ناســیۆنـالیزم‌و عەفـرین

5 ساڵ لەمەوپێش



 

هەندرێن شێخ راغب

گەلی کورد توڕەیە لەئەزمونی خۆی، نائومێدە لەخۆی، مەبەستم باشوری کوردستانە، دەیەوێت بڵێت ئیدی من ناسیۆنالیست نیمو دەمەوێت بژیمو هەناسەیەک هەڵمژمو لەوە زیاتر قوربانی هەندێ دەسەڵاتدارو بازرگانی سیاسیو حزب پەرست نەبم! (ناسیۆنالیزم لێرەدا مەبەست کوردایەتییە بەمانا میللیەکەی خۆمان)، ئێمە پێش ئەوەی باس لەشکستی ئەزمونی سەد ساڵی ناسیۆنالیزمی کوردی بکەین، باس لەشێخ مەحمودو قازی محەمەدو سەرکردەو حزبەکانی کوردایەتی بکەین، دەبێت بپرسین بەڕاست ئێمە ناسیۆنالیزممان هەبووە؟ ناسیۆنالیزم هاتۆتە ناو کوردستان؟ چەمکی زانستیو سیاسیو راستەقینەی ناسیۆنالیزم لای بزوتنەوەی کوردایەتیو حزبەکانو سەرکردەکان هەبووە؟ تاوەکو بێینو بڵێین ناسیۆنالیزمی کوردی داوەشاوەو دواکەوتووەو گەندەڵەو هیچی بۆ کوردو ئێستا پێ نیە. گرفتەکە ئەوەیە ئێمە وەک نەتەوەکانی دیکەی دنیا، قۆناغی نەتەوە، دەوڵەت، دەستور، ناسیۆنالیزم، مۆدێرنە، پۆست مۆدێرنە....کولتورو پۆست کولتوریشمان نەبڕیوەو لەقۆناغی ڤیستیڤاڵی هۆزو عەشیرەتو بنەماڵەداین..لەقۆناغی شەڕی تخوبی گوندو ناوچەگەری داین، لەقۆناغی شەڕە حزبایەتی تەقلیدی داین..هێشتا گومان دەکرێت لەهۆزەوە بۆ نەتەوە پەڕیبینەوە..کەچی بێینو بڵێین ناسیۆنالیزم بۆگەنەو نەژادیو وێرانەو ئەگەر وا بیر بکەینەوە لەئەوروپا جێگامان نابێتەوە؟ لەدنیا جێگامان نابێتەوە؟ ئەی ئەگەر ئاوایە بۆچی بەلجیکی، سویدی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئینگلیزی، سکۆتلەندی، ئیسپانی.....هتد دەستبەرداری دەوڵەتو سنورو ئاڵای خۆی نابێت، دەستبەرداری مارشی نەتەوەیی خۆی نابێت؟ دەستبەرداری زمانی دایکی خۆی نابێت؟. کام بیرمەندو فەیلەسوفی ئەوروپا هەیە بەئاشکرا بڵێت من هیچ نەتەوەو سنورو دەوڵەتو ئاڵاو مارشێکم نیە؟ ئەگەر فەیلەسوفو بیرمەندو کەسایەتیەکانی ئەوروپا بڕوایان بە نەتەوەوو سنورو دەوڵەتو ئاڵاو مارش نەماوە، کەواتە فەرقی چیە بۆ لە میونخ، پاریس، بەرلین، ستۆکهۆڵم، لەندەن دەژین، با بێن تەنها یەک مانگ لە فەلوجە، کۆبانێ، بەسڕە، چەمچەماڵ، کابول، ئیسلام ئاباد بژین. ئەی ئەوە نیە لای ئەوان دەوڵەت نەتەوە کۆتایی پێهاتووەو سنور نەماوەو گرنگ مرۆڤایەتیە کەواتە فەلوجەو کۆبانێو چەمچەماڵیش مرۆڤی لێ ئەژی، با بێن لەوێ بژین؟

ئەزمونی باشوری کوردستان کەندو چاڵو شکستی زۆرە، ئەزمونێکە حزبەکان زۆر هێنانو بردنیان پێکردووە، ناعەدالەتیو گەندەڵیو شکاندنی شکۆی یەکتر هەیە، مرۆڤی ئێمە لەژێر ئاڵای حزبە کوردیەکانو دروشمی کوردایەتی زوڵمیشی لێکراوە، شەڕی براکوژیو تاڵانی سامانی کوردستانیش هەیە، قۆناغێکی زۆر سەختەو نەوەیەکی زۆر توڕەو نیگەرانو نائومێد هەیە. دەبێت دەستبخەینە سەر برینەکانمانو رێکو راست ئەم شکستانە باس بکەین. بەڵام ئەوەش کوردستان ناکات بە بەهەشتو دنیای خەیاڵەکانو خۆشگوزەرانیو عەدالەت ئەگەر کوردایەتی نەمێنێتو ئەبو موهەندیسو قاسمی سلێمانیو ئەردۆغانو بەشار ئەسەدو ئەبوبەکر بەغدادی بێن حوکمی ئێمە بکەن. راستە ئێستا لەعێراق پیاوێکی وەک عادل عەبدولمەهدی لەزۆر مافیای کوردی باشترە؟ لانی کەم هەتا ئێستا خراپ نیە. بەڵام عادل عەبدولمەهدی نەک هەر کەمینەیە، بەڵکو تاکە کەسە. کۆی زهنیەتی عێراقو عەرەب بەهەردوو باڵەکەی سوننەو شیعە بەرامبەر تۆ هێجگار دڕندەن.

با لێرەدا نمونەیەکی زۆر زیندوو بخەینەڕوو، ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئێمە دەوڵەتی نەتەوە دروستناکەینو بڕوامان پێی نیە. ئێمە سوریا پارچە پارچە ناکەینو هاوڵاتی سوریاین..ئێمە کۆنفیدڕاڵی دیموکراتی پەیڕەو دەکەین، تەنانەت ئۆجەلان لەئیمڕالیەوە نەخشەرێگای کۆنفیدڕاڵی دیموکراتی راگەیاند. لەرۆژئاوای کوردستان ناوی کوردستانیش نیە، ناویان ناوە فیدڕاڵی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا. عەرەبو سریانیو تورکمان وەکو کورد خاوەنی هەموو شتێکن.. لەناوچەی عەفرینەوە یەک دەمانچەش نەتەقی بوو، ئاڵای کوردستان نەبوو، ئەی رەقیب نەبوو؟؟؟، دەوڵەتی نەتەوە نەبوو، کەچی دەوڵەتی تورکیا بەهەموو لایەنو تواناکانی ناویەوە پەلاماری عەفرینی دا..بۆچی کەس قسەی نەکرد تەنانەت بیرمەندو فەیلەسوفو هونەرمەندی تورکیاش نەیانگوت نابێت ناسیۆنالیزمی تورکی وابکات، پیرۆزباییان دەکرد. خۆ عەفرین خاکی تورکیا نەبوو. کەچی تورکەکان هاتن داگیریان کرد بۆ ئەوەی ئەزمونی رۆژئاوای کوردستان لەتوپەت بکەن نەبێتە کیانێکی یەکگرتوو..سوریاو عێراقو ئێرانیش قسەیەکیان نەکرد چونکە دژی کورد بوون.. بۆیە عەفرین باشترین نمونەیە کە ئەوان کوردیان نەک وەک نەتەوە، دەوڵەت نەتەوە، قبوڵ نیە، بەڵکو وەکو هۆزو خێڵیش قبوڵت ناکەن.

لەباشوری کوردستان ریفراندۆم کرا، ئایا پێویست بوو ئاسمانو زەویمان لەسەر دابخەن..چیمان کردبوو، بۆمبی هێرۆشیماو ناکازاکیمان بەرامبەر عەرەبو تورکو فارس بەکارهێنابوو؟ دەبابەو چەکو فیشەکمان بەکارهێنابوو؟، شارو گوندو ناوچەی عەرەبو تورکو فارسمان داگیرکردبوو؟ چیمان کردبوو کە بەمجۆرە پەلاماری کەرکوکو خانەقینو شەنگال بدرێت. کۆمەڵکوژمان بکەن..تەنانەت سنوریان لەسەر داخستین..ئاسمانیان لەسەر داخستین.. تەنها لەسەر ئاڵای کوردستان تاقانەیەکی کوردیان لەخانەقین کوشت..زمانو لۆگۆی کوردستان وەک ماددەی هۆشبەری لێکرا، ئینجا هی ئەوان راستەو کاری باشیان کردووە، بەڵام کورد کاری خراپی کردووەو چارەسەریش ئەوەیە لەرقی بارزانیو تاڵەبانی، لە رقی پارتیو یەکێتی واز لەکوردایەتیو مێژووو زمانو خاکو هەموو شتێک بهێنین..بەڵێ برسیەتیو ناعەدالەتیو گەندەڵیو رەفتاری ناجۆری سیاسی زۆر قێزەون هەیەو بەرپرسی یەکەمیش پارتیو یەکێتین..بەڵێ زۆر توڕەو نائومێدو نیگەرانین لەوەی بەناوی کوردایەتیەوە دەیکەنو دەیبەن..بەڵام کوردبون رەگەزنامەی خوێنە..پەیوەندی بەهیچ حزبو سەرکردەو لایەنێکەوە نیە.

بەڵێ رەگەزپەرستی، نەژادپەرستی، شۆڤێنیەت، ناوچەگەری، مەزهەبگەرایی، ئاپارتایدو پەتریارکیەت زۆر ماڵوێران کەربوون بۆ مرۆڤایەتیو خوێنو جەنگی زۆریان رشتو دروستکرد. بەڵێ مرۆڤ لەسەر بچوکترین بیرورای جیاوازی خۆی روبەڕوی مەرگ بۆتەوە. بەڵام ئەمە دروستکراوی کورد نیە، تاوەکو کورد بێت حاشای لێ بکات. پێش ئەوەی دژی ناسیۆنالیستو دەوڵەت نەتەوەی کوردی بین، دەبێت دژی ناسیۆنالیستو دەوڵەت نەتەوەی تورکو عەرەبو فارس بین. تا وتارێک دژی کوردایەتی دەنوسین، دەبێت سەد وتار دژی عروبەو تەتریکو تەفریس بنوسین. کۆی مەبەستی من ئەوەیە دەمەوێت بڵێم دەبێت مرۆڤبوونو دیموکراسیو ئازادیو کەرامەت یەکەم کارمان بێت، دووەم کارمان کورد بوون بێت، بەڵام ئەمە سەد دەر سەدیش دەبێت بۆ عەرەبو تورکو فارسیش بێت. جەنگی دوو لایەنەیە چۆن لەکوردایەتی خۆمان دەمانەوێت رزگارمان بێت، دەبێت لەعروبەو تەعریبو تەتریکو تەفریسیش رزگارمان بێت. ئەگینا لەجەنگو ماڵوێرانیو بازرگانی سیاسیو قاچاغچی نەتەوەگەرایی دەربازمان نابێتو جەرگی دایکەکان هەر دەسوتێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار