ده‌مانه‌وێت کارگه‌ى جگه‌ره‌ بکه‌ینه‌ مۆزه‌خانه‌، به‌ڵام بودجه‌یه‌کى زه‌به‌لاحى ده‌وێت

هاشم حه‌مه‌ عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌ی سلێمانى:

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: شاناز حهسهن

مۆزهخانهى سلێمانى، لهساڵى2000 بهفهرمى کراوهتهوه، مۆزهخانه بهشێکه لهوهزارهتى شارهوانى و گهشتوگوزار، (19) ساڵه هاشم حهمه عهبدوڵڵا بهڕێوەبهریهتى.

لهچاوپێکهوتنهکهى لهگهڵ هاوڵاتى باسى لهوهکرد چهندین شوێنهوار ههیه، دهتوانرێت ڕۆڵیان ههبێت لهبهرهوپێشبردنى کهرتى گهشتوگوزارو زیادکردنى داهات و داوا دهکات کهدهستهیهکى سهربهخۆبن بۆ ئهوهى دهستکراوهتر بن و کارى زیاتر بکهن بۆ بهرهوپێشبردنى ناوچە شوێنهواریهکان و پاراستنیان.

هاوڵاتى: سهرهتا کهمۆزهخانهى سلێمانى کرایهوه چى تێدابوو؟ توانرا پارچهى ههموو سهردهمهکان کۆبکرێتهوه؟ باس لهچى دهکهن ئهو پارچانه؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: چهندین ساڵ پێش ساڵى2000 مۆزهخانه ههر ههبوه، بهڵام بههۆى شهڕهوه نهدهکرا بهئاشکرا ههبێت و بهکردنهوهى بهپێی ئهو پارچانهى کهههمانبون،  پارچهى ههموو سهردهمه مێژووییەکانى تێدابوو، لهچاخى بهردینهوه، تاسهردهمى مێژوویى، پارچهکان باسى قۆناغه مێژووییەکانى ژیانى مرۆڤایهتى دهکات، کهمرۆڤ لهوکاتهدا بهردى بهکارهێناوه بۆ ههموو شتێکى ژیانى، دواتر ورده ورده کهکۆچى کردووهو ئهشکهوتى بهجێهێشتوه، لهگوندهکاندا ژیاون قوڕیان بهکارهێناوهو دواتر مس و کانزاکانى تریان دۆزیوهتهوه.

هاوڵاتى: لهدواى پرۆسهى ئازادى؟ ژمارهى پارچهکانتان زیادبون بۆ؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: لهدواى پرۆسهى ئازادییهوه ژمارهیهکى زۆر تیمى ئهمریکى هاتن و لهگردو تهپۆڵکهکانى سنورى پارێزگاى سلێمانى کاریان کردو پارچهى کوردستانى خۆمان بهتایبهتى زۆرتر بون، داواکاریش زیاتر خهڵک داواى پارچهى کوردستان دهکات، بۆیه زیاتر ئهو پارچانهمان کۆکردهوه، ئهو سهردهمهى پێش مێژوو زۆرن.

هاوڵاتى: بهچ ڕێگهیهک پارچهکانتان دهستدهکهوێت؟ ژمارهى پارچهکان چهندن؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: پارچهکان زیاتر به سێ ڕێگه دهستمان دهکهون، یان ئهوانهن کههاوڵاتى پێشکهشى مۆزهخانهى دهکات، یان لهئهنجامى پشکنیندا، یاخود ئهوانهى که دهستى بهسهردادهگیرێت، وهک ئهوانهى که خهڵک دهیهوێت بهشێوهیهکى نایاسایى کڕین و فرۆشتنى پێوهبکات، بۆیه لهڕێگهى تیمهکانیشهوه بهردهوام لهزیادبوندان و به دهیان ههزار پارچهمان ههیه.

هاوڵاتى: مۆزهخانه چ ڕۆڵێکى ههیه بۆ پێشکهوتنى وڵات؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: مۆزهخانه ناوهندێکى زانستى و فکرى کۆنهو گهنجینهیه بۆ کۆکردنهوهى مێژووى ناوچهکهو کهرهستهکانى و چۆنیهتى ژیانیان ڕوندهکاتهوه بۆ ئهو وڵاته، ئهسڵهن لهوڵاتان چهندین مۆزهخانه ههیه، کهئێمه بهههموو ههرێم چوار مۆزهخانهمان ههیه، کهدهتوانرێت لهڕێگهیهوه مێژووى وڵاتێک بگێڕێتهوه.

هاوڵاتى: هۆشیارى خهڵک تاچهند بهرزبۆتهوه بۆ هاوکارى مۆزهخانه لههێنانى پارچه ئاسهواریهکان و سهردانى کردنیان بۆ مۆزهخانه؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: هۆشیارى هاوڵاتى لهئهنجامى سهردانیکردنیانه بۆ مۆزهخانه، که بهخۆشحاڵییەوە بهردهوام ئاستى هۆشیارى لهبهرز بونهوهدایه، چونکه که سهردانى کردو بینى چهند بهنرخه ئهو پارچانه لهم شوێنهدا بپارێزرێت و ئهمه شوێنى خۆیهتى بۆ ئهوهى نرخهکهى دهرکهوێت، پێویسته ئهو پارچهیه لهمۆزهخانه بێت، زیاتر ئهوانهى  کهسهردان دهکهن خوێندکارى بنهڕهتین و ئهوانهى که لهزانکۆن کهمترین حهزیان ههیه بۆ سهردانى کردن، چونکه لهمنداڵییهوه لایان نهچهسپێنراوه.

هاوڵاتى: بهشێکى تازه کراوهتهوه تایبهته بهبهشى منداڵان؟ ئهم بهشه بۆچى پێوسته؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: ئهم بهشه ههفتهیهکه کراوهتهوه، بهپێى زۆرى ئهوانهى سهردانمان دهکهن، بۆیه منداڵیش حهز دهکات، زیاتر دهست لهو شتانه بدات که دهیبینێت بۆیه ئهم بهشهمان کردەوهو ئهو پارچانهمان بهکۆپى کراو لهوێدا داناوه بۆ ئهوهى بتوانن دهستى لێبدهن،  پارچه قوڕێکى دهدرێتێ بۆ ئهوەى ئهو شتانهمان بۆ دروستبکهنهوه و لممان داناوه بۆ ئهوهى بزانن شت چۆن دهدۆزرێتهوهو خۆى ههڵکۆڵین بکات،  ئهمه گرنگى لهوهدایه که بیربکاتهوه، بۆ ئهوەى بزانێت باوک و باپیرانى ئاوا ژیاون و لهگرنگى پارچهى مێژوویى بزانێت، بۆ ئهو قوتابخانانهش که لهدهرهوهى شارن و لهگوندهکاندان، لهبهرنامهماندایه، لهڕێگهى کردنهوهى خولهوه بۆ مامۆستایان تا ئهوانیش بتوانن پارچه کۆنهکان بهکۆپى کراوى بهرن و وانهى لهسهر بخوێنن.

هاوڵاتى: ئهو پارچهو شته کهلهپوریانهى که لهمۆزهخانهدایه، کهسێک ههیه زانیارى وردى ههبێت لهسهر شتهکان و هاوکارى ئهو کهسانه بێت کهسهردانى مۆزهخانه دهکهن؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: شێوازى مۆزهخانه ئهوهیه که بێجگه له پارچهکان نوسراوێکیش لهسهر  پارچهکه دانراوه کهمێژووى ڕونکردنهوهیهکى کورتى تێدایه سهبارهت بهو پارچهیه، بهدهر لهوهش ئهپڵیکهیشنێکمان دروستکردووه، لهڕێگهى شاشهیهکهوه، کهئهوانهى حهز بکهن لهو ڕێگهیهوه دهتوانن زانیارى زیاتر لهسهر چهرخى مێژووى پارچهکان بزانن، کهچهند ڕێبهرێک ئهو شتانه ڕوندهکهنهوه بهچهند زمانێک و لهڕێگهى ڕێبهرهکهوه پرسیار دهکهن و وهڵامدهدرێتهوه.

هاوڵاتى: پێت وانیه مۆزهخانهیهکى ئاوا پێویسته بهردهوام کراوه بێت؟ نهک تهنیا لهکاتى دهوامى حکومیدا؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: بهداخهوه پێویسته بهردهوام بکرێتهوه، بهڵام بههۆى قهیرانى داراییهوهو هاندانێک نیه بۆ ئهو کارمهندانهو کارهباو کهرهستهى زۆر باش، که پێویسته ههمووى پێکهوه هاوکاربن و مۆزهخانه ههموو کات کراوهبێت بۆ خزمهتى زیاترى ئهو کهسانهى سهردان دهکهن.

هاوڵاتى: تاچهند گرنگى بهمۆزهخانهى سلێمانى دراوه وهک شوێنى پاراستنى ئاسهوارهکان کهسهروهتێکى مێژوویی سلێمانین؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا:  بهداخهوه که مۆزهخانه پێویسته لهکاره ئهولهویاتهکانى حکومهت بێت، بهڵام بههۆى قهیرانى داراییهوه وایکردوه نهتوانێت بژێویى هاوڵاتیانیش دابین بکات و مۆزهخانه ڕوحێکى زیندووى  شارەکهیه، تۆ چۆن ڕوح دهکهیته بهرى که کهرهستهو پێداویستیهکانى نهبێت، وهک بینا، یان پارکى ئوتۆمبێل کهههر نیه لهم بینایهداو سهوزایى و پارک.

هاوڵاتى: خوێندکارانی بهشى شوێنهوار لهزانکۆى سلێمانى کهتهواوى دهکهن دانامهزرێن، تاچهند سود لهوانه وهردهگیرێت؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: پێویسته ئهوانه بێن لاى ئێمه دابمهزرێن کهشارهزاییهکى بنهڕهتییان لهگهڵ شوێنهوار ههیه، بهڵام بهداخهوه که دامهزراندن نیهو ناتوانین سود لهئهوانهش وهربگرین.

هاوڵاتى: ئایا مۆزهخانهى سلێمانى بودجهیهکى تایبهتى ههیه؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: بهداخهوه هیچمان نیهو پێویسته بودجهى تایبهتى خۆى ههبێت بۆ ئهوهى زیاتر دهستکراوه بن له ئیشوکارهکانمانداو بخرێینه سهر وهزارهتێک کهدهستکراوهبێت، بهداخهوه که بودجهیان سفره.

هاوڵاتى: چۆن ئهو شوێنانه دیاریدهکهن کهههڵکۆڵینى تێدابکهن؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: زۆربهى گرده شوێنهواریهکان ڕوپێوى شوێنهوارى بۆکراوهو دهزانین چینهکانى سهرهتاى بۆ سهردهمى ئیسلامى و چینهکانى خوارهوهى بۆ چاخى بهردین دهگهڕێتهوه، بهڵام ئهم گردانه پێوست دهکات بپارێزرێن، چونکه کهههمووى ههڵکۆڵین بۆ نهوهکانى داهاتومان  هیچ نامێنێت که توێژینهوهى لهسهربکهن.

هاوڵاتى: ئایا یاسایهک ههیه کارى پێبکرێت وهک یاساى شوێنهوار؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا:  لهکوردستان یاسایهک ههیه کهسزاى سهردهمى عێراقیهو سزایهکى زۆر کهمه بۆ ئهو کهسانهى کهدهستدرێژى دهکهنهسهر ئهو شوێنانهى کهگرده شوێنهواریهکانن، پێویسته یاساکه لهپهرلهمان ههمواربکرێتهوهو بهوپێیه پاڵپشتى زۆرت دهبێت، تابتوانرێت لهبوارى شوێنهواردا پهرهى پێبدرێت و خۆى بژیهنێت، نهک بچێتهوه داهاتى دهوڵهت و دیسانهوه لهوێوه سهرفبکرێتهوه.

هاوڵاتى: ئهو شتانهى که لهوڵاتانى دهرهوهن و ئاسهوارى کوردن تاچهند ئێوه یان حکومهت ههوڵتانداوه بیانهێننهوه مۆزهخانهکانى خۆمان؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: لهئێستادا زۆر گرانه چونکه لهڕوى یاساوه سهر بهدهوڵهتى عێراقین، بۆیه پێویسته ئهو کارهبکات و دهسهڵاتێکى یاسایى وامان نیه تابتوانێت وا لهوڵاتان بکهین بیهێننهوه، پێشوهخت پێویستمان بهیاسایە، ئهوکات دهتوانین ئهوه بکهین، لهکۆندا زۆر شت براوهو لهزۆربهى مۆزهخانهکانى ئهوروپا، لهئهمریکاو شیکاگۆ.

هاوڵاتى: ئهو پارچانهى که لهوڵاتانى دهرهوهن لهمۆزهخانهکاندا مێژووهکهى پارێزراوه بۆ کورد یان نا؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: ئهو سهردهمه سنورهکان نهبون، بۆیه ئهوانه تایبهت نین، مێژووى مرۆڤایهتى بوه، واته ههموو پارچه کانى چهرخى بهردین تهنیا هى کورد نین، بهڵکو تایبهتن بهمرۆڤایهتى.

هاوڵاتى: ئهگهر کهسێک پارچه زهوییهکى خۆى ههبێت و شتێک بدۆزێتهوه لهزهویهکهى خۆیدا بهپاره بۆتان دههێنێت یان بهدیارى؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: یاساى شوێنهوار دهڵێت، ههرچى لهژێر زهوى بوو  به نهوت و یۆرانیۆم و ئاسن، موڵکى مرۆڤایهتییه، پێویسته دهسهڵاتى شوێنهوار  بچێت و ههڵیبکەنێت و بیپارێزێت، که کهسهکه خۆى بیبات بگیرێت ڕوبهڕوى یاساى زۆر تونددهبێتهوه، ئهو کهسه  تهنیا بهشى سهرهوهى کڕیوهو  بهکاریدەهێنێت بۆ خۆى، بهڵام ئێمه بۆ ئهوهى هاندانێک بکهین، کهخۆى پێشکهشى بکات بهئێمه، خۆمان بۆمان ههیه پاداشتى داراییشى بکهین، بهنمونه لهگوندى قهرهشتان بهردێک دۆزراوهتهوه خاوهنهکهى بردویهتى بۆ ناو ماڵهکهى خۆى و تاساڵى نهوەدهکان پێشمهرگهیهک پێشکهشى مۆزهخانهى کردووهو بهناوى خۆشیهوه تۆمارکراوه، ڕێزمان لێناوه، کهمێژووهکهى دهگهڕێتهوه بۆ دوو ههزار ساڵ پێش زایین.

هاوڵاتى: چهند شوێنى ئاسهوارى ههیه کهگهشتیار دهتوانن سهردانى بکهن و ببنه ناوچهیهکى گهشتوگوزار بۆ کوردستان؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: گردهکانمان ههیه کههیچ شوێنێکى تێدانیه خهڵک بچن بۆ گهشتیارى، بهڵام ئهشکهوت و نهخشه ههڵکۆڵراوهکانمان ههیه کهخهڵک دهچن بۆ گهشتیارى بۆ سهردانیان، نهخشى قزقاپان و دهربهنى گاور و رهبهنه و میرکولیه، لهسنورى سلێمانیدا، ناشکرێت ئهمانه بکرێن بهشوێنى گهشتیارى چونکه کارى ههڵکۆڵین تهواو نهبوه، مێژوهکهى لهناودهچێت، تهنیا قزقاپان لهئێستادا دهتوانین بیکهینه گهشتیارى.

هاوڵاتى: تاچهند دهستهى گهشتوگوزار هاوکارتانن بۆ کردنى ئهو ناوچه شوێنهواریانه بۆ ناوچهى گهشتیارى؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: بهداخهوه هێشتا نهگهیشتوینهته ئهو ئاستهى که پشت بهشوێنهوار ببهستین بۆ ئهوهى ببێته ناوچهیهکى گهشتیارى و سهرچاوهیهکى داهات، چونکه تهنیا ههر ئهوه نیه شوێنهکه بکرێته شوێنێکى گهشتیارى، بهڵکو ئهوه کارهباى پێویستهو ڕێگاوبان و ئوتێل و شوێنى حهوانهوە بۆ گهشتیاره بیانیهکان، بهتایبهتى ئهوکات دهتوانى به بلیتیش بێت بۆ چونه ژورهوهو ببێته داهاتێکى زیندوو.

هاوڵاتى: پرۆژه و پلانتان چییه بۆ پێشخستنى مۆزهخانه و دهستکهوتنى پارچهى زۆرى ئاسهوارى؟

هاشم حهمه عهبدوڵڵا: ئێمه دهمانهوێت ئهو ناوچه شوێنهواریانه بکهینه ههم گهشتیارى، ههم سهرچاوهیهکى داهات و ئهو شوێنانه بخرێته ڕێبهرى گهشتوگوزارییهوهو پرۆژهیهکى تریشمان ههیه کهکارگهى جگهرهى سلێمانى بهشێکى بکرێت بهمۆزهخانه، بهڵام بودجهیهکى زهبهلاحى دهوێت، هیوادارم رێکخراوه ناوخۆیى و بیانیهکان هاوکارمان بن و پێکهوە ئهو بهشه بکرێتهوه، ئهوه خهونێکى گهورهى ئێمهیه، له (100) ههزار ساڵهوه تا سێ هەزارو  500 پێش زایین ژیان لهکوردستان ههبوه، بهڵام لهباشورى عێراقدا نهبوه، کهواته پێویستت بهمۆزهخانهیهکى زۆر گهورهو مۆزهخانهى زیاتره کهههبێت بۆ ههموو بهشه جیاوازهکان.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار