لەسەر سکاڵای وەزیری کار فەرمانی گرتن بۆ ژنێک دەردەچێت

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

دادگای هەڵەبجە یەکشەممە فەرمانگی گرتنی دەرکرد بۆ ژنە فەرمانبەرێک بە تۆمەتی خواردنی ١٨٦ ملیۆن دیناری پارەی کەمئەندامان، ئەوەش لەسەر سکاڵای کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم. هەروەها بڕی ٢٧٥ ملیۆن دیناری تری گەڕاندەوە بۆ خەزێنەی حکومەت کە گلدراوەتەوە.

پارەکە لە مووچەی ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتانە کۆکراوتەوە کە لەکاتی خۆیدا نەرۆیشتوون بۆ مووچەکانیان یان گیانیان لە دەستداوە، دواتر پارەکەش نەگەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنە، بەهۆیەوە سەدان ملیۆن دینار خوراوە کە بڕی ١٨٦ ملیۆن دیناری بە تەنها لە لای یەک ژنە فەرمانبەر بووە.

کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بە هاوڵاتی راگەیاند کە لە کاتژمێر ٨:٣٠ بەیانی رۆژی یەکشممەوە چۆتە هەڵەبجە بۆ بەدواداچوونی پرسەکە، هەریەکە لە دادگاو پارێزگارو پۆلیسیش هاوکاربوون لەگەڵیدا.

دوای چەند کاتژمێر بەدواداچوون دواتر لە کاژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ دادوەر فەرمانر گرتنی بۆ ژنەکە دەرکردوە.

بەپێی یاساو رێنماییەکان هەر فەرمانبەرێک ئەگەر لە ماوەی شەش مانگدا نەچێت بۆ مووچەکەی یان مردبێت دەبێت دوای شەش مانگ فەرمانگەکەی پارەکە بگەرێنێتەوە بۆ خەزێنە، بەڵام لەبەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی شارەزوور لە هەڵەبجە ئەو پارانە کە هی کەمئەندامان بوون نەگەڕێنراونەتەوە بۆ خەزێنە.

کوێستان محمەد ئاماژەی بەوە کرد هەفتەی پێشوو لیژنەیەکی ناردوە بۆ هەڵەبجە بەڵام ژنە فەرمانبەرەکە هیچ زانیارییەکی نەداوە بەدەستەوە لەسەر پارەکان، بۆیە خۆی ئەمڕۆ یەکشەممە رۆیشتۆتە هەڵەبجە بۆ بەدواداچۆنی کەیسەکە.

دواتر وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی خۆی ژنەکەی بانگ کردوە و لێپرسنەوەی لەگەڵ کردوە لەسەر دیارنەمانی ئەو پارەیە، سەرەتا ژنەکە وتویەتی پارەگەی گەڕاندۆتەوە بۆ خەزێنە بەڵام نەیتوانیوە قسەکانی بیسمەلمێنێت، دواتریش وتویەتی پارەکە داوە بە کەسێک و رۆیشتوە بۆ تورکیا بەڵام وەڵامی تەلەفۆنەکانی ناداتەوە.

لە دواجاردا دادوەر فەرمانی گرتنی بۆ ژنە فەرمانبەرەکە دەرکردوە تا رۆژی دادگاییکردنی.

جگە لەو ١٨٦ ملیۆن دیانرە کە دیار نیە، هەر ئەمڕۆ وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بڕی ٢٧٥ ملیۆن دیناری گەڕاندەوە بۆ خەزێنەی حکومەت کە لە بەرێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی شارەزەور بووە.

ژنەفەرمنابەرەکە کە بڕی ١٨٦ ملیۆن دیناری مووچەی کەمئەندامانی لا بووە، بڕوانامەی شەشی بنەڕەتی هەیە و گومان دەکرێت کەسی تری لەگەڵدا بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار