گروپی فاروق داوای هەڵوێست لە گۆڕان دەکات لەسەر "رەفتاری گوماناویی" پەرلەمانتارێکیان

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

گروپی كۆمپانیاكانی فاروق داوای هەڵوێست و لێپرسینەوە دەکات لەسەر "رەفتارە گوماناویی، پەرلەمانتارێکیان و هەروەها دەڵیت بە مافی خۆیانی دەزامن سکالای یاسایی لەسەر تۆمار بکەن

له‌ روونكردنه‌وه‌یەکی گروپی كۆمپانیاكانی فاروق دا هاتووە " ماوەیەك لەمەوبەریش پەرلەمانتارێکی هەمان فراكسیۆن لە پەرلەمانی بەغدا بە رقێكی سەیرەوە كەوتە بوختانكردن بۆ پڕۆژەی ریسایكلینەكەی شاری سلێمانی كە بە عالەمی ئاشكرا كاری تێدا دەكرێت و لەژێر چاودێرییەكی بەردەوامی حكومەتی هەرێمدایە".

هەروەها دەڵێت "ئەم پەڕلەمانتارە هێندە داخ لەدڵە كە دەستبەجێ‌ ئەم نووسینەی دوایشی لە ئەكاونتی خۆیدا بڵاوكردەوە، هیوادار و چاوەڕوانین سەركردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەم هەڵوێست و رەفتارە گوماناویانە وەڵام و لێپرسینەوەیان هەبێت"‌.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانتار غالب محەمەد لە نوسینێکدا کە واڵی خۆی بڵاویکردۆتەوە دەلێت "بەواژۆی قوباد تاڵەبانی (245) هەزار تەن چیمەنتۆی فرۆشتوە بە فاروقی مەلا مستەفا... بە 40.5 هەزار و پارەکەشی دەکاتە زیاتر لە (9,720,000,000) ملیار دینار".

لە روونكردنه‌وه‌کەی گروپی كۆمپانیاكانی فاروق دا هاتووە " ئەمە یەكەم جار نییە كاك فاروقی مەلا مستەفا و دامەزراوەكانی دەكرێنە ئامانج بۆ ناوزڕاندن و لەكەداركردن".

دەشڵێت "مامەڵەی فرۆشتنی ئەو بڕە چیمەنتۆیەی كە باس كراوە مامەڵەیەكی ئاشكرا و رەسمی و یاسایی بووە لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازیدا و ئەوەندەی مسقاڵە زەڕەیەك سەرپێچی و ناهەقیی تێدانییە. پێشتریش چەندین جار دەزگاكانی حكومەتی هەرێم بەهەمان میكانیزم مامەڵەی لەوجۆرەیان بەئەنجام گەیاندووە. ئەوەی كەسایەتی كاك فاروق و پێشینەی گروپی كۆمپانیاكانی ئێمە بناسێ‌ زۆر چاك دەزانێ‌ كە هەمیشە دەستخۆشیمان كردووە لە چاكسازیی و بەهێزكردنی دەزگاكانی چاودێری لە رێگا یاسایی و شەرعییەكانەوە".

 

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

سەبارەت بەو نووسینەی كە ئەندام پەرلەمانێکی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لەسەر كۆمپانیایەكی سەر بە گروپی كۆمپانیاكانی فاروق و خودی كاك فاروقی مەلا مستەفا بڵاویكردووەتەوە بە پێویستمان زانی زۆر بە كورتی ئەم چەند خاڵە بخەینە بەرچاوی هاووڵاتیان و دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان:

1- ئەمە یەكەم جار نییە كاك فاروقی مەلا مستەفا و دامەزراوەكانی دەكرێنە ئامانج بۆ ناوزڕاندن و لەكەداركردن، چونكە ماوەیەك لەمەوبەریش پەرلەمانتارێکی هەمان فراكسیۆن لە پەرلەمانی بەغدا بە رقێكی سەیرەوە كەوتە بوختانكردن بۆ پڕۆژەی ریسایكلینەكەی شاری سلێمانی كە بە عالەمی ئاشكرا كاری تێدا دەكرێت و لەژێر چاودێرییەكی بەردەوامی حكومەتی هەرێمدایە. ئەم پەڕلەمانتارە هێندە داخ لەدڵە كە دەستبەجێ‌ ئەم نووسینەی دوایشی لە ئەكاونتی خۆیدا بڵاوكردەوە، هیوادار و چاوەڕوانین سەركردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەم هەڵوێست و رەفتارە گوماناویانە وەڵام و لێپرسینەوەیان هەبێ‌.

2- مامەڵەی فرۆشتنی ئەو بڕە چیمەنتۆیەی كە باس كراوە مامەڵەیەكی ئاشكرا و رەسمی و یاسایی بووە لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازیدا و ئەوەندەی مسقاڵە زەڕەیەك سەرپێچی و ناهەقیی تێدانییە. پێشتریش چەندین جار دەزگاكانی حكومەتی هەرێم بەهەمان میكانیزم مامەڵەی لەوجۆرەیان بەئەنجام گەیاندووە. ئەوەی كەسایەتی كاك فاروق و پێشینەی گروپی كۆمپانیاكانی ئێمە بناسێ‌ زۆر چاك دەزانێ‌ كە هەمیشە دەستخۆشیمان كردووە لە چاكسازیی و بەهێزكردنی دەزگاكانی چاودێری لە رێگا یاسایی و شەرعییەكانەوە.

٣- لەسەرەتای قەیرانە داراییە سەختەكەی هەرێمی كوردستاندا گروپەكەی ئێمە لە پەرۆشیماندا بۆ حكومەت و خەڵكی كوردستان بڕی 100 ملیۆن دۆلارمان وەكو قەرز بە نەقد (كاش) دابینكرد بۆ حكومەت بەبێ‌ سوود و قازانج. دواتر حکومەتی هەرێم بەشێوەی چەک ئەو بڕە پارەیەی بۆ گەڕاندینەوە پاش تێپەڕبوونی قەیرانە داراییەکە واتە ئەو بڕە پارەیەی كە لە نووسینی ئەندام پەرلەمانەكاندا باس كراوە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پارە کاشە کە بە قەرز داومانە بە حکومەت و ئێمە یەک فلس سودمەند نین لێی.

٤- ئەركی دەوڵەت و كەسایەتییە دیارەكانی ناو حكومەت و پەرلەمان بەخشینەوەی متمانەیە بە كەرتی بانقداری لە هەرێمی كوردستاندا كە بەداخەوە لە ماوەی رابوردوودا ئاستەنگی زۆری هاتەڕێ‌. بۆیە پێمان سەیرە نووسینەكە رەخنە لەوە دەگرێ‌ كە بۆچی مامەڵەكە بە چەك ئەنجامدراوە لەكاتێكدا كە دامودەزگاكانی حكومەت و پەرلەمان هانی بەكارهێنانی چەك دەدەن.

٥- نووسراوە گوایە تەنیا لەو چەك گۆڕینەوەیەدا، كۆمپانیاكە زیاتر لە (6) ملیۆن دۆلاری دەستكەوتووە. تێناگەین ئەمە چۆن حسابكردنێكە، چونكە ئەو كەسەی تەنیا هەر جەدۆلی زەڕبیشی لەبەر بێت دەزانێت هیچ ئاڵوگۆڕێكی بازرگانی لە (9.720) ملیار دینار شەش ملیۆن دۆلار قازانج ناكات.

٦- هاوبەشیكردنی گەورەی كاك فاروقی مەلا مستەفا بە ملیۆنەها دۆلار لە خزمەتكردنی ژێرخانی ئابووری و ئاوەدانیی پارێزگای سلێمانی و هاوكاریكردنی پێشمەرگە قارەمانەكان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و دابینكردنی دەیان هەزار هەلی كار و پشتیوانیكردنی زانكۆ و مەڵبەندە پەروەردەیی و رۆشنبیرییەكان ئامانجێكی روون و ئاشكرای ئێمە بووە و بەردەوامیش دەبین لەسەری و ئەو جۆرە بوختان و چەواشەكارییانە ناتوانن ورەمان لاواز بکەن. بەردەوام دەبین و باوەشمان كراوەیە بۆ لە ئامێزگرتنی هەموو هەوڵێكی جددی و هەموو مەبەستێكی پاك.

٧- بە مافی سروشتی خۆمانی دەزانین سكاڵای یاسایی تۆماربكەین دژی ئەم هەوڵە گوماناویانەی كە ناوبەناو دەدرێن بۆ هێرشكردنە سەر ناو و ناوبانگمان.

گروپی کۆمپانیاکانی فاروق

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار