خەمی گشتی وەک بنەمای مرۆڤبوون

2019-09-21 06:59:02



مەحمود عەبدوڵڵا

مرۆڤ بونێکی کۆمەڵایەتییە «بەکۆمەڵگا بون گەورەترین شۆڕشە کە مرۆڤی لە مەترسی و نەمان پاراست» هەربۆیە دەشێت بڵێین مانەوەی مرۆڤایەتی بەندە لەسەر خەمی کۆمەڵگا یان خەمی گشتی، تاکڕەوێتی لەسنور دەرچو جۆرێکە لەگەڕانەوە بۆ پێش بەکۆمەڵگابون و دۆخی سروشتی! لەڕاستیدا کۆمەڵگای ئێمە لەدۆخی سروشتیدایە، تا ئێستا تاکی کورد نازانێت هاوسەنگی ڕاگرێت لەنێوان بەرژەوەندی گشتی و کەسی! هەر ئەوەندە هێزی هەبێت، یان لە حزبێک هەندێ دەستکەوتی دەستگیربێت ئیتر حزبەکەی نیوەی خاکەکەی بفرۆشێت نایەتەوە هۆش خۆی ، دەبێتە بونەوەرێکی دوو ڕوو، پاساویش بۆ بێ هەڵوێستییەکەی دێنێتەوە.

هەر تاکێک دەبێت وادابنێت بەشێکە لەکۆمەڵگای مرۆڤایەتی، لەلایەکیش سەر بە کۆمەڵگایەکی تری بچوکترە، کەکۆمەڵگەکەی خۆیەتی کە هەندێ تایبەتمەندی هەیە و لەکۆمەڵگایەکی تر جیای دەکاتەوە.  بەباوەڕی من هەر ئەوشتە پێوەری هۆشیاریە لەناو تاکەکان.لەوسەرزەمینە فراوانەدا هەر یه کێک لە ئێمە دەتوانێت ئاسودەبێت، ئەگەر تەنها خەمی خۆی بێت و بیر لەکێشە گشتیەکان نەکاتەوە، وەک هەر حەیوانێکی تر بە دەستپێڕاگەیشتن بە  پێداویستیە مادییەکان ڕازی بێت. کە تێربوو، لێی بخەوێت، کەبرسی بوو دوبارە بەدوای خۆراک و پێویستیەکانیدا بگەڕێت. بێگومان خەمی گشتی یان خەمی کۆمەڵگا چ وەک کۆمەڵە تایبەتیەکەی خۆت ، چ وەک کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەواتای سیاسەت دێت. بەدرێژایی مێژوو دوو شێوازی سیاسەت هەبووە سیاسەت وەک پێویستی گەیشتن بەمەرامی کەسی، سیاسەت وەک گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکان و مرۆڤایەتی یان بەرژەوەندی گشتی. بۆیە سیاسی بونیش هۆشیارییە، دەتوانم بڵێم لوتکەی هۆشیاریە بەبێ سیاسی بون مرۆڤ شتێکی جیاواز نییە  لەهیچ حەیوانێکی تر، تەنانەت ئاژەڵ بەشێوازی خۆی سیاسەت دەکات، ئەرستۆ دەڵێت: مرۆڤ حەیوانێکی سیاسییە، بەڵام کاتێک مرۆڤ خۆ لەسیاسەت دور دەگرێت ئەم خۆدورگرتنە سەرچاوەکەی ناهۆشیاریە هەر وەک خۆ دورگرتنی گایەک لە سیاسەت و کاروباری گشتی، بەڵام سیاسەت بریتیی نییە لەوەی تۆ ئەندامی حزبێک بیت. هەردوو شێواز لەمرۆڤی سیاسی بەڕێگەی خۆیان هەوڵدەدەن بیربکەنەوە. برتراند ڕاسڵ دەڵێت: هەندێک کەس لە هەموو کاتێکدا دەیانەوێت فەرماندەربن نایانەوێت فەرمانیان بەسەردا بکرێت. ئەوە بنەمای کاری سیاسی ئەوتاقمەیە، ئەمانە سەروگوێلاکیان لەهەموو شوێنێک دەردەکەوێت کە بۆنی پۆست و دەسەڵاتی لێبێت. دەکرێت بڵێین دوو شێوازی سیاسەت هەیە ، سیاسەتی خراپکردنی دونیا و سیاسەتی باشکردنی دونیا. ئەوانەی بەهەر پاساوێک خۆ لەسیاسەت دوردەگرن سەر بەشێوازی سیاسەتی خرابکردنی دونیان تەنانەت لە بەشداری ڕاستەو خۆ لەگەڵ تاقمە سیاسییە هەلپەرستەکە زیاتر زیان لەبەرژەوەندی گشتی دەدەن. دەشێت بڵێین جگە لە هۆشیاری سیاسی، ئەخلاقی سیاسیش هەیە، یان ئەخلاقی کۆمەڵایەتی بەبێ بەشداربون لەکێشە گشتیەکان بەتەنیا اخلاقی فەردی شتێکی ناتەواوە ، یان کەسەکە تەنیا ئەخلاقی فەردی هەیە و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی نییە. لەهەرێمی کوردستان هەردوو هێزی دەسەڵاتدار، لەڕێگەی میدیاو ڕۆشنبیرە حزبییەکان هەوڵی ئەوەدەدەن هاوڵاتی واتێبگەیەنن کە سیاسەت کاری ئەمان نییە، بەڵکو هاوڵاتی دەبێت تەنها تەماشاکەربێت، ئیتر دەسەڵات هەرچی بکات ئەوە ئیشی نوخبەیەکی قەڵەم بەدەستی حزبە هەڵی سەنگێنێت. دەبێت هاوڵاتی چاو لەدەمی ڕۆشنحزب بێت تا ڕەخنە بگرێت و حکومەتی بۆ هەڵسەنگێنێت. دەبێت ئەمان بێن شایەتی لەسەر کاو کرداری دەسەڵات بدەن، وتیان ڕێوی کێت شایەتە وتی کلکم. ئەو تاقمە قەڵەم بەدەستانەی حزب کە ڕەخنەش بگرن کەمێک ماستاوی لەگەڵ دەکەن لەو جۆرە ڕەخنەگرانەن کەمام جەلال دەڵێت: «هەم ڕەخنە دەگرن، هەم ماستاویش دەکەن» کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەو نوسەرو ڕەخنەگرانەی حزب ئەوەیە، سەری زمان و بنی زمانیان دیموکراسییە ، بەڵام دیموکراسی لەزهنیەتیاندا نیە، پاشان لەوە تێنەگەیشتون کە دیموکراتی حوکمی گەلە. خۆی بڕوابون بەدیموکراتی بڕوابونە بەگەل، بەڵام ئەم نوسەرانە دێن حەکیم و قارەمانمان بۆدروست دەکەن! مەسەلەن ئەڵێن فڵان حەکیمە بۆیە دەبێ هەمومان گوێڕایەڵی بین! یان هەندێک بانگەشەی دروستکردنی ئەنجومەنی دانایان دەکەن کە ئەمەش بەڕاستی ئابڕوچونەو دژە دیموکراتی و باوەڕبونە بەگەل. پریکلس بۆ بەرگری لەدیموکراتی وتویەتی : دەشێ کۆمەڵێک کەس سیاسەتێک دابڕێژن، بەڵام هەمومان دەتوانین داوەری لەبارەیەوە بکەین. حکومەتداری و بەڕێوەبردن شتێکە کەسی خۆی دەوێت، بەڵام تەنانەت گەمژەترین کەس دەزانێت کە حکومەتێک لانیکەمی پێداویستی ژیان دابین نەکات فاشیلە! بابڵێین کەسێک نازانێت دیموکراتی واتای چی ، دیکتاتۆر واتای چی، بەڵام لانیکەم کاریگەری ئەوسیاسەتە هەرکام بێت، لەسەرژیانی ئەو ڕەنگدەداتەوە، هەندێک هێندە ئەحمەقن مافی ئەوەش بەخەڵک ڕەوانابینن کە گلەیی و گازندە لەژیانی خۆی بکات، دەڵێن هەموو کەس خەریکی سیاسەتە بەراستی ئەحمەقییە. دەیانەوێت: بەخەڵک بڵێن ئێوە نازانن بەدبەختن یان نا، ئەوە ئێمەی نوسەرین دەزانین ئێوە چیتان بۆچاکە و چیتان بۆخراپە. لەڕاستیدا گرنگیدان بەکاروباری گشتی زیرەکییە وەک برتراند ڕاسڵ دەڵێت ، چونکە وەک وتم دوربون لەسیاسەت و گرنگی نەدان بەکێشە گشتیەکان ئیشی تەمەڵ و بێباکەکانە. هاوار بەحاڵی کۆمەڵگایەک کە گوێ بە مەسەلەگشتیەکان نادات. بۆیە دوپاتی دەکەمەوە تا مرۆڤ لەبازنەی بەرژەوەندیە کەسیەکان تێپەرنەبێت و گوێ بەبەرژەوەندییە گشتیەکان نەدات مرۆڤێکی ناهۆشیارو نەزان و بێ خێرە بۆ مرۆڤایەتی. بە شێکی گەورەی میدیاو نوسەرانی حزب هەوڵی بە ئاژەڵکردنی تاک ئەدەن بۆ ئەوەی جگە لەخواردن خەمی هیچیتری نهبێت. سیاسیبون بەو واتایەی کە مرۆڤ خەمی کاروباری گشتی هەبێت، زیندوێتی ویژدان و هۆشیارییە، لەهەمانکاتدا بەرپرسیارێتیە. بەڵام ئەگەر سیاسەت هەروەک کەسابەت و ئەندامبون لەحزبێک و بونە مورید بێت ئەوە نەسیاسەتە و نەپێویستە. لەم کۆمەڵگا حزبیەی ئێمەدا، دواکەوتنی موچە زیاتر کاریگەری لەسەر دەرونی تاک هەیە لەچاو کارەساتی شەنگال! لەچاو کوشتنی ڕۆژنامە نوسێک کە خەمی بەرژەوەندی گشتی وای لێدەکات بزێوبێت و بێدەنگ نەبێت. تاکێک بەم شێوەیە بێت و بەرژەوەندی گشتی نەناسێت، ئەگەر نانێکیشی پێ بدەن بەمەرجی سەرشۆڕی پێیدەدەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار