هێلانەی پاسارییە باڵ شکاوەکان تێکدەدرێت

فرمێسک و دابڕان و قژهەڵوەرین، چیرۆکی ئەو ژنانەیە کەدووچاربوون بەنەخۆشییە نامۆکەی کۆمەڵگا

2019-09-19 18:51:15



هاوڵاتى- لاڤین محمود

مێردە توڕەکەی نەسرین بڕیاریدا ژنەکەی فڕێبداتە سەرجادەو چیتر دەرگای بەڕوونادا نەکاتەوە، بڕیاریشیدا چیتر رێگە نەدات هەردوو مناڵەکەی ببینێت کە ساڵانێک لە کۆشی خۆیدا گەورەی کردبوون.

ئیتر لەم رۆژە بەدواوە ژیانی ئەم ژنە تەمەن ٤٧ ساڵانە بوو بە دۆزەخ، چونکە رۆژێک لەکاتی نانخواردن نەسرین وتبووی ژەهر کراوەتە خواردنەکەیەوە، بەڵام مێردکەی لەوە تێنەگەیشتبوو کە دووچاری نەخۆشی دەرونی بووەو دەتوانێت چارەسەری بکات، بەڵکو تا دەهات رقی خۆی دەباراند بە سەریدا، تا کار گەیشتە ئەوەی بیخاتە کۆڵان و بەو هۆیەشەوە رووبەڕووی دەستدریژی سێکسی بوویەوە.

نەسرین تەمەنی 47ساڵەو ناویکی خوازراوە بۆ ئەو ژنە سەرگەردانە کە رۆژنامەی هاوڵاتى بەکاری دێنێت، چونکە لە رووی ئیعتیباری کۆمەڵایەتیەوە قورسە بۆ ژنێک ناوی تەواوی بهێنرێت، کە ئێستا لە دەرەوەی شارەکەی خۆی لەنەخۆشخانەیەکی حکومی لە ژێر چاودێریدا ژیان بەسەردەبات.

کاتێک مێردەکەی نەسرین لە شارۆچکەی خانەقین ژنەکەی خۆی فرێدایە سەر کۆڵان و دەرگای بە روویدا داخست، پیاوێک کە بە چیرۆکەی زانی، گەیاندیە نەخۆشخانە، ئەمە بۆ ئەو وەکو فڕیادرەسێک وابوو کە دوربخرێتەوەو لەدەستدریژی سێکسی و هەروەها پزیشکیش بیبینێت، بەڵام دوور لەمنداڵەکانی کە هیشتا لە رووی یاساییەوە قۆناغی منداڵیان بە جێنەهیشتبوو.

بەتەنها نەسرین نیە کە لە ماڵ دەرکراوە بەهۆی نەخۆشی دەرونیەوە، بەڵکو چەندین خێزانی تریش هەن، ئەو ژنانە ناگرنە خۆ ئە دووچاری  نەخۆشی دەرونی دەبن بەتایبەتی ئەوانەیان بە هۆی قورسی نەخۆشیەکەیانەوە ماڵ بە جێدێڵن.

جێهشیتنی ماڵ لە لایەن نەخۆشەوە چ پیاو بیت یان ژن لە رووی پزیشکیەوە شتیکی ئاساییەو قابیلی رودانە، بەلام لە رووە کۆمەڵایەتیەکەوە دۆزەخیکە بۆ ژنان، بەتایبەتی بۆ ئەو خیزانانەی کە ئاستی رۆشنبرییان لاوازە، یان ئەوانەی کە زیاتر دەکەونە قسەو قسەڵۆکی خەڵکەوە.

بەڵام هەرچۆنیک بێت نەخۆشخانەی سۆزی دەوونی لە سلیمانی بۆتە پەناگەیەک بۆ ئەو ژنانە، لە لایەک دەتوانن چارەسەر وەرگرن لەلایەکی تریشەوە دەتوانن بمێننەوە.

تا ئەوکاتەی پەیامنێری هاوڵاتى سەردانی نەخۆشخانەکەی کرد، ٣٣ نەخۆشی لێ بوو، کە حەوت کەس لەوانە کەس و کارەکانیان ئامادە نەبوون وەریان بگرنەوە، ئەمانەش زیاتر ئەو ژنانەن لەکاتی دووچاربوون بە نەخۆشیەکە ماڵیان جێهێشتوە، چونکە وای دادەنێن کە دەستدریژی کرابێتە سەریان، ئەمەش وەکو عەیبەیەک سەیردەکەن.

لـەگەڵ سەردانیکردنی پەیامنێری هاوڵاتى بۆ نەخۆشخانەی سۆز، چوار خانمی نەخۆش لەپێش دەرگاکە بەخێرهاتنیان دەکرد، ئەگەرچی بە سەردانی هەرکەسێک بۆلایان دڵخۆش دەبن بەڵام ئەو نیگەرانیە قوڵە هەر بە دەموچاویانەوە دیارە، ئەویش دوریە لە ماڵ و منداڵ و مەحاڵیی گەڕانەوەیانە.

»سۆز «نەخۆشخانەیەکی دەرونیە لەساڵی 2009 دروست بووە ئەم نەخۆشخانەیە تایبەتە بەچارەسەرکردنی ئەو خانمانەی کە کێشەی دەرونیان هەیە کە دوونهۆمە و توانایی وەرگرتنی 60 نەخۆشی هەیە، لەکاتی دروستبونیەوە تائێستا زیاتر لە 300نەخۆشی لەخۆ گرتوە، ئەم نەخۆشخانەیە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و بەهاوکاری رێکخراوێکی ژنان لە سنوورەکەدا کراوەتەوە.

شەمسە یەکێکی ترە لەو ژنانەو  تەمەنی ٥٩ ساڵە، بەپێی وتەی توێژەکەی لە نەخۆشخانەکە، ژنەکە خاوەنی دوو کور و کچێکە  و منداڵەکانی لە تەمەنێکی بچوکدابوون کە ئەو تووشی نەخۆشی دەروونی بووە. ئەم ژنە ماڵەوە بەجێدێڵیت و لە کەلاوەیەک ژیان بەرێ دەکات و لەلایەن خەڵکەوە هاوکاری دەکرێت.

دواتر رێکخراوێک شەمسە دەدۆزێتەوە کە ناوەکەی خوازراوە،  بۆ نەخۆشخانەی سۆزی دەبات.

 مونێر عەبدوڵا کە توێژەری دەرونییە لە نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەکرد کە بەپێی لێکولینەوەی رێکخراوەکە چەندین جار دەستدرێژی کراوەتە سەر شەمسە.

مونێر بە هاوڵاتى وت «زۆربەی ئەوخانمانەی لەسەر جادە دەهێنرێن گریمانی ئەوە دادەنین کە دەستدێژی کراوەتە سەریان».

لەبارەی شوێنەکەی شەمسەوە وتی «جێگەکەی، جێگای بەخێوکردنی ئاژەڵیش نەبوو، شەمسە بەئەندازەیەک بارودۆخی تێک چووبوو سەرەتا نەیزانیوە هاوسەرگیری کردوە و منداڵیشی هەیە».

دوای ئەوەی چارەسەری لە نەخۆشخانەکە وەرگرتوەو باردودۆخی بەرەو باشبوونەوە رۆشیتووە و لە نەخۆشخانەکە بەدواداچوون دەکەن و بۆیان دەردەکەوێت منداڵی هەیە، تەنانەت منداڵەکانیشی وەری ناگرنەوە، چونکە ئەوکات ئەوان مندال بوون باوکیان ژنی هێناوەو لەلایەن باەژنیانەوە بەخێوکراوە.

مونێر وتی «منداڵەکانیان دایکیان نەناسیوەتەوە و وتوویانە ئێمە بەتەمەنێکی منداڵیەوە لەلایەن باوەژن  بەخێوکراوین ئەو کەسێکی غەریبە بۆ ئێمە و هیچ هەست و سۆزێکمان بۆی نیە».

وتیشی «منداڵەکانی نەیانزانیوە دایکیان نەخۆش بووە، بەڵام دوای ئەوە قسەمان بۆ کردن و باردۆخی دایکمان بۆباسکردن، بەڵێنیان دا کە سەردانی بکەن لە نەخۆشانە بۆئەوەی وەریبگرنەوە، بەڵام تا ئێستا وەریان نەگرتۆتەوە».

هەندێک جار نەخۆشخانەکە پەنا بۆ ڕیەگی تر دەبەن بۆ ئەوەی ژنەکان وەربگیرێنەوە بەلام ئەوەش ئاسان نابێت.

«ئێمە لەگەڵ کەسوکاری ئەو کەسانەی وەرناگیرێنەوە رێگەی یاسایی دەگرینە بەرو لەرێگەی پۆلیس و مەحکمە شکاتیان لێدەکەین ئەگەر پێویستیش بکات بە زۆر دەیبەینەوە «د.لاڤە دارا بەڕیوەبەری نەخۆشخانە بۆ هاوڵاتى وای وت.

نەخۆشخانەکە تەنها ئەو نەخۆشانە وەدەگرێ کە لە رەگەزی مێن و تەمەنیان لەنیوان 18بۆ60 ساڵاندایە. بەڵام ئەو نەخۆشانە لە خۆناگرێت کە کەسوکارەکانیان بە خەمیانەوەن، بەڵکو تەنها نەخۆشخانەی بێلانەکانە.

 د. لاڤە دارا عەلی بەرێوبەری نەخۆشخانەکە باسی لەوە کرد کە ئەوان دووجۆر نەخۆش وەردەگرن، ئەویش ئەوکەسانەی کە تووشی شیزۆفرینیا و تیکچونی مەزاج بوون، کە ئەوانەش دوو جۆری قورسی نەخۆشی دەروونین، وتی کە بەدەر لەو دوو جۆرە ناتوانن هیچ جۆرێکی تر وەربگرن.

دوای وەرگرتنیان لەم نەخۆشخانەیە چارەسەریان دەکەن و چەندین چالاکی جۆراوجۆریان پی ئەنجامدەدەن.

د. لاڤە وتی «جگە لەدەرمان راهێنانی دەرونیان پئ ئەکرێت، لەرێگەی جەندین کارو چالاکی وەک وەرزش و کاری دەستی و ژووری سینما و موسیقا»

هەندیک جار وا ریک دەکەویت نەخۆشەکە چاک دەبێتەوەو دەنێردرێتەوە بۆ ماڵەوە بەلام لەبەر ئەوەی بەباشی مامەڵە لەگەل نەخۆشەکە ناکرێت دووبارە تێکدەچێتەوە.

 د.لاڤە وتی «زۆرجار نەخۆشمان بووە چاک بوەتەوە بەڵام دوای گەڕاندەوە بۆ ماڵەوە زەختێکی زۆری لەسەر بووە و خزمەتێکی باش نەکراون  بۆیە دووبارە تێکچوونە»

ئەو باس لەوەدەکات بەهەموو شێوەیەکیش هەوڵیان داوە ئەو کێشەیە چارەسەربکەن بەسەردانی کردنی مالی نەخۆشەکە کە توێژەری دەرونی و کۆمەڵایەتی و دکتۆر دەچنە ماڵی نەخۆشەکە و جەن ئامۆژگاریەکیان دەکەن بەڵام سەرەرای ئەوەی هەندێکی جێبەجێ دەکات بەڵام بەشێکی تر جێبەجی ناکات بۆیە دووبارە بارۆدۆخی نەخۆشەکە خراپ ئەبێت.

شەهلا حامید کە ماستەری هەیە لە پەرستیاری دەرونی و لە نەخۆشخانەکە دەوام دەکات  دەڵێت «زۆرجار زەحمەتی دەبینین بەپیدانی دەرمان بەڵام دەبێت هەوڵیان لەگەڵ بدەین هەندێ نەخۆش کەسەرەتا دێنە ئێرە تەنها بەدەرمان چارەسەر ئەکرین و لەهەمان کات هەندێک تەنها بەقسە هەوەها لێرەش ژووری جیاکاری هەیە بۆ ئەونەخۆشانەی باردۆخیان زۆر خراپە لەو ژوورە دەمێننەوە سەرەتا»

 بەشێکی تر لەونەخۆشانە ئەوانەن کە دوای چاکبونەوەیان لەلایەن خێزانەکانیان قبوڵ ناکرینەوە کە لەکاتی دروستبونی نەخۆشخانەکە تائێستا رێژەیان گەشتوتە 7 کەس.

مونیر عەبدوڵا توێژەری کۆمەڵایەتی ژوور بەژووری خەستەخانەکە دەگەرا لەوکاتەدا خانمێکی بینی کە بە پێی پەتی دەسورایەوە  پرسیاری ئەوەی لێکرد کە بۆچی هیچت لەپێنەکردوە، ئەو لەوەلامدا وتی کە نایەوێت نەعلەکانی خۆی بە هاورێیەکەی بەخشیوە بۆ ئەوەی ئەو پئ پەتی نەبێت کاتێک دەچیت بۆ سەرەی نانخواردن.

 مونێر سەرسورمانی خۆی بە دیمەنەکە نیشانداو وتی «هیچ شتێک ناتوانیت مهرەبانی خانم کەم بکاتەوە».

ئیتر مونیر چیرۆکی ئەو ژنەی گێرانەوە کە ئەویش نەسرین بوو، ئەو ژنەی کە لە خانەقینەوە پیاوێکی گەیاندیە نەخۆشخانەی سۆز لە سلێمانی، دوای دەرکردنی لە لایەن مێردەکەیەوە.

نەسرین تا نەخۆش نەکەوتبوو، بە ئاشتی و خۆشی لە ژێر سەقفێکدا لەگەڵ منداڵ و مێردەکەیدا دەژیا، بەڵام ئەم ژیانە خۆشە بەردەوام نەبوو، ئیتر هێلانەکەی بەیەکجاری تێکچوو، ئەو ئێستا دور لەماڵ و منداڵ و میردەکەی دەژیت. تەنانەت دوای ئەوەی ئەو رووداوە کوڕەکەی بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا بەڵام هێشتا هەواڵەکەیان پێنەداوە، کچەکەشی لەگەڵ باوک و باوەژنەکەیدا دەژیت.

ئەم خانمە ژیانێکی سەخت و ناخۆش بەرێ دەکات و دەستدرێژی دەکرێتە سەری.

نەسرین کوڕەکەی رووداوی هاتوچۆ مردوە، بەڵام کچەکەی بەدزیی باوکیەوە ناو بەناو پەیوەندی بەدایکیەوە دەکات، بەڵام دواتر کە باوکی بەمە دەزانێت داوای لێ دەکات کە هەرگیز جارێکی تر پەیوەندی بەدایکیەوە نەکات، ئێستا نەسرین  باش بووەتەوە بەڵام کەسو کاری ئامادەنیە قبوڵی بکاتەوە و بە «بەرەڵا» ناوی دەبەن.

دوای ئەوەی پەیامنیری هاوڵاتى قسەی لەگەڵ ژمارەیەک لەو ژنانە کرد ئەوان لەگەڵیدا دەهاتن تاکو لای دەرگای حەوشەکە، دوای مالئاوایی کردن لێیان، خانمێک زیاتر بەدوای پەیامنیرەکەی هاوڵاتىدا هات و دەستی کرد بەگریان. کە پەیامنێری هاوڵاتى پرسیاری ئەوەی لێکرد بۆچی دەگرێت بەئاهێکی قوڵەوە وتی «بیری ماڵ و منداڵەکانم دەکەم».

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار