بۆچی ئـێران مەبەستە؟

2019-09-21 07:00:05



چالاک ئـاغجەلەری

ئـێران وەک سێهەمین وڵاتی گەورە لەکیشوەری ئـاسیاو هاوکات لەڕۆژهەڵاتی ناویندا بەپلەی دوەهەم دێت و دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٨٢ ملێونە. ئـەم وڵاتە کاریگەری زۆری هەیە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، هەروەها بەهۆی زۆری گازی سروشتی و نەوتەوە هەردەم جێ بایەخی کومپانیا جیهانیەکانە، ئـەم چاوتێبڕینە ئـابورییەش داینەمۆی چەرخاندنی کاریگەریە سیاسیەکانیەتی لەجیهان و ناوچەکەدا، لێرەدا هەر گۆڕانگارییەک و پێشهاتێک بەهەردوو ئـاراستەی ئـەرێنی ونەرێنیدا لەپەیوەند بەئـێران وەک ئـایکۆنێکی سیاسی-ئـابوری، ڕاستەوخۆ دەوڵەتانی زلهێز دەکاتە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی مێژوییەوە، ئـەم کایە سیاسیانە کە لەچوارچێوەی دەوڵەتدا  خۆیان ناساندوە  دەبێت حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ پرسەکەی بکرێت.

ئـەم دەوڵەتە بەحوکمی داخرانی سیاسی و دژ بەبەرژەوەندیەکانی ئـەمریکا وەک دەسەڵاتێکی دینی و تۆتالیتار بە ڕووی دونیادا ناسێنراوە، هەر ئـەم هۆکارە جەوهەریەشە وایکردوە ئـەستێرەی بەختی ڕوو لە کزیی بێت، بەدەر لەم ئـەنتی بوونەی لەبەرامبەر ئـەمریکاو ئـیسرائـیل کوێ سەرکێشیەکانی هەر لەهەوڵدان بۆ دەستبردن و بەدەستهێنانی چەکی ئـەتۆمی تادەگاتە هەڵواسینی خەڵکانی سیڤیل بە پێش چاوی ئـازیزانیانەوە لەبەر هەرهۆکارێک بێت، ڕەوتی سیاسی و ئـاکتیڤی ئـێران بەئـاراستە نێودەوڵەتیەکەی بەئـەرێنی وەردەگیراو ڕێچکەی بۆ دەکرایەوەو هەڵسوکەوتەکان و کاریگەریە جیهانەکانی جوان وێنا دەکران و پیشاندەدرا.

هەر ئـەمەشە وایکردوە لەم چوارچێوە سیاسیەی ڕۆژهەڵاتدا هەر بەردێک بکەوێتە خوارەوە پێشوەختە چاوەکان ئـاراستەی ئـێران دەکرێت، بۆچی ؟ وەڵامەکەی ڕوونە!!

لەدوایین گرفتی ناوچەکەدا هێرشی سەر بیرە نەوتەکانی وڵاتی سعودیە کە حوسییەکان بەرپرسیارێتیان گرتەئـەستۆ لەبەرامبەر ئـەو ئـاکتەدا، لێرەدا دەبینین بێ هیچ بەڵگەیەک لەلایەن ئـەمریکاوە ئـێران تاونبارکرا، هەرچەندە ئـێران بێئـاگایی خۆی بەرامبەر بەو پەلامارە ئـاسمانیە نیشاندا.

ئـەگەر ئـێمە هۆکاری پشت ئـەم هێرشە شەن و کەو بکەین دەکەوینە نێو چەندین ئـەگەرەوە :

یەکەم: حوسییەکان لە شەڕێکی بەردەوامدان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سعودیە، ئـەم هێرشەش دەرئـەنجامە بۆ سەر ئـەو وڵاتە ، بەڵام بۆ لەم کاتەدا کەئـەگەری دانوستانی ئـێران - ئـەمریکا لەئـارادایە لە دوای کۆبونەوەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان کە لە ٢٤ی ئـەم مانگە دەبەسترێت .

دووهەم : دەکرێت ئـیسرائـیل هاوکاری ئـەم هێرشە بووبێت بۆ هەرچی دورستکردنی تەنگەژەیەک بۆ پەکخستنی ئـەو دانیشتنەی نێوان ئـەمریکا و ئـێران، چونکە دەوڵەتی ئـیسرائـیل مکوڕە لەسەر لادانی ڕژێمی سەردەستی ئـێران و کاری  لەسەر دەکات، بەهەمان شێوە ڕژێمی ئـێران ئـیسرائـیل وەک دوژمنێکی خۆی ناساندوە.

سێهەم: ئـەگەری پشتیوانی گروپێک یان کەسانی بەرپرس لەپشتی پەردەوە لەئـێران کەخواستی لێکگەیشتن لەگەڵ ئـەمریکا ڕەت بکەنەوە ، ئـەو هەوڵی دانیشتنە بەکۆتا بهێنن.

چوارەم: سیناریۆیەکی دی ئـەویش خودی سعودیەیە کە وەک ئـەگەرێک ئـەم هەڵکوتانە سەربازیە  بکاتە بیانویەک بۆ پەکخستنی هەر پەیوەندی و دانوستانێک لە نێوان ئـەمریکاو ئـێراندا. ئـەم ئـەگەرە هەرچەندە وەک دوور دەیبینم، بەڵام بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکی باڵاتر  بەلێدانی بەرژەوەندیەکی کورت مەودا، ئـامانج دەگرێت.

لەکۆتاییدا  ئـەگەری ڕوودان بۆ لەمپەر بەرامبەر پێشهاتێکی چارەنوسساز، بە شێکی دانەبڕاوە بۆ دونیای سیاسەت. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکێکە شەڕ لەگەل موستەحیلدا دەکات (کۆریای باکور بەنموونە)، ڕژێمی ئـێرانیش بەشێکە لەو کاتەگۆریە، کەواتە کۆی ئـەگەرەکان بەکراوەیی دەهێڵمەوە، ناکرێت ئـێران بەشێک نەبێت لەئـەجندای ترەمپ ، بەتەنها تویتێک ڕیسەکە دەکاتەوە بەخوری، لەبەر ڕۆشنایی هێزی ئـابوری ئـەم وڵاتە، ئـێرانیش ناوەندێکی بەبڕشتە بۆ فیکرو تێڕوانینی ئـابوری سەرۆکێکی وەکو دۆناڵد ترەمپ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار