لە ناوی چالاکوانانی عێراقییان لە ئێرانەوە بەدەستگەیشتووە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی عێراقی بە دەیان سکاڵایان بەدەستگەیشت دەربارەی دەستگیرکردن و دیارنەمانی چالاکوانان، کە چارەنووسیان بە نادیار مایەوە، لەگەڵ چەند راپۆرتێک دەربارەی هەڕەشەی مەرگ لە کەسانی نادیارەوە.

غازی فەیسەڵ حسێن، راوێژکار لە ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکان، وتی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەرپرسن لە ئەنجامدانی چەندین تاوان دژی چالاکوانان و نوسەران کە پەیڕەویی ئازادی رادەربڕین دەکەن.

بە دیارونای وت دەزگای هەواڵگریی ئێران و هێزی قودسی پاسداران «رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە کەمبایەخکردنی دوایین خۆپیشاندانەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە بەسرە روویاندا».

وتی «هیچ سڵ لەوە ناکەنەوە کە تەواوی سەرچاوەکانی خۆیان بخەنەکار بۆ کردنه ئامانجی خۆپیشاندانی ئاشتیانە لەلایەن ئەو عێراقیانەوه کە سەرکۆنەی چالاکییە تاوانکارانەکانیان دەکەن و سەرچاوەی وڵاتیان تاڵاندەکەن.»

وتیشی خۆپیشاندانەکان دەرخەری ئەو رقەن کە عێراقییەکان بەرامبەر رژێمی ئێرانی و میلیشیاکانی هەستی پێدەکەن و ئاماژەیکرد بەوەی زۆر کەس ئەم میلیشیانە بە بەرپرس دەزانن لە گەندەڵیی بەربڵاو و خراپیی خزمەتگوزاریی گشتی.

حسێن وتی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، عێراق دەخەنە بەردەم مەترسیی سزا نێودەوڵەتییەکان بەهۆی بەنایاساییانە بەقاچاخبردنی نەوتی ئێران لەڕێگەی بەندەرەکانی عێراقەوە.

وتیشی هێزیان لەبەر ئابوریی عێراق بڕیوە بە سەپاندنی گومرگ بەسەر کار و پرۆژە بازرگانییەکاندا لەو ناوچانەی کە خۆیان نفوزیان تیایاندا هەیە.

حسێن میلیشیاکانی تۆمەتبارکرد بە بەڕێوەبردنی چەند زیندانێکی نهێنی لە بەغدا و بەسرە و چەند شوێنێکی دیکە کە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دادا نین «یاخود دەسەڵاتی هەر دەزگایەکی دیکەی حکومی».

حسێن وتی بە هەزاران لەو کەسانەی لەم زیندانانەدا دەستگیرکراون بەبێ مۆڵەتی دەستگیرکردن و دادگایی گیراون و وتی «رووبەڕووی ئەشکەنجە و شێوەی لێکۆڵینەوەی تووند بوونەتەوە بەدەستی هەواڵگرانی ئێرانی».

تکای لە حکومەتی عێراق کرد بۆ خستنەبەری هەنگاوی کاریگەر بۆ کۆتاییهێنان بە مامەڵەی نایاسایی کە بریتییه له «پێشێلکاریی بێئابڕووانەی سەروەریی دەوڵەت و بەرپرسیارێتی کە دەستوور سەپاندوێتی».

هاوکات دانیشتوویەکی بەسرە کە داوایکرد ناوی نەهێنرێت بە دیارونای وت زۆر سەرکۆنەی هەوڵەکانی ئێران دەکات بۆ «بێدەنگکردنی دەنگەکان و سەرکوتکردنی مافەکانیان کە لەلایەن سیستمی دیموکراسی و دەستووری عێراقەوە پارێزراون».

وتیشی «ئەم میلیشیایانە نامانترسێنن، لەبەرئەوەی مافی خۆمانە خۆپیشاندانی ئاشتیانە رێکبخەین لە هەر کات و شوێنێک بێت تا داوای رەوای خۆمان بگەیەنین لە چوارچێوەی یاسادا.»

هەروەها وتی ئەم داواکارییانە «باشترکردنی خزمەتگوزاری،رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەرگرتن بە نەبوونی یاسا و پاراستنی سەروەریی وڵاتیان تێدایە دژی هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار